كاردی بی بە مایك هێرش دەكاتە سەر كچێك

كاردی بی بە مایك هێرش دەكاتە سەر كچێك

سوپەرستاری نێودەوڵەتی (كاردی بی) لە سۆشیال میدیاوە مشتومڕێكی زۆری درووست كرد دوای ئەوەی لە میانەی ئاهەنگێكدا بە مایكەكەی دەستی هێرشی كردە سەر یەكێك لە كچە هەوادارەكانی، ئەم ڕەفتارەش كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
فۆڵۆوەرەكانی سۆشیال میدیا ڤیدیۆی كاردی بییان بڵاو كردەوە كاتێك لەسەر سەكۆی شانۆ گۆرانی دەڵێت لەبەردەم هەزاران لە هەوادارانی، لە كاتێكدا كە بە تەواوی لەگەڵ كەشوهەوای ئاهەنگەكەدا گونجاو بوو و جەماوەریش لەگەڵ گۆرانییەكانی سەرقاڵی سەماكردن و گوتنەوەی گۆرانییەكەی بوون، یەكێك لە هەوادارانی بوتڵێكی شەرابی ئاراستەی كاردی كرد، ئەم كارە وایكرد كە كۆنتڕۆڵی بەسەر خۆیدا نەمێنێت و كاردانەوەیەكی زۆر توندی بەرامبەر بەم كچە نواند، كە مایەی سەرسوڕمان و شۆكی تەواوی ئەو كەسانە بوو كە لە ئاهەنگەكەدا بوون تان دواتر لە سۆشیال میدیا دیمەنەكەیان بینی، چونكە مایكرۆفۆنەكەی دەستی بەهێزە و توڕەییەوە ئاراستەی ئەو كچە كرد و، چەند قسەیەكی توندیشی ئاراستە كرد، لە هەمان كاتدا پاسەوانەكانیش خێرا گەیشتنە سەر شانۆ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە لە ترسی تەشەنەسەندنی.
هەوادارانی كاردی بی لە بەرامبەر ئەم ڕەفتارە بوونە دوو بەرە، بەشێكیان پێیان وابوو كاردانەوەكەی پەلە بوو و بە ڕەفتارێكی (توندوتیژ) وەسفیان كرد، لە بەرامبەردا بەشێكی دیكە بە ڕەفتارێكی سرووشتی و بەرگری لە خۆكردنیان وەسف كرد، چونكە بەم دواییانە ئەم كارانە بەرامبەر بە هونەرمەندان زیادی كردووە و، لە چەند ئاهەنگێكی دیكەش بەدی كراوە و لە زۆریان خودی هونەرمەندەكە ئازاری جەستەیی و دەروونیی پێگەیشتووە.
پێشتر خانمە گۆرانیبێژ (بەیبی ڕیكشا) لە كاتی گۆرانی گوتندا لە یەكێك لە ئاهەنگەكانیدا تووشی كارێكی لەم شێوەیە بووەوە، دوای ئەوەی كچێك مۆبایلەكەی تێگرت و تووشی سووكە برینێك بوو.

Top