سیما تەكیەخام بۆ گوڵان: منداڵان داهاتووی نیشتمانن پێویستە گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت لە هونەردا

سیما تەكیەخام بۆ گوڵان: منداڵان داهاتووی نیشتمانن پێویستە گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت لە هونەردا

سیما تەكیەخام خەڵكی شارە جوان و دڵرفێنەكەی مەریوانە، ئاهەنگساز و ژەنیاری تار و سێتارە، لە زانكۆی هونەریی تاران موزیكی بە شێوازی ئاكادیمی خوێندووە و شارەزاییەكی زۆری لەو بوارەدا هەیە، لە گرووپێكی موزیكی سەركەوتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان شانبەشانی كۆمەڵە كچێكی دیكەی شارەكەی لە ڕێگەی گۆرانی و موزیكەوە خزمەت بە هونەری ڕەسەنی كوردی دەكەن، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە.

سەرەتا باسی لە دوایین كارە هونەرییەكانی كرد و گوتی: «خزمەتكردن بە منداڵان لە ڕێگەی هونەرەوە هەمیشە یەكێك بووە لە ئاواتەكانم، بۆیە دوایین بەرهەمم پارچە موزیكێكە بە ناوی (سۆنەمۆنە) تێكست و موزیكەكەی و ژەندنی سازەكانی، كاری خۆم بووە و وتنیشی كوڕێكی بچكۆلە و ئێسك سووكی مەریوانییە بە ناو نیروان سۆهرابی.»
هەر سەبارەت بەم بەرهەمە نوێیەی سیما تەكیەخام دەڵێت: «ئەمە یەكەم جارە بەرهەمێكم تایبەت بێت بە منداڵان، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیمە و هەوڵ دەدەم لە داهاتووشدا بەردەو بم، بەڵام لە بواری فێركاریی موزیك بە منداڵان پێشتر ئەزموونی زۆرم هەبووە».
دەربارەی گرنگیی ئەو بەرهەمەش سیما دەڵێت: «بە داخەوە پێشتر بابەتی گۆرانی و موزیك بۆ منداڵان گرنگیی پێنەدرواە، بەڵام بەخۆشاڵییەوە لە ئێستادا كەسانێك خەریكن هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمەش كارێكی پێویستە، چونكە منداڵان داهاتووی نیشتمان و كۆمەڵگەی ئێمەن و زۆر گرینگە كە ژینگەیەكی جوانیان بۆ ئامادە بكەین، بە جۆرێك كە زیاتر ئاشنا و شارەزا و ئاوێتەی مۆسیقا بن، بێگومان لە داهاتوودا ئاستی مۆسیقای كۆمەڵگەكەمان گەشاوەتر دەبێت».

سیما تەكیەخام بۆ گوڵان: منداڵان داهاتووی نیشتمانن پێویستە گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت لە هونەردا

سیما دەربارەی ڕەوشی هونەری كوردی دەڵێت: «بە هۆی كاریگەریی هەر پارچەیەك بە كەلتورێكی جیاوازەوە، پێشكەوتنی هەر پارچەیەكی كوردستان جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی دیكە، بەپێی بارودۆخی هەر پارچەیەك، لە كۆمەڵگای كوردیدا زۆر باس لە گرنگیی هونەر دەكرێت، بەڵام زۆر باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم هونەرمەندان ناكرێت، ئایا هونەرمەندان چۆن ژیانی ئاسایی خۆیان دەگوزەرێنن، بەرهەمەكانیان چۆن بڵاو دەكەنەوە، بۆیە پێویستە ماندووبوون و كۆڵنەدانی هونەرمەندان لەبەرچاو بگیرێت، چونكە سەرەڕای ئاستەنگەكان بەردەوامن لە كارەكانیان، هیوادارم بتوانین ئەم هونەرە بە نەوەكانی داهاتوومان بناسێنین».
سەبارەت بە فۆلكلۆری كوردیش سیما بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بنكەی ئەو هونەرەی من كاری لەسەر دەكەم،بریتییە لە فۆلكلۆری كوردی، كە سەرچاوەیەكی سەرەكی و گرنگی هونەری كوردییە، ئێمەی كورد خاوەن فۆلكلۆرێكی دەوڵەمەندین و، پێویستە هونەرمەندان سوود لەو دەوڵەمەندییە وەربگرن و پشتگوێی نەخەن، بەڵام ئەگەر تەنیا پشت بە فۆلكلۆر ببەسترێت و بەكاری بهێنن و هیچ ئیزافەیەكی نەخەنە سەر، ئەوا دوای ماوەیەك دەشێوێندرێت، چونكە بە سەدان هونەرمەند هەیە كە یەك گۆرانییان دووبارە كردووەتەوە و، هەر یەكێكیش گۆڕانكارییەكی تێدا كردووە و ئەو ئامێرانەی كە تێیدا بەكار هاتوون جیاواز و پێشكەوتووترن، تەنانەت تێڕوانینی جەماوەریش بۆ گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان گۆڕانكاریی بەسەر دا دێت.»
سیما تەكیەخام دواتر تیشكی خستە سەر پێگەی ئافرەت لە بواری هونەریدا و لەو بارەیەوە گوتی: «سەرەڕای ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەڵام ئافرەتی كورد توانیویەتی بەردەوام لە بواری هونەری كوردیدا پێگەی هەبێت، گرفتەكان پەیوەندییان بە كۆمەڵگەی كوردییەوە هەیە، كە ئەمەش وای كردووە ئافرەت بە دوودڵییەوە بێتە نێو هونەرەوە، بۆیە پێویستە ئافرەتانی هونەرمەندی كورد كۆڵ نەدەن و بە ڕێگەی هونەرەكەی دەنگی خۆیان بگەیەنن وەك ئافرەتێك، لە هەمان كاتدا خزمەتیش بە هونەری كوردی بگەیەنێت، من خۆم سوودی زۆرم لە ئەزموونی خانمە هونەرمەندان وەرگرتووە و بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم بەتایبەتی مەریەم خان، ئایشەشان، مەرزییە فەریقی، لەیلا فەریقی و چەندین خانمە هونەرمەندی دیكە.

Top