نووسه‌ری گه‌وره و خوێنه‌ری نیگه‌ران
September 19, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(مرۆڤ وه‌ک چۆن که سه‌یری ئاوێنه ده‌کات، ددانی خۆی ده‌بینێت،(من بۆچی منم؟) ئه‌مه ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌کییه‌یه که (ئۆرهان پاموک) له ڕۆمانی (قه‌ڵای سپی)دا به دوای وه‌ڵامه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌ز وه‌ها به‌رسیڤی ئه‌و پرسه ده‌ده‌مه‌وه: من بۆیه منم، چونکه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسم. هه‌قه ئه‌وه‌یش بڵێم: (وه‌ک چۆن چیرۆک‌نووس له پێناوی ژیاندا چیرۆک نانووسێت، له پێناوی چیرۆکنووسیندا ده‌ژی،)(1) منیش له پێناوی دابیکردنی بژێویدا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نانووسم، له پێناوی نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ده‌ژیم.)
ئه‌گه‌ر بیر بکاته‌وه، ده‌توانێت چاودێریی ئاوه‌زی خۆیشی بکات.)
ئۆرهان پاموک
(تاعوون)ی ئه‌لبێر کامو (1913_ 1960) که ساڵی 1947 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، ڕۆمانێکی ئالیگۆرییه، (چیرۆکی ڕه‌مزی) باس له‌و په‌تایه ده‌کات، که به شاری (ئۆران)ی باکووری جه‌زائیردا، بڵاو ده‌بێته‌وه. بۆیه ده‌ڵێم ڕه‌مزییه چونکه کامو مه‌به‌ستی له‌و په‌تایه، داگیرکردنی فه‌ره‌نسایه له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه. تاعوون تیشک ده‌خاته سه‌ر خه‌باتی ئینسان له پێناوی ژیاندا و له دژی مه‌رگ، مه‌رگێک که به هه‌مان چاو سه‌رنجی هه‌مووان ده‌دات و هیچ جیاوازی له نێوان تاوانبارێک و منداڵێک‌دا ناکات. که ئه‌ده‌بی کامو به گشتی ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی ناماقووڵهوه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه که باسی ئه‌و ناماقووڵییهی ژیان ده‌کات. له تاعووندا که هه‌م فه‌لسه‌فه هه‌یه و هه‌م مۆرال، کامو باس له‌وه ده‌کات که ئینسان له ته‌نگانه‌دا چۆن ڕه‌وتار ده‌کات و بۆ ئه‌وه هانمان ده‌دات که هه‌ر یه‌کێک له ئێمه پێویسته خۆمان بین و وا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین که خۆمان وه‌ک تاک ده‌خوازین، ئازادانه بڕیار بده‌ین و له ڕه‌وتاری خۆمان به‌رپرس بین.
بۆیه باسی تاعوونی (کامو)م کرد، چونکه زۆر شتی هاوبه‌ش له نێوان تاعوون و (قه‌ڵای سپی)ی ئۆرهان پاموکدا که ساڵی 1985 دا بڵاو کرایه‌وه و له‌سه‌ر ئاستی دنیا ده‌نگی دایه‌وه، هه‌ن. پاموک له (به‌یاز قه‌ڵا)دا، که ڕۆمانێکی دیرۆکییه و باس و خواسی فهلسهفییانهیش ده‌ورووژێنێت، چیرۆکی ژیانی خانه‌دانێکی ڤینیسایی ده‌گێڕێته‌وه که له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌مدا، چه‌ته زهریایییه تورکه‌کان دیلی ده‌که‌ن و دواتر له ئه‌سته‌نبووڵ (خۆجه) که ئه‌ستێره‌ناسه، ده‌یکڕێت و ده‌یکاته کۆیله‌ی خۆی. لایه‌نه هاوبه‌شه‌کانی دوو ڕۆمانه‌که بریتین له: بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا، هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌کان سه‌روه‌ختی ته‌شه‌نه‌کردنی په‌تاکه و نیشاندانی ترس و دڵه‌ڕاوکێیان. لای کامو ڕۆژنامه‌نووسێک تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ کن خۆشه‌ویسته‌که‌ی که له پاریس ده‌ژی، لای پاموک خانه‌دانی به کۆیله بوو، تاسه‌ی ڤینیسیا و خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات، وێڕای ئه‌مانه هه‌ردوو ڕۆماننووس به درێژی باس له بوون ده‌که‌ن.
(یوسف سائیغ که‌سێک بوو ته‌نیا، گاورێک بوو له نێوان موسڵماناندا، کۆمۆنیستێک بوو له‌ناو به‌عسییه‌کاندا، موسڵاوییهک بوو له‌نێو بهغدادییهکاندا.)(2) یوسف سائیغ هه‌مان ڕێی به‌در شاکر سه‌ییابی تاقی کرده‌وه و له‌ویشی تێپه‌ڕاند. سه‌ییابی کۆمۆنیست، بوو به نه‌ته‌وه‌یی، سائیغی کۆمۆنیستی گاور، هه‌م بوو به ناسیۆنالیست و هه‌م بوو به موسڵمانیش! کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی قه‌ڵای سپی، که‌سێکه به هه‌موو مانای وشه‌که ته‌نیا، دیله له نێو ئازاده‌کاندا، غه‌ریبه له وڵاتێکی بێگانه‌دا و گاوره له‌نێو موسڵماناندا، وه‌لێ که پێی ده‌ڵێن: (ئه‌گه‌ر ببیت به موسڵمان ئازادت ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر نا ده‌تکوژین، ل34) ئه‌وێک که پێی وایه، ئایین شیاوی ئه‌وه نییه ژیانی له پێناودا به‌خت بکرێت، که‌چی له نێوان گۆڕینی ئایین و مردن‌دا، دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرێت. خانه‌دانی دیل، که ئاماده‌یه ده‌ست له ژیان و له ئازادی هه‌ڵبگرێت، له پێناوی ئاییندا نییه، له پێناوی ئه‌وه‌دایه که ده‌خوازێت خۆی، خۆی بێت و له‌ژێر گوشاردا بوونی خۆی له کیس نه‌چێت. ئه‌مه ئه‌و مه‌سه‌له هه‌ره گرنگه‌یه که جێی بایه‌خی ئه‌لبێر کامویش بووه له تاعووندا.
(کێ له ڤرگینیا ۆڵف ده‌ترسێت؟) ناونیشانی شانۆنامه‌یه‌کی به‌ناوبانگی، شانۆنامه‌نووسی ئه‌مریکایی، (ئادوارد ئه‌لبی)یه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ناوی شانۆنامه‌که و ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا هه‌بێت، ئاخر له‌و تێکسته‌دا هێج باسێک له ڤرگینیا ۆڵف(1882 _ 1941) نییه! پاموک له ساڵی 1990 دا ڕۆمانی قه‌ره کیتاپ که ده‌بێته کتێبی ڕه‌ش بڵاو ده‌کاته‌وه، له (قه‌ڵای سپی)یه‌وه بۆ (کتێبی ڕه‌ش،) ئه‌و وه‌ک ئه‌دوارد ئالبی ناکات، له خۆڕا ناو له کاره‌کانی نانێت. مه‌به‌ستی له قه‌ڵای سپی، ئه‌و قه‌ڵایه‌یه که ده‌که‌وێته پۆڵۆنیاوه و له‌شکری عوسمانی ده‌یه‌وێت به هۆی ئه‌و چه‌که زه‌به‌لاحه‌وه که خۆجه دروستی کردووه، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.
ڕۆمان هونه‌رێکه تایبه‌ت به شار، له شاردا ده‌نووسرێت و هه‌ر له شاریشدا چاپ ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه. شیعر هونه‌رێک بوو، بۆ هه‌ڵبژارده ده‌نووسرا، ڕۆمان له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانیدا، ڕووی ده‌می له زۆربه بوو. جاران شیعر ئه‌م خێڵی له دژی ئه‌و خێڵ هان ده‌دا و ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی ده‌کرد به گژ ئه‌و نه‌ته‌وه‌دا، وه‌لێ ڕۆمان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنیدا، بانگه‌شه‌ی بۆ لێبورده‌یی ده‌کرد و ڕێزی له جیاوازی ده‌گرت. ڕۆماننووس که‌سێکی شارنشینی سه‌ر به چینی ناوه‌نده، که‌سێکه چاوی له داهاتووی ڕۆشن بڕیوه. ده‌ستۆیفسکی شه‌یدای پهتروسبورگ بوو، قاهیره شوێنی ژیانی کاره‌کته‌ره‌کانی نه‌جیب مه‌حفووز بوو، جیمس جۆیس پێی وابوو، بۆ ئه‌وه‌ی جوان له‌سه‌ر دیبلن بنووسێت، پێویسته لێی دوور بکه‌وێته‌وه، چارڵس دیکنز خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی له‌نده‌ن بوو. له ڕۆمانی (به‌فر) دا، شوێن شاری قارسه، وه‌لێ ئه‌سته‌نبووڵ له زۆربه‌ی کاره‌کانی دیکه‌ی (ئۆرهان پاموک)دا، کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کییه.
له (قه‌ڵای سپی)یشدا، شوێن هه‌ر ئه‌سته‌نبووڵه، ئه‌سته‌نبووڵی سه‌ده‌ی حه‌ڤده که (په‌تایه‌ک وه‌ک سه‌رسه‌رییه‌کی بێ ئامانج به شاردا ده‌سووڕێته‌وه، ل107) که تێیدا دوو که‌سه سه‌ره‌کییه‌که‌ی ڕۆمانه‌که، به‌رده‌وام بیۆگرافیای خۆیان بۆ یه‌کتری ده‌گێڕنه‌وه و له ڕێی ددانپێدانانه‌وه، ڕه‌خنه‌ی توند له خۆیان ده‌گرن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، ناخی خۆیان پاکژ بکه‌نه‌وه، خودی خۆیان بدۆزنه‌وه و هه‌ر یه‌کێکیان له‌وه تێبگات که (ئه‌و بۆچی ئه‌وه؟) پاموک له قه‌ڵای سپی‌دا، له ڕێی ته‌کنیکگه‌لی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه، مۆنۆلۆگ، خه‌ون و مۆتهکهوه، فێرمان ده‌کات، خودی خۆمان بڕیار له‌سه‌ر ڕه‌وتار و هه‌ڵوێسته‌کانمان بده‌ین و لێ نه‌گه‌ڕێین، ببینه بووکه‌شووشه و هێزێکی ده‌ره‌کی بمانبزوێنێت. وه‌ک چۆن (نورا)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی (ماڵی بووکه‌شووشه)ی ههنریک ئیبسن (1828 _ 1906) به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی خۆی، ماڵ جێ ده‌هێڵیت، په‌یامی قه‌ڵای سپی ئه‌وه‌یه، سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆمان بین. ماڵی بووکه‌شووشه که له 1879 دا نووسراوه، نموونه‌یه‌کی باڵای ئه‌ده‌بی مۆدێرنه، وه‌لێ قه‌ڵای سپی ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنه.
زۆرن ئه‌وانه‌ی توانای گێڕانه‌وه‌یان هه‌یه، که‌من ئه‌وانه‌ی به هۆی گێڕانه‌وه‌وه چیرۆکی هونه‌ری ده‌خوڵقێنن. ڕاسته چیرۆک هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، وه‌لێ ئه‌رکی سه‌ره‌کیی داهێنه‌ر به تێکستی ئه‌ده‌بی کردنی، گێڕانه‌وه‌یه. نووسه‌ر ڕه‌نگه که‌سێک بێت که ته‌نیا توانای نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیای خۆی هه‌بێت، وه‌لێ داهێنه‌ر، وێڕای نووسینه‌وه‌ی هونه‌رییانه‌ی ژیاننامه‌ی خۆی، توانای خوڵقاندنی ده‌یان و بگره سه‌دان کاره‌کته‌ری هه‌یه. سه‌رنجی ڕۆمانی (شه‌ڕ و ئاشتی)ی تۆلستۆی (1828 _ 1910) بده‌ن، ده‌ڵێیت که‌ڕنه‌ڤاڵی کاره‌کته‌ره. ئۆرهان پاموک یه‌کێکه له‌و نووسه‌ره داهێنه‌رانه‌ی توانای خوڵقاندنی کاره‌کته‌ری نه‌مریان هه‌یه، ئه‌وه بۆیه ئه‌وی قه‌ڵای سپی بخوێنێته‌وه، ئه‌سته‌مه هه‌رگیز خۆجه و کۆیله ڤینیسایییهکهی له بیر بچێته‌وه. ڕه‌نگه جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان گێڕانه‌وه و تێکستی هونه‌ری ئه‌وه بێت، یه‌که‌میان پشتی به واقیع قایمه و دووه‌میان زاده‌ی خه‌یاڵه، یان ده‌توانین بڵێین، یه‌که‌میان ڕووداوی ڕاسته‌قینه ده‌کات به سه‌رچاوه و دووه‌میان، گۆنته‌ر گراس گوته‌نی: جۆرێکه له جۆره‌کانی درۆ، ئاخر ئه‌وی نووسین بکات به پیشه، ناچار ده‌بێت، درۆیش بکات. (ڕۆمان نه له بازنه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌کدا گیر ده‌خوات، نه مل بۆ هیچ ڕێسایه‌ک که‌چ ده‌کات، ئه‌وه بۆیه ژان ڕیکاریۆ که ڕه‌خنه‌گرێکی فه‌ره‌نسایییه، ده‌بێژێت: ڕۆمان نووسینه‌وه‌ی سه‌رکێشی نییه، سه‌رکێشییه له نووسیندا.)(3)
(غه‌ریب پشده‌ری) هه‌ر شاعیرێکی چاک نییه، وه‌رگێڕێکی چالاکیشه، چونکه له یه‌کدی جوداکردنه‌وه‌ی شیعر و زاری دایک، کارێکی ئاسان نییه، ئه‌وه ئاسایییه به هۆی زمانی شیعره‌کانییه‌وه، بزانین خه‌ڵکی کام ده‌ڤه‌ره، وه‌لێ کاتێک ئه‌و چیرۆک و ڕۆمانانهیش که له فارسییه‌وه ته‌رجومه‌یان ده‌کات، ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر پاشناوی (پشده‌ری)یه‌که‌یش به ناوه‌که‌یه‌وه نه‌بێت، هه‌ر هه‌ست ده‌که‌ین، خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه. (به‌کر شوانی) ئه‌و وه‌رگێڕه لێزانه‌ی که بێجگه له (قه‌ڵای سپی،) هه‌ردوو ڕۆمانی (به‌فر) و (من ناوم سووره)ی وه‌رگێڕاوه و خه‌ریکی ته‌رجومه‌کردنی کاره‌کانی دیکه‌ی ئۆرهان پاموکه، هه‌میشه نا، هه‌ندێک جار ئه‌گه‌ر پاشناوی (شوانی)یش به ناوه‌که‌یه‌وه نه‌بێت، هه‌ست ده‌که‌ین خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه. وا بزانم هه‌قه ئه‌وه جێی مشت‌ومڕ نه‌بێت که وه‌رگێڕان پێویسته به زمانی ستاندارد بکرێت، نه‌ک به شێوه‌زار، یان بنزاری ئه‌م یان ئه‌و ناوچه. زمانی ستاندارد و سه‌رکه‌وتوو، ئه‌و زمانه‌یه که خوێنه‌ر هه‌ست ناکات، نووسه‌ره‌که‌ی خه‌ڵکی کام ده‌ڤه‌ره. به هۆی ئه‌و زمانه‌وه که شیعری پێ نووسیوه، ده‌رک به‌وه ناکه‌ین (نالی) شاره‌زووری بووه، به هۆی ئه‌و زمانه‌وه که ڕۆمانی یه‌شار که‌مالی پێ وه‌رگێڕاوه، هه‌ست به‌وه ناکه‌ین (شوکور مسته‌فا) گه‌رمیانی بووه، به هۆی ئه‌و زمانه‌وه که قورئانی پێ کردووه به کوردی، به‌وه نازانین (هه‌ژار) موکریانی بووه.
*
(*) ئۆرهان پاموک، قه‌ڵای سپی، وه‌رگێڕانی له تورکییه‌وه: به‌کر شوانی، ل24 ده‌زگای ئاراس 2008 هه‌ولێر.
(**) علی بدر، 3 سنوات علی الرحیل20. 12. 2008 الحیاة.
(***) د. جابر أحمد عصفور، إبتدأ زمن الروایه، الروایه العربیه، ممکنات السرد، أعمال الندوه الرئیسیه لمهرجان القرین الثقافی الحادی عشر، ص 155 المجلس الأعلی للثقافه و الفنون و الأداب 2008 دوله الکویت.