د.یادگار عەلی مامۆستای زانكۆ- گەرمیان: هەڕەشە و ئالنگاریی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان، پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی یەك گوتاریی حزبەكانە

د.یادگار عەلی  مامۆستای زانكۆ- گەرمیان:  هەڕەشە و ئالنگاریی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان، پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی یەك گوتاریی حزبەكانە

 

یادگار عەلی، مامۆستای زانكۆیە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستان پێدا تێدەپەڕێت و كاریگەریی ئەو گێژاوی ململانێیەی لە ناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ڕاپۆرتەكە خستەڕوو:

ناوچەكە بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و گێژاوی ململانێیەكی توندی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت، هەرچۆنێك بێت، دەبێت هەوڵ بدەین خۆمان بپارێزین و نەبینە تەرەفگیری هیچ لایەك، بەڵام پریشكی ئەو گێژاوی ململانێیەمان بەردەكەوێت، هەروەك چۆن لە ڕابردوودا بەرمان كەوتووە.

پێگەی جوگرافیی كوردستان بەو جۆرەیە كە كەوتووەتە نێوان دوو جەمسەری گەورەی ئەم ململانێیە، كە ئەویش هەر دوو دەوڵەتی توركیا و ئێرانە، ئەم دوو دەوڵەتە چەند كێشە و جیاوازی لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوە نەبوون كە لە ساڵی 1992 ئەم هەرێمە دروست ببێت و، دروستبوونی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ئیرادە و حەز و ویستی ئەوان بووە، هەر بۆیە چەندی بۆیان بكرێت، كار بۆ لاوازكردنی دەسەڵات و دەستكەوتەكانمان دەكەن و دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1979 هەوڵەكانی بۆ فراوانخوازی و سەپاندنی هەژموونی خۆی بووە بەسەر تەواوی ناوچەكەدا، لە ئێستاشدا دەبینین ئەم هەژموون و باڵادەستییە هەر لە «عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن» دەركەوتووە و، لە زۆر وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە شێوازی دیكەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ هەژموونی خۆی سەپاندووە، هەر بۆیە هەر كیان و دەوڵەتێك ملكەچی ئەم ئاراستەیەی سیاسەتی هەژموون سەپاندنەی ئێران نەبێت، ئێران وەك بەربەست سەیری دەكات و هەوڵ دەدات ئەو بەربەست و ئاستەنگانە لە بەردەمی خۆی لابەرێت.

ئاشكرایە هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا هەوڵی داوە، بە دوور بێت لە سیاسەتی تەرەفگیریی لایەك دژی لایەكی دیكە، بەمەش سیاسەتێكی تا ڕاددەیەك سەربەخۆی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی ناو ئەو تەنگژە و ململانێیانە پیادە كردووە. هەروەها لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش هاوسەنگیی خۆی پاراستووە، بەڕاستی لە ڕوانگەی سیاسەتی هەژموون سەپاندنی ئێران، ئەم سیاسەتەی هەرێمی كوردستانی پێ هەزم ناكرێت، بە ئەزموونیش دەركەوتووە، ئێران ئەو لایەنانە لە عێراقدا بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، كە ئامادەییان هەیە هەژموون و باڵادەستیی ئێرانی قبووڵ بكەن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئامانجی ئێران ئەوەیە هەرێمی كوردستان بۆ ناو ئەم گێژاوی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییە پەلكێش بكات و، نایەوێت هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە سیاسەت بكات، كە لەگەڵ خواستی ئەو یەك ناگرێتەوە. ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كە بەپێی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزاوە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێرانە كە بتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بكاتە سەری، بۆیە هەر جارەو بیانوویەك بە هەرێمی كوردستان دەگرێت و بە شێوازی جۆراوجۆر هێرش دەكاتە سەری و، لەسەر ئاستی لێژنە باڵاكانی حكومەتی عێراقیش دەركەوتووە و ددانیان پێدا ناوە، كە بیانووەكانی ئێران هیچ بنەمایەكی ڕاستیان تێدا نییە و ئەوەی دەیكات، شەڕفرۆشتنە بە هەرێمی كوردستان.

خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە، ئێران بە شێوەی پراكتیكی ناتوانێت و ناوێرێت هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و عێراقیشدا، بۆیە هەوڵ دەدات هێرش بكاتە سەر هەولێر، لەلایەك بۆ ئەوەی بە ئێمە بڵێت « ئەوەتا هێرشتان دەكەینەسەر و ئەمریكاش پشتگیریتان ناكات»، لەلایەكی دیكەش دەیەوێت بەم هێرشانەی تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوە.

ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی داوە، هاوسەنگیی خۆی بپارێزێت و كارێك نەكات كە هەڕەشە بێت بۆ هیچ كام لە وڵاتانی توركیا و ئێران و تەنانەت لەسەر بوونی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتیش لە هەرێمی كوردستاندا، حكومەتی هەرێم هەوڵی داوە بە شێوەكی وا ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر كە بیانوو نەدرێتە دەستی ئێران، بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ڕاكێشانی بەرژەوەندی و وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ ناو هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەك پێویست ئەو هاوسەنگییە ڕابگرێت و وەك دەبینین بوونی كۆمپانیا و بزنێسی توركیا لە هەرێمدا لە هی ئێران زیاترە، بۆیە لەم لایەنەشەوە زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان هەوڵ بدات، زیاتر بەرژەوەندی و وەبەرهێنان و بزنێس و كۆمپانیاكانی ئێرانی بهێنێتە هەرێم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو بەرژەوەندییانە هەندێك لە كێشەكان چارەسەر بكرین.

لە كۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كێشە و گرفتی سەرەكی و هەڕەشە و ئالنگاریی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان پەرتەوازەیی سیاسی و هەڵوێستی جیاوازی حزبە سیاسییەكانە، كەوەك ئێستا دەبینین، حزبە سیاسیەكان لەسەر یەك پرسی هەرێم بەرانبەر بەغدا و دەوڵەتانی دەوربەر یەك گوتار نین و، ئەوەشی زۆر خراپە، ئەوەیە كە ئەم پەرتەوازەییە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشمانیی كوردستانە كە لەسەر هیچ پرسێك گوتارێكی هاوبەش و یەكگرتوویان نییە.

هەر بۆیە ئێمە ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەكی نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم كێشە و تەنگژە و ئالنگارییانە بكەین كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، ئەوا خاڵی گرنگ ئەوەیە لە ناوخۆی خۆمانەوە دەست پێبكەین و خاڵە لاوازەكانی خۆمان دەستنیشان بكەین و هەوڵ بدەین ئەو لاوازییانە نەمێنێت و ئیرادەیەكی یەكگرتووی بەهێز بێتە ئاراوە و بتوانین بەرنامە و پلانمان هەبێت، هەموو پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و ئالنگارییانە ببینەوە.

 

Top