دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئاسمانی عێراق و ئوردن و لوبنان کرایەوە

دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئاسمانی عێراق و ئوردن و لوبنان کرایەوە

 

عێراق، ئوردن و لوبنان ئاسمانی خۆیان کردەوە، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل شەوی ڕابردوو داخرابوو.

ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هەموو مەترسییە سەلامەتی و ئەمنییەکانی فڕۆکەوانی کۆتاییان هات، ئاسمانی خۆمان بەڕووی هەموو فڕۆکەکانی هاتوو و دەرچوودا کردەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی لوبنان هەروەها ڕایگەیاند، کە ئاسمانی وڵاتەکەی کردۆتەوە.

کاربەدەستانی تەلئەبیب ڕایانگەیاند، کە ئاسمانی ئەو وڵاتە کە بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانەوە داخرابوو، کرایەوە.

گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆنی ئیسرائیل دەستیپێکردەوە.

ماڵپەڕی Flight Radar 24 کە چاودێری هاتوچۆی فڕۆکەوانی مەدەنی دەکات لە سەرانسەری جیهان، بڵاویکردەوە کە زۆرێک لە فڕۆکەکان لە کاتژمێر 05:15 GMT ئاسمانی ئیسرائیلیان بەزاندووە.

دوابەدوای بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاسمانی بەسەر باکوری سینا و ئاسمانی تورکیا وەک ڕێگایەکی بەدیل.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top