ئەیاز زاخۆیی تەمەنێكی كورت خزمەتێكی زۆر

ئەیاز زاخۆیی تەمەنێكی كورت خزمەتێكی زۆر

38 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی جوانەمەرگ (ئەیاز یوسف زاخۆیی)دا تێپەڕ دەبێت، ئەگەرچی تەمەن مۆڵەتی نەدا زیاتر خزمەت بە هونەری كوردی بكات، بەڵام ئەو بەرهەمانەی لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا پێشكەشی كردن، تا ئێستا بە زیندوویی لە زهن و خەیاڵی میللەتەكەیدا ماونەتەوە.

ئەیاز یوسف یان ئەیاز زاخویی، یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی كە هەر لە سەرەتای دەركەوتنیانەوە توانییان داهێنان بكەن و ببنە ڕێنیشاندەری هونەرمەندە لاوەكان، بۆ ئەوەی لەسەر ڕێچكەیان بڕۆن و خزمەت بە هونەری ڕەسەنی كوردی بكەن، هونەرێك پێشكەش بكەن كە مرۆڤ هەست بە كوردبوونی بكات و چێژی ڕەسەنایەتی بدات، سەرەڕای كورتیی تەمەنیی توانیی خزمەتێكی بەرچاو بە هونەری كوردی بكات، بەڵام تەمەن ڕێگەی نەدا بەردەوام بێت.

ئەیاز زاخۆیی تەمەنێكی كورت خزمەتێكی زۆر

ئەیاز یوسف ئەحمەد ناسراو بە (ئەیاز زاخۆیی)، سوودی لە هونەری میللی دیوەخانەكان بینیوە بۆ چوونە ناو جیهانی هونەر، لە ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ و جەژن و بۆنە تایبەتەكاندا دەست دەكات بەچڕینی گۆرانی .

 بۆ یەكەم جار بە هاوكاریی چەند هاوڕێیەكی سەردانی ئێزگەی كوردیی كرد لە بەغدا و، ئەم گۆرانیانەی تۆماری كردوون (من دیت جارا عەولی، لاندك، بەس خۆ گرانكه، ئەڤین دایێ، دێ بهەژینە، كەڤۆك، چوخك، نەڤرۆز، شەهید، چیبكەم ئەز، هیڤی و گۆڤەندە).

ئەیاز زاخۆیی لە ساڵی 1961 لە شاری زاخۆ هاتووەتە دونیا، هەر لەمنداڵییەوە خولیای گۆرانی بووە و زۆربەی كاتی لە دیوەخانەكاندا بەسەر بردووە، كە گۆرانیبێژەكانی تێدا دادەنیشتن و گۆرانییان دەگوتەوە.

ئەیاز دوای تەواوكردنی خوێندنی قۆناغی ناوەندنی ڕوو لە ئامادەیی كشتوكاڵ دەكات و لە ئاهەنگ و فیستڤاڵ و جەژن و بۆنە تایبەتییەكاندا دەست دەكات بە چڕینی گۆرانی، هەمیشە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئاهەنگەكانی بەڕێوە بردووە.

ئەیاز خاوەن گەنجینەیەكی مەزنی فۆلكلۆری و ڕەسەنی كوردی بوو، چەندین ستران و چیرۆك و پەندی پێشینان و داستانی لەبەر بوو، هەوڵی دەوڵەمەندكردنی زیاتری گەنجینەی دەدا و بەدوای كەلەپووردا دەگەڕا، تا زیاتر ڕەسەنایەتییان لێ هەڵبهێنجێنت و هونەرەكەی خۆی پێ دەوڵەمەند بكات.

ئەیاز زاخۆیی تەمەنێكی كورت خزمەتێكی زۆر

هەروەها لەگەڵ چەندین شاعیردا كاری هاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ سازكردنی گۆرانییەكان، لەوانەش (عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەمەد، سەگڤان عەبدولحەكیم، بەدرخان سندی، عەبدوڵا حوسێن و.. هتد، جگە لەم گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دهۆك تۆماری كردوون، سێ كاسێتی دیكەشی لە تۆمارگەی (تۆمار) تۆمار كردووە، هەروەها چەند گۆرانییەكی بە دووقۆڵی لەگەڵ هونەرمەند (ئەردەوان زاخۆلی) گوتووە، لە ساڵی 1982 لە زاخۆ كاسێتێكی تۆماركردووە كە چەند گۆرانییەك بوو، لەوانە (ئەگەر دنیا هەمی گۆلبن، های بەردەبەردەك، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ، بەستەی پازنیل).

ئەیاز زاخۆیی ژمارەیەك گۆرانی بڵاونەكراوەی هەیە، بەڵام خانەوادەكەی ڕێگە نادەن بڵاو بكرێنەوە، مامۆستا (عەبدولعەزیز سلێمان) هۆزانڤان و ئاوازدانەری ئەیاز زاخۆیی دەڵێ: «لەو كاتەی ماڵم دوور خرایەوە بۆ شاری ڕومادی، ئەیاز بەردەوام هاتوچۆی دەكردم و زۆربەی بەرهەمەكانی ئەیاز لە شیعر و ئاوازی منە، كە لە ساڵی 1980 یەكەم گۆرانیم داوەتێ، بەناوی (شەهید چاڤا ڤەكە) هەروەها دەڵێت: «یەكەم گۆرانیی ئەیاز لە ئێزگەی بەغدا تۆمار كرا كە نزیكەی 40 گۆرانیم بۆ ئەیاز ئامادە كرد، كە هەندێكیان بە بێ موزیك تۆمار كران، هەندێكیان هێشتا تۆمار نەكراون و لای من پارێزراون، زۆر هونەرمەند داوایان كردووە، بەڵام نایدەم بە كەس». ئەو ئاوازدانەری هونەرمەندی كۆچكردوو ئاماژە بەوەش دەكات، لەو ماوەیەدا هەوڵیداوە لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە گۆرانییەكان بە موزیكێكی تازە بڵاو بكاتەوە، چونكە لەلایەن گەنجانەوە داوایەكی زۆری لەسەرە و بەردەوام گەنجان گوێ لە گۆرانییەكانی دەرگرن، بۆیە ویستم ئەو گۆرانیانەش بڵاوبكەمەوە، كە لای من پارێزراون، بەڵام خانەوادەكەی ڕێگەیان نەدا، بۆیە منیش بڵاوم نەكردنەوە..

ئەیاز زاخۆیی لە ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 20/1/1986 لە نەخۆشخانەی سەربازیی شاری موسڵ كۆچی دوایی كرد، لەسەر وەسیەتی خۆی لە شارۆچكەی زاخۆ نێژرا، بەر لە ناشتنی و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەكەی بە نێو شاری زاخۆدا گێڕدرا لەگەڵ گۆرانیی (وڵاتێ من باخچێ گوڵان).

Top