سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی ڕیزا گونەی باڵوێزی تورکیا لە عێراق کرد

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  پێشوازی لە  عەلی ڕیزا گونەی باڵوێزی تورکیا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 27/11/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز عەلی ڕیزا گونەی باڵوێزی تورکیا لە عێراق کرد."

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەمان تاوتوێ کرد، جەختمان لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کردەوە."

مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، كە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لە زووترین کاتدا، سەرۆكی حكوومەت ڕاشیگەیاندووە: "لەمبارەیەوە باڵوێزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی."

Top