لەمیا جەمال بۆ گوڵان: هونەر هۆكارێكە بۆ نزیكبوونەوەی نەتەوەكان

لەمیا جەمال بۆ گوڵان: هونەر هۆكارێكە بۆ نزیكبوونەوەی نەتەوەكان

لەمیا جەمال هونەرمەندێكی بەناوبانگی تونسییە، لە 1ی ئەیلولی ساڵی 1971 لەدایك بووە، چەندین گۆرانی پێشكەش كردووە كە لە ڕێگەیەوە ناوبانگێكی جیهانی بەدەست هێناوە، لە سەرەتای ژیانیدا ژیانێكی لە نەهامەتی و هەژاری ژیاوە، یەكێك لە كارە هونەرییە بەناوبانگەكانی گۆرانی «پێشمەرگە» بوو، كە لەلایەن تونسییكانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

* هاتنت بۆ كوردستان چۆن بوو؟
- لە ڕاستیدا بە ڕێكەوت بوو، ساڵی 2012 دوای دوو هەفتە لە بەرنامەی (زە ڤۆیس) بانگهێشتنامەیەكم پێگەیشت بۆ ئەوەی ئاهەنگێك لە شاری هەولێر سازبكەم، لەو كاتەوە ناو بە ناو سەردانی ئەم شارە دەكەم، لە ڕاستیدا من گەلی كوردم خۆش دەوێ، چونكە میواندۆستن، گەلێكن كە سەلیقەی هونەریان هەیە و هونەری ڕەسەنیان خۆش دەوێت، وەك هونەرمەندێك سوودم لە ئەزموونی هاتنم بۆ كوردستان وەرگرت، پێشتر گۆرانیم دەگوت، بەڵام وەك ئێستا ناوبانگ و ناسراو نەبووم.
* لە بەرنامەی زە ڤۆیس كێ زیاتر هاوكاریی كردیت؟
- گەلی تونس هەموویان پشتگیریان كردم، بەڵام پاڵپشتی ڕاستەقینە دایكم و باوكم و خێزانەكەم بوون، تا ئێستا نزیكەی ٤٠ گۆرانیم هەیە و ئەلبوومێكم تۆمار كردووە، گۆرانییەكانی دیكەش بە شێوەی سینگڵەوە تۆمارم كردووە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا خاوەنی نزیكەی سێ ئەلبوومم.

لەمیا جەمال بۆ گوڵان: هونەر هۆكارێكە بۆ نزیكبوونەوەی نەتەوەكان

* بە چەند زمان گۆرانیت گوتووە؟
- تا ئێستا بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی و ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتاڵییش گۆرانیم وتووە، گۆرانییەكانم بە زمانەكانی دیكە زیاتر گۆرانی كۆن بوون.
* ئەی چەند گۆرانی كوردیت هەیە؟
- حەوت گۆرانیی كوردیم گوتووە تا ئێستا پێشوازیی گەلی كورد بۆ گۆرانییەكان زۆر باش بوو، من وا هەست دەكەم لە وڵاتی خۆمم، بۆ من هیچ جیاوازییەك لە نێوان تونس و كوردستاندا نییە، هەموو خەڵك من دەناسن و لە ڕێگەی گۆرانییەكانم ئەمەش مایەی دڵخۆشییە بۆ من.
* ئەی سەبارەت بە زمانی كوردی چی دەزانیت؟
- من زمانی كوردی تێ دەگەم، بەڵام ناتوانم بە تەواوی قسە پێبكەم، بۆیە كاتێك دەچمە بازاڕ ناچار بە عەرەبی قسە دە كەم نەوەك هەڵە بكەم، سە بارت بە تێستی گۆرانییەكانم كەسانێك یارمەتیم دەدەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بیڵێمەوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی گۆانییەكانم لای جەماوەر ئاشنا بێت و تێی بگەن.
* ئەو گۆرانییە كوردیانەی پێشكەشت كردوون فۆلكلۆر بوون؟
- تا ئێستا شەش گۆرانیی كوردی تایبەتی خۆمم گوتووە، گۆرانییەكی فۆلكلۆریشم گوتووە ئەویش گۆرانی (ئەز كەڤوكم)، من پێش ئەساڵە گۆرانی (ئەز كەڤوكم)م گوتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەساڵە نەسریش گوتی گۆرانییەكەی من زیاتر ناوبانگی دەركرد و لە سۆشیال میدیا و كەناڵەكان ژمارەی گوێگر و بینەرانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد.
* تا چەند گرنگی بە سۆشیال میدیا دەدەی؟
- پێشتر زۆر گرنگیم بە سۆشیال میدیا نەدەدا، بەڵام ئێستا بە تەواوی گرنگیی پێدەدەم، بۆیە ڕۆژانە بەپێی ئەو كاتەی هەمە چەند كاتژمێرێكم تەرخان كردووە بۆ ئەوەی لە سۆشیال میدیا لەگەڵ هاوادارانم لە پەیوەندی بەردەوامدا بم، و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەمەوە كە گونجاو بن و بواری وەڵام دانەوەیان هەبێت، هەروەها بەشێكی بەرهەمەكانیشم لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بڵاو دەكەمەوە.
* كەسوكارت هەستیان چی بوو كە بە كوردی گۆرانیت گوت؟
- دەمێك بوو لە توونس بە منیان دەگوت گۆرانیبێژە كوردەكە، چونكە پێیان وابوو من كەسێكی كەللە ڕەقم و هەر شتێكم بوێ كۆڵ نادەم تا بە دەستی دەهێنم، سوپاس بۆ خودا لە زۆربەی ئەو كارانەی ئەنجامم داون سەركەوتوو بووم لەوانەش گوتنی گۆرانی كوردی و ئاشنابوون بە كەلتوری گەلێكی دیكە و شارەزایی پەیداكردن دەربارەیان، لە نۆ ساڵیێەوە پێیان دەگوتم لەمیای كوردی چونكە ئەو كات گوێم لە گۆرانیی كوردی دەگرت.
* ئایا دەتوانین هونەری كوردی لە وڵاتانی عەرەبی پێش بخەین؟
- بەڵێ دەتوانن، چونكە پێش دە ساڵ كاتێك لە فڕۆكەخانەی تونس دەموت سەردانی كوردستان دەكەم پێیان سەیر بوو، دەیان پرسی كوردستان كوێیە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە جیاوازە كە دەمبینن ئەگەر نەشچم بۆ كورستانێ دەڵێن دیسان دەچی بۆ كوردستان دەچی؟، ئێستا ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی عەرەب گۆرانیی كوردی دەڵێنەوە ئەمەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هونەرەكەتان لە جیهانی عەرەبیدا بڵاو بكرێتە، لە كۆتاییدا ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە زمانی كوریش بڵاوبێتەوە و خەڵكێكی زۆر هەوڵ بدەن شارەزای زمانی كورد بن و فێری ببن.
من پێموایە دەتوانین هونەر بكەینە هۆكاری زیاتر لێك نزیك بوونەوەی گەلان، بەتایبەتی هەردوو گەلی كورد و عەرەب، واتە دەتوانین وەك ئامرازێك بۆ ئاشتی و نەهێشتنی ناكۆكیی نێوان میللەتانی ناوچەكە بەكاری بهێنین بۆ لەناوبردنی جەنگ و ململانێیەكان. من خۆم ئێستا هەست دەكەم كە خاوەن جەماوەری كوردیم و بچمە هەر شوێنێك خەڵك دەمناسن.
* چی بە جەماوەرەكەت دەڵێیت؟
- ڕێزم بۆ جەماوەری خۆم هەیە لە كوردستان بە ڕاستی ئەوان ژیانیان گۆڕیم ئەگەر لە دوا ڕۆژدا فیلمێك دەربارەی ژیانی من بەرهەم بهێنرێت بێگومان بەشی سەرەكی تایبەت دەبێت بە گەلی كوردستان.

Top