ھونەرمەند و رۆشنبیریی یاسایی

ھونەرمەند و رۆشنبیریی یاسایی

فەرهەنگ غەفور

هونەرمەندانی كورد لە ڕابردوودا، هاوشێوەی خەڵكی كورد بەگشتی، كە سایكۆلۆژیەتیان سایكۆلۆژیەتێكی هاوسۆزانە و یەكماڵانە و بێ فەرق و جیاوازی بووە، نەك چاوپۆشییان لەوانە كردووە كە بەرهەمەكانی ئەوانیان بۆ خۆیان بردووە و جارێكی دیكە پێشكەشی كۆمەڵگایان كردووەتەوە، بەڵكوو هەستیشیان بە شانازییەك كردووە، كە بەرهەمی ئەوان دەستاودەست و دەماودەم دەكات و دەچێتە ناو خەڵك، تا وای لێدەهات زۆر بەرهەم لە خاوەنەكەی دادەشۆرێنران و دەبوون بە موڵكی گشتی و وەك فۆلكلۆر و كەلەپووری گشتی ئەم دەست و ئەو دەستیان دەكرد. ئەم سایكۆلۆژیەتە لای خەڵكی كورد، بە هونەرمەند و ئەدیبەكانیشەوە هەبووە، رەنگە لێرە و لەوێ هونەرمەند یان ئەدیبی وا هەبووبێ دركی بەوە كردبێ، كە ئەمە بەزاندنی سنووری مافەكانی ئەو و پێشێلكردن و داگیركردن و بردنی بەرهەم و رەنجی ئەوە دەچێتە دەست خەڵكی دیكە، بەڵام ئەویش بەهۆی تێڕوانینی ئەوكاتی كۆمەڵگا و ئاستی نزامی رۆشنبیریی گشتی و نەبوونی هیچ یاسا و بنەمایەك بۆ رێگریكردن لەو دیاردەیە، نەیتوانیبێ بەرگری لە خۆی و بەرهەمی خۆی بكا و رەنجی ئەویش دەچووە سەر خەرمانەی گشتیی هونەری میللی.
جا ئەوە لە سەردەمی رابردوودا، بەڵام بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، كە هەموو شتێك لەو دونیایەدا گۆڕاوە و وشیاری و ئاگایی بایی ئەوەندە هەیە، كە هەركەسەی بەرهەمێكی هەبێ، دەتوانێ خاوەنداریی لێ بكا و بەری رەنجی خۆی بۆ خۆی بێ، بەتایبەتی كە یاسا و رێسای تایبەت بە داكۆكی و بەرگری لە مافی دانەر و خاوەن بەرهەم هەیە، زۆر جێی سەرسامییە، كە زۆربەی هونەرمەندان ئاگاییان بەوە نییە، كە بۆ ئەم مەبەستە یاسایەك لە پەرلەمان كوردستان دەرچووە، بۆیە زۆر جار هونەرمەندان لە میدیاكاندا دەبینین، یان گوێمان لێیان دەبێ، گلەیی دەكەن كە یاسایەك بۆ پارێزگاری و پاراستنی بەرهەمەكانیان نییە! ئەم بێئاگاییەی زۆر لە هونەرمەندان لەو بابەتە، بۆ خودی هونەرمەندان، هەروەها بۆ سەندیكای هونەرمەندان و وەزارەتی رۆشنبیری و تەواوی ئەو دەزگا و دامەزراوانەش دەگەڕێتەوە، كە پەیوەندیدارن بە بابەتەكەوە، كە چۆنە تا ئێستا نەتوانراوە لە كۆڕ و سمینار و دیبەت و لە میدیا و سۆشیال میدیاكان ئەو زانیارییە بگەیەنن و هونەرمەندان ئاشنا بكرێن بەو یاسایە، كە لە بەرژەوەندیاندایە و بۆ پاراستنی بەرهەم و رەنجی ئەوانە.
لەم روانگەیەوە و بۆ ئاشناكردنی هونەرمەندان، لێرەوە پێیان رادەگەیەنم، كە لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2012 دەرچووە، بە ناوی (یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێكانی لە هەرێمی كوردستان- عێراق)، كە بریتییە لە (47) مادە. ئەم یاسایە بۆ پارێزگارییە لە بەرهەم و رەنجی هونەرمەندان و رێوشوێنەكانی تێدا روون كراونەتەوە، كە چۆن هونەرمەند، یان هەر خاوەن بەرهەمێكی دیكە دەتوانێ بەم یاسایە داكۆكی لە خۆی و بەرهەمەكەی و دانراوەكەی و رەنجەكەی بكات و مافی خۆی وەربگرێتەوە و لەبەرامبەریشدا ئەو كەس و لایەنە سزا بدات، كە سەرپێچی و دەستدرێژیی كردووەتە سەر بەرهەمەكەی و بێ پرس و رای ئەو و بێ رێككەوتن لەگەڵیدا، بەناوی خۆی پەخش و بڵاوی دەكاتەوە.

Top