پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:   دەسەڵات و حوكمڕانیی پوتین بەندە بە چارەنووسی شەڕەكەوە

پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:     دەسەڵات و حوكمڕانیی پوتین بەندە بە چارەنووسی شەڕەكەوە

 

 

 

مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتیی لە سكووڵی ئیلیۆت لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حوكمڕانیی جیهانی و چەند پرسێكی پەیوەندیدار دەدات. پێشتر وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی مینێسۆتا، ویسكۆنسن و تەل ئەبیب. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم شەڕە و ڕەهەند و دەرهاویشتە جیهانی و نێودەوڵەتییەكانی.

 

 

 

 

* چۆن لە درێژەكێشان و پەرەسەندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن، و ئایا بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی ڕووسیا هێندە پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان بەم شەڕە، سەرباری ئەو زیان و شكستە سەربازییانەی بەسەریدا هاتووە و سەرەڕای ئەوەی كە ئومێدێكی ڕاستەقینە نییە كە براوەی شەڕەكە بێت؟

- من پێم وانییە سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پوتین) هیچ بژارەیەكی دیكەی لە بەردەمدا بێت، جگە لە پێداگری لەسەر درێژەپێدان و بەردەوامیدان بە شەڕەكە، چونكە ئاشكرایە كە پوتین تەواوی ناوبانگی خۆی و چارەنووسی ڕژێم و حوكمڕانییەكەیی گرێ داوەتەوە بە دەرئەنجام و ئاكامی ئەم شەڕەوە، كە لە سەرەتادا پێی وابوو، زۆر ئاسان دەبێت و سەركەوتنی تێدا بەدەست دەهێنێت، كە ڕوونە پەرەسەندنەكانی شەڕەكە پێچەوانەی ئەمەیان خستەڕوو، كەواتە ئەگەر ئێستا پوتین ئاڵای سپی بەرز بكاتەوە، ئەمە وەك خۆكوشتنێك وا دەبێت، مەبەستم ئەوەیە پێم وانییە لە ئێستادا سەرۆك پوتین بیر لەوە بكاتەوە كە بێت و ڕایبگەیەنێت كە نەیتوانیوە هیچ یەكێك لەو ئامانجانەی شەڕەكە بەدەست بهێنێت كە ڕایگەیاندوون، چونكە ئەمە كێشە و پشێوییەكی زۆر بۆ خۆی و ڕژێمەكەی دروست دەكات. هەروەها پێم وانییە هەلومەرجەكەش بە ڕاددەیەكی زۆر بگۆڕێت و ببێتە هۆی هێنانەئارای هیچ ئاڵوگۆڕێك لە هیچ شتێكدا.

* ئەی پێتان وایە كاردانەوە و پەرچەكرداری خەڵكی ڕووسیا چی دەبێت، ئەگەر وڵاتەكەیان بە تەواوەی لە شەڕەكەدا بدۆڕێت و تووشی شكستی یەكجارەكی ببێت؟

- من پێم وایە ئەمە بەندە بەوەی مەبەستمان چییە كاتێك باسی دۆڕاندنی شەڕەكە، یان بردنەوەی شەڕەكە دەكەین، دواتر دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە بەرپرسە حكوومییەكان زۆر وریایانە ئامانجەكانی شەڕەكە و ڕاددەی بەدەستهێنانیان دەخەنەڕوو و ئاماژەیان پێ دەكەن، بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا ئامانجی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەوە بوو كە تەواوی خاكی ئۆكرانیا داگیر بكات؟ ئەوا ڕەنگە بڵێین لە سەرەتادا ئەمە ئامانجەكە بوو، بەڵام دوای چەند مانگێك لە شەڕەكە كاتێك پەرەسەندنەكان دژ بە خواست و چاوەڕوانییەكانی ئەو بوون، ئەوا چیتر ئەمە (داگیركردنی تەواوی خاكی ئۆكرانیا) وەك ئامانجێكی شەڕەكە نەمایەوە، كە لە وانەیە لە ئێستادا گۆڕدرابێت بۆ ئەوەی درێژە بە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو خاكانەی ئۆكرانیا بدەن كە دەستیان بەسەردا گرتووە، كە زۆرێك لە دانیشتووانەكەیان ڕووسی زمانن، یان ئامانجەكە ئەوە بێت كە ڕێگە نەدرێت، ئۆكرانیا ببێتە بەشێك لە ڕۆژئاوا، یان ئەم وڵاتە ببێتە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، یان ناتۆ، كەواتە زۆرێك لەم پرسە بەندە بەوەی چۆن باس لە ئامانجەكانی شەڕەكە دەكەن، لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین ئەوە یەكلا بكەینەوە، ئایا براوە بوون لە شەڕەكەدا، یان نا. هەرچۆنێك بێت، ئەوە شتێكی ئاساییە كە لایەنەكانی شەڕەكە ئامانجەكانی خۆیان لە شەڕەكەدا بگۆڕن و بە گوێرەی ئەوەش بە خەڵكی خۆیان بڵێن كە براوە بوون، ئەمە شتێكی نائاسایی نییە كە ڕوو بدات لە بارودۆخی شەڕەكاندا.

* ئاشكرایە كە ئەم شەڕە تەنیا ململانێ و ناكۆكییەكی سەربازی نییە لە نێوان دوو وڵاتدا، بەڵكو ڕەهەند و لێكەوتەی نێودەوڵەتیشی هەیە، ئەوەتا وڵاتانی ڕۆژئاوا و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاریی سەربازیی بەرچاو بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر دەكەن، ئایا تا چەند دروستە بڵێین ئەم شەڕە دەچێتە چوارچێوەی ململانێی هێزە مەزنە جیهانییەكانەوە؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەم بارودۆخەكە بەو شێوەیە، یان وا خراوەتە ڕوو، وەك ئەوەی كە ململانێی هێزە مەزنەكانی جیهان بێت، یان بەو شێوەیە لێك دراوەتەوە، كە دەرهاویشتەی نێودەوڵەتیی هەبووبێت، چونكە ئەگەر ئێمە لە مشتومڕەكانی نێو حزبی كۆماریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدیان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكە ورد ببینەوە، ئەوا هەندێكیان ئاماژە بەوە دەكەن، كە دەبێت ئەمریكا بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی ئۆكرانیا، لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕووسیا براوە بێت، ئەوا ئەمە دەبێتە دۆڕانێكی گەورە بۆ ڕۆژئاوا، هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگە و ناوبانگی ڕووسیا، كەواتە بەلای ئەم كەسانەوە دۆڕانی ئۆكرانیا دۆڕان دەبێت بۆ ئەمریكاش، لە ڕاستیدا دەبێت، ئەم پرسەش لەبەرچاو بگیرێت لە میانەی هەر چارەسەرێكدا كە بۆ شەڕەكە بێتە ئاراوە، واتە دەبێت تاوتوێی پرسی بەرژەوەندیی هێزە دەرەكییەكانیش بكرێت.

*  نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لە ئێستادا چین هێزێكی مەزنە لەسەر شانۆی جیهان و كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە، ئایا چۆن لە هەڵوێستی چین لە ئاست شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن و پێتان وایە ئەو دۆخەی بە هۆی ئەم شەڕەوە هاتووەتە ئاراوە لە بەرژەوەندیی چین بێت؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە چین بێلایەن نەبووە لە ئاست ئەم شەڕەدا، هەروەك چۆن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بێلایەن نییە لەم شەڕەدا، هەرچەندە ئەوە ڕاستە كە چین چەك و هاوكاری بۆ ڕووسیا دەستەبەر ناكات بەو شێوەیەی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیای دابین دەكات، بەڵام پەیوەندییەكانی چین و ڕووسیا لە ماوەی 18 مانگی ڕابردودا توندوتۆڵتر بوونەتەوە، كەواتە لەم ڕووەوە دتوانین بڵێین كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دوو هێزە جیهانییە (ڕووسیا و چین) پتر لێك نزیك ببنەوە، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێ كرد، چین هێندەی ئەمریكا لەم شەڕەوە تێوە نەگلاوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین، ئەگەر شەڕەكە بە چەشنێك پەرەی سەند كە لە بەرژەوەندیی ڕووسیادا نەبوو، ئایا چین چەك و هاوكاریی زیاتر بۆ ڕووسیا دەستەبەر دەكات؟ بەڵام ئێمە دەزانین چین وڵاتێكە دەزانێت تا چ سنوورێك هەنگاو هەڵبگرێت.

* وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەندی بواری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، ئایا تا چەند ئەم شەڕە بووەتە هۆی گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئایا دەكرێت بڵێین ئەم شەڕە بزمارێكی دیكە بوو لە تابووتی ئەوە درا كە پێی دەگوترێت سیستمی نێودەوڵەتی، یان سیستمی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان؟

- لە ڕاستیدا ڕەنگە چەمكی سیستمی نێودەوڵەتییش یەكێك بێت لەو چەمكە تەمومژاوییانەی كە پەیوەستە بەوەی لە چ ڕوانگەیەوە پێناسە دەكرێت و لێی دەڕوانرێت، بۆ نموونە دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكەیت، كە سەرجەم وڵاتانی جیهان سیستمێكیان دەوێت كە لەسەر بنەمای ڕێساكان بنیاد نرابێت، چونكە ئەگەر ئەم ڕێسایانە نەبن، ئەوا ئەم جیهانە بۆ هەمووان ڕەها دەبێت، كەواتە دەوڵەتان خوازیاری ئەوەن كە ڕێسا هەبێت و لەسەر بنەمای كۆدەنگی داڕێژرابێت، ئەگەرچی هەمیشە كۆدەنگییان لەسەر نابێت. هەر چۆنێك بێت، ئەوەی پەیوەندی بە شەڕەكەوە هەبێت، ئەوا ڕووسیا پێشێلكاریی ئەم ڕێسایانەی كردووە لە ڕووی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم شەڕەوە، بەڵام پێم وایە هەمیشە ڕێگەیەك هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سیستمە جیهانییەكە، چونكە من لە یادمە لە سەروەختی داگیركاری عێراق لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لە ساڵی 2003، زۆرێك لە شرۆڤەكارانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوە دەكرد، كە ئەوەی ڕوو دەدات مایەی كۆتاییهاتنی سیستمی جیهانی بنیادنراوە لەسەر ڕێساكان، چونكە لەو كاتەدا كۆدەنگییەكە ئەوە بوو، كە ئەمە پێشێلكاریی یاسای نێودەوڵەتییە، كە لەلایەن ئەمریكاوە ئەنجام دراوە و كاتێكیش وڵاتێكی مەزنی وەك ئەمریكا ئەم كارە دەكات، ئەوا ئەمە بە واتای كۆتاییهاتنی سیستمەكە دێت، كە پێم وایە ئەو بۆچوونانە تێڕوانینی پێشوەختە بوون، هەرچەندە كەس خوازیاری ئەوە نییە كە جارێكی دیكە ئەمریكا لە كارێكی لەم چەشنەوە تێوەبگلێتەوە، بەڵام لەو كاتەشدا پێم وایە زۆرێك لە وڵاتان پێكەوە هاوكار دەبن بۆ ئەوەی دووبارە سیستمێكی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان بسەپێننەوە، كە ئەمەش ئەوەیە كە لە ئێستادا ڕوو دەدات، هەرچەندە مشتومڕێكی زۆر هەیە، كە ئایا ئەو سیستمە سیستمێكی لیبڕاڵی بێت، یان سیستمێكی چینی بێت، لەبەر ئەوە پێم وانییە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ببێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕانكاری بەسەر ئاڕاستەی ئەم مشتومڕەدا بهێنێت.

 

Top