لانە ئاوات: لە چەندین پیشانگا بەشداریم كردووە و نزیكەی 100 فێرخوزام هەیە كە لە كۆرسەكانم بەشدارن

لانە ئاوات:  لە چەندین پیشانگا بەشداریم كردووە و  نزیكەی 100 فێرخوزام هەیە  كە لە كۆرسەكانم بەشدارن

 

 

لانە ئاوات ساڵح، كچە گەنجێكی دەست و پەنجە زێڕینە و خاوەنی بڕاندی (لان جولەری)یە، ئەو لە ماڵەكەی خۆیدا كاری دەستی دەكات و لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمە دەستییەكانی بە بازاڕ دەكات، وەك خۆی باسی دەكات، شانبەشانی كارەكەی كۆڕسی فێركارییش بۆ فێرخوازان دەكاتەوە، هاوكات كەلوپەل و پێداویستی ئێكسسوارات بە شێوەی كۆ دەفرۆشێت. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

لانە ئاوات ساڵی 1997 لە سلێمانی لە دایك بووە، هەر لەو شارەش نیشتەجێیە، وەك خۆی باسی كرد،دەرچووی پەیمانگەی كۆمپیوتەرە لە بەشی (نێتوۆرك)، بەڵام تاوەكو ئێستا هەلی دامەزراندنی بۆ نەڕەخساوە، سەبارەت بە كارە دەستییەكانیشی دەڵێت: «ماوەی چوار ساڵ زیاترە دەستم كردووە بە كاری خۆم لە دوای دەرچوونم لە پەیمانگە، ئەم كارەم هەڵبژارد كە حەز و خولیام بوو، دڵنیاش بووم، دەتوانم زیاتر بەرەو پێش بچم و كاری جیاواز و جوانی تیا بكەم.

سەرەتای دەستپێكردنم پەیجێكم بینی لە ئینستاگرام كە خاتوونێك بوو ئەو كارانەی كردبوو، زۆر پێم جوان بوون، وتم منیش بۆ ئەم كارە نەكەم؟ ئیتر چەند شتێكی كەمم كڕی و یەكەم پارچە كە دروستم كرد ئێستاش ماومە زۆر سادە كردبووم. سەرەتا نەمدەزانی چی بكەم، بەڵام گرنگ ئەوە بوو دەستم پێ كرد و وردە وردە بەردەوام بووم و شتی جۆراوجۆرم تاقی دەكردەوە، بە مەكرەمە شتم دەكرد بە قردێلە، بەڵام دواتر زانیم كە لە دروستكردنی ئێكسسواراتدا زۆر باشم و زۆر ئاسان فێر بووم. دوای شەش مانگ پەیجێكم دانا و دەستم كرد بە پۆستكردن، ساڵی 2019 بوو، ئەوكات چەند كەسێك بە كەمی هەبوون كە ئێكسسواراتیان دروست دەكرد و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەیانفرۆشت، بەڵام من كەسێك بووم هەر لە سەرەتاوە هەوڵم دەدا، زۆر باشتر و باشتر بم، یەك شتیش كە زۆر منی بردە پێش، ئەوە بوو كە پەلەم لێی نەبوو كە كارەكەم گەورە ببێت، سەبرم هەبوو، جار هەبووە لە یەك مانگ یەك ئۆردەر، یان دووانم هەبووە، بەڵام بە ئیرادەوە هەر وازم نەهێنا و لە هەموو بوارەكانی كار و بزنێس خۆم بەرەو پێش برد. لە بەڕێوەبردنی پەیج خۆم شارەزا كردووە، تاكو ئیشەكەم بچێتە پێشتر بۆ ئەوەی گەورەتر ببێت».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كێ هاوكار و پشتگیرت بوو؟ گوتی: «ماڵەوە زۆر هاوكارم بوون، بە تایبەتی دایك و باوكم. لە بیرمە جارێكیان وتم: واز دەهێنم، باوكم وتی: نا شتی وا نەكەیت، ئەگەر كەمیش بیكەیت، با هەر هەتبێت. بەردەوام هەوڵی كاری دەرەوەشم دەدا لە گەڵیدا، بەڵام یان كاری دەرەوەم بەدڵ نەدەبوو، یان وەرنەدەگیرام. دواتر كارم دەست كەوت لە دەرەوە، ئەو كارەشم دەكرد و ئەم بزنێسەی خۆشم، ڕەسمی ئێكسسواراتەكانم لە شوێنی كارەكەم دەگرت، یان لەوێ دروستم دەكردن، چونكە هەشت كاتژمێر لەوێ دەبووم، بەڵام نەمدەویست دەستبەرداری ئەمەش بم، چونكە خۆشم دەویست.

دوای شەش مانگ لەو شوێنە وتم واز دەهێنم و ئەم كارەی خۆم گەورە دەكەم، ماڵەوە پێیان ناخۆش بوو، وتیان واز مەهێنە، بەڵام خۆم یەكلایی كردبووەوە بۆ ئەم كارەم و وازم لە كارەكەی دیكەم هێنا لە پێناو بڕاندەكەم (لان جولەری)، ئیتر ڕێك وەك ئەوە بوو، كە پلانم بۆ دانابوو، كارەكەم زۆر چووە پێشتر و كۆڕسم دانا كە كەسانی دیكەش فێری ئەم كارە ببن، وای لێهات دوو كۆڕسم دانا، ئێستا نزیكەی 100 خوێندكارم هەیە و لە كۆرسەكانم بەشدارن و بەژداری چەندان پێشانگا و چالاكیشم كردووە».

لانە ئاوات باسی ئەوە دەكات، كە ئەگەر بە جددی هەوڵبدرێت، ئاكامیشی باش دەبێت. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بزنێسی دووەمم دانا، كە هەر سەر بەم بوارەی خۆمە و بریتییە لەوەی پێویستییەكانی كاری ئێكسسواراری بۆ كەسانی دیكەش دەهێنم، بۆ ئەوەی ئەوانیش سوودی لێ بكەن. سوپاس بۆ خوا ئێستا خاوەنی دوو بزنێسی خۆمم و كارەكانم لە ئێستادا تەنیا ئۆنڵاینە، بەڵام حەز دەكەم شوێنێك بكەمەوە كە شوێنێكی زۆر تایبەت بێت، بۆیە تا ئێستا نەمكردووەتەوە. كۆرسەكانم لە تێلێگرامە و لە ئۆنڵاینە لەئێستادا، بەڵام حەزیش دەكەم وە لە پلانمدایە كە ڕاستەوخۆ خەڵك فێر بكەم، كۆرسەكانم بە پارەیە و فری نین، چونكە من تا فێربووم كات و پارەم زۆر سەرف كردووە، بەڵام زۆر بە ئاسانتر بۆ كەسانی دیكەم پێشكەش كردووە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا كاركردن بۆ ئافرەتان چۆن دەبینی و تا چەند بە پێویستی دەزانیت؟ گوتی: «زۆر بە پێویستی دەزانم. هەم بۆ لایەنی ماددی و تەنانەت لە ڕووەی دەروونییش، چونكە كە بە كارێكەوە سەرقاڵ بیت، دلخۆشتریت و كەمتر بیر دەكەیتەوە زیاتر دەچیتە پێشەوە. من حەز دەكەم هەموو كچان و خانمان كار لەسەر بەدیهێنانی خەونەكانیان بكەن و هەوڵی جددی بۆ بدەن.

 

Top