تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

تەلار بە یەكێك لە چالاكترین ئافرەتە شانۆكارەكانی كورد ئەژمار دەكرێت، هەروەها چەندین كاری شانۆیی بە تەنیا لە كوردستان و ئەوروپا پێشكەش كردووە، ناوی تەواوی (تەلار جەمال خدر) ساڵی 1985 لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی بووە دەستی بەكاری هونەری كردووە، بە شانۆگەرییەكی منداڵان بەناوی (چۆلەكەكان) ساڵی 2019 زانكۆی تەواو كردووە، لە ساڵی 1996وە لە تاراوگە دەژی و لەوێ زۆرتر و پڕۆفیشناڵتر بەردەوام بووە، لە شانۆگەرییەكانی (ماكبێس و خاڵە ڤانیا) و درامای (چەرخ و فەلەك) چەندین كاری دیكە ڕۆڵی سەرەكی هەبووە، لە مانگی ڕەمەزان شەوانە لە شاشەی كوردستان تیڤی سەیری درامای (ئادیابین)مان دەكرد، بە دیداری تەلار لە ڕۆڵی ئایشێ شادە دەبووین، سەبارەت بەم كارە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خانمە هونەرمەند تەلار هیرانی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

دیمانە/ خەلیل بلەیی

تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

*بەرجەستەكردنی ڕۆڵی ئایشە لە زنجیرەی ئادیابین چۆن بوو؟

-لەڕاستیدا پێویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی دەرهێنەر بكرێت، بەڵام بە ڕای من ئەگەر ڕۆڵی خەدیجە بە خەرمان هیرانی بدرێت؛ ئەوا ڕۆڵی ئایشێ بۆ من گونجاو دەبێت، چونكە هارمۆنیایەكی جوان درووست دەكات و لە زهن و خەیاڵی بینەریشدا دەمینێتەوە، كە ئەوانە بە ڕاستی خوشكن، دەرهێنەر قەناعەتی هەبووە كە من دەتوانم ئەم ڕۆڵە بە باشی بەرجەستە بكەم.

*هەستت چۆن بوو كە لەگەڵ خەرمان ڕۆڵ ببینی؟

- زۆرجار پرسیاریان لێ دەكردین یان پێشنیاریان بۆ دەكردین كە بۆچی من و خەرمان لە درامایەكدا پێكەوە ڕۆڵمان نەگێڕاوە، لە ڕاستیدا بەشداریكردنمان لە هەر درامایەكدا دەبوو كە ڕۆڵی دوو خوشك ببینین، چونكە لێكچوونێكی زۆر لە نێوانماندا هەبوو، لە ڕواڵەت و دەنگیشدا، هەر بۆیە زنجیرەی ئادیابین ئەم دەرفەتەی بۆ ئێمە ڕەخساند ئێمە ڕۆڵی دوو خوشك بگێڕین، بەبێ ئەوەی ڕەخنەمان لێ بگیرێت یان ڕۆڵەكە لە ئاستێكی وا بەرزدا نەبێت كە ئێمە پێشبینیمان دەكرد، بۆیە دەڵێم زۆر خۆشحاڵین بە بەشداریكردن لە زنجیرەی ئادیابین، ئەمەش بۆ هەردووكمان خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە بوو لە ژیانی هونەریماندا. سوپاس بۆ خودا، پێموایە ئەو دوو كاراكتەرە مایەی ڕەزامەندی بینەریش بوو، پێشتر پێكەوە بەشداریمان لە نمایشێكی شانۆیی كردبوو، بەڵام لە درامادا ئەمە تاكە كارێك بوو كە من و دادە خەرمان بەشداریمان تێدا كرد.

خەرمان خاوەنی ئەزموونێكی هونەریی دوور و درێژە، بۆیە كاتێك قبووڵمان كرد بەشداریی ئەم كارە بكەین، پێشوەختە بیرمان لەوە كردبووەوە كە ئەو ڕۆڵەی كە ئێمە وەك دوو خوشك دەیگێڕین، دەبێت جیاواز بێت لە ڕۆڵەكانی پێشوومان، جا چ لە دراما یان شانۆدا. بۆیە زۆر خۆشحاڵم كە لە زنجیرەی ئادیابین شانبەشانی خەرمانی خوشكم ڕۆڵی دوو خوشكی هەولێریمان بینی.

تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

*بۆ تۆ ئادیابین چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ كارەكانی پێشووت؟

-لە هەر كارێكدا بەشداری بكەم سەرەتا پێم وایە كە دەبێت جیاوازبێت لەو كارانەی كە پێشتر بەشداریم تێدا كردووە، دوای بەشداریكردنم لە چەرخ و فەلەك دەرفەتی بەشداریكردنم لە زنجیرەی ئادیابین هەبوو كە كارێكی نایاب و ئاست بەرزە، ئەزموونێكی نوێیە بۆ من، چونكە لە زۆر ڕووەوە جیاوازە و چەندین تایبەتمەندی هەیە.

یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی بەشداریكردنم شانبەشانی خوشكەكەم (خەرمان) لە یەك بەرهەمدا، كە تیایدا ڕۆڵی دوو خوشك دەبینین، منیش بۆ یەكەمجار بە شێوەزاری هەولێری ڕۆڵ دەگێڕم و ئەمەش بە ئەزموونێكی باش دادەنرێت، چونكە یەكەمجارە بە شێوەزارێك جیاواز لەوەی كە قسەی پێ دەكەم ڕۆڵ ببینم و ئەمەش شتێكی ئاسان نییە، چونكە چەند بیر لە هەستی چوونە ناو ڕۆڵەكە و سەركەوتن تێیدا دەكەیتەوە، دوو ئەوەندەش بیر لەوە دەكەیتەوە كە وشە و دەربڕینەكانت درووست بن، ئادیابین ئەزموونێكی زەحمەت و خۆش و زۆریش تایبەت بوو بۆ من.

تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

*تێبینی و سەرنجەكانت لەسەر ڕۆڵی تۆ لە زنجیرەی ئادیابین چی بوو دوای ئەوەی وەك بینەرت سەیرت كرد؟

-لە ڕاستیدا من ڕۆژانە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی نمایشكردنی زنجیرەكە بووم، حاڵەتێك هەیە هەموو ئەكتەرێك پێیدا تێپەڕ دەبێت، كاتێك سەیری كارەكەی خۆی دەكات چەندین پرسیاری لا درووست دەبێت، بۆچی ئەمەم و ئەم جووڵە یان حیوارەم بەو شێوەیە بوو، یان نەدەبوو وا بكەم و دەیان پرسیاری دیكە، ئەمەش هەستێكی ئاساییە بۆ هەموو هونەرمەندێك، من زۆر دڵخۆشم بە ڕۆڵەكەم، بەڵام زۆر شت هەیە كە دەمتوانی باشتر لەوەی كە كردوومە ئەنجامی بدەم، ئەمەش پەیوەستە بە زۆر بارودۆخەوە، وەك كەمیی كات و قەرەباڵغی لە كاتی وێنەگرتن، پەلەكردن بۆ تەواوكردنی وێنەگرتن، كاتێكی تەواومان نەبوو بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی كە دەمانویست بیكەین، ئێستا زنجیرەكە دەبینین لەسەر شاشەكان پیشان دەدرێت و بە وردی سەیری دەكەین و كەم و كوڕییەكان دەبینین، بەڵام لە كاتی وێنەگرتندا كاتێكی تەواومان نەبوو بۆ بیركردنەوە و ئەوەی ئێمە ئاواتەخوازین باشتر ئەنجامی بدەین.

*كەواتە سەرنجت لەسەر ڕۆڵەكەت هەیە؟

-زۆر ڕەخنە لە خۆم دەگرم، نەك لە ئادیابین بەڵكو لە كارەكانی پێشووتر و لە شانۆگەرییەكانیش، كاتێك سەیریان دەكەم، دەڵێم دەكرا باشتر بوومایە، دەكرا دەنگەكە باشتر بوایە، لە ڕاستیدا دەكرا نواندنەكەم باشتر بێت لەوەی كە پێشكەشم دەكرد.

*پێتوایە ئادیابین ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی جەماوەر دووبارە ڕوو لە درامای كوردی بكاتەوە؟

-گومانم لەوەدا نییە كە ئادیابین هەنگاوێكی زۆرگەورەی بڕی، بۆچوونی خەڵك و تامەزرۆیی بۆ سەیر كردنی شایەدی ئەوەن، بە هەموو كەم و كورتییەكانی و ئەو ڕەخنانەی شارەزایانی بواری مێژوو هەیانبوو، بەڵام ئادیابین بۆمبێك بوو تەقییەوە و وایكرد كە خەڵك وەكو جاران لە دەوری تەلەفزیۆن كۆ ببنەوە و بە تامەزرۆییەوە سەیری بكەن.

تەلار هیرانی بۆ گوڵان: ئادیابین ئەزموونێكی نوێیە بۆ من و شانازیی پێوە دەكەم

*ئەگەر ساڵانە ٥ تا ٦ كاری هاوشێوەی ئادیابین هەبێت دەتوانین وابكەین بینەر دووبار ئاشت بكەینەوە لەگەڵ دراما یان پێویستی بە هەوڵی زیاترە؟

-زۆر جار بە چەندایەتی نییە، بەڵكو بە چۆنایەتییە، چۆنی كوالێتی دراماكە، دوای ساڵانێكی زۆر ئادیابین كەوتە بەرچاوی بینەر، بەڵام كاردانەوە و پێشوازییەكی باشی هەبوو لای جەماوەر، ئەگەر ساڵانە سێ تا چوار بەرهەمی هاوشێوە ئەنجام بدرێت ئەوە كارێكی زۆر گرنگە چ جای ئەوەی ببێتە پیشەسازی، چونكە سینەما و دراما پارەیەكی زۆری تێدا خەرج دەكرێت و دەبێت پارەكە بهێنێتەوە، ئێمە هیواخوازین درامای كوردی دۆبلاژ بكرێت بۆ زمانی دیكە و لە دەرەوە نمایش بكرێت، بەڵام بۆ ئەكتەرەكان ئەگەر ساڵانە لە چەند كارێكدا بەشدار بن، ئاستی نواندنیان زۆر زۆر بەرزتر دەبێت و جوانتر كاراكتەر بەرجەستە دەكەن.

*وەڵامت چییە بۆ ئەو ڕەخنانەی لە ئادیابین دەگیرێن؟

-ئەمە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە كە بینەر دەیبینێت و بۆی ڕوون دەبێتەوە كە ئێمە نواندن ناكەین، بەڵكو كاراكتەرەكە وەكو خۆی نیشان دەدەین، چونكە ئەكتەر كە ڕۆڵێك دەبینێت موبالەغەكردن و درێژدادڕی هۆكارەكەی ئەوەیە كە نەچووەتە ناو خەڵك و نواندن دەكات، من پێم سەیرە كە دەڵێن نواندنی شانۆیی لە درامادا كردووە، چونكە ئەگەر بتوانی لە شانۆدا بە سادەیی و جوانی و ڕاستگۆیی نواندن بكەیت، لە دراماشدا بە هەمان شێوەیە، هەرچەندە جیاوازییەكی كەمیان هەیە، بەڵام كاریگەرییان نابێت لەسەر ڕاستگۆیی لە نواندن، چونكە بینەر دەزانێت بە وردی دیراسەی كاراكتەرەكەت كردووە و ناسیوتە و بووی بەو كاراكتەرە، نواندن پێش هەموو شتێك سادەییە نەك موبالەغە كردن، بۆ من جێی خۆشحاڵییە كە جەماوەر بەو شێوەیە دەمانبینێت و بە ئومێدی ئەوەم كە بە كاری داهاتوو هەست بكەن كە ئێمە چەند كاراكتەرەكەمان خۆش دەوێ و بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین.

Top