ساڵێكی نوێ و هەزاران ئومێد

ساڵێكی نوێ و هەزاران ئومێد

فەرهەنگ غەفوور

وا ساڵێكی نوێی زایینی (٢٠٢٤) بەسەر ئێمە و جیهاندا هاتەوە، ئومێد دەكەین مژدەی خۆشی و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤایەتی و، بەتایبەت ڕزگاری و سەربەخۆیی بۆ كورد و ئاشتی و ئارامی بۆ نیشتمانەكەمان هێنابێت.

هونەرمەندان وەك توێژێكی دیار و زیندوو لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا، ساڵی ڕابردوو زۆر خەون و ئومێدی گەورەیان هەبوو، بەڵام دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە بەگشتی، هیچ یارمەتیدەر نەبوو بۆ ئەوەی ئەو خەون و خولیایانەی هەیانە بكەن بە بەرهەم و داهێنانی تێدا بكەن و پێشكەشی گەلەكەیان و مرۆڤایەتیشی بكەن. ئەو دۆخە ناڕەوایەی عێراق و ناوچەكە بەسەر كوردستانیاندا سەپاندووە، بەربەستی گەورەیان لە بەردەم كار و بەرهەم و داهێنان و تەنانەت ژیانی ئاسایی خەڵكیشدا درووست كردووە، بۆیە ئەوەی هونەرمەندان دەیانویست و خەونیان پێوە دەبینی كە بتوانن پێشكەشی بكەن، بە چەندین هۆكارەوە مەیسەر نەبوو، زەمینەی كاركردنیش وەك پێویست نەبوو، ئاخر لە لایەك هۆڵەكان كەمن و ئەوەی هەیشە كۆن و پڕ كەموكووڕییە، لەلایەكی دیكە بودجە بۆ كاری بەرز و باش، یان هەر نەبوو، یانیش زۆر كەم و سنووردار بوو. ئەو بێ مووچەییە و نەناردنی لەلایەن حكوومەتی عێراقیشەوە دۆخەكەی بۆ خەڵك و حكوومەتەكەشمان سەخت و دژوارتر كرد، بۆیە ئەوەی هونەرمەندان دەیانویست و ئەوەی خەڵكیش چاوەڕوانیی لە هونەرمەندان هەبوو نەكرا و نەلوا و جێبەجێ نەبوو، لەگەڵ هەندێش، بەو هەموو دەستكورتی و دۆخە نەخوازراوەشەوە، هونەرمەندان و بەتایبەتیش لە هەولێر، لە بوارە جیاجیاكانی هونەرە جوانەكاندا درێغییان نەكرد و خۆبەخشانە یان بە كەمێك دەستگرتن، لە چالاكیی خۆیان هەر بەردەوام بوون. جێی داخیشە كەوا ژمارەیەك لە هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیر لە ساڵی ڕابردووی ٢٠٢٣ ماڵئاواییان كرد و زۆر لە هیوا و ئاواتەكانیان بردە ژێر خاك.

ئێستا كە ساڵێكی نوێیە و بە حیساب دەبێ لاپەڕەیەكی نوێ و تازە لە تەمەن و ژیانمان بكەینەوە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ گۆڕانی ساڵەكاندا گۆڕانكاری لە كار و بەرهەمەكانماندا ڕوو نەدات، تەنیا گۆڕینی ژمارەیە و بەس. ئەوكاتە ساڵ ساڵی نوێ و تازە و پیرۆزە كە هەم خۆمان بە جۆش و خرۆش و بە بەرهەمی باش بێینەوە مەیدان و، هەمیش زەمینە و پێداویستییەكانی پێشكەشكردنی بەرهەم و چالاكییەكان لە جاران باشتر بەردەست بن. ڕاستە لە ساڵی تازەدا ئومێد بۆ ئەوە دەخوازین كە كاری باشتر بكرێت و بەرهەمی زیاتر پێشكەش بە خەڵك بكەین، هەروەها هونەرەكانمان بە جیهانی دەرەوەش بناسێنین و ڕەنگدانەوەی ئەو ژیانە بە تاڵ و شیرینیەوە، بە وێنەیەك لە ئارامی و پێكەوەژیان پیشان بدەین، بۆ ئەوەی جیهان باشتر لە جاران بە چاوی خۆی ئەم گەل و وڵاتە جوان و ئاوەدان و ئارامەی ئێمە ببینێت، كە هەوێنی پێكەوەژیانی ڕاستەقینەیە لە ناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گڕگرتوودا. بۆ ئەوەی جیهان بەوەش بزانێ كە ئێمەش وەك ئەوان شایستەی ژیانێكی ئازاد و سەربەخۆ و شایستەین، وەك چۆن ئێمە وەك قەڵای بەرگری لە هەموو جیهان بەگژ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا چووینەوە و قوربانیمان لە پێناو نیشتمانەكەمان و تێكڕای مرۆڤایەتیدا دا، ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدابن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەكان و دوژمنانی ئاشتی و ئازادی.

دیسان دێمەوە سەر بواری هونەر، ئێمە بە هەموو تواناوە خۆمان بۆ كار و چالاكی و بەرهەمی باش بۆ ساڵی نوێ ئامادە دەكەین، ئەوەی لە دەستمان بێت، درێغی لێ ناكەین، ئومێدیش دەكەین ئەو دەرفەتە باشەمان هەبێت، بۆ ئەوەی بێ كەموكووڕی و بە گوڕوتینەوە كار بكەین و بەرهەمی جۆراوجۆر پێشكەش بكەین.

دووبارە ساڵی نوێ، ساڵی ٢٠٢٤ لە هەموو لایەك پیرۆز و، بە خێر و خۆشی بێتەوە.

Top