لوقمان غەریب بۆ گوڵان: فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە، بە تێگەیشتنێكی جیاواز كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات

لوقمان غەریب بۆ گوڵان: فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە، بە تێگەیشتنێكی جیاواز كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات

بە سەرپەرشتی بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و هاوبەشی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و سلێمانی، ناوەندی گاڤ بۆ كاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی كوردی لە هەردوو شاری سلێمانی و هەڵەبجە، فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) ی نمایش كرد . فیلمەكە لە سلێمانی لە ڕۆژی 31 تەمموزی 2023 لە ساڵیادی كارەساتی ئەنفالی بارزانییەكاندا بە ئامادە بوونی بینەرێكی زۆر لە سینەما سالم نمایش كرا، پاشان لە ڕۆژی 15 ئاب لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید لە پارێزگای هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەكەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە نمایش كرا، لە ئایندەشدا لە هەولێری پایتەخت بەپێی پرۆگرامێكی تایبەت كە ناوەندی گاڤ دایدەڕێژی، نمایش دەكرێت .

لوقمان غەریب بۆ گوڵان: فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە، بە تێگەیشتنێكی جیاواز كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات

ئەم فیلمە بەرهەمی هاوبەشی ناوەندی گاڤ بۆ بەرهەمهێنانی كاری تەلەفزیۆنیی و سینەمای كوردی لە سلێمانی و دەزگای سەتەلایتی كوردستان و بە هاوكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستانە .
سەبارەت بە فیلمەكە سیناریۆنووس و دەرهێنەری فیلمەكە لوقمان غەریب گوتی: «لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩ وە سەرقاڵی دروستكردنی ئەم فیلمەین،
فیلمەكە لە جۆری فیلمی درێژی درامییە و ماوەكەی ٩٠ دەقیقەیە، چیرۆك و ڕووداوەكانی ئاوێتەن لە نێوان دوو مێژووی جیاوازدا، كە بۆ هەردوو ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە، تیادا باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازار و ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی هەردوو كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات» .

لوقمان غەریب بۆ گوڵان: فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە، بە تێگەیشتنێكی جیاواز كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات

سیناریۆی فیلمەكە بە تێگەیشتن و جۆرێكی جیاواز مەسەلەی كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات و چیرۆك و بابەتێكی نوێ دەگێڕێتەوە، دیارە ئەو كارەساتانە هەڵگری سەدان چیرۆكی مەرگەساتبار و تراژیدین، كە هێشتا بەداخەوە هیچ كام لە بوارەكانی كلتووری بە تایبەت سینەما و چیرۆك و ڕۆمانی كوردی، بە باشی خۆیان لە قەرەی نەداوە.
فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) بە بەشداریی هونەرمەندانی خاوەن ئەزموون (عەلی كەریم، بەهادین هەڵەبجەیی، تەها داراغایی، جەمیل ئەحمەد) و هەریەك لە هونەرمەندانی ناسراو (ئاواز ڕەحیم، عومەر عەبدوڵلا، حەسەن حەمەساڵح، ئاراز عەبدولرەحمان، شاناز جەمال، سازگار) و هونەرمەندانی لاو و ئەستێرەی ئایندە (لاوە بێستون، شێما ڕێبوار و شیراز جەلال) و كۆمەڵێ هونەرمەندی دیكەیە .

لوقمان غەریب بۆ گوڵان: فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە، بە تێگەیشتنێكی جیاواز كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات

بینراوەكانی فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و ئاوایی ڕێژنە و دێوانەی دەڤەری گەرمیان تۆمار كراوە، ئەم فیلمە لەلایەن ستاڤێكی لاوی كوردەوە كاری تەنیك و پرۆداكشنی بۆ ئەنجام دراوە (كامێرا و DOP - بەهمەن سەلاح، یاریدەدەری دەرهێنەر -نڤار لوقمان، مایكاپ ئارتێست - لارا خەبات، سكرێپ و كلاكێت - شایۆ یاسین، درۆن و فلای كام - هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری بەرهەم - كەمال چالاك، محەمەد شوان، مۆنتاژ و مێكساژ - دیار خەسرەو، ترایلەر و پۆستەر - نڤار لوقمان، پرۆدێسەر - لوقمان غەریب) .
لوقمان غەریب جگە لە كاری سینەمایی چەندین كاری لە بواری دراماشدا هەیە، سەبارەت بە گرنگیی پەرەپێدانی درامای كوردی دەڵێ: «پێشخستنی درامای كوردی لە ئێستادا كاری زۆری دەوێت، زۆر جار وتوومە دەبێ بە یاسا و ڕێنمایی و فشاری حكومەت لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانییەوە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ناچار بكات، كە ڕوو لە بەرهەمی ناوخۆیی بكەن و سەپۆرت و پشتیوانی بكەن و واز لەو هەموو بازاڕگەرمییە بهێنن، كە بۆ كاڵا و بەرهەمی بیانی دەیكەن، حكومەت خۆشی بە ئاسانكاری و سەخاوەتەوە و بە بەرنامە و پلان و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و كوالێتی پشتیوانیی هونەر و هونەرمەندان و كایە و بەرهەمە هونەرییەكانیان بكات، ئەوەی دنیا و مرۆڤایەتی جوان دەكات، هونەر و ڕۆشنگەرییە و ژیان دۆستییە.

Top