حەمە ساڵح فەرهادی: شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارە منداڵانمان نییە(2-1)

حەمە ساڵح فەرهادی: شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارە منداڵانمان نییە(2-1)

نووسەری دیاری كوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێكە لە بواری منداڵان دەنووسێت خاوەنی چەندین كتێبە لە چەندین گۆڤاری منداڵان،وەكو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر كاری كردوە لەم بوارەدا خزمەتێكی زۆری منداڵانی كوردستانی كردوە،بۆیە وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی پێمان باش بوو لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.

هەڤپەیڤین/كامەران حاجی ئەلیاس

* هەرچەندە بەرێزتان نوسەرێكی دیاری كوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەكورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەمان بكەیت.
- ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرهادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرهادی) ناسراوم لە ساڵی 1949 لە دایك بوو، سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەكەمین بەرهەمی بڵاوكراوەم لە گۆڤاری (تیشك) بوو لە ساڵی 1969 دا بووە، وەكو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگا كاركردووە وەكو:رادیۆی دەنگی هەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی 1992- 1994، گۆڤاری (هەنگ) ی منداڵان لە 1993- 2011) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (13) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەكە بووم،وەكو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەندین گۆڤار و بڵاوكراوە كارم كردووە وەكو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ)، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەكو دەستەی نووسەران پاشانیش سكرتێری نووسین،بڵاوكراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداری لە كۆنگرەی دامەزراندن و كۆنگرەی دووەمی رۆژنامە نووسانی كوردستان كردوە لە هەولێر.
هەروەها،بەشداریم لە كۆنگرەی شەشەمی یەكێیتی نووسەرانی كورد كردووە كە لە ساڵی 2010دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی پاشانیش بە سكرتێری كارگێری یەكێیتیەكە هەڵبژێردرام،ساڵانی (1997-2006) بەربەردەوامی بەرنامەیەكی هەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(هەرێم) ئامادەكردووە لەوماوەیەدا (445) ئەڵقەی بڵاوكراییەوە،تائێستا (20) كتێبم بەچاپ گەیاندووە،چەند كتێبێكی تریشم ئامادەن،چاوەڕەیی دەرفەتی چاپكردنن، بەشداریم لە وەرگێرانی و ئامادەكردنی(8 كتێبی بەرنامەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی كشتوكاڵیداكردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (8 كتێبی دیكەش كردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەكان دا بابەت بڵاو دەكەمەوە .
* چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵان هەڵبژارد؟
- من هەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم هەبوو، پاشانیش كە دەستم بە نووسین كرد،بابەتی لێكۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسی كوردییەوەو پێش ئەوەی هیچ بابەتێكی تایبەت بە منداڵان بڵاوبكەمەوە، دوو كتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسی كوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو.پێش ئەوەی گۆڤاری (هەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی هاورێی دێرینم كاك (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) و بە هاندانی ئەو،چەند بابەتێكی كورتم لە هەفتەنامەی(پەریستان)ی منداڵانم بڵاوكردەوە.ئەو هەفتەنامە یە پاشكۆیەكی تایبەت بە منداڵان بوو،كە رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
كەگۆڤاری (هەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری دەردەچوو و دكتۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن بوو بە سكرتێری گۆڤارەكەو لەسەر داوای ئەو لەیەكەم ژمارەی گۆڤارەكەدا بابەتێكم بە ناونیشانی (هەنگ)ەوە نووسی وئەو بابەت لە دوای سەروتاری گۆڤارەكە بڵاوكرایەوە،یەكەم بابەتی گۆڤارەكە بوو تێیدا چەند زانیارییەكەم لە بارەی هەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوكردەوە.
لە ژمارە(2)ی گۆڤارەكەشەوە بەفەرمی كرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تا دوا ژمارەی گۆڤارەكە كەلە ساڵی (2011 دا تێدا بەردەوام بووم پێنج ساڵ وەكو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەكو سەرنووسەر .
* ئەو بنەماییە سەرەكییانە چین،كە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بكرێت؟
- هەندێك بنەمای سەرەكی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بكرێت لە مانە:
1- بابەتەكە بە زمانێكی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەكەی لەگەڵ ڕێنووسەكەی كتێبەكانی میتۆدی خوێندنی قوتابخانەكان بگونجێت،وشەكان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابێ،كورت بێت درێژداری تێدا نەبێت،بابەتەكان لە هەرجۆرێك بن، دەبێ بەشێوەیەكی پەروەردییانە بخرێتە بەرچاو.

Top