چۆنیه‌تی وه‌رگرتن و پێشوازیكردن له‌ منداڵ له‌ باخچه‌ و قوتابی له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی

چۆنیه‌تی وه‌رگرتن و پێشوازیكردن له‌ منداڵ له‌ باخچه‌ و قوتابی له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی

 

مه‌عروف حه‌مه‌دسه‌عید*

 

پاش ئه‌وه‌ی باوكی قوتابیه‌كی تازه‌ وه‌رگیراو له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی هاته‌ لام و گله‌یی له‌ ئه‌ركی زۆری ماڵه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی كرد كه‌ مامۆستایان پێیاندابوو، ئه‌و گوتی: ( مامۆستایان رایانسپاردووه‌ كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كوردی ده‌ لاپه‌ڕه‌ و له‌ بیركاری چوار لاپه‌ڕه‌ له‌ ماڵێ بنووسێته‌وه‌). قسه‌كانی ئه‌و وایكرد منداڵێتی خۆمم بیر بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌ پۆلی یه‌كه‌م له‌تاو نووسینه‌وه‌؛ په‌نجه‌كانم ره‌ق ده‌بوون و سۆر هه‌ڵده‌گه‌ڕان ... پشتم له‌به‌ر ئازار راست نه‌ده‌بۆوه‌... چاوه‌كانم لێڵ ده‌بوون و پیت و وشه‌كانم له‌به‌ر چاو تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ده‌بوون...
كه‌ به‌یانی داهات چوومه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی منداڵه‌كه‌ی لێبوو، بانگی مامۆستاكانم كرد و پێمگوتن: گله‌یی باوكی قوتابیه‌كه‌ وایكرد ئازار و نیگه‌رانییه‌كانی خۆمم له‌ پۆلی یه‌كه‌م بیر بكه‌وێته‌وه‌، ئاخۆ ئێوه‌ش له‌كاتی خۆیدا هه‌رگیز شتێكی واتان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، بۆ چما كه‌س هه‌یه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی مامۆستاكانی پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و ئازاره‌ی نه‌چێژتبێت... با وانه‌كه‌ین ئه‌و خۆشی و ئومێد و چاوه‌ڕوانییه‌ی منداڵان له‌ قوتابخانه‌ و مامۆستایان هه‌یانبووه‌ لێیان هه‌ڵبزڕكێنین و وێنه‌یه‌كیان پیشان بده‌ین كه‌ چاوه‌ڕێی نه‌بوون بیبینن.

له‌گه‌ڵ مامۆستاكان باسمان له‌وه‌ كرد كه‌ منداڵێتی خۆیان بیر بكه‌وێته‌وه‌ و ئه‌ركی زۆر به‌ قوتابیانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی نه‌سپێرن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بێزاری و شه‌كه‌تی نه‌كه‌ن. له‌ رۆژانی سه‌رتادا منداڵ به‌ حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی زۆره‌ ده‌چێته‌ باخچه‌ی منداڵان یان قوتابخانه‌، ئه‌و زۆر تامه‌زرۆیه‌ دار و دیواری قوتابخانه‌ و سیمای فریشته‌ئاسای مامۆستایان ببینێت و له‌ ریزی قوتابیاندا بوه‌ستێت و به‌ده‌م چه‌پله‌ و خه‌نده‌ و دڵخۆشییه‌وه‌ سروود بچڕێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جاروبار هه‌ستێكی نامۆ و ترسێك دایده‌گرێت نه‌بادا نه‌توانێت له‌ ژینگه‌ی نوێی قوتابخانه‌ هه‌ڵكات و نه‌توانێت به‌ درێژایی ماوه‌ی وانه‌كان له‌سه‌ر ره‌حله‌ دانیشێت و گوێ و چاو و زه‌ین و هۆشی هه‌مووی له‌سه‌ر مامۆستا بێت... ئاخر ئه‌و له‌وه‌ رانه‌هاتووه‌ ... ئه‌و له‌ ده‌ خوله‌كدا ده‌ جار به‌ناو ماڵدا غارغارێن و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی كردووه‌ چۆن ده‌توانێت بچێته‌ ژێر ركێفی سیسته‌م و یاسا. ئا ئه‌مه‌ ئه‌ركی مامۆستای لێزان و ژیر و شاره‌زایه‌ ورده‌ ورده‌ رایبهێنێت و تاكو له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاری و مافه‌كانی تێ بگات و ببێته‌ تاكێكی پێگیر و گوێڕایه‌ڵ و له‌هه‌مان كاتدا به‌رگریكار و خوازیاری بۆ فێربوون و مافه‌كانی.
بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستا زۆر هه‌ستیار و شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموون بێت، سه‌رنج و دڵی ئه‌و منداڵه‌ رابگرێ؛ وه‌ك باوك و دایك و خوشك و برا هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكات و نه‌رمونیان و رووگه‌ش بێت، كه‌شوهه‌وایه‌كی ئاسووده‌یان بۆ بڕه‌خسێنێت تاكو له‌و ژینگه‌ نوێیه‌ی قوتابخانه‌دا هه‌ست به‌ نامۆیی نه‌كه‌ن. كاتێك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و ژینگه‌ی پێشبینی كردبوو ئه‌وه‌تا وا له‌به‌رده‌میدایه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی به‌یانی رۆژی دواتر ده‌بێت تاكو زوو دابێت و به‌ تاسه‌وه‌ روو له‌ باخچه‌ و قوتابخانه‌كه‌ی بكات و به‌ بینینی هه‌ست به‌ ئارامی و دڵخۆشی ده‌كات.
پێویسته‌ كارگێڕی ناوه‌نده‌كانی خوێندن هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی هاتنیان رێوڕه‌سمی پێشوازیكردنیان بۆ رێك بخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م چركه‌ساتی ئاماده‌بوونیان ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ پێشبینیه‌كانیان كه‌ چاوه‌ڕێ بوون بیبینن. له‌ناو پۆلیشدا مامۆستایان هێمن و له‌سه‌رخۆ و به‌ روویه‌كی گه‌شه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و رێنماییان بكه‌ن و ئه‌رك و نووسین و خوێندنه‌وه‌یان فێر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گرێدراوی ژینگه‌ و سیسته‌می قوتابخانه‌ بن مامۆستایان هه‌میشه‌ هانده‌ریان بن و ئه‌ركی سووك و ئاسانیان پێ بده‌ن و به‌ چه‌پله‌ و ده‌ستخۆشیكردن و رێنمایی پاكوخاوێنی و ژیری خوێندنه‌وه‌ دڵخۆشی و ئاسووده‌ییان پێ ببه‌خشن.
ئه‌ركی مامۆستایه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابیانه‌ بن كه‌ ئاستی په‌روه‌رده‌ییان لاوازه‌ و زیاتر هانیان بده‌ن تاكو له‌ڕووی فێربوون و هۆگربوونیان به‌ قوتابخانه‌ و وانه‌كان ده‌گه‌نه‌ ئاستی قوتابیانی دیكه‌،
له‌كاتی پشووی نێوان وانه‌كان مامۆستای چاودێر به‌رده‌وام چاوی له‌سه‌ر قوتابیانی پۆلی یه‌كه‌م بێت... بۆ سه‌رئاو ... بۆ گۆڕه‌پان ... تاكو هیچ ئازاریان پێ نه‌گات، له‌گه‌ڵیان بێت و رێنیشانده‌ریان بێت و كاتێ منداڵ یا قوتابی هه‌ست بكا مامۆستا له‌ ده‌رس و پشووه‌كاندا به‌رده‌وام هاوكار و ئاگاداریانه‌ زیاتر حه‌ز و خولیای بۆ قوتابخانه‌ ده‌چێت. مامۆستا وا بكات منداڵان هیچ كات هاوڕێیه‌كانیان ئازار نه‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ مامۆستا به‌ ئه‌زموون و لێهاتوو بێت پێویسته‌ به‌رده‌وام زانست و زانیاری به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زاتر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتووی گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر شێوازێكی ته‌ندروست پێ بگه‌ن. ده‌بێت مامۆستایان هیچ كات له‌به‌رامبه‌ر روودانی هه‌ڵه‌ی قوتابیان ئه‌وه‌نده‌ی بیریان له‌لای رێنمایی و چاره‌سه‌ركردن بێت ئه‌وه‌نده‌ خه‌یاڵیان بۆ سزا نه‌چێت، بۆ ئاكار و خووڕه‌وشته‌ جوانه‌كان ستایش و ده‌ستخۆشیان لێ بكرێ و ئاگاداری جیاتاكییه‌كان بن له‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان یه‌كئاست نین و هه‌میشه‌ جیاوازییه‌كان هه‌یه‌ چ له‌ڕووی فێربوون یان توانا جه‌سته‌یی و هزرییه‌كانه‌وه‌ بێت، به‌ ده‌ستخۆشیكردنی قوتابییه‌ زیره‌ك و به‌ تواناكان په‌یامێك به‌ وانی دیكه‌ بگا له‌وه‌ی ئێوه‌ش سبه‌ی هه‌مان ئاست بنوێنن... سبه‌ی ژوانمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌پله‌تان بۆ لێده‌ین و دڵخۆشی و سه‌ربه‌رزیمان به‌ ئاست و زیره‌كیتان پیشان بده‌ین.
به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ست به‌ بوون و سه‌نگ و گرینگی خۆیان ده‌كه‌ن، بۆ به‌یانی هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ن تاكو به‌ هاوڕێیه‌كانیان بگه‌ن ، پێشبڕكێ له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت، هیچ كات ئه‌ركی سه‌ر شانیان قورس نه‌كه‌ن تاكو بۆ ئه‌نجامدانیان پشت به‌خۆیان ببه‌ستن و په‌نا بۆ ماڵبات و نزیكه‌كانیان نه‌به‌ن، بۆ نووسینه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانیان وای لێ بكه‌ له‌هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌یهاوێژیت رووی له‌تۆ بێت و متمانه‌ی بۆ دروست بكه‌ و تۆش هه‌میشه‌ به‌ پادداشت و ده‌ستخۆشی خه‌ڵاتی بكه‌ تاكو حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ ئاماده‌كردنی بابه‌ته‌كان زیاتر بێت.

*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات

Top