تەلارسازیی مزگەوتی كورد (2-2)

تەلارسازیی مزگەوتی كورد   (2-2)

هونەری تەلارسازی، لە گەڵاڵە بوون و پێگەیشتندا، وابەستەی چەند هەلومەرجێكە، كە سەرەنجامی كۆبەكۆی كۆمەڵێك پرۆسەی كۆمەڵایەتی و باوەڕ و گەشە كردنی شارستانیەت، ڕەگەزەكانی دەخەمڵێن و سیمای تایبەتی خۆی بەدەست دەهێنێت. ڕیشەی ئەم هونەرە، لە كۆبیر و كۆباوەڕی كۆمەڵ، بە سوود وەرگرتن لە توانای دارایی و كەرەستەی بەردەست و ژینگە، سەرچاوەی گرتووە. ئەگەرچی توێژەرانی ئەم بوارە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، تەرزە تەلارسازییەكی مزگەوتی كوردییان پێناسە نەكردووە، چونكە قەوارەیەكی سیاسی بۆ چەشنە هونەرێكی لەم جۆرە پاڵپشت نەبووە، وێڕای ئەوە، لە گەشتێكدا بە نێو شار و ئاواییەكانی كوردستانی مەزندا، بە تایبەتی لە دێرین شارەكانی كوردستاندا، چەشنە تەلارسازییەكی خۆماڵیی مزگەوت لە وڵاتی خۆماندا دەبینین.

تەلارسازیی مزگەوتی كورد   (2-2)

تاریق كارێزی

بۆ ساغ كردنەوەی سیمای ئەو تەرزە تەلارسازییەی مزگەوتی كورد، لێكۆڵینەوەی زانستیمان پێویستە. مێژووی ئەم هونەرە ساغی كردووەتەوە، هەموو كات و هەر كات، بەدەم دامەزراندنی قەوارەی سیاسییەوە، هونەرەكە زیاتر خۆی خەمڵاندووە، دارایی دەوڵەت و حەزی خۆ دەرخستن و خۆ نمایش كردن، هەندێك جاریش باوەڕی بەتین و ئیمانداری، پاڵی بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی مەزنەوە ناوە، دارایی زۆر بخەنە خزمەت دروست كردنی مزگەوت یان هەر جۆرە پەرستگەیەكی پەیوەست بە بیر و باوەڕی گەل و نەتەوەوە. ئەمەش وای كردووە، هونەری تەلارسازی بە گشتی و تەلارسازیی مزگەوت و شوێنانی ئایین بە تایبەتی، گەشەیەكی زۆر بكات و سیمای ژیار و شارستانیەتی تایبەتی ئەو شوێنە، بە خۆوە بگرێت.

پەیوەست بە تەلارسازیی مزگەوتی كورد، لێرەدا باسی نموونەیەكی گەش، مزگەوتی مەلا نەزیری گەورە لە هەورامان دەكەین. ئەو مزگەوتە نموونەیەكی ناوازەی تەلارسازییە، لە هیچ چەشنە تەلارسازییەكی دیكەی مزگەوتی هیچ شوێن و نەتەوەیەكی دیكە ناكات، بەڵكوو بە تەواوی زادەی هەستی بڕوادارانە و سەلیقەی جوانخوازانەی كورد و ژینگەی كوردستانە. ڕەگەزەكانی تەلارسازیی مزگەوت خۆی لەم توخمانەدا دەبینێتەوە (منارە، گومبەت، حەرەم، مینبەر، تاق و هەیوان، دەروازە، كەوانە، پەنجەرە، پشتێنەی نەخش و نووسین، كەرەستەی بینا). لە گۆشەنیگای ئەم توخمانەوە ئەگەر لە مزگەوتی مەلا نەزیر بڕوانین، دەبینین تەواوی ئەو ڕەگەزانە خۆماڵین، زادەی هزرین و خواستی ڕۆحی و هەستی میتافیزیكانەی مرۆڤی كوردن، بەرهەمی گونجاو بە ژینگەی كوردستان و كەرەستەی بەردەستی ئەم جوگرافیایەن.

تەلارسازیی مزگەوتی كورد   (2-2)

هەرچەندە ئەم مزگەوتە وەك ڕووبەر و قەبارە، مزگەوتێكی بچووكە، سەدان مزگەوتی دیكە لە كوردستاندا هەن و بە ئەندازەیەك كە لە بەراورد نایەت، لە مزگەوتی مەلا نەزیر گەورەترن، بەڵام گرنگیی ئەم مزگەوتە لەوەدایە، سیمای تەلارسازییەكی زۆر خۆماڵی و كوردانە دەخاتە ڕوو. لە تەواوی توخمەكاندا، ئێمە سیمای خۆماڵی بەدی دەكەین. مزگەوتەكە لە بەرد و شاخی داتاشراوی ڕەش دروست كراوە، گومبەتی نییە، منارەكانیشی باریكن بە دوو كەمەری باریكەوە، كڵاوی منارەكانیشی لە شێوەی سەركڵاوی سەپانن. میچی حەرەمەكەی بە ستوونی بازنەیی ڕاگیراوە، مینەری نییە، مەلا لە شوێن نوێژی خۆیەوە، هەر لە ئاستی نوێژكەرانەوە وتاری هەینیی تێدا پێشكەش دەكات. مزگەوتەكە دوو نهۆمە، پێ دەچێت گۆڕانی كەشی لە نێوانی هاوین و زستاندا، تێدا ڕەچاو كرا بێت. پەنجەرەی سەروو كەوانە و تاقی كەوانەداری هەیە. دەروازەی مزگەوتەكە، لەبەر كەمیی عەرد، لە تەنیشتەوە، زۆر سادە و ئاسایی دروست كراوە. لێواری دیوارەكان كەمەریان بۆ كراوە، پشتێنەیەكی نووسین (ئایەت لە قورئان پیرۆز) سەرووی هەرە سەرەوەی ڕووكاری مزگەوتەكەی ڕازاندووەتەوە. بە دڵنیاییەوە، ئەم چەشنە تەلارسازییەی مزگەوتی كورد، ئەگەر ئەندازیاری زیرەكی تەلارساز، بە ڕۆحێكی كوردانەوە كاری لەسەر بكات، توخمی دیكەی پەیوەست بە ژیار و شارستانیەتی كوردستانی بخاتە سەر، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا جۆرە تەلارسازییەكی مزگەوتی كورد گەڵاڵە دەبێت و دەچێتە سەر میراتی شارستانیی موسڵمانان و هونەری تەلارسازیی مزگەوتەوە.

Top