رۆشنگه‌ری چییه؟
August 4, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :ئه‌مانوئێل كانت
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
له ساڵی 1783دا، ره‌به‌نێكی به‌رلینی كه ناوی (جۆهان فریدریك زۆلنهر: 1753- 1804) بوو، به‌رسڤی وتارێكی له گۆڤاری مانگانه‌ی"به‌رلین"دا بڵاو كرده‌وه، ئه‌و وتاره‌ی پێشتر هه‌مان گۆڤار له هه‌مان ساڵدا بڵاوی كرد بووه‌وه، كه تێیدا نووسه‌رێك به بێ ئه‌وه‌ی ناوی خۆی ئاشكرا بكات، داكۆكیی له هاوسه‌رگیریی مه‌ده‌نی كرد بوو.زۆلنهر وتاره‌كه‌ی بۆ ره‌خنه گرتن له هاوسه‌رگیریی مه‌ده‌نی و داكۆكی كردن له گرێدانی گرێبه‌ستی هاوسه‌ری له كڵیسهدا ته‌رخان كرد بوو. به لای ئه‌وه‌وه، ئه‌و شته له به‌رژه‌وه‌ندیی خودی ده‌وڵه‌تدایه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و له هه‌مان كاتدا هێرشی برده سه‌ر ئه‌و تێكه‌ڵییه‌ی سه‌باره‌ت به چه‌مكی رۆشنگه‌ری له زه‌ین و دڵی خه‌ڵكدا سه‌ری هه‌ڵداوه. په‌راوێزێكی زبریشی كرده پاشكۆی وتاره‌كه‌ی و تێیدا نووسیی:"رۆشنگه‌ری چییه؟ ئه‌و پرسیاره‌ی له رووی بایه‌خه‌وه نزیك به هاوشانی ئه‌م پرسیاره‌یه: هه‌قیقه‌ت چییه؟ ده‌بێ به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به رۆشنگه‌ری بكرێت، وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌م بدرێته‌وه! وێرِای ئه‌وه من له هیچ بابه‌تێكدا وه‌ڵامێكی ئه‌وم به‌دی نه‌كرد!"ئه‌و پرسیاره‌ی ئاخندراوهته په‌راوێزی وتارێكه‌وه، كه ره‌به‌نێكی نیمچه نه‌ناسراوی پرۆتستانت ده‌رباره‌ی یاسای هاوسه‌ری نووسیویه‌تی، دواتر سه‌باره‌ت به مێژووی فه‌لسه‌فه به‌ردار (به‌رهه‌مدار) ده‌بێت.به‌م جۆره یه‌كه‌م جار (مۆسی مندلسزۆن: 1729- 1786) دێته ده‌ست و وتارێك به ناونیشانی:"ده‌رباری پرسیاری: رۆشنگه‌ری چییه؟"ده‌نووسێت و له 1784دا له هه‌مان گۆڤاردا بڵاوی كرده‌وه. پاش ئه‌وه له ژماره‌یه‌كی هه‌مان ساڵدا وتاره‌كه‌ی (كانت) ده‌رده‌كه‌وێت، كه پێناسه به ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌و بۆ رۆشنگه‌ری له‌خۆ ده‌گرێت. له تێبینییه‌كه‌ی (كانت) كه له كۆتایی وتاره‌كه‌دا هاتووه، وا دیاره له كاتی نووسینیدا ئاگای له ناوه‌رۆكی وتاره‌كه‌ی (مندلسزۆن) نه‌بووه، هه‌رچه‌نده ئاگای له بڵاو بوونه‌وه‌ی وتارێكی ئه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته هه‌بووه، ئه‌ویش له رێی خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه كه ریكلامێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا ناوه‌رۆكی ئه‌و ژماره‌یه‌ی"گۆڤاری مانگانه‌ی به‌رلین"كه له ساڵی 1784دا ده‌رچووه، خستووه‌ته روو. لێره به دواوه وتاره‌كه‌ی (كانت) به كوردی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ر وه‌ك له به‌رگی 11 له كۆبه‌رهه‌می ئه‌ودا هاتووه، كه ده‌زگای (سوركامپ) به سه‌رپه‌رشتیی (ویلهیلم ویسخیدل)، فرانكفۆرت، 1966، ل (53- 61)، بڵاوی كردووه‌ته‌وه. له نووسینی ئه‌و به‌راییه‌دا پشت به نامیلكه‌یه‌ك به‌ستراوه كه (ئیرهارد باهر) به ناونیشانی"رۆشنگه‌ری چییه؟"بڵاوی كردووه‌ته‌وه. ئه‌و نامیلكه‌یه له ساڵی 1974دا له شتوتگارت بڵاو كراوه‌ته‌وه، چه‌ندین ده‌قی فه‌یله‌سووفانی ئه‌ڵمانی ده‌رباره‌ی چه‌مكی رۆشنگه‌ری و لێدوان له‌باره‌یه‌وه تێدایه.رۆشنگه‌ری: ده‌چوونی مرۆڤه له كه‌ماسی (كه‌م و كورتی)، كه ئه‌و كه‌ماسی(كه‌م و كورتی)یه‌ش هه‌ر بۆ خۆی دهگهرِێتهوه.
كه‌ماسی (كه‌م و كورتی): ناتوانایی مرۆڤ له‌وه‌ی به‌ده‌ر له رابه‌رایه‌تی كردنی له لایه‌ن ئه‌وانی دیكه‌وه، تێگه‌یشتنی خۆی بخاته گهرِ. ئه‌و كهماسییه ئه‌گه‌ر هۆیه‌كه‌ی له نه‌بوونی تێگه‌یشتنه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌به‌ر نه‌بوونی برِیار و بوێری بۆ به‌كار هێنانی تێگه‌یشتنه‌وه بوو، به‌ده‌ر له رابه‌رایه‌تی كردنی كه‌س له لایه‌ن ئه‌وانی دیكه‌وه، ئه‌وه دیاره كهماسییهكه له ئه‌ستۆی خودی كه‌سدایه. (ده‌ی ئازا به و تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆت به‌كار بهێنه)! ئه‌مه‌یه دروشمی رۆشنگه‌ری.
ته‌مبه‌ڵی و ترسنۆكی ئه‌و هۆیانه‌ن كه خه‌ڵكێكی زۆر، به خۆشحاڵییه‌وه، به درێژایی ژیانیان هه‌ر به ناكامی ده‌هێڵنه‌وه (كورد ده‌ڵێ: نازانم ره‌حه‌تی گیانم- ت. ك)، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سروشتیش، به‌ر له ماوه‌یه‌كی درێژ، له هه‌موو رابه‌رایه‌تی كردنێكی ده‌ره‌كییش رزگاری كرد بن. ئه‌مه‌ش رێ خۆش ده‌كات خه‌ڵكانی دی به ئاسانی ببنه سه‌روه‌سیه‌تی ئه‌وان. زۆر ره‌حه‌ته ئه‌گه‌ر مرۆڤ ناكام بێت. ئه‌گه‌ر كتێبێكم هه‌بێت له بری من تێبگات، واعیزێكیش هه‌بێت له بری من خاوه‌ن ویژدان بێت، پزیشكێكیش هه‌بێت خشته‌ی خۆراكم بۆ دیاری بكات و...هتد، ئیدی پێویستم به‌وه نابێت خۆم ماندوو بكه‌م. هیچ پێویست ناكات بیر بكه‌مه‌وه، مادام ده‌توانم به‌های بیركردنه‌وه بده‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دی له بری من ئه‌ركی ئه‌م كاره نارِهحهته ده‌گرنه ئه‌ستۆ. به‌وه‌ی كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵك (له نێویشیاندا هه‌موو خانمان)، پێیان وایه هه‌نگاو به‌ره‌و كامڵی، بێ له‌وه‌ی زه‌حمه‌ته، هه‌روه‌ها گه‌لێ مه‌ترسیداریشه.
ئه‌م شته پێشتر ئه‌و سهروهسیهتانهی كه ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كردنی گشتیی ئه‌وانیش ده‌خه‌نه سه‌ر شانی خۆیان، به دڵَكی فراوانه‌وه هه‌ڵیان سوورِاندووه. ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار رانهكهیان گێل ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پاش ئه‌وه‌ی به سوور بوون و وردییه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌رێ رێ به‌و گیانداره هێمنانه نه‌درێ زاتی ئه‌وه بكه‌ن، كه یه‌ك هه‌نگاو له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پهیتوونهی ئه‌وانیان تێدا به‌ند كردووه، بهاون. پاشان ئه‌گه‌ر ویستیان به ته‌نیا برِۆن، ئه‌و مه‌ترسییه‌یان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه كه ههرِهشهیان لێ ده‌كات. راسته ئه‌و مه‌ترسییه به تایبه‌تی زۆر گه‌وره نییه، چونكه پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك ده‌كه‌ون (سوار هه‌تا نه‌گلێ نابێته سوار)، دوا جار فێری رۆیشتن ده‌بن، به‌ڵام یه‌ك نموونه‌ی له‌م جۆره ترس ده‌خاته دڵی مرۆڤه‌وه و به گشتی پاشگه‌زی ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی، هه‌وڵی دیكه بدات.
بۆ هه‌ر مرۆڤێك به ته‌نیا زه‌حمه‌ته بتوانێت له‌و ناكامییه رزگاری ببێت، كه ره‌نگه له لای ئه‌و وه‌ك خووی لێ هات بێت. بگره له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و ئێستا خۆشیشی ده‌وێت، ئه‌و له‌م كاته‌دا به كرده‌نی ناتوانێت تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی به‌كار بهێنێت، چونكه هه‌رگیز رێی پێ نه‌دراوه ئه‌و هه‌وڵه بدات. سیسته‌م و رێسا، ئه‌و ئامرازه میكانیكییانه‌ی بۆ به‌كار هێنانی به‌هره‌ی سروشتی به‌كار دێن، یان با بڵێین بۆ خراپ به‌كار هێنانی، وه‌ك كۆت و به‌ندن بۆ ناكامیی هه‌میشه‌یی. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی داشیان ده‌ماڵێت، ناتوانێت له یه‌ك قه‌ڵه‌مبازی سه‌لامه‌ت به سه‌ر ورده چاڵ به‌و لاوه، زیاتر بهاوێت، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و جووله ئازاده‌دا رانه‌هاتووه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه كه زۆر كه‌م توانیویانه به توانای تایبه‌تی خۆیان، خۆیان له حاڵه‌تی ناكامی دابماڵن و بتوانن به سه‌لامه‌تی برِۆن.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر خۆی رۆشن بكاته‌وه (له نێو خۆیدا رۆشنگه‌ری بئافرێنێ)، ئه‌وه ده‌كرێ ببێ، به‌ڵكوو كارێكی لێبرِاوانهیه، ئه‌گه‌ر هاتوو جه‌ماوه‌ر ئازاد بوو. چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا، خه‌ڵكانێك، ته‌نانه‌ت له نێو ئه‌وانه‌شدا هه‌ن كه خۆیان كردووه‌ته سه‌روه‌سیه‌ت به سه‌ر زۆرینه‌وه، هه‌ر خۆبه‌خۆ بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی خۆیان له ده‌ست ناكامی رزگار ده‌كه‌ن، رۆحی خه‌مڵاندنێكی عه‌قڵی بۆ به‌های هه‌موو مرۆڤێك و، ئاماده‌یی ئه‌و كه له رێی پشت به‌ستن به خۆی، بیر بكاته‌وه، به ده‌وروبه‌ری خۆیاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. سه‌یر لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی پێشتر له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه خرایه ژێر كۆتی ئه‌و كهماسییهوه، دواتر هه‌ر خۆی ناچاریان ده‌كات، كه هه‌ر له ژێر ئه‌و كۆتهدا بمێننه‌وه. ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌و سهروهسیهتانهی ده‌سه‌ڵاتی رۆشنگه‌رییان نییه، بۆ ئه‌و كاره هانیان بده‌ن.
جێگیر كردنی برِیاری پێش وه‌خته تا ئه‌م راده‌یه زیان به‌خشه، چونكه دوا جار تۆڵه‌ی خۆی له‌وانه‌ی، چ خۆیان یان باپیرانیان برِیارهكانیان داناوه، ده‌كاته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه جه‌ماوه‌رێك بۆی نییه، به هێوری نه‌بێت، به رۆشنگه‌ری بگات. ره‌نگه شۆرِش بتوانێت ملهورِیی تاكه كه‌س و چه‌وسانه‌وه‌ی تینووی به‌رژه‌وه‌ندیی ماددی یان ده‌سه‌ڵات برِووخێنێت، به‌ڵام هه‌رگیز نابێته مایه‌ی چاكسازییه‌كی راسته‌قینه له ته‌رزی بیركردنه‌وه‌دا، به‌ڵكوو ته‌نیا ده‌بێته مایه‌ی به‌كار هێنانی برِیاری تازه‌ی پێش وه‌خته، وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی پێشتر برِیارهكانی به‌كار ده‌هێنا، ئه‌ویش وه‌ك كاسێتێكی ئاراسته كرا‌و بۆ زۆرینه‌یه‌ك كه بیر ناكاته‌وه.
جا له پێناو ئه‌و رۆشنگهرییهدا، كاره‌كه بێ له ئازادی شتێكی دیكه‌ی ناوێت. به ته‌واوی ئه‌و ئازادییه‌مان مه‌به‌سته، كه له نێو هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی ده‌چنه ژێر باڵی ئه‌وه‌وه، كه‌مترین زیانی هه‌یه. واته ئازادیی به‌كار هێنانی گشتیی عه‌قڵ له هه‌موو بواره‌كاندا. به‌ڵام من له هه‌موو لایه‌كه‌وه گوێم له ده‌نگێك ده‌بێت هاوار ده‌كات: بیر مه‌كه‌نه‌وه! ئه‌فسه‌ر ده‌ڵێ: بیر مه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكوو مه‌شق بكه‌ن! فه‌رمانبه‌ری دارایی ده‌ڵێ: بیر مه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكوو پاره بده‌ن! پیاوی ئایین ده‌ڵێ: بیر مه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكوو برِوا بهێنن! (له جیهاندا یه‌ك سه‌ركرده هه‌یه ده‌ڵێ: به ئه‌ندازه‌ی كه ده‌تانه‌وێ و له هه‌ر شتێكی كه گه‌ره‌كتانه، بیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام گوێرِایهڵ بن.) ئیدی به‌م جۆره لێره‌دا، ئازادی له هه‌موو بوارێكدا كۆت و به‌ند ده‌كرێت.
به‌ڵام ئاخۆ چ كۆت و به‌ندێكی ئازادی رێ له رۆشنگه‌ری ده‌گرێت؟ هه‌روه‌ها چ كۆتێك رێی لێ ناگرێت، به‌ڵكوو سوودی پێ ده‌گه‌یه‌نێت؟ به‌رسڤ ده‌ده‌مه‌وه: مرۆڤ كه عه‌قڵی خۆی به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌كار ده‌هێنێت، ده‌بێ هه‌میشه ئازاد بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش به ته‌نیا ره‌نگه ببێته مایه‌ی رێ نیشانده‌ری خه‌ڵك. هه‌رچی به‌كار هێنانی تایبه‌تی عه‌قڵه، ئه‌وه به زۆری ده‌كرێ فره سه‌خت كۆت بكرێت، به بێ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌م شته رێ له به‌ره‌و پێش چوونی رۆشنگه‌ری بگرێت. مه‌به‌ستم له به گشتی به‌كار هێنانی عه‌قڵی تایبه‌تمان، ئه‌و به‌كار هێنانه‌یه كه كه‌سێك به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی بیریاره له به‌رده‌می جهماوهرێكدا، كه له تێكرِای جیهانی خوێنه‌ران پێك دێت، ده‌یكات. مه‌به‌ستیشم له به‌كار هێنانی تایبه‌تیش، ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێ مرۆڤ به‌و سیفه‌ته‌ی پۆستێكی مه‌ده‌نیی وه‌رگرتووه یان پله‌یه‌كی مه‌ده‌نی، ده‌یكات. چونكه پێویسته بۆ هه‌ندێك كاروبار كه به لای به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌وه گرنگه، میكانیزمێكی دیاری كرا‌و هه‌بێت، كه ده‌بێ هه‌ندێك ئه‌ندامی كۆمه‌ڵ ته‌نیا به نه‌رێنی بجوولێنه‌وه، تا به هۆی ههماههنگییهكهوه كه حكوومه‌ت ده‌یهێنێته ئاراوه، به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی رێنمایی بكرێن، یان هیچ نه‌بێ رێ‌یان پێ نه‌درێت زه‌بری لێ بده‌ن و بیفه‌وتێنن. لێره‌دا رێ به مرۆڤ نادرێت بیر بكاته‌وه، به‌ڵكوو پێویسته مرۆڤ گوێرِایهڵ بێت.
به‌ڵام به‌وه‌ی كه ئه‌م به‌شه‌ی ئامێر، له هه‌مان كاتدا خۆی به ئه‌ندامێكی تێكرِای كۆمه‌ڵێك ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت خۆی به ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیش ده‌زانێت، ئیدی به گوێره‌ی ئه‌وه، له رێی نووسینه‌كانییه‌وه، قسه له‌گه‌ڵ جهماوهرێكدا ده‌كات، له‌مه‌شدا پشت به تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌به‌ستێت. هه‌ڵبه‌ت بێ گومان ده‌توانێ بیر بكاته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م شته كار له‌و ئه‌ركانه بكات كه وه‌ك ئه‌ندامێكی تا راده‌یه‌ك نه‌رێنی، بۆ رواندنیان دامه‌زراوه. جا به‌م جۆره گه‌لێك به‌د ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ر له كاتی به‌جێ گه‌یاندنی كاره‌كه‌یدا، به ئاشكرا مشتومرِ ده‌رباره‌ی فه‌رمانێك بكات كه له سه‌ركرده‌كانییه‌وه پێی گه‌یشتووه، به‌ڵكوو له سه‌ری پێویسته گوێرِایهڵ بێت. به‌ڵام دادپه‌روه‌ری نییه كه وه‌ك بیریارێك، له مافی دهربرِینی تێبینی ده‌رباره‌ی كه‌م و كورِییهكانی خزمه‌تی سه‌ربازی بێ به‌شی بكه‌ین، هه‌روه‌ها مافی ئه‌وه‌ی ئه‌و تێبینیانه بخاته به‌رده‌می جه‌ماوه‌ر تا برِیاری له باره‌وه بدات.
هاووڵاتیش نابێ له‌و باجه‌ی له سه‌ریه‌تی رێگری بكات، به‌ڵكوو تانه لێ دانێكی بێ شه‌رمانه له سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی، كه له سه‌ریه‌تی بیاندات، كارێكه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌تن بێت و ده‌بێ سزای له سه‌ر بێت (ره‌نگه بشبێته مایه‌ی یاخی بوونی گشتی). وێرِای ئه‌وه، ئه‌و وه‌ك هاووڵاتییه‌كیش ئه‌ركی خۆی فه‌رامۆش ناكات، ئه‌گه‌ر وه‌ك بیریارێك به شێوه‌یه‌كی گشتی، گوزارشتی له بیر و رای خۆی ده‌رباره‌ی كه‌م و كورِییهكانی ئه‌و قه‌رزانه یان جۆره‌كه‌یان، دهربرِی. هه‌روه‌ها قه‌شه له سه‌ریه‌تی، قوتابی و پهیرِهوكهرانی به گوێره‌ی هێمای ئه‌و كڵیسهیهی خزمه‌تی ده‌كات، فێر بكات، چونكه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و مه‌رجه، ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ سپێردراوه. هه‌ڵبه‌ت وه‌ك بیریارێك ئه‌و ئازادیی ته‌واوی هه‌یه، كه ئه‌و بیر و رایانه‌ی خۆی به پوختی لێی كۆڵیونه‌ته‌وه و له نیه‌تێكی پاكه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌و هێمایه‌دا هه‌ڵه‌ن، هه‌روه‌ها پێشنیاره‌كانی خۆی بۆ ره‌خساندنی ته‌گبیرێكی باشتر بۆ سیسته‌می ئایینی و كڵیسایی، به جه‌ماوه‌ر رابگه‌یه‌نێت. ته‌نانه‌ت ئه‌وه وه‌ك به‌شێك له په‌یامه‌كه‌ی داده‌ندرێت. ئه‌مه‌ش هیچ شتێكی تێدا نییه كه وێژدانی ئازار بدات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی داده‌دات، به گوێره‌ی ئه‌ركی خۆی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری كڵیسهكه، وای پێشكه‌ش ناكات كه ئه‌و ئازاده و چۆنی بخوازێت پێشكه‌شی بكات، به‌ڵكوو ئه‌و بۆ دادانی شتێك به گوێره‌ی رێنمایی ئه‌وی دیكه و به ناوی ئه‌ویشه‌وه، دامه‌زرێندراوه. ئه‌و ده‌ڵێ: كڵیسهكهمان برِوای به‌و رایه یان ئه‌وی دیكه‌یان هه‌یه، ئه‌مه‌شه ئه‌و به‌ڵگانه‌ی پشتیان پێ ده‌به‌ستێت. پاشان ئه‌و هه‌موو سوودێكی كرداره‌كی به لایه‌نگرانی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش به گوێره‌ی ئه‌و رێسایانه‌ی ره‌نگه به متمانه‌ی ته‌واوه‌وه په‌سندیان نه‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڵێنی داوه رێساكان بڵێته‌وه، چونكه به ته‌واوی مه‌حاڵ نییه كه له نێو پێچ و لۆچی ئه‌واندا راستییه‌كی شاراوه هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هه‌ر حاڵ، به لای كه‌مه‌وه شتێكی تێدا نییه كه له‌گه‌ڵ ئایینی ناخدا ناته‌با بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێی وا بوو ناته‌بایی و هاودژی هه‌یه، ئه‌و كات ناتوانێت ئه‌ركی خۆی به‌و جۆره‌ی ویژدانی رازی بكات، به‌جێ بگه‌یه‌نێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا، پێویسته له سه‌ری وازی لێ بهێنێت.
وانه‌بێژی فه‌رمانبه‌ر، عه‌قڵی خۆی به‌رامبه‌ر به گرووپه‌كه‌ی به‌كار ده‌هێنێت، ئه‌وه هه‌ر ته‌نیا به‌كار هێنانێكی تایبه‌ته، چونكه ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه ته‌نیا گردبوونه‌وه‌یه‌كی ماڵباتییه، هه‌رچه‌نده زۆر گه‌وره‌ش بێت، ئه‌و وه‌ك قه‌شه‌یه‌ك له‌و به‌كار هێنانه‌دا ئازاد نییه، ئه‌و مافه‌شی نییه تێیدا ئازاد بێت، چونكه فه‌رمانێك جێبه‌جێ ده‌كات كه ئه‌وی دی پێی راسپاردووه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، پیاوی ئایین له به‌كار هێنانی گشتیی عه‌قڵدا، واته به‌و سیفه‌ته‌ی كه بیریاره و قسه بۆ جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه، واته بۆ جیهان ده‌كات، خاوه‌ن ئازادییه‌كی بێ كۆت و به‌نده به‌وه‌ی عه‌قڵی تایبه‌تی خۆی به‌كار بهێنێت، هه‌روه‌ها به ناوی خۆیه‌وه قسان بكات. ئه‌و دهبهنگییهی ده‌بێته مایه‌ی هه‌میشه‌یی بوونی ده‌به‌نگی ئه‌وه‌یه، كه رابه‌رانی گه‌ل (له كاروباری ئاییندا) كورت بین و ده‌ست كورت بن.
به‌ڵام ئاخۆ ناكرێ ده‌سته‌یه‌ك له پیاوانی ئایین، بۆ نموونه كۆرِ كڵیسهیهك، یان توێژێكی رێزدار (وه‌ك هۆڵه‌ندی ناوی ده‌به‌ن)، مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه ئه‌ندامانی پابه‌ندی سوێندێك بن به هێمایه‌كی دیاری كرا‌و، ئه‌و هێمایه‌ش قابیلی گۆرِین نه‌بێت، ئنجا چاودێرییه‌كی باڵا و هه‌میشه‌یی به سه‌ر هه‌موو ئه‌نداماندا پیاده بكه‌ن و پشتگیریشی لێ بكه‌ن، له رێی ئه‌مانیشه‌وه به سه‌ر تێكرِای گه‌لدا چاو‌دێر بن. من ده‌ڵێم: ئه‌وه هه‌رگیز ناكرێ. گرێبه‌ستێكی له‌م جۆره بۆ رێ گرتن له به‌رده‌وام بوون له رۆشنگه‌ر كردنی به‌ره‌ی مرۆڤ، به ته‌واوه‌تی پووچه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی باڵاشه‌وه دووپات كرایه‌وه، یاخود له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌كان و په‌یماننامه‌ی هه‌ره فه‌رمیی ئاشتیشه‌وه دووپات بكرێته‌وه. هیچ چاخێ ناتوانێ كۆك و یه‌كگرتوو بێت، كه چاخی دوای خۆی ناچار بكات نه‌توانێ په‌ره به زانیاریی خۆی (به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی زۆر پێویستن) بدات، هه‌روه‌ها له‌كۆڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه و، به گشتی به‌ره‌و پێش چوون له رۆشنگه‌ریدا. ئه‌وه ده‌بێته تاوانێك ده‌رهه‌ق به مافی ئاساییانه‌ی مرۆڤایه‌تی، كه ئامانجی ره‌سه‌نی خۆی، دروست له‌و پێشكهوتنهدایه. نه‌وه‌ی نوێ هه‌موو مافێكی هه‌یه كه ئه‌و برِیارانه ره‌ت بكاته‌وه و به نارِهوا و سهرهرِۆیان دابنێت.
هه‌ر شتێكی ده‌كرێ وه‌ك یاسا به سه‌ر گه‌لدا برِیار بدرێت، مه‌حه‌كی ئه‌و له‌م پرسیاره‌دایه: ئایا گه‌لێك ده‌توانێ ئه‌م یاسایه به سه‌ر خۆیدا بسه‌پێنێت؟ ره‌نگه ئه‌و یاسایه بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م و دیاری كرا‌و بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌مێك مومكین بێت، ئه‌ویش له سایه‌ی چاوهرِوان كردنی یاسایه‌كی باشتردا، به مه‌رجێك له هه‌مان كاتدا هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بۆی هه‌بێت، به تایبه‌تی پیاوی ئایین، به‌و سیفه‌ته‌ی كه بیریاره، واته له رێی نووسینه‌كانییه‌وه، ئازاد بێت له‌وه‌ی به گشتی تێبینیی خۆی ده‌رباره‌ی هه‌ر شتێكی هه‌ڵه له سیسته‌می ئێستا دهرببرِێ. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ئه‌و سیسته‌مه‌ی چه‌سپێندراوه هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی تێگه‌یشتن له ته‌بیعه‌تی شتان به گشتی ده‌گاته پله‌یه‌كی پێشكه‌وتوو، هه‌روه‌ها شیاویی خۆی ده‌سه‌لمێنێت تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه رێ بدات له رێی كۆ كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌وه (با هه‌مووشی نه‌بێت) پێشنیار بۆ ته‌خت (شا) به‌رز بكرێته‌وه، كه ده‌خوازێت ئه‌و گرووپانه بپارێزێت، بۆ نموونه له‌به‌ر رۆشنایی بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتنێكی باشتر بۆ شتان، سه‌باره‌ت به رێكخراوێكی جودای ئایینی رێككه‌وتوون، ئه‌ویش به بێ ئه‌وه‌ی توخنی ئه‌و گرووپانه بكه‌ون كه ده‌یانه‌وێ كاره‌كه وه‌ك چۆنه هه‌ر واش بمێنێته‌وه. هه‌رگیز ره‌وا نییه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌ی ژیانی یه‌ك تاكه مرۆڤیش بێت، رێككه‌وتن له‌باره‌ی سیسته‌مێكی چه‌سپاوی ئایین بكرێت، كه به گشتی نه‌كرێ گومانی لێ بكرێت، دوا جار له‌ناو بردنی سه‌رده‌مێك له كاروانی به‌ره‌و باش چووی مرۆڤایه‌تی، هه‌روه‌ها بێ به‌ر كردنی، ته‌نانه‌ت به هۆی ئه‌وه‌شه‌وه زیان به خه‌ڵكیش بگه‌یه‌ندرێت.
به‌ڵێ ده‌كرێ مرۆڤێك رۆشنگه‌ریی تایبه‌ت به زانینی ئه‌وه‌ی پێویسته بیزانێت دوا بخات، به‌ڵام ده‌ستبه‌ردار بوونی، جا چ ته‌نیا بۆ خۆی بێت، یان له خۆی زیاتر، سه‌باره‌ت به نه‌وه‌ی دواتر، ئه‌م شته به پێشێل كردنی مافگه‌لی پیرۆزی مرۆڤایه‌تی داده‌ندرێت و كوتینهوهیهتی به پێ. ئیدی شا مافی ئه‌وه‌ی نییه برِیار به سه‌ر گه‌له‌كه‌یدا بسه‌پێنێت، ئه‌و برِیارهی گه‌لیش مافی ئه‌وه‌ی نییه به سه‌ر خۆیدا بسه‌پێنێت. چونكه هه‌ژموونی یاسادانانی ئه‌و به ته‌واوی له‌وه‌دایه، كه ته‌واوی ئیراده‌ی میللی له ئیراده‌ی خۆیدا یه‌ك ده‌خات. جا ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌نیا سوور بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو چاكسازییه‌كی راسته‌قینه یان گریمانه له‌گه‌ڵ سیسته‌می مه‌ده‌نیدا گونجاو بێت، ئیدی بێ له‌وه ده‌توانێت واز له میلله‌ته‌كه‌ی بهێنێت، كه ئه‌و شته‌ی به زه‌رووری ده‌زانێت له پێناو رزگار كردنی خۆیاندا بیكه‌ن. ئه‌م شته ئه‌ركی ئه‌و نییه، به‌ڵام به كرده‌نی ئه‌ركی ئه‌وه، رێ نه‌دات كه‌سێك توند و تیژی دژ به كه‌سێكی دی به‌كار بهێنێت، كه كار بۆ رزگار كردنی خۆی ده‌كات و، به هه‌موو توانای خۆشییه‌وه بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و خواسته كار ده‌كات. ده‌ست وه‌ردانی له‌م كاره له رێی چاودێریی كردنی حكوومه‌ت به سه‌ر ئه‌و نووسینانه‌ی كه خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆچوونی خۆیانی تێدا روون ده‌كه‌نه‌وه، له شكۆی خۆی كه‌م ده‌كاته‌وه. جا ئه‌م كاره‌ی چ له گۆشه‌نیگای بۆچوونی تایبه‌ت و باڵای خۆیه‌وه بێت، یان ئه‌وه‌تا به هۆی داگرتنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه بێت به راده‌یه‌ك كه پشتیوانی له ملهورِیی ئایینی بكات، به جۆرێك هه‌ندێك له ملهورِان له نێو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆیاندا دژ به ره‌ش و رووتی گه‌ل ده‌یكه‌ن، ئه‌مه‌ش به راده‌یه‌كی زۆر زیاتر كار له شكۆی ده‌كات.
ئێستا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر بپرسین: ئایا ئێمه ئێستا له سه‌رده‌مێكی رۆشنكاردا ده‌ژین؟ وه‌ڵامه‌كه: نه‌خێر، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین بۆ رۆشنگه‌ری. له ره‌وشی ئێستای شتاندا، به گشتی گه‌لێك كه‌م و كورِی هه‌ن، تا ئه‌وه‌ی بوار به خه‌ڵكی ده‌دات، كه له كاروباری ئاییندا، به شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و له باش تێگه‌یشتنی خۆیان به‌كاری بهێنن، به بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دی سه‌ركردایه‌تییان بكه‌ن، له‌وه‌ش زیاتر هێشتا زۆری ماوه تا بگه‌ینه ئه‌وه‌ی بكرێ بیانگوازینه‌وه ئه‌و حاڵه‌ته. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌وانه، گه‌لێك نیشانه‌ی روون هه‌ن كه ئێستا بواریان له به‌رده‌مدا كراوه‌ته‌وه، تا ئازادانه خۆیان بۆ به ئاكام گه‌یاندنی ئه‌و كاره ئاماده بكه‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م رۆشنگه‌ریی گشتی، یان ده‌رچوون له‌و كه‌م و كورتییهی له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه، پێ به پێ كه‌م ده‌بنه‌وه.
ئه‌و پاشایه‌ی پێی نه‌نگ نییه بڵێ: ئه‌رك وایه كه له كاروباری ئاییندا رێنمایی به سه‌ر خه‌ڵكدا نه‌سه‌پێندرێت، به‌ڵكوو له‌و باره‌یه‌وه ئازادیی ته‌واویان پێ بدرێت، ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ناوی نازناوی لێبورده‌ش له خۆی دوور ده‌خاته‌وه، ئه‌وه هه‌ر خۆی رۆشنكاره، شیاوی ئه‌وه‌شه له لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه كه چاكه‌ی له‌به‌ر چاوه، هه‌روه‌ها له لایه‌ن نه‌وه‌كانی داهاتووشه‌وه ستایش بكرێت، به‌وه‌ی یه‌كه‌مین كه‌سه كه به‌ره‌ی مرۆڤی رزگار كردووه، به لای كه‌مه‌وه له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، له كه‌م و كورتییهوه، رێی به هه‌موو كه‌سێكیش داوه، ئازادانه عه‌قڵی خۆی له هه‌موو كاروبارێكدا كه په‌یوه‌سته به ویژدانه‌وه، به‌كار بهێنێت. له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و (پاشا)یه‌دا، پیاوانی بهرِێزی ئایین، به بێ ده‌ستكاری كردنی ئه‌رك و فه‌رمانیان، مافیان هه‌یه وه‌ك بیریار، ئازادانه و به گشتی برِیار و بیر و رایان بخه‌نه به‌ر چاوی جیهان، كه له‌م خاڵه‌دا یان ئه‌و خاڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هێمایه‌ی ئه‌وان پهیرِهوی ده‌كه‌ن، جیاوازن. هه‌روه‌ها ئه‌و مافه، بۆ هه‌ر كه‌سێكیشه كه وابه‌سته‌ی ئه‌ركی هیچ فه‌رمانێكیش نییه. رۆحی ئازادی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌شدا بڵاوه، ته‌نانه‌ت له سه‌ریه‌تی رووبهرِووی له‌مپه‌ری ده‌ره‌كییش ببێته‌وه، كه حكوومه‌تێك له رۆڵی خۆی حاڵی نییه و ده‌یسه‌پێنێت. خه‌ڵكی هه‌ر له خۆرِا زیاتر و زیاتر خۆیان له زبری رزگار ده‌كه‌ن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر به ئه‌نقه‌ست كار به ئاراسته‌ی لادانیان له‌و حاڵه‌ته نه‌كرێت.
خاڵی سه‌ره‌كیی رۆشنگه‌ری داندرا، واته بۆ ده‌رچوونی له‌و كه‌م و كورتییهی هه‌ر بۆ خۆی دهگهرِێتهوه، به شێوه‌یه‌كی بنهرِهتی له كاروباری ئاییندا، چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانمان هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان له‌وه‌دا نییه له بواری هونه‌ر و زانست‌دا رۆڵی رێبه‌رایه‌تی به سه‌ر خه‌ڵكی ره‌ش و رووتی خۆیاندا بگێرِن. سه‌رباری ئه‌وه، ئه‌و كهماسییه، جگه له‌وه‌ی فره زیان به‌خشه، هه‌روه‌ها ئه‌وه فره په‌یوه‌ندیداره به شكۆی مرۆڤه‌وه. به‌ڵام ته‌رزه بیركردنه‌وه‌ی خاوه‌ن شكۆیه‌ك كه هانی رۆشنگه‌ری ده‌دات، له‌وه دوورتر دهرِوات، ئه‌و ده‌بینێت كه ته‌نانه‌ت له بواری یاسادانانیشدا، مه‌ترسییه‌ك له‌وه‌دا نییه كه رێ به میلله‌ت بدات عه‌قڵی تایبه‌تی به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌كار بهێنێت، هه‌روه‌ها به ئاشكرا بیر و رای خۆی ده‌رباره‌ی شێوه‌یه‌كی باشتر بۆ ئه‌و یاسایه، بۆ جیهان بخاته روو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌كی بێ پێچ و په‌ناشی بۆ یاسای رۆژگار گرته خۆ. نموونه‌یه‌كی گه‌شمان له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه، هیچ شایه‌ك وه‌پیش ئه‌و شایه ناكه‌وێت كه كورِی خۆیه‌تی.
به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه، ته‌نیا كه‌سێك كه رۆشنكاره و له سێبه‌ر ناترسێت، له هه‌مان كاتیش‌دا سوپایه‌كی ژماره زۆر و فره رێك و پێكیشی بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی ئاسایشی گشتی هه‌یه، ده‌توانێت شتێك بڵێت كه كۆمارێك زات ناكات بیڵێت: (به ئه‌ندازه‌ی كه ده‌تانه‌وێ و له هه‌ر شتێكی گه‌ره‌كتانه، بیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام گوێرِایهڵ بن!) به‌م جۆره لێره، هه‌روه‌ها له بواری دیكه‌شدا، رێرِهوێكی سه‌یر و چاوهرِوان نه‌كراویش بۆ كاروباری مرۆڤایه‌تی خۆی ده‌نوێنێت، ئه‌گه‌ر له رووی گشتایهتییهوه لێی برِوانین، وا دێته به‌ر چاومان كه نزیكه‌ی هه‌موو شتێك تێیدا خه‌سڵه‌تی سه‌مه‌ره‌ی هه‌یه.
وا دیاره برِێكی زیاتر له ئازادیی مه‌ده‌نی، بۆ ئازادیی رۆحی گه‌ل سوودبه‌خشه. وێرِای ئه‌وه، له‌مپه‌ری واشی ده‌خاته به‌ر ده‌م كه ناكرێ تێپهرِێندێت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، برِێكی كه‌متریشی بوار له به‌رده‌می گه‌لدا ده‌كاته‌وه تا به گوێره‌ی توانای خۆی بكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر سروشت له بن ئه‌و توێكڵه ئه‌ستووره‌دا تۆوی ده‌رهێنا بێت، كه به جۆرێكی هه‌ره پرِ له نازه‌وه چاودێریی ده‌كات، واته مه‌یل و ئاماده‌یی بۆ بیركردنه‌وه‌ی ئازاد، بیركردنه‌وه‌ی ئازادیش به لای خۆیه‌وه پێ به پێ كار له ره‌فتاری گه‌ل ده‌كات (كه هێدی هێدی ئاماده ده‌بێت بۆ ئازادیی ره‌فتار كردن)، دوا جار ته‌نانه‌ت كار له پره‌نسیپه‌كانی حكوومه‌تیش ده‌كات، كه ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه وای به باش ده‌زانێت كه به‌و جۆره‌ی له‌گه‌ڵ شكۆیدا ده‌گونجێت، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بكات، كه ئه‌و ئێستا له هه‌ر ته‌نیا ئامێرێك زیاتره.