زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن

زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن

 


دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ دووەمین ساڵ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەكات، كە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن لە هەولێرەوە سەردانی شارە پیرۆزەكانی خوارووی عێراق دەكەن. ژمارەیەك لەو زیارەتكارانە لێدوانی تایبەت بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەدەن و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئاسانكاری و هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەردەبڕن.


"بە ناوی خوای بەخشەندە و میهرەبان. بە گشتی سوپاسی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین. زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هەماهەنگییان لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێز لە كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە، كە ئەم دەرفەتە دروست بووە و ئاسانكاریی زۆر بۆ زیارەتكاران كراوە. هەروەها زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، بەڕاستی ئەركی زۆریان بۆ خزمەتكردن قبووڵ كردووە. ئێمە ساڵانێكی زۆر چاوەڕوان و بە حەسرەت بووین كە ئەم سنوورە بكرێتەوە بۆ زیارەتكاران، كە لێرەوە بە ئاسانی بتوانین زیارەتی مەزاری ئیمامە پیرۆزەكانمان بكەین. هەروەها دابینكردنی شوێنی وا گەورە و بەرین و بە هەموو خزمەتگوزارییەكانەوە لەم پیشانگا نێودەوڵەتییەی هەولێر لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕاستی جێی دەستخۆشی و سوپاسگوزارییە. هەموو ئەم كارانە لە پێناوی سەروەری شەهیدان ئیمام حوسینە سڵاوی لێ بێت".
ئەوە وتەكانی مامۆستایەكی ئایینی بوو، كە خۆی بە حاجی شیردل (شێردڵ) ناساند.
رۆژانی كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2023 یە و لە كەشێكی زۆر گەرم و داخدا، لە سپێدەوە تا نیوەشەو و دەمەوە بەیان، پەیتا پەیتا كۆستەر و مینی پاسەكان دەگەنە گۆڕەپانی پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر و زیارەتكاران دادەبەزن، بۆ ئەوەی پشوویەك وەربگرن. لە نێو زیارەتكاراند منداڵ، گەورە، بەساڵاچوو، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری خاوەن پێداویستیی تایبەت دەبیندرێن.
فاتیمە عەلیمورادی، ئافرەتێكی بەساڵاچووی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، سەرتاپێ رەشپۆشە و بەیداخێكیشی بە دەستەوەیە، لەسەری نووسراوە "یا حسین ابن علی"، كاتێك پرسیارمان كرد، بەو گەرمایە و بەو حاڵەیەوە چۆن دەتوانێت سەفەری وا دوور بكات؟ لە وەڵامدا گوتی: "سەیدولشوهەدا ئیمام حسێن، گیانیشی بە قوربان بكەین، هێشتا كەمە. من ساڵی پاریش هاتم و هەر لێرەوە چووم بۆ بەغدا و نەجەف و كەربەلا". سەبارەت بە ئاستی رازیبوونی لە ئاسانكاری و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "خوای گەورە و پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت و ئیمامانی پاكمان سڵاویان لێ بێت، پشتیوانتان بن، ئێوە(دەزگای خێرخوازیی بارزانی) هەموو ئاسانكارییەكتان كردووە و خوا لێتان رازی بێت".
مەتین سۆفیان، نەوجەوانێكی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی شاری (ورمێ)یە و لەگەڵ دایكی هاتووە، بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن بەشدار بن. وەك خۆی باسی كرد، ئەو خۆی و خێزانەكەیان شوێنكەوتووی مەزهەبی سوننەن، بەڵام "ئیمام حسێن ئەوەندە گەورە و ئازیزە كە هەموو دین و مەزهەبەكان رێزی لێ دەگرن"، گوتیشی: "زۆر لە سوننەكانی ئێران لەم مەراسیمەدا بەشداری دەكەن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە تاچەند لە خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رازیت؟ گوتی: "من لە ئێرانیش سەیری كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، كە هەمیشە لە سەحنە(گۆڕەپان)دان بۆ حزمەتكردن، هەر كەس سێرچی(BCF)، لە گووگڵ بكات، دەبینێت ئەم دەزگایە چەند پیرۆزە و چۆن خزمەتی كردووە".
غوڵام حەسەن قەهرەمان زادە، مێرمنداڵێكی تەمەن 12 ساڵە و دانیشتووی شاری(خۆی)یە لە سنووری پارێزگای ئازەربایجان و، ئەویش یەكێكە لەو هەزاران زیارەتكارەی كە سوپاسی خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات، بەڵام رەخنەشی هەیە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "پێویست بوو پەردەكانی نێوان هۆڵی پشووی پیاوان و ئافرەتان درێژتر بن، هەروەها كۆمبار و بەتانییەكان كەمن و دەبوو زیاتر بكرێن، چونكە هەزاران كەس سەردانی ئێرە دەكەن".
نەعیمە رەحیم ئازەری، ئافرەتێكی تەمەن مامناوەندە و منداڵەكەی لە ئامێز گرتووە و هەوڵ دەدات فێنكی بكاتەوە، وەك خۆی باسی كرد، دانیشتووی شاری(مەرەند)ـە لە سنووری پارێزگای ئازەربایجان، سەبارەت بە ئاسانكاری و خزمەتگوزارییەكان دەڵێت: "ماندووبوونی زۆیان كێشاوە، خوایان لێ رازی بێت. لەم شوێنی حەوانەوەیە جگە لە خواردن و خواردنەوە، پزیشك و دەرمانیش هەیە، هەوڵەكانیش سەرەڕای ئەوەی زۆر گەورەن، بەڵام زۆر فێنكن و دەستیان خۆش بێت. بەڕاستی سوپاسی دەزگاكەتان و خەڵكی كوردستان دەكەین، زۆر هاوكاریی ئێمەیان كردووە".
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، هەفتەیەك پێش هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن، دەستیان بە ئامادەكاری كرد و، لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، شوێنی حەوانەوەیان(بە خورادن و خواردنەوە و خزمەتگوزاریی تەندروستی) بۆ دابین كردن.
یەكەم كاروانی زیارەتکاران رێككەوتی 18\8\2023 لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ئاسانكارییان بۆ كرا و گەیشتنە شوێنی حەوانەوەیان لە هەولێر و، لە لایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
تا ئێستا هاتنی كاروانی زیارەتکاران رۆژانە بەردەوامە و دوای پشوووەرگرتن و حەوانەیان بەرەو بەغدا و كەربەلا رەوانە دەكرێن.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵی رابردووش پێشوازی و خزمەتی نزیكەی 300 هەزار زیارەتکاری ئێرانییان كرد، كە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن، دوای حەوانەوەیان لە هەولێری پایتەخت، سەردانی (بەغدا و كەربەلا)یان كرد.
ئەمساڵ رۆژی چوارشەممە رێككەوتی 6\9\2023 ساڵهاتی رۆژی چلەی شەهیدكرانی ئیمام حوسینە و موسڵمانان بە شیعە و سوننەوە، پرسە و ماتەمێنی دەگێڕن، بەڵام موسڵمانانی شیعە لەو رێوڕەسمەدا قوڕپێوان و لەخۆدان و زۆر تایبەتمەندیی دیكەیان بەرجەستە دەكەن.
لە رۆژانی 9و 10ی مانگی محەڕەم ساڵی 61ی كۆچی بەرانبەر بە ساڵی 680ی زایینی، ئیمام حسێن و 72 لە یاوەرانی لە شەڕی كەربەلا شەهید كران. ئەو دوو رۆژە بە تاسووعا و عاشوورا ناسراون.

 

 

سالار حسامی

 

زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن
زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن
زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن
Top