كوردۆ شابان كتێبێكی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە

كوردۆ شابان كتێبێكی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە

دوای بڵاوكردنەوەی بەشی دووەمی كتێبی(چۆن دەنووسن؟) لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب,نووسەری كورد(كوردۆ شابان) كتێبێكی نوێی خۆی ڕاگەیاند كە ماوەی نووسینی ئەم كتێبە بۆ شەش ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە,بەڵام بێ ئەوەی ناوی كتێبەكە دەستنیشان بكات .

كوردۆ شابان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاند كە ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەی كتێبەكەی تەواو بووەو كتێبەكە جیاوزترە لە بەرهەمە چاپكراوەكانی پێشووی .

زیاتر لەبارەی بەرهەمەكەوە نووسەر دەڵێت:ئەم كتێبە باشترین ڤێرژنی منە و خوێنەر دەتوانێت لە ڕێی ئەم كتێبەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و توانای من بكات، چونكە جیا لە چەند كتێبێكی تری پێشووم كە زیاتر فێركاری بوون و ناچار بووم بە زمانێكی سادە بنووسم، لەمەدا هەوڵم داوە ڕێک ئەو زمانە بێت كە تەواو خۆمم. خوێنەر بەرگێكی تری من دەبینێت كە ڕەنگە بۆ هەندێک شۆک بێت. تابووم تێدا شكاندووە و گوێم بە هیچ بڤەیەک نەداوە .

كوردۆ شابان كتێبێكی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە

لە بەشێكی دیكەی بڵاوكراوەكەیدا كوردۆ شابان ئاماژەی پێدا كە ئەم كتێبە شەش ساڵی خایاند و نووسینەوەی دەگەڕێتەوە پێشی بڵاوكردنەوەی یەكەم بەرهەمی چاپكراوی خۆی,هەروەها نووسەر زیاتر دەڵێت(شەش ساڵی ویست. پێش ئەوەی یەكەم كتێبم بڵاو بكەمەوە، دەستم بە نووسینی كردبوو. هەشت كتێبم بەچاپ گەیاند، هێشتا لەسەر نووسین و ئیدیتی ئەمەیان بەردەوام بووم. ئێستە هەست دەكەم شایەنی بڵاوكردنەوەیە. جگە لە خۆم، پیشانی چەند كەسێكم داوە كە سەرنجی لەسەر بدەن. كەسەكانم بە هۆشیارییەوە، بە ئاست و بیری جیا هەڵبژاردووە. كەسانێک كە دەمزانی ڕەحمم پێ ناكەن و هەر چی ڕەخنەیان هەبێت پێم دەڵێن. خۆشبەختانە وا بوو. ئێستە لێی ڕازیم و بڵاوی دەكەمەوە.

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top