لە بۆكان ڕێوڕەسمی ڕێزگرتنی مامۆستا عوسمان محەمەدی ژەنیاری لێهاتووی نایە بەڕێوەدەچێت

لە بۆكان ڕێوڕەسمی ڕێزگرتنی مامۆستا عوسمان محەمەدی ژەنیاری لێهاتووی نایە بەڕێوەدەچێت

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی مامۆستا (عوسمان محەمەدی) بە نازناوی (عوسمانە سوور) دەنگی ناسراو و بلیمەتی مۆسیقای كوردستان و ژەنیاری دیار و لێهاتووی نەرمەنەی (نایە)، بۆ ڕێزلێنان لە شەش دەیە ژەنیاری و پێشكەشكردنی مۆسیقای داهێنەرانە و هەرمان و ڕێزگرتن لە ٦٥ ساڵ خزمەتی ئەویندارانەی ئەم هونەرمەندە بەتوانایە بە هونەری مۆسیقای فۆلكلۆریكی كوردی، بە پاڵپشتی ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەری ناحوكمی (ئاوای زیرەك) بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ناوداری كلتوور و هونەر و پێشكەشكردنی مۆسیقای ناوچەكان و سەمای هەڵپەركێ، لە كاتژمێر حەوتی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە، ڕێكەوتی ١١ی كانو‌نی دووهەمی ٢٠٢٤ لە هۆڵی ئیدارەی ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری بۆكان بەڕێوە چوو.

مه‌نسوور جیهانی

لەم كۆڕی ڕێزلێنانەدا بە بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی (مەنووچێهر جیهانی) ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەری مۆسیقای ناوچەكان، بە ڕوانگەی (گێڕانەوەیەك لە ژیانی مامۆستایانە) لە تەمەنێك چالاكییە هونەرییەكانی مامۆستا (عوسمان محەمەدی كە خاوەنی خەڵاتەكانی باشترین ژەنیار و مۆسیقاژەن و هەڵبژاردەی یەكەمی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان مۆسیقا و ڕێوڕەسمە فۆلكلۆرییە نەریتییەكانە لە وڵاتانی ڕووسیا، كرواتیا، جۆرجیا، لە سەروبەندی ٨٤ ساڵەی تەمەنی پڕ خێر و بەرەكەتی ئەم مامۆستا ناوازە و ژەنیارە خۆشەویستە، لە لایەن ئەنجومەنی ڕۆشنبیری و هونەریی ڕێكخراوی ناحوكمیی (ئاوای زیرەك) بە سەرپەرشتیی دكتۆر (ئیبراهیم عوسمانی) و بە بەشداریی ئەكادیمیای مۆسیقای (زیرەك) بە سەرپەرشتیی (محەمەد مەعرووفی) و هەروەها بە هاوكاریی تایبەتی دكتۆر (خەشایار سەنعەتی) قایمقامی بۆكان و پشتگیرییەكانی خەڵكی هونەردۆستی ناوچەكە و یارمەتیدانی كۆمەڵێك لە چالاكانی ئابووریی بەشی كەرتی تایبەت و كارداهێنەران لە پێناو بڕەوپێدانی بەرپرسایەتی كۆمەڵایەتی و، هەروەها بە هاوڕێیەتی دامودەزگاكانی دیكەی شاری بۆكان لە ڕێبازی بەرزكردنەوەی كلتوور و هونەر و بەرەوپێشبردن و فراوانكردن و پەرەپێدانی هونەری بەرز و بەپێزی مۆسیقای ناوچەكانی كوردستان ڕێزیان لێ گیرا و پلە و پایەی هونەری ئەو مامۆستایە بەرز دەنرخێندرێت.

پەخش و بڵاوكردنەوەی بەڵگە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیانی هونەری و لێكدانەوە و پێداچوونەوە بە بەرهەمە مۆسیقاییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندانی مۆسیقا سەبارەت بە پێگەی ئەو مامۆستایە، پێداچوونەوە و تێڕوانینێكی گشتی لەسەر ژەنیاریی مامۆستا عوسمانە سوور لە فێستیڤاڵە هونەرییەكان و بەدەستهێنانی خەڵاتەكانی مۆسیقا لە بوارەكانی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، ئاخاوتنی مامۆستایانی دیار و ناسراوی مۆسیقای ڕەسەن دەربارەی ئەم هونەرمەندە، پێشكەشكردنی بەرنامەی پێكەوە ژەنینی ئامێرەكانی نای و زەربی كوردی، پێشكەشكردنی مۆسیقای ڕەسەن و دەنگبێژی و گۆرانیچڕینی هونەرمەندانی پێشەنگی فۆلكلۆری ناوچەی موكریان، پێشكەشكردنی بەرنامەی هەڵپەركێی ڕەسەنی گرووپی (نیشتمان) بانە، ‌پەخش و بڵاوكردنەوەی مۆسیقای ئۆركێسترای فیلارمۆنیكی مۆكریان و پێشكەشكردنی بەیتی (سەیدەوان) و پارچە مۆسیقای كۆنسێرتی تاكژەنی نەرمەنەی (نای) و ئۆركێسترا لە دەستگای شوور، بە ژەنیاریی مامۆستا عوسمانە سوور و ئاوازدانان و ڕێبەرایەتی ئۆركێسترا لە لایەن (كاوە فەقێ زادە)، هاوكات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیكەری سەردیسی مامۆستا عوسمانە سوور بەرهەمی (ڕێبین حەیدەری) و ڕێزلێنان لە مامۆستا عوسمانە سوور بە بەخشینی پەیكەر، نیشانەیەكی هونەری، كتێب، بۆردی ڕێزلێنان و تابلۆی سوپاسگوزاری و دیاریی هونەریی نایاب لە بەرنامەی ئەم كۆڕبەندی ڕێزلێنان و یادكردنەوەدایە، كە بۆ ماوەی سێ كاتژمێر لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری بوكان بەڕێوە چوو

مامۆستا عوسمان محەمەدی بە یەكێك لە هەرە دیارترین و تایبەتترین ژەنیارەكانی ئامێری نەرمەنای (نای) لەسەر ئاستی كوردستان دادەنرێت. شێوازی ناوازەی ژەنیاری و خولقاندنی بەرهەمگەلی بێوێنە و ناوازە و هەرمان، ئەم هونەرمەندەی بە مانا ڕاستەقینەكەی لە لووتكەی هونەری مۆسیقای كوردستاندا داناوە، چ لە ڕووی توانا و تەكنیكی پێشكەشكردن و چ لە ڕووی ناوبانگەوە.

مامۆستا عوسمانە سوور لە ساڵی ١٩٤٠ی زایینی لە گوندی قەرەكەند سەر بە شاری بوكان لەدایك بووە، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا لەژێر كاریگەریی شمشاڵی مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قالە مەڕە)، ڕاوێژكاری دەستەی دادوەرانی فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەكانی كرمان، دەستی كرد بە فێربوونی شەمشاڵ و، زۆری نەخایاند ژەنیاریی ئەم ئامێرەی بەو شمشاڵەی كە مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قالە مەڕە) بۆی كڕێبوو، فێری ژەنینی ئەم ئامێرە بوو، پاشان ڕووی كردە ژەنیاریی ئامێری دووزەلە و دوای ئەوەی لێهاتوویی و شارەزایی لە ژەنینی دووزەلەدا بەدەست هێنا، بە شێوەی جدی و پیشەیی خەریكی فێربوونی نەرمەنەی (نای) بوو.

پاشان رووی لە هەرێمی كوردستان كرد و ژەنیاریی مەقامەكانی خۆجێی ناوچەكە لە لایەن (حەسەن نەی) لە شاری سلێمانی فێر بوو. لە ساڵی١٩٦٦ی زایینی چالاكیی هونەریی خۆی بە هاوكاریی هونەرمەندانی ناوداری ناوچەی موكریان لە باشووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەست پێكرد و، لەگەڵ گۆرانیبێژانی ناسراوی وەك مامۆستایان حەسەن زیرەك، عەلی خەندان، عەبدوڵڵا هووشمەند (عەبە دەڕژێ)، سەید عەلی ڕەحیم پوور (سەردەشتی)، سەید ئیبراهیم سەقزی و ...هتد، دەستی بە كار و چالاكیی هونەری كردووە.

مامۆستا عوسمانە سوور بەرهەمی زۆری هەیە، لەوانە، نمایشی تایبەت لەگەڵ گۆرانیبێژی جیاواز و لە ساڵی 2001 دوو ئەلبوومی مۆسیقای بە ناوی (گۆلی و هەژان) بە دەنگی (خەبات مولوودی) بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ڕۆشنبیری تۆمار و بڵاوكراوەتەوە‌، خەریكی ژەنیاری و سۆڵۆی تاكژەنی نەرمەنای بووە. ئەو مامۆستایە لە چەندین خولی مۆسیقای ناوچەكانی ئێران لە شارەكانی كرمان، تاران، سنە، مەهاباد، بۆكان، سەردەشت، سەقز بەشداریی كردووە.

پرۆفیسۆر عوسمان محەمەدی خاوەنی زیاتر لە 60 ساڵ ئەزموونی ژەنینی لە ئۆركێسترای ناوچەیی و گرووپەكانی مۆسیقای ڕەسەن و هاوكاری لەگەڵ هونەرمەندان و مامۆستایانی مۆسیقای دیاری كوردستانە.

ئەو مامۆستایە ئێستا دانیشتووی شاری بۆكانە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە ڕێگەی پێشكەشكردنی بەرنامەی هونەرییەوە، بژیوی ژیانی خۆی دابین دەكات و لە نێو خەڵكی هونەردۆستیی ناوچەكانی كوردستاندا ڕێز و حورمەت و پلە و پایەیەیەكی هونەریی هەیە.

Top