چارلیز تێرۆن: كاریزماییەكەم بەكار دەهێنم

چارلیز تێرۆن: كاریزماییەكەم بەكار دەهێنم

لە چاوپێكەوتنێكدا ئەكتەری بە ڕەچەڵەك ئەفریقی (چارلیز تێرۆن) زۆر شتی ئاشكرا كرد و بە ڕاشكاوی وەڵامی چەند پرسیارێكی سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی دایەوە.
سەبارەت بە باڵابەرزی و سەرنجڕاكێشی و تا چەند ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە لە دونیای هونەری حەوتەم، چارلیز گوتی: « لە دەرەوەی ڕۆڵەكانم لەو كارەكتەرانە ناچم كە ڕۆڵی تێدا دەگێڕم، بۆ نموونە لە فیلمی (داكۆكیكاری شەیتان) من ڕواڵەت و مێینەیی خۆمم بەكار هێنا بۆ زیادكردنی هەندێك ڕاستگۆیی بۆ دیمەنە سێكسییەكان، بەڵام لە كۆتاییدا تەنیا وەك ئەكتەرێك دەمێنمەوە، كە ڕۆڵی ژنێكی شەیتان دەگێڕم، كە یاری بە سەرنجڕاكێشییەكەی لەگەڵ پیاوان دەكات، وە لە بنەڕەتدا بە ئەستێرەیی خۆم بە خۆشییەكی زۆرەوە ژیام و خۆم وەك شاژنێك لە سەر تەختی سینەما خەیاڵم دەكرد، دواتر لە سەرووی هەورەكانەوە هاتمە خوارەوە و بۆم دەركەوت كە ژیان لە سایەی ناوبانگەوە ئاسانتر نییە، و پاراستنی سەركەوتن قورسترە لە گەیشتن پێی» .
هەروەها گوتی: «من لە هۆڵیوود كەسێكی بیانیم، بەو پێیەی خەڵكی ئەفریقای باشوورم و وەك هەر كچێكی دەربەدەر سەبرم هەیە و ناهێڵم سەختییەكان لەناوم ببەن، من یاری بە ئاگر دەكەم و سەر لە بینەرەكانم دەشێوێنم، بەڵام من ئەكتەرم، هەر بۆیە هەموو ئەو چەكانەی لە بەردەستمدایە بەكاری دەهێنم بۆ سەلماندنی كەسایەتی خۆم.»
دواتر باسی لە خەرجكردنی سەروەت و سامانەكەی كرد و گوتی: «ئەوەی حەزم لێیە دەیكڕم، ئەمەش ڕاستییەكە كە بە هیچ شێوەیەك نكۆڵی لێ ناكەم، پاشان لەلایەكی دیكەوە بەشداری دەكەم لە چالاكییەكانی ئەو كۆمەڵە خێرخوازیەی كە بۆ چاودێریكردنی منداڵانی بێبەش لە باشووری ئەفریقا، كە لە شارەكەی خۆم داممەزراندووە».

Top