نەوید محەمەدزادە لە (ئەكتۆر) دەدرەوشێتەوە

نەوید محەمەدزادە لە (ئەكتۆر) دەدرەوشێتەوە

مەنسوور جیهانی

زنجیرە درامای ئەكتۆر(The Actor)لە دەرەێنانی نیما جاویدی، لە بەرهەمهێنانی مەجید موتەلیبی و بە ڕۆڵ بینینی نەوید محەمەدزادە كە ئەم ئەكتەرە بەناوبانگە كوردە براوەی خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی بەشی پێشبڕكێی ئاسۆكانی لە حەفتاو و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیسیا (Venice) لە وڵاتی ئیتاڵیایە، بە یەكێك لەو بەرهەمانە دادەنرێت كە بەم دوایانە توانیوییەتی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە بواری زنجیرە درامادا خەڵات و سەركەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت.
ئەم زنجیرە درامایە، بە بنەمایەكی نوێوە دنیای شانۆی بە ژیانی ڕاستەقینە گرێداوە، كە زۆربەی خەڵكی ئەزموونی دەكەن و لە هەر بەشێكدا، چیرۆكێكی نوێی دەگێڕێتەوە، كە هەندێك لەوان وەكو ژیان و ڕووداوەكانیەتی.

نەوید محەمەدزادە لە (ئەكتۆر) دەدرەوشێتەوە

«ئەكتۆر بە چەند چیرۆكێكی جیاجیا سەربوردەی ژیانی دوو ئەكتەری شانۆ دەگێڕێتەوە و تێیدا نەوید محەمەدزادە و ئەحمەد میهرانفەڕ ڕۆڵی سەرەكی دەبینن، باس لە خەبات و هەوڵی ئەو دوو هونەرمەندە دەكات بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان بە نواندنی ڕۆڵە جۆراوجۆ‌ر لە هەر چیرۆكێكدا، ڕووداوگەلێك دەنەخشێنن. هەندێك جار دەچنە قاڵبی كەسێك كە گیرۆدەی مادەی هۆشبەرە بۆ ئەوەی بزانێت كچەكەی گیرۆدە بووە یا نا و هەندێك جاریش لەسەر داوای زاوایەك، وەكو دوو دز كەشوهەوایەكی خافڵگیریی بۆ خوازبێنییەكی هەست بزوێن دەڕ‌‌ەخسێنن.
ئەوان لە تەواوی ئەم ڕۆڵانەدا بە میكیاج و كارەكتەری جیاوازەوە دەردەكەون كە هەر ئەوە یارمەتی دەبەخشێت بۆ ئەوەی كە ئەم زنجیرە درامایە سەرنجڕاكێش بێت و بینەر بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. ‌لە بنەڕەتدا بینەر لە هەر بەشێكدا ڕووبەڕووی چیرۆك و كەشوهەوای جیاواز دەبێتەوە، ڕەوتێك كە ئەو هانت دەدات تاكو سەیری چیرۆك و ئەڵقەی دواتر بكەیت.

نەوید محەمەدزادە لە (ئەكتۆر) دەدرەوشێتەوە

دەسپێك و كۆتایی ئەم زنجیرە درامایەش بە ئامادەبوونی ئەم دوو ئەكتەرە لەسەر تەختەی شانۆ دەخوڵقێت و وەبیرهێنەرەوەی دێڕی دەسپێكی ئەو‌ كۆمەڵەیە كە لە زمانی «شێكسپیر»ەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «دنیا بەدەر لە گۆڕەپانی شانۆگەری نییە، ژنان و پیاوان هەمووان ئەكتەرەكەین، هەر كەسێك لە ژیانی خۆیدا ڕۆڵی زۆر دەنوێنێت» لە ڕاستیدا ئەكتۆر ئەم حەقیقەتە سامناك و هەڵبەت شیرینە لە دەسپێك و كۆتایی هەر ئەڵقەیەكدا وەبیری بینەر دێنێتەوە، ئەویش بە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەیەكی قووڵی ئەم ڕاستییە.
وەرگرتنی دوو خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی سێریز مانیا (Series Mania) لە وڵاتی فەڕەنسا ڕووداوێك بوو، كە ئەم زنجیرە درامایە بەم دواییانە بەدەستی هێناوە، سێریز مانیا یەكێكە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی زنجیرە دراما لە جیهان دێتە ئەژمار، كە ساڵانە لە شاری لیل لە وڵاتی فەرەنسا بەڕێوە دەچێت. هەروهەا نزیكەی ٤٠٠ زنجیرە دراما لە وڵاتانی جۆراجۆری دنیا بۆ دوایین خو‌لی ئەم ڕووداوە هونەرییە ڕە‌وانە كرابوون و تەنیا هەشت زنجیرە دراما لە بەشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە هەڵسەنگێندران.
لە درێژەی ئەم ئامادەبوونانەدا ئەكتۆر لە بەشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تڕانسیلوانیا (Transylvania) ڕووداوێكی نوێی بوو، ئەم ڕووداوە یەكێكە لە گەورەترین و گرینگترین فێستیڤاڵەكانی ئەورووپا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، زنجیرە درامای ئەكتۆر لە بەشی (It will follow series) ئەم فێستیڤاڵە و شانبەشانی زنجیرە دراما سەركەوتووەكانی وڵاتانی (نەرویج، ئیسلەندا، لیتوانیا، كەنەدا، بەلژیكا، دانیمارك و ئەڵمانیا) نمایش كرا.
لە سێیەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا ئەم زنجیرە درامایە، نوێەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سرین كەمپ (Seriencamp) خانەخێوی بوو و لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی ئەم فێستیڤاڵەدا لەگەڵ بەرهەمەكانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان، لەوانە(واڕنێر برادێرز دیسكاوێری Warner Bros Discovery و ئامازۆن ستۆدیۆ) Amazon Studios لە ڕكابەریدا بوو و لە تەنیشت زنجیرە دراما سەركەوتووەكان لە وڵاتانی (ئەمریكا، نەرویج، ئیسپانیا، مەكسیك و كا‌زاخستان) نمایش كرا.

Top