د.هاوژین عومەر  مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی سەڵاحەدین: خەریكە لێكتێگەیشتنی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت و گرێ كوێرەی كێشەكان دەكرێنەوە

د.هاوژین عومەر   مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی سەڵاحەدین:  خەریكە لێكتێگەیشتنی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت و گرێ كوێرەی كێشەكان دەكرێنەوە

 

د.هاوژین عومەر، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنە لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و تایبەتمەندە لە بواری میدیای سیاسی، سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ ئەو ڕەوشە نالەبارەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ئەم ڕاپۆرتە خستە ڕوو:

دوای هێرشی چەكدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 و پاشانیش كاردانەوەی توندی ئیسرائیل و دروستبوونی شەڕی غەززە، بە ڕاستی هاوكێشەی ناوچەكە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر و ژوور بوو، بە جۆرێك قۆناغێكی تازەی هێنایە پێشەوە كە پێشتر ناوچەكە بە خۆیەوە نەیبینیوە، هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و ئەوجا ئەو هێرشە چۆن كرا و چۆن ئاگادار كرانەوە، ئەوەیان مەسەلەیەكی دیكەیە، ئەمیش هەر وەرچەرخانێكی دیكە بوو لە هاوكێشەی ئەو ململانێیەی كە ئێستا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئیسرائیل و ئێران ئامادەباشی ئەوەیان هەیە لەسەر خاكی یەكدی ڕووبەرووی یەكتری ببنەوە؟ ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە مەزندەی ئەوە دەكرێت چوارچێوەی شەڕەكە زۆر فراوان بێت و دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكەش بگرێتەوە و هیچ دوور نییە پریشكی ئەم شەڕە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەتایبەتی كە ئێران هێزێكی پرۆكسی گەورەی لە عێراق هەیە، بۆیە هیچ دوور نییە لەلایەن ئەو هێزە پرۆكسیانەوە هێرش بكرێتە سەر هەرێمی كوردستانیش.

ئەوەی لەم پرسەدا گرنگە بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نەفەسێكی لۆژیكانە سیاسەت دەكات و هەموو ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە هیچ كێشەیەكەوە نەگلێت، كە مەترسی لەسەر چارەنووسی ئەم هەرێمە دروست بكات. هەر بۆیە ئەگەر ئەم لۆژیك و دووربینییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووایە كە زۆر بە لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ هێرشەكانی ئێران و هەورەها مامەڵەی لەگەڵ حكومەتی عێراقی كردووە، ئەوا ئێستا بارودۆخێك دروست ببوو كە هیچ دەرفەتێك بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوازی دیپلۆماتی نەدەما، هەروەها لەگەڵ حكومەتی عێراقیش نەدەگەیشتە ئەو ئاكامەی كە ئێستا خەریكە لێكتێگەیشتنی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت و گرێ كوێرەی كێشەكان دەكرێنەوە.

بۆیە زۆر گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم سیاسەتە لۆژیكانەی بەردەوام بێت و، بە شێوازی گفتوگۆ كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات و، هەروەها هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كەناڵی فەرمی دیپلۆماتسیەتی عێراق كە وەزارەتی دەرەوەیە سكاڵا لەسەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانە تۆمار بكات، كە لەلایەن ئێرانەوە دەكرێنە سەڕی.

Top