شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   عێراق دەوڵەتێكی لاواز و ئەڵقە هەرە لاوازەكەی ناو هاوكێشەی گێژاوی ململانێ نێودەوڵەتییەكانە كە ئێستا لە ‌ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت

شڤان حەمدی  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     عێراق دەوڵەتێكی لاواز و ئەڵقە هەرە لاوازەكەی ناو هاوكێشەی گێژاوی ململانێ نێودەوڵەتییەكانە كە ئێستا لە ‌ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «هەرێمی كوردستان لەناو گێژاوی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا»، بەمجۆرە دید و بۆچوون و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

 

ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر پرسێك دەكەین، كە زۆر ئاڵۆز و فرەڕهەندە، هاوكێشەیەكە كۆی ململانێكانی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێدا كۆبووەتەوە.

لەم گفتوگۆیە، ئاماژە بەوە كرا، كە هەرێمی كوردستان ئەڵقە هەرە لاوازەكەی ناو ئەم هاوكێشەیە، بۆیە كۆماری ئیسلامی بە ڕۆكێتی بالیستیكی بۆردومانی دەكات و گرووپە چەكدارەكانی شیعەی وەلائیش بە درۆن و ڕۆكێت بۆردومانی دەكەن، لە بەرانبەر ئەم ئاماژەیە من دەڵێم: «عێراق وەك دەوڵەت» ئەڵقە هەرە لاوازەكەی ناو هاوكێشەی گێژاوی ئەو ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەیە و، ئەوە عێراقە وەك دەوڵەت ناتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی دەوڵەتەكەی خۆی بكات.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەوانەی ئێستا حوكمڕانیی عێراق دەكەن لە بەغدا، گەیشتوون بەو ڕاستییەی كە ناتوانن سەروەریی دەوڵەتەكەی خۆیان بپارێزن؟ بە خوێندنەوەی من بۆ واقیعی سیاسیی عێراق، دەگەینە ئەو ئاكامەی بڵێین: بەڵێ، دەسەڵاتدارانی بەغدا زۆر باش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بەرانبەر هیچ كام لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەیان نییە»، بۆ ئەمەش چەند نموونەیەك ئاماژە پێ دەكەم:

•     دوای هێرشەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕۆكێتی بالیستیكی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەكی سڤیل لە هەرێمی كوردستان، لێژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتیی بەڕێز قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی فیدڕاڵی هاتنە شوێنی ڕووداوەكان و بە ئاشكرا بە میدیاكانیان ڕاگەیاند، كە بیانووەكانی ئێران بۆ لێدانی هەولێر هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە، ئایا حكومەتی عێراق توانی وەك پاكستان وەڵامی ئێران بداتەوە!؟

• توركیا ڕۆژانە هێرش دەكاتە سەر شنگال و ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئایا ئەمەش پێشێلكردنی سەروەریی عێراق نییە؟ بۆچی دەوڵەتی عێراق هەڵوێستی نییە؟

• هەر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، چەندین جار بە درۆن و فڕۆكەی جەنگی هێرش كراوەتە سەر پارێزگای بابل و بەغدای پایتەخت، ئایا حكومەتی عێراق یاداشتنامەیەكی ناڕەزایی داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان، یان ناوی هێرشبەرانی ئاشكرا كردووە؟

لێرەوە واقیعی سیاسیی عێراق پێمان دەڵێت، كێشەی سەرەكی كە بووەتە هەڕەشە و ئالنگاری بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش، بە پلەی یەكەم ئەوەیە،‌ كە عێراق دەوڵەتێكی لاواز و ئەڵقە هەرە لاوازەكەی ناو هاوكێشەی گێژاوی ململانێ نێودەوڵەتییەكانە كە ئێستا لە ‌ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت و، هیچ شوێنێك لە عێراقدا بۆ دەستتێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئارام نییە، بە بەغدای پایتەختی عێراقیشەوە.

خاڵێكی دیكە كە بووەتە سەرچاوەی لاوازی بۆ عێراق وەك دەوڵەت و كاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، پشتگوێخستنی جێبەجیكردنی دەستوور و پێدانی دەسەڵاتی ڕەهایە بە دادگای فیدڕاڵی كە ئێستا جێگەی دەستوور و كۆی دەسەڵاتەكانی (حكومەت و پەرلەمان و دادوەری» لە عێراقدا گرتووەتەوە و، بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەرهاویشتەی زۆر خراپتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

لەناو هاوكێشەی سیاسیی ئێستای عێراقدا، ڕاستە جۆرە پەرتەوازەییەك لەناو هەر سێ كۆمەڵگەی (كورد و سوننە و شیعە) هەیە، بەڵام لە بەرانبەریشدا لەناو هەر سێ كۆمەڵگەكەشدا ئیرادەیەكی خێر دەبینرێت، كە نایانەوێت عێراق بەرەو هەڵدێر و هەڵدێری زیاتر هەنگاو هەڵبگرێت و، ئەم ئیرادە خێرەش پێویستی بە پشتگیری و پشتیوانیی ئەمریكا و هاوپەیمانان هەیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لە ئێستادا ئەو پشتگیری و پشتیوانییە هەستی پێ دەكرێت، یان بوونی هەیە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە سەردانە سەركەوتووەكەی بەڕێز مسرور بارزانی و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و، بەو دواییەشدا سەردانە سەركەوتووەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی شاندی حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەیداتەوە، كە هەتا ئێستا هەردوو سەردانەكە زۆر بە سەركەو‌توو لەقەڵەم دەدرێن، كە ئەمەش دەكرێت كۆمەڵێك گەشبینی بۆ داهاتووی عێراقی لەسەر هەڵبچنین.

پرسیاری دیكە ئەوەیە، ئایا شیعەی ئەقڵانی و سوننەی ئەقڵانی و كوردی ئەقڵانی دەتوانن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و سوود لەو پشتگیری و پشتیوانییەی ئەمریكا و هاوپەیمانان وەربگرن، بۆ ئەوەی عێراق لەناو ئەو گێژاوە رزگار بكەن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەكرێت لەناو قووڵایی ڕووداوەكان چەند وەڵامی گەشبینانە بدۆزینەوە:

- لەسەردانەكەی بەڕێز مسرور بارزانی بۆ واشنتۆن و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتونی بینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هەم لایەنی ئەمریكی پشتیوانیی 360 پلەیان بۆ هەرێمی كوردستان پیشان دا لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق كە بریتییە لە عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و پەرلەمانی، هەم سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش پشتیوانیی خۆی بۆ سەركەوتنی سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق دەربڕی.

- لەم گفتوگۆیە ئاماژە بەوە كرا كە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی هەبووە لە ڕەزامەندیی كۆشكی سپی و سەرۆك بایدن بۆ پێشوازیی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری، ئەمەش مانای ئەوەیە هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە.

- پێش سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و ڕایگەیاند، كوردیش بەشێك دەبێت لە شاندەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمەش زیاتر بە گەیشتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ سەركەوتنی سەردانەكە ڕاگەیاند.

لە دوماهیدا، لایەنێكی دیكە كە ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەستی پێدەكرێت، جۆرێكە لە جیاكردنەوە لە نێوان بیركردنەوەی لۆژیكانە و نالۆژیكانە بۆ ئایندەی عێراق، ئەوەی تێبینی دەكرێت، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەشی زۆریان هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیە، كە لەگەڵ لایەنە لۆژیكییەكەی هەرێمی كوردستان رێك بكەون كە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە هەمان شێوە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش دەیانەوێت پشتیوانیی ئەو لایەنانە بن كە مەبەستیانە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق بە دروستی ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی.

Top