بەرگری شەرعی لە هێرشەكانی ئێران و مەرجەکانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا

بەرگری شەرعی لە هێرشەكانی ئێران و مەرجەکانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا


لە مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: "لە ئەگەری هێرشی چەکداری بۆ سەر ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی ئاساییش ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی دەگرێتەبەر، هیچ یەکێک لە بڕگەکانی ئەم میساقە کاریگەریی لەسەر ئەو ئەندامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نابێت لە ئەنجامی مافی بەرگری کردن لە خۆی بە کردەوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵی ئەندامان نابێتە هۆی زیان. ئەندامان دەبێت دەستبەجێ ڕاپۆرت بە ئەنجوومەنی ئاساییش بدەن سەبارەت بە ئەو کارانەی کە لە بەکارهێنانی ئەم مافە بەرگریکردنە لە خۆیان دەیکەن. ئەم ڕێوشوێنانە بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر دەسەڵات و بەرپرسیارییەتی ئەنجوومەنی ئاساییش بە پێی ئەم میساقیە نابێت، کە بەپێی ئەو ڕێوشوێنانە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی دەگرنەبەر، هەرکاتێک بە پێویستی بزانێت.
بۆیە بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگریی شەرعی تاکەکەسی و دەستەجەمعی بە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی تەنیا لە ئەگەری هێرشی سەربازیدا ڕێگەپێدراوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مادەی ٥١ بەبێ هیچ گومانێک، مافێکی بەرگریی شەرعییە کە پێش میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یاسای نەریتی نێودەوڵەتیدا هەبووە، بە دۆخی هێرشی سەربازی سنووردار کردووە. بە تایبەتیی کردەوەیەکی دەست درێژی کە لە ڕێگەی هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی بەشی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی ڕێسا زۆرەملێیەکانی میساقەکە بە نایاسایی ناسێنراوە.
مەرجەکانی بەرگری شەرعی لە یاسای نێودەوڵەتیدا
مەرجە گشتییەکانی بەرگری شەرعی لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەم شێوەیەن:
1-وەک لە مادەی 51 دا هاتووە، ڕوودانی هێرشی سەربازی مەرجی سەرەکییە بۆ بەرگری شەرعی و هەر هێرشێکی خۆپارێزی لەو بارەوە هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و بە بەرگری نازانرێت. بەرگری شەرعی دەبێت پاش هێرشی سەربازی بکرێت و هێرشی ئایدیۆلۆژی، کولتووری یان ئابووری بە شەڕانگێزی هەژمار ناکرێت.
2-بەرگری شەرعی پێویست بێت، واتە بەرگری شەرعی لەکاتێکدا بکرێت کە ڕێگەی دیپلۆماسی و مەدەنی بۆ چارەسەرکردنی دەستدرێژیەکە نەبێت. بێگومان ئەم حاڵەتە بابەتیی نییە و بەزۆری چاودێری ناکرێت.
3-هاوسەنگی لەنێوان هێرش و بەرگریدا هەبێت. لە بنەڕەتدا ئەوە پەیوەستە بە ئەنجوومەنی ئاساییشەوە کە ئایا دەستدرێژی کراوە یان نا و لە حاڵەتی دەستدرێژیکردندا پێویستە بەرگری شەرعی هەبیت بەو پێیە ئەنجام بدرێت. بۆیە ئەگەر دەستدرێژییەکە تەنیا لە ئاستی ململانێیەکی سنووری بچووکدا بێت، بەرگری لە بەرانبەری بە جۆرێک نەبێت کە لە وڵاتی دەستدرێژکاردا وێرانکارییەکی گەورەی لێبکەوێتەوە.
4-بۆ ئەوەی بەرگری شەرعی بێت، پێویستە دەستبەجێ و خێرا بێت، دوای دەستدرێژی. بۆیە ئەگەر دەستدرێژییەکە ئەنجامدرابێت و کۆتایی پێهاتبێت و بەرگرییەکە ماوەیەک دوای ئەوە ڕووبدات، ئەوا ئەو بەرگرییەی پێشتر باس کرا بە شەرعی نازانرێت، بەڵکوو بە کارێکی تۆڵەسەندنەوە دادەنرێت، مەگەر دەستدرێژی و داگیرکارییەکە بەردەوام بێت. لە هەر حاڵەتێکدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەر کارێکی تۆڵەسەندنەوە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە قەدەغەیە و ڕەتدەکرێتەوە.
5-ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش مەرجی پێنجەمی بەرگری شەرعییە.
لە بابەتی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان باس لە مافی بەرگری کردن لە خۆی کرد هەر وەکوو ئەوەی ئێستا لە بابەتی شەری ئیسرائیل دەکات لە ڕاستیدا ئەو بابەتە تەواو جێوازە لە بەر ئەوەی بەرگری شەرعی لە کاتەک بەدی دێت کە هێرشەکی سەربازی لەلایەنی یەکەم درووست بوو بیت لە کاتەک دا بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە هێرشەک لەلایەن هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە تەنانەت هیچ جۆرە تێک پرژانەک لە بواری سەربازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئێرانیدا نەبووە.و ئەوەی ئێران لە بەرانبەر ئیسرائیل دەیکات ئەوە نەبوو کە لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان کردی. و بە پێی مەرجەکانی بەرگری شەرعی، خۆپارێزی بە بەرگری هەژمار ناکرێت بەڵکوو بە دەست درێژی هەژمار دەکرێت.

Top