100 ساڵە ئەنفال و جینۆساید   بە ڕێگە و شێوازی جیاواز لە دژی گەلی كوردستان بەردەوامیی هەیە

100 ساڵە  ئەنفال و جینۆساید     بە ڕێگە و شێوازی جیاواز لە دژی گەلی كوردستان بەردەوامیی هەیە

 

 

كوردستان لەو كاتەوەی بە عێراقەوە لكێندراوە، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تاكو ئێستا گەلەكەی بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر كۆمەڵكوژ دەكرێت. پرۆسەكانی جینۆسایدی كوردانی فەیلی و ئەنفالی بارزانییەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و جافایەتی و قەرەداغ و ڕواندوز. كە لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە لەلایەن ڕژێمی بەعس دەستی پێ كرا و لە ساڵی 1988 ئەم تاوانە قێزەوەنەی گەیاندە لووتكە و دەیان ناوچەی دیكەی كوردستانی وێران كرد، 90%ی گوندەكانی كوردستان و چەندین ناحیە و قەزای لەسەر نەخشە سڕییەوە و خەڵكەكەی ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێكان كردن، تەنانەت بۆ ئەوەی سوود لە ڕەز و باخەكانیشیان وەرنەگرن، سیاسەتی سووتماككردنی خاكیان پەیڕەو كرد و كێڵگەكانیان مینڕێژ كرد.

بە ڕووخانی ڕژیمی بەعس و سەدام، ئەم پرۆسەیە كۆتایی نەهات، بەڵكو بە شێوازی جۆراوجۆر و لە ژێر ناوی دیكەدا بەردەوامیی هەبووە. بینیمان لە ساڵی 2014 كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال، چۆن برا ئێزدییەكانیان بە گەنج و پیرەوە جینۆساید كرد و چۆن ژنان و كچانی ئێزدییان كردە كەنیزەك بۆ خۆیان، ئەم كردەوەیە بە نەفەسێكی پیسی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی بۆ قڕكردن و سڕینەوەی نەتەوەی كورد ئەنجام دراوە و، دوورە لە هەموو عورف و ئەخلاقێكی مرۆڤایەتییەوە. ئەنفال و سەرجەم پرۆسەكانی جینۆساید كە دژی كورد و كوشتنی منداڵ و خەڵكی سڤیل و بێسەروشوێنكردنی زیندانییان و لەسێدارەدانیان هەر لە چوارچێوەیەكی تاوانی نێوخۆییدا ئەنجام نەدراوە، بەڵكو بە هەموو پێوەر و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان جینۆسایدەكان مۆركێكی تاوانی نێودەوڵەتیی هەیە، ئەم جۆرە تاوانانەش بە تێپەڕبوونی كات تاوانباران و تاوانەكەش كۆن نابێت و لە ڕووی یاساییەوە ناسڕێتەوە.

ئەو عەقڵییەتە شۆڤێنییەی گەلی كوردستان ڕەت دەكاتەوە، بەردەوام بە شێواز و ڕێگە و پاساوی جۆراوجۆر بەردەوامیی بە ڕەوایەتی بەو جینۆسایدە داوە و، لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی پێشووی بەعس ڕووخا و بە حیساب هەنگاومان بۆ عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و فرەیی و پەرلەمانی هەڵگرت، بەڵام ئەقڵییەتی سڕینەوەی كورد و گوشارەكان بە شێوازی جیاوازی ئابووری و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان هەر بەردەوامە و، هەوڵەكانیان بە بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و ڕێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان، هەوڵێكی دیكە بۆ بەردەوامیدان بە جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان و نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووە.

 ئەمڕۆ كە یادی هەموو پرۆسەكانی ئەنفال و جینۆساید دژی گەلەكەمان دەكەینەوە، ئەگەر پەند و وانە لەو مێژووە تاڵە وەرنەگرین، ئەوا ئەنفال و جینۆساید بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر و لە دژی كوردستان هەر بەردەوامییان دەبێت.

Top