پــڕۆفــیــســـۆر لــیـــنۆری مـــارتـــیـــن بـــۆ گـــــوڵان:   هـــۆكـــاری درێــــژەكێشانی شەڕی غەززە ئەوەیە بڕیاربەدەستانی ئیسرائیل و حەماس توندڕەون

پــڕۆفــیــســـۆر لــیـــنۆری مـــارتـــیـــن بـــۆ گـــــوڵان:    هـــۆكـــاری درێــــژەكێشانی شەڕی غەززە ئەوەیە بڕیاربەدەستانی ئیسرائیل و حەماس توندڕەون

 

 

پڕۆفیسۆر لینۆری مارتین، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسیدا كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە، ئێستا پڕۆفیسۆری هەمان بوارە لە كۆلێژی ئیمانۆێڵ لە بۆستن، یەكێكە لە سەرپەرشتیارانی سیمیناری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەلایەن سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد و سەنتەری وێزەهێد بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكانەوە سپۆنسەری دەكرێت. پڕۆفیسۆر مارتین چەندین كتێب و توێژینەوەی نووسیوە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا و ئاسایشی نەتەوەیی ناوچەی كەنداو و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ تاوتوێكردنی هەلومەرجی ئێستای شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە و درێژەكێشان و بەردەوامبوونی و ئەگەری هەڵكشان و بەرفراوانبوونی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* لە پەیوەندی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، باس لەوە دەكرێت كە ناكرێت نكۆڵی لەوە بكرێت، ئۆباڵی تەقینەوەی بارودۆخەكە و درێژەكێشانی ئەم شەڕەش لە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتداییە، بەتایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئێستاش هەوڵێكی جددی نابێنرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەكە و كۆتاییهێنان بەم دۆخە ناهەموارە. ڕاتان لەو بارەیەوە چییە؟

- ئەم شەڕەی لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 دەستی پێكرد، هەموو شتێكی گۆڕی، پێش ئەم شەڕە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چەشنێك مامەڵەی لەگەڵ كێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل دەكرد، كە پێی وابوو، دەكرێت بارودۆخەكە بەو شێوەیەی كە هەبوو بەردەوام بێت، لە پەیوەندی بە ناكۆكیی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە كەس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد كە زۆر لە ناكاو حەماس هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش تەواوی هاوكێشەكانی پێچەوانە كردەوە و، تەنانەت لەو كاتەدا سعودیە بە چەشنێكی جددی بیری لە ڕێككەوتنێكی سێ لایەنە دەكردەوە، واتە لە نێوان عەرەبستانی سعودیە و دەوڵەتی ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ڕاستیدا بڕیار بوو كە ئەم ڕێككەوتنە ددانپێدانانی عەرەبستانی سعودیە بە دەوڵەتی ئیسرائیل لەخۆ بگرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی ئەمنی لە نێوان سعودیە و ئەمریكادا، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، بێ ئەوەی گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێكی گەورە لە بارودۆخی فەڵەستینییەكاندا بێتەئاراوە (ئەمەش بەو واتایە دەهات كە هیچ هەوڵ و كۆششێكی جددی لە ئارادا نەبوو بە ئاراستەی بەدیهێنانی دەوڵەتێك بۆ فەڵەستینییەكان) تەنانەت لەم ڕووەوە ئەو باوەڕە لە ئارادا بوو، كە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتنە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023دا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل. ئێستاش كە شەڕەكە بەردەوامە ئەوا پێم وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و دەوڵەتە عەرەبییەكان دەتوانن ڕۆڵێكی گرنگ و گەورەیان هەبێت لە سنوورداركردنی دەسەڵاتی توندڕەوەكانی نێو بزووتنەوەی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل، و كاركردن لەسەر ئەوەی فەڵەستینی و ئیسرائیلییەكان هەوڵ بدەن و هەنگاو هەڵبگرن بە ئاراستەی چارەسەری (دوو دەوڵەت)، واتە دروستكردنی دەوڵەتێكی فەڵەستین لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا.

* زۆرێك لە سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاران هۆشدارییان دەدا لە ئەگەری هەڵكشان و بەرفراوانبوونی شەڕەكە، واتە ئەو كاتە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، باس لە ئەگەری ئەوە دەكرێت كە شەڕەكە تەشەنە بكات و گەورەتر بێت و ببێتە شەڕێكی ئیقلیمی و وڵاتانی دیكەش بگرێتەوە، بەڵام سەرباری بەردەوامبوون و درێژەكێشانی شەڕ هێشتا ئەم سیناریۆ خراپە ڕووی نەداوە، ئەمە سەرەڕای چەندین پێشهات و پەرەسەندنی نیگەرانكار، ئایا دەكرێت ئەم شەڕە كۆنتڕۆڵ بكرێت و لەوە زیاتر بەرفراوان نەبێت؟

- وەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، فاكتەری سەرەكیی درێژەپێدانی ئەم شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ناو هەردوو دەسەڵاتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، ئەو خەڵكانە باڵادەستن كە توندڕۆیانە بڕیار دەدەن، بۆیە هەموو ئەوەی دەتوانم لەم بارەیەوە بیڵێم، ئەوەیە كە پێویستە ئومێدەوار بین لەم ڕووەوە و ڕێگری لە تەشەنەكردنی شەڕەكە بكرێت.

* بەڵام ئەگەر شەڕەكەش بەرفراوان نەبووبێت، ئەوا دەبینین كە ئەم شەڕە دەرهاویشتە و لێكەوتەی لە شوێنەكانی دیكەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. ئەوەتا لە ناوچەی دەریای سووردا هێزی دەریایی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرپەرچی هێرشەكانی بزووتنەوەی حوسییەكان دەداتەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان كە ڕەنگە هیچ پەیوەندییەكیشیان بە ئیسرائیلەوە نەبێت، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟

- ئەوە ئاشكرایە كە حوسییەكان بە چەشنی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و حزبوڵڵای لوبنانی وەكیلی ئێرانن، واتە ئەوەی پێی دەگوترێت بەرەی موقاوەمە، ئەم هێرشانەی حوسییەكان بوونەتە هۆی دروستكردنی بارگرانی لەسەر دانیشتووانی جیهان، چونكە بوونەتە هۆی زیادبوونی تێچوونی گواستنەوەی كەلوپەلەكان، هەروەها ئەم هێرشانە دۆخێك دروست دەكەن، كە زەحمەتتر بێت بۆ عەرەبستانی سعودیە بۆ ئەوەی پابەند بێت بە ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ حوسییەكان، كە دەبووە هۆی هێنانەئارای سەقامگیرییەكی زیاتر بۆ ناوچەی كەنداو و هاوكاریكردنی گەلی یەمەن، كە دەناڵێنن بەدەست شەڕی ناوخۆوە. هەرچۆنێك بێت، ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەوڵ دەدەن بە شێوەیەكی گونجاو بەرەنگاری حوسییەكان ببنەوە و تەنانەت هەندێ پێیان وایە پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ بەرپەرچدانەوەیان.

* ئەوەی پەیوەندی بە ناوخۆی ئیسرائیلەوە هەبێت، ئەوا ئاستی جەماوەریبوونی سەرۆك وەزیران بنیامین نەتنیاهۆ تەواو دابەزیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕای گشتیی ئیسرائیل پشتیوانیی شەڕ بوون بۆ لاوازكردن و لە ناوبردنی حەماس، ئایا ئێستاش سەرەڕای ئەوەی زۆر لایەن داوا دەكەن و گوشار دەكەن بۆ ئەوەی ئاگربەستێك ڕابگەیەندرێت و كۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت، ئایا پێت وایە شەڕەكە درێژە دەكێشێت و بەردەوام دەبێت؟

- ئەوەی دەكرێت بگوترێت ئەوەیە كە ڕای گشتیی ئیسرائیل متمانەی بە حكومەتەكەی بنیامین نەتنیاهۆ نییە، بەڵكو باوەڕی بەوە هەیە كە لەلایەن سوپا، یان هەواڵگریی وڵاتەكەیەوە پارێزگاری لێ كراوە. دواتر پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە حەماس وەك هێزێكی سیاسی لە ناو ببردرێت و كۆتایی پێ بهێنرێت؟ تا ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوون نییە و پێناچێت مومكینیش بێت، بۆیە ناكرێت خەڵكی سڤیلی فەڵەستین ئەم باجە قورسە بدەن كە دەیبینین، هەربۆیە بە دڵنیاییەوە پێویستە ئیسرائیل چارەسەرێك بۆ دۆخی تەندروستیی خەڵكی فەڵەستین لە كەرتی غەززە لە ڕوی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراك و ئاو و كارەبا و چاودێریی تەندروستیییەوە بدۆزێتەوە، هەروەها دەبێت ئیسرائیل ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت و پێویستە پرۆسەی دووبارە بنیادنانەوەی كەرتی غەززە دەست پێبكات.

* ئەوە ڕوونە كە پرسی جیۆپۆلەتیك ڕەهەندێكی گرنگی قەیران و تەنگژەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، كە گرێ دراوەتەوە بە بەرژەوەندی و جیۆپۆلەتیكی ڕۆژئاواوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم فاكتەرە چ ڕۆڵێكی لە شەڕەكەی غەززەدا هەیە؟

- من وەڵامەكەی پێشوو دووبارە دەكەمەوە، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێش هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەیویست بارودۆخەكە بەو شێوەیەی كە هەیە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوام بێت و كارێكی جددی نەكرد، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای چارەسەری ئاشتییانەی (دوو دەوڵەت) چارەسەری كێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل بكات، تا دەوڵەتی فەڵەستین شان بە شانی دەوڵەتی ئیسرائیل دابمەزرێت و كێشەكە بە تەواوەتی چارەسەر بكرێت.

* بابەتێكی دیكەی گرنگ هەیە، ئەویش كاریگەریی ئەم شەڕەیە لەسەر پرسی پەیوەست بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبییەوە، ئایا ئەم شەڕە نابێتە هۆی ئەوەی ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ئاساییببونەوەی پەیوەندییانە لاواز ببێت و كۆتاییان پێ بێت؟

- ئێمە دەبێت لەم ڕووەوە لە هەلومەرجە گشتییەكە بڕوانین، چونكە ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە هێشتا ئێران بە چەشنێك ڕەفتار دەكات كە وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی دیكەش وا لێی دەڕوانن كە مایەی هەڕەشە بێت بۆ سەر سەقامگیریی ئەوان، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین، كە وڵاتانی میسر و ئەردەن و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەی كەنداو بەهێزتر دەبن و لە پێگەیەكی باشتردا دەبن، ئەگەر پشتیوانیی ئیسرائیلیان بۆ دەستەبەر ببێت، بەڵام ئەو پشتیوانییەش تەنیا ئەو كاتە بەدەست دەهێنرێت كە كاری جددی بكرێت و هەنگاوی ڕاستەقینە هەڵبگیرێت بەرەو بەدیهێنانی ئاشتی و هێنانەئارای دەوڵەتی فەڵەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا.

 

Top