شیعر قورسترین ژانەری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموونوسینێك ناوبنێن شیعر

شیعر قورسترین ژانەری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموونوسینێك ناوبنێن شیعر

نوسەر و شاعیر لاو (ئالان شێرکۆ)

لەساڵی 2000 لەسلێمانی لەدایکبووە و هەرلەوێش دەژێت

لە ساڵی 2019ەوە دەستی کردووە بەنووسین و خاوەنی دوو کتێبە بەناوەکانی (خۆشەویستی لەگیرفانمدا جێی نابێتەوە) و (ئێوارەیەک ڕێ لەمانگ دەگرم)

لە ئێستەدا بەرهەمێکی دیکەی ئامادەیە بۆ چاپ و خەریکی نوسینی ڕۆمانێکە بەناوی (ئەو پەیکەرەی لەشێوەی یەکتر دروستمان کرد)

خاوەنی کۆمەڵێك خەڵاتی ئەدەبییە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان

خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێی پڕۆژەی کتێب 2020

خەڵاتی سێیەمی خانەی ئاشتی بۆ شیعر2020

خەڵاتی دووەمی دەزگای ڕوانگە بۆ شیعر لەسەر ئاستی عێراق2021

خەڵاتی دووەمی فستیڤاڵی کلتوری  کوردڕاوە 2022

خەڵاتی تایبەتی شیعری فستیڤاڵی مەلای جەباری 2023

لەدیمانەیەکی تایبەتدا شاعیری لاو( ئالان شێرکۆ) وەڵامی پرسیارە تایبەتەکانی گوڵان میدیا دەداتەوا

دیمانە/مریوان حکیم جباری

وەك شاعیرێك شیعر لای تۆ چییه ؟

زۆرێك لە نوسەرانی دوونیا بەشێوازی جیاجیا پێناسەی شیعریان کردووە و هەرلە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە و داستانی گلگامێشەوە کە بەکۆنترین فۆڕمی ئەدەبی دادەندرێت لە مێژوودا كە لەسەر شێوەزاری شیعری گێڕدرابێتەوە تا ئەمڕۆش نەگەیشتونەتە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر لەلای من شیعر دەتوانێت لەسەر هەمووبابەتێک بەئازادانە بدوێت شیعر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بیرو خەیاڵدا هەیە و خەیاڵ نیشتیمان و ماڵی یەکەمی شیعرە

شیعر قورسترین ژانەری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموونوسینێك ناوبنێن شیعر

لەئێستادا زۆر تێکست بەناوی شیعرەوە بڵاودەکرێتەوە ئایە هەموو ئەمانە شاعیرن؟

بێگومان هەمووکەسێك دەتوانێت تێکست بنوسێت و بڵاوی بکاتەوە چونکە شاعیر و تێکستنووس جیاوازیان هەیە بەڵام بەنسبەت شیعرەوە شیعر قورسترین ژانری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموو نوسینێك ناوبنێن شیعر چونکە شیعر سەروکاری لەگەڵ فەلسەفەدا هەیە و چۆن شاعیران لە شیعرەکانیاندا فەلسەفە بەکاردەهێن ئاواش فەیلەسوفان زۆرجار بە زمانی شیعر دەدوێن بۆیە ناکرێت تێکست بەراورد بکەین بەشیعر و تێکستنوس بە شاعیر یان تێکست بە شیعر ناوببەین

ڕای جیاوازی هەن ئایە لای ئالان شیعر بەهەرەیە یان هونەرێکی دەکرێت فێری بیت؟

بێگومان هەرکارێك کە بتەوێت بیکەیت سەرەتا دەبێت خۆشتبوێت بەڕای من هونەر بەگشتی و شیعر بەتایبەتی بەهرەیە و خودا دەی بەخشێت لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت بەردەوامبیت لەسەر برەودان بە بەهرەکەت نەك لە خاڵێکدا بەجێی بهێڵیت برەودان بە شیعریش لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوامم و ناسینی لقەکانی شیعرەوە دەبێت

شاعیر دەبێ شیعر بۆهەموان بنوسێت هەموکەس لێی تێبگات یان بۆکۆمەڵێکی نغوبە؟

وەك ئاماژەمان پێدا شیعر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بیرو فکردایە ئەوشیعرەی دەنوسرێت پەیوەندی بەئایدۆلۆژیاو ئۆتۆبایۆگرافیای نوسەرەوە هەیە  با دیزاینەرێکی بواری بیناسازی بەنمونە بهێنینەوە کاتێک دیزاینی بینایەک دادەنێت و وردەکارییەکانی لەسەر جێبەجێ دەکات دواتر ئەمشوێنە دەشێت بۆ ژیان و کۆمەڵە کەسێک لێی نیشتەجێ دەبن بەبڕوای من ئەم دەستەواژەیە بۆشیعریش بەهەمان شێوەیە کاتێک من شیعرێک دەنوسم و دواتر بڵاوی دەکەمەوە کۆمەڵێک خوێنەری خۆی بۆی پەیدادەبێت و کۆمەڵێکیش بەدڵیان نابێت بۆیە ناکرێت  شیعربۆ هەموان بێت و بە پێچەوانەشەوە بۆ کۆمەڵێکی نوغبەبێت دەبێت شیعرەکە خۆی بڕیاربدات کێ خۆشیدەوێت و کێش بەدڵی نابێت

شیعر قورسترین ژانەری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموونوسینێك ناوبنێن شیعر

تاچەند شاعیرانی ئێستا توانیویان جێگەی خۆیان لەدڵی هەوادارانیان بکەنەوە؟

هەرچەندە ئەم پرسیارە تۆزێك لە پرسیارەکەی پێشوو نزیکە بەڵام نەك لە ئێستادا بەڵکو لە کۆنیشدا هەر شاعیرەو لەدڵی کۆمەڵێك خوێنەردا جێی خۆی کردۆتەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆستایلی نوسینی ئەو شاعیرەو ئەو خوێنەرەی کام جۆری نوسین لەگەڵ بیرو فیکری ئەودا دەگونجێت

ڕۆڵی شاعیر چیە لەکۆمەڵگا شعر ئەتوانێت ئاراستەی کۆمەڵگە بگۆڕێ؟

ئەگەر ئێمە بێین ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە زۆربەی گۆڕانە گەورەکانی مێژوو لەسەر دەستی ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی ڕوویداوە هەر لە چاغی پێش زاینەوە هەتا سەردەمی ڕێنیسانس كاتێك گوتنبێرگ چاپی دۆزییەوەو وەرگێران و چاپکردنی دەست پێکرد  و کاتێک دانتی ئەلیگری کۆمیدیای خواوەندی نوسی توانی  مێژوویئەدەبی ئەوروپا بەگشتی و ئیتاڵیا بەتایبەتی بگۆڕێت و ویلیام شکسپیر و چەندین شاعیرو نوسەرو بیرمەندی دیکە کە توانیان مێژووی ئەوروپا لە بناغەوە بگۆڕن بۆیە بەبڕوای من شاعیرکاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە هەیە و هەرکاتێکبێ دەتوانێت ئاڕاستەی بگۆڕێت

ئامانجی ئالان لەنوسینی شیعرداچیە؟

نوسین وەسیلەیە بۆ ئامانج بەبڕوای من نەک من یان شاعیر هەرمرۆڤێک لە ژیاندا ئامانجێکی نەبوو هەوڵی بۆبدات ژیانی لە خاڵێکدا دەوەستێت گەرتۆ ئامانجت هەبوو هەوڵی بۆدەدەیت مرۆڤیش بە هەوڵدان دەگات بە ئامانج

شیعر قورسترین ژانەری ئەدەبە و پێویستی بە زمانێکی چڕهەیە ناکرێت هەموونوسینێك ناوبنێن شیعر

بۆچی زۆربەی شاعیران لەڕابردوو و ئێستادا لەژیانێکی شایستدا ناژین ؟

بامن ئەو پرسیارە لەتۆ بکەم لەچەند چاوپێکەوتندا کە لەگەڵ نوسەران و شاعیراندا کردوتە شاعیران هەمیشە نائومێدبوون و نیگەرانی لە وڵامەکانیاندا دیاربووە لەبەرئەوەی شاعیران هەمیشە ناکۆکیان هەبووە لەگەڵ ژیان و کۆمەڵگەدا لەبەر ئەوەش ناکرێت تۆ لەگەڵ شتێکدا ناکۆکیت هەبێت و چاوەڕێی باشبوونی لێبکەیت لە بەرامبەریدا ژیانە سەتحییەکە ژیانی مرۆڤی کۆمەڵایەتی و مرۆڤی ئاساییە. ژیانی شاعیر ژیانێکی دیکەیە شاعیران زمان و دنیابینێکی جیاوازیان هەیە لە مرۆڤانی دیکە

تاچەند لەئێستادا ڕەخنەگری ئەدەبی هەن دەتوانن هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ بابەتە نوسراوەکان بکەن ؟

بێگومان لە هەمووکارێکدا دژیەکو پارادۆکس بوونی هەیە بێگومان دەبێت لەبەرامبەربوونی شیعرێکدا ڕەخنەگرێکی ئەدەبیش بوونی هەبێت بەداخەوەم ئێمە لەڕووی ڕەخنەوە زۆر هەژارین بەچاو میلەتانی دوونیا لەبەر ئەوەی خۆمان هەم نوسەرین هەم ڕەخنەگر بەبێ بوونی شارەزاییەکی تەواو بریاردەدەین لەسەر شیعرێک یان دەقێک یان ئەوکەسانەی بەئەزمونن و نایانەوێت دەنگی نوێ دەربکەوێت و سەحەکە بەخۆیان چۆڵبکات کاتێک نوسەرێکی نوێ دەقێکی ئەدەبیان پیشان دەدات دەکەونە ڕەخنەی توند لێی و کۆڵی پێ ئەدەن بەخۆمدا دەزانم کاتێک لە ساڵی 2020دا دەقێکی شیعریم پیشانی ناوێکی دیار دا لەبوارەکەدا نەک ڕەخنە بەڵکو زەڕبی سفری کردو پێی گوتم ئەمنوسینانەی تۆ ئەسڵەن شیعرنین بەڵام من ساڵی دواتر پلەی دووەمی خەڵاتەکانی ڕوانگەم برد لەسەر ئاستی عێراق مرۆڤی عاقڵ ئەوکەسەیە ڕەخنەکان دەکاتە پەیژەیەک بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن

 نوسەری چیرۆک نوس کەمترن لەچاوبەربڵاوی ئەونوسەرانەی شیعر دەنوسن سرنجی بەڕێزتان چیە؟

ناکرێت هەرکەسێک هەستا و دەستیکرد بەنوسین پێی بوترێت شاعیر ئەوە شیعرە بڕیاردەدات خاوەنەکەی شاعیرە یاخود نا کۆمەڵگە ناتوانێت بڕیاربدات کێ شاعیرەو کێ شاعیر نییە سەبارەت بەوەش کە بۆچی چیرۆکنوسمان کەمترە لەبەر ئەوەی بەداخەوە لە ئێستادا شیعر وەک ژانرێکی زەلیل سەیردەکرێت و هەرکەسەو هەڵدەستێت نوسینێك دەنوسێت و ناوی لێدەنێت شیعر چونکە خەیاڵی لەبازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە ناتوانێت بازبدات و دەستبکات بەچیرۆک نوسین یان هەر ژانرێکی  دیکەی ئەدەب ئەگەر خاڵێك بۆ ئەم نوسینە زۆرو بۆرانەی ئێستە دانەندرێت لەداهاتوودا زەربەیەکی خراپ بەر ئەدەبی کوردی دەکەوێت ئەمەش ئەرکی یەکەمی دەسەڵاتە کە لیژنەیەکی پسپۆڕ دابنێت بۆ پێداچونەوەی ئەوکتێبانەی ژمارەی سپاردنیان بۆ دەردەکرێت

وەزارەتی ڕۆشنبیری تاچەند بایەخی بە نووسەران و شاعیران داوە؟

وەزارەتی ڕۆشنبیری نەك گرنگی بە شاعیران نەداوە بەڵکو بۆتە کۆسپێکیش لەبەردەمیاندا هیچ بنەمایەکی نییە لەسەردەمی پۆست مۆدێرنەدا بیت و وەزارەتێک هێندەی ڕۆژنامەیەک و ڕێکخراوێک کاریگەری نەبێت ئەم بێبایەخی و کەمتەرخەمیەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵە دەموچاوێکی دووبارە کە کایەی هونەری کوردوستانیان تەنیووە هیچ داهێنانێکی نوێیان پێنیە ولەبەر گیرفانیان ئامادەشنین ڕێ خۆشبکەن بۆ کۆمەڵە گەنجێکی پڕ وزە کە داهێنان و فکری نوێییان پێیە بەداخەوە ئەمەش هێندەی تر کۆسپ ئەخاتە بەردەم بەرەو پێشچوونی ئەدەب

وەك شعیرێکی گەنج کاریگەری کام شاعیرت لەسەرە؟

لەڕاستیدا هەموو شیعرێك دەچێتەوە سەر شیعرێکی پێشخۆی شاعیر کاتێك بەر شیعرێك دەکەوێت ودواتر دەیەوێت ماڵێك لە شیعر دروست بکات ئیلا کاریگەری شیعری پێشخۆی لەسەرە ئەمە بەومانایەنا کە شاعیر لەژێر سێبەری ئەو شیعرەدا بنوسێت یان دەقئاوێزانی شیعری پێشخۆی بێت بەڵکو بەردە باشەکانی ماڵی شیعرەکەی دیکە دەهێنێت و بناغەی ماڵێکی نوێی شیعری پێدادەنێت بێگومان سەرەتا هەر شاعیرێك دێتە ناو دنیای ئەدەب کاریگەری کەسێك یان خۆشەویستی کەسێك وای لێدەکات ئەم ڕێچکەیە هەڵدەبژێرێت بێگومان ئەمەش شتێکی ئاساییە لەسەرەتادا بەڵام وردە وردە و هەنگاو بەهەنگاو  لەگەڵ پەیداکردنی ئەزمون و خوێندنەوەی بەردەوام ئەم کاریگەرییە لەبازنەیەکدا بەردەوام نابێت  لەسەرەتادا کاریگەربووم بە پەروێز هوما و ئەحمەد هەردی و بەکر عەلی خۆشەویستیەکی لا ڕادەبەدەرم هەبوو بۆ ئەم سێ شاعیرە بەڵام لە ئێستادا شاعیرە کۆنەکان بۆمن ئەزمونن و چێژێکی زۆریش لە شاعیرەنوێخوازەکان دەبینم

بەکێ دەوترێ شاعیر یان چی جۆرەتێکستێک پێی دەوترێ شعر؟

ئەم پرسیارە دەبوو لەکەسێک بکرێت ئەزمونێکی گەورەی لە نوسینی شیعردا هەبێت بەحوکمی ئەوەی من لەسەرەتاکانی ئەزمونی نوسیندام ڕەنگە باش نەتوانم وڵام بدەمەوە بەڵام بەبڕوای من بە تێکستێک دەگوترێت شیعرکە هەڵگری پەیام بێت و فۆڕمێکی نوێ لە هەگبەیدا هەبێت دەبێت بناغەی شیعرەکە هێندە تۆکمە بێت ڕەشەبای زەمەن بە ئاسانی نەیڕوخێنێت لە ڕۆژگاری سەرمایەداریدا چینێک پەیدابوون تێکست  تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەنوسن کەنوسینەکانیان هیچ خانەیەکی ئەدەب پڕناکاتەوەو لەگەڵ لەدایکبوونیان دوای فەترەیەکی کورت دەمرن دواجار زەمەنە بڕیاردەدات کامە تێکست شیعرە

بەرەیەك کەوتن لەبەینی نوسەرانی شیعری کلاسیك و کێشو سەرواو نوسەرانی شیعری ئازادو نوێ گەریدا هەن ئالان وەك گەنجێك لەگەڵ نوێگەریدایە؟

بێگومان من لەگەڵ نوێخوازدام ئەمە بەو مانایا نا کە ڕێبازەکانی دیکە ڕەتبکەمەوە بەڵکو شیعر بەردەوام لە گۆڕاندایە و لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا جیهان لەسەر فۆڕمی نوێگەری بەڕێوە دەڕوات شیعر لەهەر قۆناغەو بەشێوەیەک بەرەو پێشدەڕوات گەر زۆر دوورنەکەوینەوە لەسەدەی حەفدەهەم و هەژدەیەم ڕێبازی  کلاسیک و ڕۆمانسیزم بەرەو پێشچونێکی تەواویان بەخۆیانەوە بینی و کامڵبوون کاتێک باسی ئەم ڕێبازە دەکەین ئێمە شاعیرانی وەک و نالی و مەحوی و کوردی و قانع مان هەیە کە بە کێشی عروز نوسیویانە و ئەحمەد هەردیمان هەیە کە لیرکی نوسیووە دوای ئەمانیش شیعر لە قۆناغێکدا نەوەستاو مۆدێرنە هات کە مامۆستا گۆران و دیلان و شێخ نوری شێخ ساڵح لە دیارترین ئەو شاعیرانەن کە ئەم ڕێبازەیان بەرەو پێشبرد دواتر گروپەکای ڕوانگەو ڕەهەندییەکان و شاعیرانی دوای ڕاپەڕین هەریەکەو بەردێکیان لەسەر بناغەی شیعر دانا بۆیە ئەومافە بەخۆم دەدەم کە لەبەرەی نوێخوازدابم

دواوتەتان بۆ گۆڤاری گوڵان

لەدنیای ئەمڕۆدا و لەڕۆژگاری میدیاو سۆشیال میدیادا کاتێك هەمووشتەکان بوون بە ئەلیکترۆنی بوونی کەسانی وەك  ئێوە زۆرپێویستە بەتایبەتی بۆ کەسانی وەك ئێمە بمێنن و بەردەوام بن بۆ خزمەتکردنی ئەدەب و نوسەران لەکۆتاییدا دەڵێم سوپاس بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە .

Top