“ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایی نەهاتنی ئاڵوزییەکان”

“ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایی نەهاتنی ئاڵوزییەکان”

هەر وەک لە بابەتێکی تری پێشتریشم باسی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیۆری ماکیندەرم کردووە؛ کاتێک لێکدانەوەی «تیۆری ماکیندەر» دەکەین لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگترین ناوچەی جیهان دەژمێردرێت و، هەر لایەنێک بتوانێت کونتڕۆلی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بکات بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، هەروەها پێگە جوگرافیە ستڕاتیژیەکەی دەتوانێت کونتڕۆلی جیهان بکات.

بۆیەش دەبینین لە ناوچەکەمان ململانێیەکی زۆر توند هەیە لە نێوان ڕکابەرەکان لەسەر ئەم دەڤەرە سەدان ساڵە ئەم ململانێیە بەردەوامە و، قەیران دوای قەیران کە هیچ کۆتاییان نیە بەروکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوتەوە.

ماکیندەر دەڵێت:
“ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵی زەویە، هەر لایەک کونتڕۆلی دڵی زەوی بکات کونتڕۆلی هەموو جیهان دەکات”، کەواتە لێرەدا بەرژەوەندی زلهێزەکان پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییانەوە بە هۆی سەپاندنی هەژمون بەسەر ناوچەکەدا.

شایانی باسە ئەوەی کە ئەمڕۆ لەنێو گوڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات بەر لەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل بێت شەڕێکی نێودەوڵەتیە؛
ڕۆژئاوا لە ئوکڕانیا و محور الشر کە ڕوسیا سەرکردایەتی دەکات ئەمڕۆ ئیسرائیلیان کردوتە ئامانج وەک بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بۆ ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرقاڵی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکەن و گوشارەکانی سەر خۆیان کەم بکەنەوە؛ ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە ستڕاتیژیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتیە: «لە ئاشتی ناوخۆ یەکسانە بە ڕەوانەکردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعی بۆ درەوەی ئێران»؛

بۆیە ئەوەی کە حەماس لە فەلەستین و هەموو ئەو گروپ و میلیشیانەی سەر بە ئێران لە ناوچەکە دەیکەن شەڕی بە وەکالەتە لە بەرژەوەندی ئێران و ڕوسیایە بە پلەی یەکەم و دور خستنەوەی هەڕەشە و مەترسیەکانی ڕۆژئاوایە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان.

ململانێکان لە سەر بەرژەوەندیەکان بێجگە لە زیانی مادی و مرویی هیچیتر نیە و، ئەوەی کە باجی گەورە دەدات خەڵکی سڤیل و بێتاوانی فەلەستین و ناوەچەکەیە لە هەموو رویەکەوە.

ئاگری ئەم شەڕە لە ناوچەکەدا گەر کونتڕۆل نەکرێت ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دوچاری دوخێکی سیاسی، ئەمنی و…هتد ماڵوێرانکەر دەبێت و، پروشکی شەڕەکە دەگاتە هەموو شوێنێکی ئەم دەڤەرە؛ چونکە هەردوو زلهێزەکە خاوەن نفوزن و هاوپەیمانیان هەیە.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش پێویستە نۆخبە سیاسەکانمان زۆر چاوکراوەبن و بە شێوەیەکی عەقڵانی لە دۆخی مەترسیداری ناوچەکە بڕوانن؛ ئەم قۆناغە پێمان دەڵێت ماڵی خۆتان هەرچی زوترە ڕێک بخەنەوە و بە یەک گوتاری سیاسی ڕووبەڕووی پێشهاتەکان ببنەوە؛ ئەگینا وڵاتەکەمان بەرەو چارەنوسێکی مەترسیدار پەل دەهاوێژێت و پەشیمانیش دا نادات ئەوکات. ڕاژان عەبدولڕەحمان

Top