پەیوەندی کەسی و خزمایەتی ئامرازێکە بۆ دەسکەوتنی کار سەرەڕای هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی .

پەیوەندی کەسی و خزمایەتی ئامرازێکە بۆ دەسکەوتنی کار سەرەڕای هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی .

بێ گومان کار یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرهەم هێنان و چالاکیەکی هۆشیاری مرۆڤە بۆ تێر کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی. لە پێناسەی کار دا دوو ڕەگەزی گرنگ هەن ئەوانیش جەستە و هزرن.
کاری جەستەیی دەتوانین بڵێین وەکو جەنگێک وابوو کە مرۆڤ خۆی ئامادە دەکرد لەگەڵ سروشت بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی، ئەو ململانێیەش لە پێناو مانەوەی بوو لە ژیان .
قۆناغی دووەم کە هزرە ئەو قۆناغە تاکو ڕادەیەک جیاوازە کە بیر و هۆشی ئادەمیزاد گەشەی کرد و وای لێهات مرۆڤ زیاتر پشت بەو بنەمایە ببەستێت ئەگەرچی ئادەمیزاد بە سروشتی خۆی خاوەن هۆشیاریەکی تایبەتە، بەم هۆیەش ئامێرەکان شوێنی ئادەمیزادیان گرتەوە بۆ کار و وەبەرهێنان . ئیسلام چۆن دەڕوانێتە کار: ئیسلام شکۆ و بەهای بەکار داوە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هاندەری کارکردن بووە، ئەجر و پاداشتی قیامەتی بۆ دیارییکردوە، بەعیبادەتی لە قەڵەم دەدات، مرۆڤ بۆ خودی خۆی کار دەکات ئیسلام ڕێز و پاداشتی دەکا، ڕازی نابێت ئادەمێزاد تەمەڵ و تەوەزەل دانیشێ و ببێتە بار بەسەر کەسانیترەوە، بەرهەمی دەستی خۆی نەخوات
سەرەڕای ئەوەی کە گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دوای تەواو کردنی خوێندن ڕاستەوخۆ چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن ئەمەش شتێکی مەحاڵە چونکە نەبوونی هەلی کار دەرفەتی دامەزراندن ناڕەخسێنێت بۆ ئەو ڕێژە زۆرەی دەرچووان .
لە کەرتە تایبەتەکان و رێکخراوە ناحکومیەکان هەر کاتێک هەلی کار ڕادەگەیەنرێت هەندێک مەرجی زەحمەت داوا دەکەن کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی ئەو هەل و مەرجانەیان تیادا نی یە وەکو زمان زانین ئینگلیزی یان عربی ئەزموونی هەبێت پێشتر و شارەزاییەکی تەواوی هەبێت لە کۆمپیوتەر ئەمانە باوترین مەرجن کە ڕۆژانە لە ڕیکلام و وێبسایتە کۆمەڵایەتیەکان گوێبیستی دەبین.
وێرای زۆری کرێکاری بیانی لە کوردستان وەکو( هیندی-سریلانکی-نیپاڵی-فلیپینی-سووری-تورک-بەنگلادیشی …هتد) ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکین کە هەلی کار کەمە بۆ کرێکاری ناوەخۆیی.
ئەگەرچی خودی خۆت پەیوەندی باشت هەبێت لەگەڵ خەڵکی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران گومانی تێدا نیە کە بەشێوەیەکی ئاسان و زوو کارت دەست دەکەوێت چونکە ئەگەر پەیوەندیت هەبێت و خەڵکی بناسیت لەم حاڵەتەدا جەخت ناکرێتە سەر ئەزموون و مەرجەکان.
ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کرێکاری ناوەخۆیی هەم ڕێژەی بێکاری کەم دەکاتەوە و هەمیش بارگرانی حکومەت ئاسان دەکات چونکە کرێکارانی بیانی بار گرانین بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت . دابین کردنی شوێنی مانەوە و کارەبا و ئینتەرنێت و زۆر شتیتر کەچی بۆ کرێکارانی ناوەخۆیی بە دەگمەن پێداویستیان بەمانەیە چونکە خۆیان ناوەخۆیین .
هەروەک باسم کرد پەیوەندی پتەو بەشێوەیەکی زەق دیارە و تاکە هۆکارە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و دۆزینەوەی کار بەڵام لێرەدا زیرەکی و بوێری مرۆڤ یان ئەوانەی بەدوای هەلی کار دا دەگەڕێن دەردەکەوێت کە توانیویەتی پەیوەندی دروست بکات لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و هۆکارێکە بۆ بەرەوپێش بردنی خودی خۆت و دۆزینەوەی کاری باشتر لە داهاتوودا .
بە پێویستی دەزانم کە بڵێم مرۆڤ پێویستە خۆڕاگر و بە وورە بێت لەگەڵ پیشەکەی ئەگەرچی زەحمەت و مووچەی کەم بێت دەبێت خۆی بگونجێنێت و بەردەوام بێت چونکە کارە بچووک و سەرەتاییەکان ئەزمون دروست دەکەن و هەنگاو بۆ کار و پڕۆژەی گەورەتر دەنێن .
هەروەها کاری خۆبەخشی هۆکارێکیترە بۆ ئەزموون پەیدا کردن و دۆزینەوەی کار لە داهاتوودا بەتایبەتی لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان.

Top