هاتنی سەرما و پەتا وەرزییەكان ئەركی دایكان قورستر دەكەن

هاتنی سەرما و پەتا وەرزییەكان ئەركی دایكان قورستر دەكەن

 

سرووشتی دایكان وایە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن، ڕێگری لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیان بكەن، بە پێچەوانەی پیاوان كە زیاتر بیر لە چارەسەری پزیشكی بۆ منداڵەكانیان دەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەتا وەرزییەكان و بەتایبەتی لە هەر دوو وەرزی پاییز و زستاندا زیاتر بەرۆكی منداڵان دەگرێت. ناوەندە زانستییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، منداڵان لە گەورەكان زۆرتر ئەگەری تووشبوونیان بە پەتا وەرزییەكان هەیە. سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان (CDC) لە ئەمریكا دەڵێت: منداڵان دوو تا سێ هێندەی گەورەكان زیاتر تووشی پەتاكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن و ئەگەری ئەوە هەیە، هەر منداڵێك ساڵانە زیاتر لە جارێك پەتا بگرێت، ئەوەش بە هۆی پێنەگەیشتوویی و لاوازیی كۆئەندامی بەرگرییانە، بۆیە دەبێت چاودێریی زیاتری باری تەندروستیی منداڵان بكرێت. لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان چەندین ڕێنمایی لەسەر زاری پسپۆڕانەوە بۆ دایك و باوكان دەخەینەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی «Stats of India» لە هەر چوار خولەكێكدا 1000 منداڵ لە جیهاندا لەدایك دەبن، كە زۆرترین ژمارە لە وڵاتی هیندستانە و لە هەر چوار خولەكێكدا 172 مندال لەدایك دەبن، وڵاتی چینیش لە پلەی دووەمدایە كە لە هەر چوار خولەكێكدا 103 منداڵ لەدایك دەبن .ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لە وڵاتی عێراق لە هەر چوار خولەكێكدا حەوت منداڵ لەدایك دەبن.

د. بەڵێن كەریم پزیشكی پسپۆڕی منداڵانە سەبارەت بە تەوەرەی ئەم ڕاپۆرتە سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ساڵانە لە كاتی گۆڕانكاریی كەشەهەوا لە وەرزەكاندا، منداڵان تووشی پەتا وەرزییەكان دەبن، بەتایبەت لە ناوەڕاستی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستان، هاوكات لە ئێستادا كە وەرزی باخچەی ساوایان و قوتابخانەیە، بە هۆی تێكەڵبوونی ژمارەیەكی زۆری منداڵان لە شوێنێكی داخراو، ئەگەری تووشبوون و بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەكان زیاترە و بە ئاسانی بۆ یەكتر دەگوازرێتەوە، نیشانەكانیشیان بریتین لە پژمین و زیادبوونی ئاوی لووت، ڕەنگە كۆكە و تایەكی كەمیشی لەگەڵدا بێت».

ئەو پزیشكە پسپۆڕە، دایكان و باوكان لەوە دڵنیا دەكاتەوە كە «ئەو پەتا وەرزییانە بەگشتی هەوكردنێكی ڤایرۆسین، كە بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی هەناسە دەگرێتەوە و چەند ڕۆژێك دەخایەنێت، واتا سێ چوار ڕۆژ تا هەفتەیەك، دوای كۆتاییهاتنی سووڕی ڤایرۆسەكە منداڵەكە بەخۆی چاك دەبێت و پێویست ناكات پەنا ببرێتە بەر بەكارهێنانی دەرمان، بە تایبەت دژە بەكتریاكان، دەكرێت كاتێك منداڵەكە تای هەبێت، هەوڵ بدرێت لە ماڵەوە تایەكەی دابەزێنرێت لە ڕیگەی دەرمانی تاوە، هەروەها ئەگەر منداڵەكە ئازاری هەبوو، هەر چوار سەعات جارێك پاراسیتۆلی پێ بدرێت. بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر نیشانەكانی پەتای وەرزی سووك بوو، پێویست بەوە ناكات منداڵەكە ببرێتە لای پزیشك، بەڵام ئەگەر نیشانەكانی زیادی كرد و تاكەی بەرز بووەوە، یان تووشی سكچوون و ڕشانەوە هات و ترسی وشكبوونەوەی لەسەر بوو، یان بەهۆی بەهێزی كۆكە منداڵەكە بڕشێتەوە، یان تەنگەنەفەس بێت، یان خواردنی كەم ببێتەوە، هەموو ئەوانە وادەكات كە بردنی بۆ لای پزیشك پێویست بێت».

ئەم ڕێنمایی و ڕێكارانەشی بۆ دایك و باوكی ئەو منداڵانە خستەڕوو، كە تووشی هەڵامەت بوون، نیشانەیان كەمە و لە ماڵەوەن :

پێدانی بڕێكی زیاتر لە ئاو و شلەمەنی، شەربەتی سرووشتی و شۆربا گرنگن، لەگەڵ وەرگرتنی پشوویەكی باش و خۆماندوونەكردن، هەروەها پێدانی دەرمانی ئازار و تا، وەك (پاراسیتۆل) لە كاتی پێویستدا. وا باشە چەند  ڕۆژێك نەینێرنە قوتابخانە، باخچەی ساوایان و دایەنگە، تاكو بە تەواوی باش دەبێت، بۆ ئەوەی پشوو بدات و منداڵان و كەسانی دەوروبەری تووش نەكات.

  پێویستە دایكان بۆ بەهێزبوونی كۆئەندامی بەرگریی لەشی منداڵ دایكان ئەم ڕێكارانە بگرنە بەر:

 شیری دایك گرنگترین خاڵ و دەستپێكی زیادبوونی بەرگریی لەشی ساوایە (دوای لەدایكبوونی) لە سەرەتاكانی تەمەنی كە ڕێژەیەكی زۆری بەرگریی دژەنەخۆشی بە منداڵە ساواكە دەدات، بەتایبەت لە شەش مانگی سەرەتای تەمەنی، تەنانەت ئەوانەی شیری دایكیان خواردووە كەمتر تووشی نەخۆشی دەبن. (ئەكادیمیای ئەمریكی بۆ پزیشكیی منداڵان جەخت لەوە دەكاتەوە كە باشترین خۆراك لە شەش مانگی سەرەتای تەمەنی منداڵ، شیری دایكە).

 خەوی تەندروست بۆ منداڵ: بریتییە لە زوو خەوتن و نووستنی شەوانە لە كاتێكی دیاریكراو، واتە كاتژمێری نووستنی بە نزیكەیی دیار بێت.

پابەندبوون بە خشتەی نیشتمانیی كوتانی منداڵەكانمان.

بەركەوتنی تیشكی خۆر بەتایبەت لە كاتەكانی بەرەبەیان و ئێواران بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ڤیتامین دی و بەرگری لە لەشی منداڵ پێویستە.

 لێكۆڵینەوەكان ئەوە نیشان دەدات، ئەو منداڵانەی بە توندی مامەڵەیان لەگەل دەكرێت، زیاتر و زووتر نەخۆش دەكەون لەوانەی كە بە ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ كراوە.

كەم بەكارهێنانی دەرمان و بەكارهێنانی لەژێر ڕێنمایی پزیشكدا، كارێكی پێویستە و دایكان دەبێت بزانن، ئەو دەرمانەی بۆ منداڵەكەیان بەكاری دەهێنن، ئەگەر لە زیادە و بێ پێویستی بەكار بێت، بەرگریی لەشی منداڵەكەی پێ دادەبەزێت و ڕەنگە لەشی مندالەكەش جۆرێك لە بەرگری پەیدا بكات دژ بەو دەرمانە و لەكاتی پێویستیدا دەرمانەكە هیچ سوودی نەبێت، بەتایبەت دەرمانی دژە بەكتریای (ئەنتی بایۆتیك).

 دەبێت منداڵەكانمان لەسەر خواردنەوەی بڕێكی زۆر لە ئاو ڕۆژانە، بەتایبەت لە ڕۆژانی گەرما و هاویندا، هەروەها خواردنەوەی شەربەتی سرووشتی هان بدەین».

ئیبراهیم حاجی زەڵمی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە تایبەت بە زانستی كۆمەڵناسیی پزیشكی سەبارەت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات كە «نەخۆشكەوتنی منداڵان بە پەتا وەرزییەكان تا ئاستێكی زۆر كاریگەریی كۆمەڵایەتی لەسەر خێزان و كەسێتی و خوێندن دروست دەكات، نەخۆشی یەكێكە لەو دیاردە نێگەتیڤانەی كە مرۆڤ لە چوست و چالاكیی دەخات و لە كەسێكی چالاك و گورج و گۆڵ و بەرهەمدار و هاوسەنگەوە بۆ كەسێكی پاسیڤ و بێ بەرهەم و بار بەسەر خۆی و ئەوانی دیكەوەی لێ دەكات». هەروەها دەڵێت: «نەخۆشی، ئەگەرچی وەك میوانێك دەبێتە میوانی جەستە و دەروونی هەموو مرۆڤێك، بەڵام دەركەوتە و ئازاری و زیانمەندییەكانی تەنیا لەسەر جەستە و دەروون و ژیانی سرووشتیی تاكی نەخۆش جێ ناهێڵێت، بەڵكو بە جۆرێ لە جۆرەكان كاریگەریی نەرێنی و دەركەوتەی خراپی لەسەر كەسانی دەوروبەری و تەنانەت كۆمەڵگەكەش دەبێت. تەنانەت نەخۆشییە وەرزییەكان لەو نەخۆشییانەن كە كەشوهەوا كاریگەری لەسەر سەرهەڵدانیان و دووبارەبوونەوەیان دەبێت و ئەوەش ئەگەرێكی هەمیشەیی هەیە، چونكە مرۆڤیش جەستەی وەك بەشە فیزیكییە ئەندامییەكەی وەك تێكڕای زیندەوەران تووشی دابەزینی بەرگری دەبێت، لەكاتی گۆڕینی ئاو و هەوای ناساز لەگەڵ سیستمی فیزیكی جەستەیی. دیارە منداڵیش لەبەر ئەوەی بەرگری و سیستمی بەرەنگاربوونەوەی جەستەی لە ئاستی هەواگۆڕكێ و كەشی ناسازدا كەمترە، بۆیە زیاتر تووشی نەخۆشییە وەرزییەكان دەبێت».

Top