ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبن

ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبن

 

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)و بانكی نێودەوڵەتی زیاتر لە ملیارێك كەس لە جیهاندا بە شێوەیەك لە شێوەكان خاوەن پێداویستیی تایبەتن، بەوەش 15%ی دانیشتووانی جیهان پێكدێنن.

هەر بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 67 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی ئۆتیزم بوون، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی ئۆتیزم لە كوردستانیش لە هەڵكشاندایە و بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بۆ ساڵی 2022 زیاتر لە 3000 منداڵی ئۆتیزم لە كوردستان هەن.

دایكێك كە منداڵەكانی نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە، بەسەرهاتی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە هاوسەرەكەی تاقەتی ئەوەی نەماوە خزمەتی منداڵەكانی خۆی بكات و بە جێی هێشتوون. ئەو دایكە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كە دایكان هەمیشە زیاتر لە باوكان ئامادەن باجی ئازارەكانی منداڵی خۆیان بدەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 

سەیران حاجی دایكی دوو منداڵە و وەك خۆی باسی كرد، هەر دوو منداڵەكەی نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ماوەی 11 ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و دایكی دوو كوڕی ئۆتیزمم، گەورەكەیان تەمەنی نۆ ساڵە و بچووكەكەش حەوت ساڵانە، زۆر بەداخەوە بە هۆی پەروەردەی دوو منداڵم كە ئۆتیزمیان هەیە، زیاتر لە چوار ساڵە بە ناچاری وازم لە پیشەی مامۆستایی هێناوە، كە هەمیشە ئارەزووم ئەوە بووە، منداڵان بە زانست ئاشنا بكەم، كەچی هاوسەرەكەم لە بری ئەوەی هاوكارم بێت، منداڵەكانیشی بەسەرمدا بەجێهێشت، خوا خێری حكومەتەكەمان بنووسێ، تا ئێستا مووچەی مامۆستاییم بۆ سەرف دەكەن، ئەوە نەبووایە، خوا دەیزانێ لە چ مەینەتی و نەهامەتییەك دەژیاین».

سەیران لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان، باسی كێشە و ئاریشەكانی ڕۆژانەی ژیانی خۆی و منداڵەكانی دەكات و سەبارەت بە چۆنیەتی جیابوونەوەشی لە هاوسەرەكەی دەڵێت: «دوو ساڵە هاوسەرەكەم بێ ئاگاداری خۆم تەڵاقی داوم و من و ئەو دوو منداڵە نەخۆشەی بەجێهێشت و ژنێكی دیكەی هێنایەوە، ئەوەندەی لە ماڵەوەش وەكو هاوسەر بە یەكەوە بووین، هیچ خزمەتێكی منداڵەكانی نەدەكرد، تەنانەت بێزیشی لێ دەكردنەوە، چونكە منداڵەكانم ناتوانن بە دەستی خۆیان نان بخۆن، ناتوانن بە خۆیان بچنە سەرئاو و خۆیان پاك بكەنەوە، جگە لەوەی ناتوانن قسەش بكەن. بێگومان نەخۆشیی ئۆتیزم و دەرهاوێشتە كۆمەڵایەتییەكانی زۆرن، ئەركە قورسەكەش كەوتووەتە سەر خێزان و بەتایبەتی دایكان، واتە دایك ڕۆڵی سەنتەر و پزیشك و مامۆستای تایبەت دەبینێت».

ڕەحمان عەلی بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی، سەبارەت بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «ڕەفتاری كەسانی تووشبووی ئۆتیزم تەواو جیاوازە بەراورد بە كەسانی دیكە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بە هۆی هەموو نیشانە و هەڵسوكەوتەكانی منداڵی ئۆتیزم كە هەیەتی، وادەكات خێزان لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمەڵگە داببڕێت، ئەوەش بە جۆرێك كاریگەری لەسەر دەروونی هەمووان دادەنێت، بەتایبەتی لەسەر باری دەروونیی دایكەكە، چونكە نەخۆشیی ئۆتیزم وەك هیچ حاڵەتێكی دیكەی نەخۆشی نییە، لە بەر ئەوەی چاكبوونەوەی نییە و پێویستی بە خزمەت و چاودێریی بەردەوام هەیە»، ئەوەشی دووپات كردەوە كە «ئۆتیزم یەكێكە لەو حاڵەتانەی نەخۆشی كە كاریگەرییەكی قورس لەسەر خێزان دروست دەكات، بەتایبەت دایك و باوك، كە زۆر جار پێداویستییە ماددییەكان لە توانای خێزاندا نییە، ئەو كاریگەرییەش بە حوكمی ئەوەی دایك پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ منداڵەكانیدا هەیە، بە پلە یەك دەكەوێتە ئەستۆی خودی دایك، ئەوەش وادەكات دایك زیاتر بیر لە هەنگاوەكانی چارەسەری بكاتەوە، بەبێ ویستی خۆیشی ناچارە بۆ خزمەتكردنی منداڵە نەخۆشەكەی، گرنگیپێدان بە ئەندامانی خێزانەكەی كەم بكاتەوە، تەنانەت خودی خۆیشی پشتگوێ دەخات، چونكە زۆربەی باوكان بە هۆی ناهۆشیاری لە دابەشكردنی ئەركەكانی خێزان، خزمەتكردنی منداڵی نەخۆش بە ئەركی سەرشانی دایك دەزانن و لەو واقیع و بەرپرسیارێتییە ڕادەكەن، بۆیە هەندێك جاریش كێشەی نێوان ئەو دوو هاوسەرە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە، هەر چەند ڕێژەكە ئەوەندە زۆر نییە و نەبووەتە دیاردە، بەڵام وەكو حاڵەت چەند كەیسێكی لەم شێوەیەمان هەیە، هەندێك هاوسەریش هەن بێدەنگییان هەڵبژاردووە و درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و لە چوارچێوەی یەك ماڵدا دەژین، بێ ئەوەی لە یەكتر جیا ببنەوە، بەڵام پەیوەندییەكەیان زۆر لاوازە و ڕەنگە گەیشتبێتە ئاستێك كە پەیوەندیی سۆزداریی نێوانیان لە بەین چووبێت». گوتیشی: «بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئەنجاممان داون، دەركەوتووە، زۆربەی ئەو دایكانەی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە، بۆ ئارامبوونەوەیان چارەسەری دەروونی وەردەگرن، بەداخەوە تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە بۆ باشتركردنی ڕەوشی توێژی كەمئەندام و بەساڵاچووان سیستەمێكی تۆكمەی هەبێت و خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست دابین بكات و لە هەڵگرتنی ئەو قورساییە هاوكاری خێزانەكان بكات».

دیمەن محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتییە و یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە بە بارودۆخی تووشبووانی ئۆتیزم نیگەرانە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئۆتیزم ئەو نەخۆشییە سەردەمییەیە كە بە جۆرێك لە جۆرەكانی نەخۆشی و كێشە گەشەییەكان دادەنرێت، كە لە ئەنجامی گەشەی ناتەندروست و ناسرووشتیی مێشكەوە دروست دەبێت و كاردەكاتە سەر گشت لایەنەكانی ژیانی تووشبوو، بەتایبەتی ژیانی كۆمەڵایەتی و كارامەییەكانی پەیوەندییە زارەكی و ڕەفتارییەكانی لە ڕووی هەڵسوكەوت و بە كۆمەڵایەتی بوون و پەروەردە و فێربوونی، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە دەركی پێ دەكرێت و تا ئێستا هۆكارەكەی دیاری نەكراوە. هەندێك توێژینەوە بە نەخۆشییەكی بۆماوەیی لە قەڵەمی دەدەن و هەندێكیش دایك و خێزان تاوانبار دەكەن، بە هۆكاری بوونی ئەو نەخۆشییە، بەڵام هەموومان دەزانین كە منداڵان بە ئایندەی مرۆڤایەتی و هێزی كۆمەڵگە دادەنرێن و بنەمای گەشەسەندنی كۆمەڵگەكانن، منداڵانی ئەمڕۆ، گەنج و لاوی دواڕۆژن و بەرپرسیاریەتی پێگەیاندن و گەشەسەندنی كۆمەڵگەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام تووشبووانی ئۆتیزم هەر لە منداڵییەوە لەو ئەرك و بەرپرسیارییەتە بێبەشن بە هۆی ئەو كێشەیەی لە مێشكیان هەیە و لە ڕووی هەستەوە دوورن لەو لایەنەی ژیان لەبەر ئەوەی توانای دەربڕینی هەستەكانیان نییە و ناتوانن ببن بە كەسێكی ئاسایی و لە كۆمەڵگە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەن».

ئەو توێژەری كۆمەڵایەتییە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەركی هەرە سەرەكیی پەروەردەكردن و بەرپرسیارییەتیی ئەو توشبووانە هەر لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و پێگەیشتن لەسەر خێزانە، بەتایبەتی دایك، لەبەر ئەوەی لە هەموو كەس زیاتر پەیوەستن بە دایكیان و بەرپرسیارییەتی و ئەركی دایكیش لە چاودێریكردن و پەروەردەكردنی منداڵێكی ئۆتیزم زۆر قورسترە لە منداڵێكی ئاسایی، چونكە تووشبووی ئۆتیزم لە هەموو ڕووەكان كێشەی هەیە، وەك تەندروستی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و پێویستە دایكی منداڵێكی ئۆتیزم دانبەخۆداگرتوو و ئارام بێت لە گەڵ منداڵەكەی و هەست بە بێتاقەتی و بێزاری نەكات و، بەردەوام لە هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاری بێت لەسەر بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵەكەی بە شێوەیەكی تەندروست و هەماهەنگیی تەواوی هەبێت لەگەڵ تەواوی ئەو سەنتەر و شوێنانەی تایبەتن لە پەروەردەكردنی ئەو توشبووانە لە ڕووی دانانی خشتەیەكی خواردنی تەندروست و ڕێكخراو كە بگونجێت لەگەڵ تەندروستیی منداڵەكەی، هەروەها بەكارهێنانی چالاكی و هۆكانی فێربوون لە ڕێگای وێنە و ناساندنی دەوروبەری بە شێوەی وێنە، لە لایەكی دیكەوە گرنگی پێدانی بە فێربوونی زمانی دایك لە بری زمانی بێگانە و بوونی سیستەمی هاندان و پاداشت لە كاتی ئەنجامدانی ڕەفتاری باش و سزای تەندروست لەكاتی ئەنجامدانی ڕەفتاری خراپ، بەڵام كارنەكاتە سەر لایەنی دەروونی و نەبێتە هۆكاری دروستبوونی تووڕەیی و توندوتیژی لەبەر ئەوەی تووشبووی ئۆتیزم ناتوانێت هەستەكانی بە زمان دەرببڕێت، پێویستە دایك لە هەستەكانی بگات، لە كاتێك تووڕە دەبێت و هاوار دەكات و ڕەفتارێكی ناتەندروست ئەنجام دەدات، بۆ ڕاكێشانی سەرنجی بەرانبەرەكەی بۆ لای خۆی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی. هەر لەبەر ئەوە ئەركی دایكی تووشبوویەكی ئۆتیزم دە بەرانبەری دایكی منداڵێكی ئاساییە، تا بتوانێت نەوەیەكی تا ڕاددەیەك تەندروست پەروەردە بكات و پێی بگەیەنێت».

ئیمان محەمەد شێركاوەیی، قوتابی بەشی دەروونزانییە لە زانكۆی سۆران و سەبارەت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات كە «نەخۆشییە دەروونییەكان بریتین لە گۆڕانی دەروونی، هەست، بیركردنەوە و ڕەفتار، واتا پەیوەندی هەیە بە كێشەی دەروونی و كاری كۆمەڵایەتی، بەپێی كۆمەڵەی پزیشكی دەروونی ئەمریكا، نەخۆشیی دەرونی ئەگەری هەیە لە هەموو تەمەنێك ڕووبەڕووی تاك ببێتەوە و حاڵەتێكی كاتییە و دەتوانرێت چارەسەر بكرێت، بەڵام ئۆتیزم نەخۆشییەكی ئاڵۆزی مێشكە و بەهۆی كێشە لە كۆئەندامی دەماری ڕوودەدات، كە بریتییە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ و كاریگەری لەسەر مێشك دروست دەكات لە ڕووی چالاكیی كۆمەڵایەتی و پەیوەندیەكانی دەوروبەری. هەر لەبەر ئەمەش نەخۆشییەكانی گەشەكردن وەك ئۆتیزم جیاوازن لە نەخۆشیی دەروونی و هەمان شت نین. ئۆتیزم بە شێوەیەكی گشتی لە كاتی لەدایكبوون» یان لە تەمەنی سێ ساڵی یەكەمی منداڵدا دەردەكەوێت. نەخۆشییەكانی گەشەكردن وەك ئۆتیزم نەخۆشیی هەمیشەیین. هاوكات دەڵێت: «بێگومان ناڕێكی لە گەشەكردنی مێشك كاریگەری لەسەر تاك دروست دەكات بۆ فێربوون، یان تێگەیشتن لە بیركردنەوەی دیاریكراودا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەسانی ئۆتیزم دەتوانن دەرووندروستییەكی باشیان هەبێت و سوود لە بەهرەو زیرەكییان وەربگرین، بە مەرجێك كە لە ژینگەیەكی زانستیی دیاریكراودا پەروەردە بكرێن. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری ئەوانەی كە هەڵگری ئۆتیزمن ڕووبەڕووی نەخۆشیی دەروونی دەبنەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە پەیوەندی هەیە لە نێوان ئۆتیزم و نەخۆشیی دەروونی. ڕێكخراوی خێرخوازیی ئۆتیزم لە ساڵی 2022 ئەوەیان دەرخست كە حەوت لە هەر دە كەسی ئۆتیزم نەخۆشیی دەروونیان هەیە، وەك دڵەڕاوكێ، ADHD، خەمۆكی، OCCD و نەخۆشی كەمیی چالاكیی سەرنج، هەتاوەكو ئێستاش پزیشكانی پسپۆڕ هۆكاری سەرەكیی ئۆتیزمیان دەستنیشان نەكردووە، بەڵام بەشێكیان دەڵێن بۆماوەییە، هەندێكتریشیان دەڵێن ژینگە هۆكارە وەك بەركەوتن بە ماددە ژەهراوییەكان لە ماوەی دووگیانیدا كە ئەگەری تووشبوونی كۆرپە بە ئۆتیزم زیاد دەكات.

تاوەكو ئێستاش هیچ دەرمانێك وەكو چارەسەر بۆ نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك ڕێگا هەیە، كە یارمەتیی كەسی توشبوو دەدات، بۆ ئەوەی حاڵەتەكە لەلای ئاسایی ببێتەوە، بۆ ئەوەی دەرووندروست بێت وەكو: وەرزشكردن لە شێوەی ڕاهێنان، خواردنی باش، خەوتنی ڕێك و پێویست، قسەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە دەیانناسێت و متمانەیان پێ هەیە.

لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەردەخەن، كە ئۆتیزم زیاتر لە نێو كوڕاندا بەربڵاوە وەك لەنێو كچاندا، هەروەها بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 70 ملیۆن كەس هەڵگری نەخۆشیی ئۆتیزمن، لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 3490 منداڵی ئۆتیزم هەن.

ماوەتەوە بیڵێم: ئۆتیزم نەخۆشیی دەروونی نییە، بەڵكو بارودۆخێكی گەشەكردنی مێشكە كە كاریگەری دروست دەكات لەسەر چۆنیەتی جیهانبینی و چۆنیەتی كارلێكردن لەگەڵ كەسانی دی».

 

ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبن
ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبن
ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبن
Top