ئه‌دۆنیس: له نێو عه‌ره‌بدا بیرمه‌ندی ئیسلامی نییه (2-2)
December 6, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :دیمانه: محه‌مه‌د سوبح
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
* زۆریی كتێبی ره‌خنه له‌باره‌ی تۆوه، تۆ پێت وایه نیشانه‌یه‌كه سه‌باره‌ت به "هۆشیاریی قووڵ له‌باره‌ی ئه‌و شیعره‌وه كه پرسیار ده‌خاته روو و پرسگه‌لێك ده‌ورووژێنێت كه گرێدراوی بوون و چاره‌نووسن". جا ستایش كردنت بۆ ره‌خنه‌گرانی شیعره‌كانت تا چه‌ند ده‌كشێت به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی هاوچه‌رخی عه‌ره‌ب؟ ئه‌دی تا چه‌ند ده‌سكه‌وته‌كه‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟- چه‌ند ره‌خنه‌گرێكی عه‌ره‌ب هه‌ن كه ئه‌مرِۆ له ریزی گرنگترین ره‌خنه‌گرانی جیهانیان داده‌نێم. پاڵپشت به‌وان ده‌توانم بڵێم ئه‌وان هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌یی له لای عه‌ره‌ب دروست ده‌كه‌ن، كه به ته‌واوی نوێیه. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی فره گرنگه.
* گوتت "پێم وایه تا ئێستا ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی رێرِه‌وی باوی بیكه‌م نه‌م كردووه، كه‌چی وا پێویسته كه به پێچه‌وانه بخوێنمه‌وه"، مه‌به‌ستت له خوێندنه‌وه‌ی پێویست چییه؟ ئه‌دی چۆن ده‌كرێ پێچه‌وانه بخوێنیته‌وه؟ ئاخۆ له رووی لۆژیكه‌وه چۆن ده‌كرێ ستایشه‌كه‌ی پێشووت له‌باره‌ی زۆریی نووسینی ره‌خنه‌یی له‌باره‌ی تۆوه و ئه‌م سكاڵایه پێكه‌وه كۆ بكرێنه‌وه؟
- من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ره‌خنه‌ی عه‌ره‌بی له رێرِه‌وی ئه‌و پرسه مه‌زنانه‌وه بمخوێنێته‌وه كه ورووژاندوومن، له هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به كه‌لتووره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها له رێرِه‌وی ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی كولتووری عه‌ره‌بم كردوون، به شیعر و په‌خشانییه‌وه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی به كولتووره‌كانی دیكه‌وه، دیسان رێرِه‌وی ئه‌و ستاتیكا ده‌ستاوده‌ست كرده‌ی كه له سه‌ر ئه‌و رۆنراوه.
* هه‌ندێك كه‌س رای تۆ له‌باره‌ی شاعیران (مه‌حموود ده‌روێش و به‌یاتی و ماغووت و نزار قوبانی و ئه‌مه‌ل دنقل و حیجازی)یان وا لێك دایه‌وه، كه جۆرێكه له دادگایی كردنی هه‌سته‌وه‌ریی جیاوازیی شیعرانه، تۆ چۆنی ده‌بینی؟ ئایا ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه گوتووته به ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی داده‌نێیت؟
- من رای خۆم له‌باره‌ی ئه‌م شاعیرانه‌وه گوتووه، نه‌ك به‌وه‌ی كه ره‌خنه‌گرم، به‌ڵكوو به‌وه‌ی كه خوێنه‌رێكم و خاوه‌ن چه‌مكێكی تایبه‌تم له‌باره‌ی شیعره‌وه، هه‌روه‌ها شیعری مه‌زنیش ده‌ناسێت، ده‌شزانێت شاعیری مه‌زن كامه‌یه. پاشان ئایا منیش مافی ئه‌وه‌م نییه چێژ له شیعر وه‌ربگرم؟ هه‌روه‌ها ئه‌و چێژه‌ش به ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌وه بخه‌مه روو؟ ئه‌مه بۆنه‌یه‌كه كه تێیدا به خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب بڵێم: مرۆڤ بۆی هه‌یه حه‌زی به شیعری شاعیرێك نه‌یه‌ت، به بێ ئه‌وه‌ی (ئه‌مه) واتای ره‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و (شاعیره) بێت. هه‌روه‌ها به بێ ئه‌وه‌ی وا لێك بدرێته‌وه، كه ئه‌و شاعیرێكی گرنگ نییه. بۆ نموونه، من بۆ خۆم، حه‌زم به شیعری شاعیرێكی زۆر گرنگ نییه، له چوارچێوه‌ی كه‌له‌پووری زمانه‌وانی و شیعریی ئه‌ودا، ئه‌میش (مالارمێ)یه. ئه‌م خۆش نه‌ویستنه‌ش رای تایبه‌تی من ئاشكرا ده‌كات و كار له به‌هاكه‌ی، به نه‌رێنی یان ئه‌رێنی، ناكات.
* ئایا پێناسه تایبه‌ته‌كه‌ت بۆ هه‌ردوو چه‌مكی چه‌سپاو و گۆرِاو له پێشه‌كیی چاپی تازه‌ی كتێبه‌كه‌تدا، ئاماژه ناكات بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ت له داهێنان و په‌یرِه‌و كردن له لای عه‌ره‌ب به گوێره‌ی روانگه‌یه‌كی كه‌سییه‌وه، كه ته‌نیا پێوه‌رت كردووه‌ته چاوگ؟
- بۆ نا؟ له چ روویه‌كه‌وه به‌رهه‌ڵستی هه‌یه؟
* باشه وێكچوونی روانگه‌ی تۆ بۆ خوێندنه‌وه‌ی كه‌له‌پوور له "چه‌سپاو و گۆرِاو"دا له‌گه‌ڵ گوته‌كانی نوێخوازیی رۆژاوادا، چۆن راڤه ده‌كه‌یت؟ تۆ كه داوای ره‌ت كردنه‌وه‌ی چاولێكه‌ری كردنی كۆن ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش هه‌مان "دابرِان له كه‌له‌پووره"ـه كه بونیادگه‌ری خستییه روو، به هه‌مان شێوه‌ی دیدی تۆیه بۆ ده‌ق و په‌یوه‌ندیی هه‌ر یه‌ك له ئه‌فرێنه‌ر و وه‌رگر به ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه؟
- "دابرِان له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوور" چه‌مكێكه به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رامبۆدا له رۆژاوا په‌یدا بێت، عه‌ره‌ب په‌یرِه‌ویان كرد، (ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر له بونیادگه‌ری)، به نزیكه‌ی ده سه‌ده. یه‌كه‌مین په‌یرِه‌و كردنی ئه‌م دابرِانه سیاسی بوو. پاشان دابرِانی شیعری له‌گه‌ڵ (ئه‌بوو نواس)دا كه ده‌ڵێ: "ئایینی خۆم بۆ خۆم و هی خه‌ڵكیش بۆ خه‌ڵك". له‌م دابرِانه‌شدا، له رووی زمانه‌وه (ئه‌بوو ته‌ممام) و له رووی كولتووری- هزرییه‌وه (ئه‌بوو عه‌لای مه‌عه‌رِرِی) كه‌وتنه دووی. هاوشانی ئه‌ویش دابرِانێكی هزری فه‌لسه‌فیش هه‌بوو، به تایبه‌تی (ئیبنی راوه‌ندی) و (ئه‌بووبه‌كری رازی). ئه‌مه‌ش زۆر به خێرایی وه‌ك نموونه نه‌ك به تێكرِایی ده‌ڵێم. لێره‌شدا پێویسته بڵێم، قوولترین و باڵاترین به‌رهه‌می عه‌ره‌ب له زماندا، به شێوه‌یه‌كی بنه‌رِه‌تی له هه‌موو بواره‌كاندا له‌م دابرِانه‌وه ده‌رچووه.
* ئه‌وه‌ی له "چه‌سپاو و گۆرِاو" رابمێنێت، ده‌بینێت كه بریتییه له پۆلێن كردنێكی رێرِه‌وی جووله‌ی نه‌ریته‌یلی داهێنان و هزری عه‌ره‌بی نه‌ك چاوگێرِان به دیارده‌كانیدا، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، خۆ بواردن له ئاماژه دان به هیچ به‌هایه‌ك، كه‌واته به دروستی ده‌سكه‌وتی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه چییه؟ ئیدی چ سوودێك له مه‌له‌وانی كردن له نێو جوگرافیای كه‌له‌پووردا هه‌یه، بێ به‌دی كردنی هیچ به‌هایه‌ك؟
- چۆن ده‌كرێ ئه‌م جۆره پرسیاره له‌باره‌ی كتێبێكه‌وه بكرێت كه له بنه‌رِه‌تدا بۆ ئه‌وه نووسراوه، كه به‌هاگه‌لی باڵای نێو كه‌له‌پووری عه‌ره‌ب بدۆزێته‌وه، هه‌روه‌ها "به‌دی كردن" تێیدا؟ ئه‌ویش ئه‌و به‌هایانه‌ن كه ئاشكرایان ده‌كات، یان ئه‌وه‌ی "وه‌رچه‌رخان" و "داهێنان" به خۆوه‌ی ده‌گرن، له به‌رامبه‌ر "چه‌سپان" و "وه‌دووكه‌وتن". ئه‌مه‌ش به روونی له كتێبی "چه‌سپاو و گۆرِاو"دا خراوه‌ته روو: توێژینه‌وه‌ی له وه‌دووكه‌وتن و داهێنان له لای عه‌ره‌ب كردووه.
* وێرِای ئه‌وه‌ی لێبرِاوانه ره‌تی ده‌كه‌یته‌وه كه چاو له كه‌له‌پوور بكرێت له ئاستی نه‌ریتی داهێنان و پێوه‌ری ستاتیكی له "چه‌سپاو و گۆرِاو"دا، ده‌بینین راست و دروستیی پێوه‌ره‌كانی چه‌شه‌ی شیعر ده‌سه‌لمێنیت كه عه‌بدولقه‌هاری گورگانی (جورجانی) هه‌ڵی هێنجاون، ئایا له‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌كانی خۆت ناته‌با نیت؟ ئایا كه ئه‌وه‌ی گورگانی گوتوویه‌تی و تۆ وه‌رگرتووه، نیشانه نییه بۆ شیاویی ده‌سكه‌وته‌كانی كه‌له‌پوور و میرات تا ئه‌وه‌ی له ئایینده‌شدا به‌رده‌وام بن؟
- ئه‌گه‌ر من ده‌رهه‌ق به گورگانی بمگوتبابه "چه‌سپاوه" یان "وه‌دووكه‌وتوو" ئه‌وا من ناته‌با ده‌بووم. به‌ڵام من ئه‌و به داهێنه‌ر داده‌نێم، داهێنانیش "به‌سه‌ر ناچێت" به‌ڵكوو به "ئاماده‌یی" ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی گورگانیش به‌ده‌ستی هێنا، دژ به "میراتی چه‌سپاو" به‌ده‌ستی هێنا: به زمانێكی دی، "شۆرِشێك" بوو دژ به چه‌سپاو. ئه‌م "شۆرِشه" به‌رده‌وام مایه‌وه، كه "وه‌رچه‌رخان" نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، هه‌ر ئه‌ویشه به‌هایه‌ك به كه‌له‌پووره‌كه‌مان ده‌دات. "چه‌سپاو" لاسایی كردنه‌وه و دووباره‌یه، وه‌رچه‌رخانیش داهێنان و تێپه‌رِاندنه. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه من له توێژینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی خۆمدا له‌باره‌ی كه‌له‌پووری شیعر و په‌خشانی عه‌ره‌بدا كارم بۆ دامه‌زراندنی كرد، كه به هه‌ڵسه‌نگاندنێكی كرداره‌كیش، تاجم نایه سه‌ری: ده‌ست نیشان كردنی نوێنه‌رانی داهێنانی شیعری، ده‌ركردنی هه‌ڵبژارده‌كان به چوار به‌رگ به ناونیشانی "دیوانی شیعری عه‌ره‌ب" (خانه‌ی ئه‌لساقی)، هه‌روه‌ها ده‌ست نیشان كردنی نوێنه‌رانی داهێنانی په‌خشانی عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها ده‌ركردنی هه‌ڵبژارده‌كان ئه‌ویش به چوار به‌رگ، به ناونیشانی "دیوانی په‌خشانی عه‌ره‌ب" (خانه‌ی بیدایات، خانه‌ی ئه‌لته‌كوین، دیمه‌شق). كه‌واته راست نییه ده‌رهه‌ق به كه‌سێك كه هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كردووه، به داخه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌كی باویشه، كه لێبرِاوانه ره‌تی ده‌كاته‌وه كه "چاو له میرات له ئاستی داهێنان و پێوه‌ری ستاتیكی بكرێت". به گوێره‌ی گوزارشتی تۆ. راسته من چاو له میرات ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌و ریشه‌مه.
* له "چه‌سپاو و گۆرِاو"دا به‌وه گه‌یشتی كه "ستاتیكای (جوانناسیی) شیعر و به كورتی ستاتیكا، ستاتیكای چه‌سپاو نییه به‌ڵكوو ستاتیكای گۆرِاوه"، پێت وا نییه كه به‌رامبه‌ركاری له‌م به‌ره‌نجامه‌ی نێوان چه‌سپاو و گۆرِاو له سه‌ر بنه‌مایه‌كی هه‌ڵه دامه‌زراوه، به ئاماژه‌دان به چاوگی هه‌ست كردن به جوانی سه‌باره‌ت به مرۆڤ، چاوگ بریتی نییه له چه‌سپاو یان گۆرِاو؟
- له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه "گۆرِاو" یان "وه‌رچه‌رخاو"، به زه‌رووره‌ت "گوته‌ی نوێ" ده‌گرێته خۆ، هه‌روه‌ها رێكاری نوێش بۆ گوزارشت كردن لێی. كه‌واته ئه‌و، جوانییه‌كی نادووباره پێشكه‌ش ده‌كات، ئاسۆی نوێش بۆ چه‌شه‌ی هونه‌ری ده‌كاته‌وه.
* چۆن ده‌كرێ كار بۆ چه‌شه‌یه‌كی شیعری بكرێت كه ده‌قه‌كانی داهێنانی شیعر بگرێته خۆ، وێرِای ره‌چاو كردنی ستاتیكای گۆرِاویش؟ ئه‌و پێوه‌رانه‌ی چه‌شه‌ش چین كه له نێو ستاتیكای گۆرِاودا ده‌یخه‌یته روو؟ چاوگی ئه‌و پێوه‌رانه‌ش چین؟
- بۆ چێژ وه‌رگرتن له شیعر و هونه‌ر، ده‌بێ رۆشنبیرییه‌كی گه‌وره‌ی شیعر و هونه‌ر هه‌بێت. ئه‌مه‌شه گرفتی چه‌شه و خوێندنه‌وه له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بدا. به زۆری، خوێنه‌ری شیعر له لای ئێمه له شیعردا بێ رۆشنبیرییه. ئه‌و خوێنه‌ره ته‌نانه‌ت به كه‌له‌پووری شیعر به زمانی عه‌ره‌بیش ئاشنا نییه، په‌ی به نهێنییه‌كانی ته‌كنیكی شیعر و واتای زمانی شیعریش، نابات. بۆیه چێژ وه‌رگرتنه‌كه‌ی پشت به ورووژان و هه‌ستی به‌راییانه‌ی رووكه‌ش ده‌به‌ستێت، نه‌ك رامان و به‌دی كردن.
* كاتێك كه له باشیی داهێناندا، به‌ها به گۆرِان و ئه‌زموون له سه‌لیقه‌ی گۆرِاودا ده‌درێت، ئایا بوارێك بۆ كاری كولتووری هونه‌ری ده‌مێنێته‌وه؟ چۆنیش ده‌كرێ كولتوورێكی هونه‌ری پێك بهێندرێت كه هاوشان بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌قێكی شیعریدا؟
- شیعری مه‌زن پێی ناگوترێت "كۆن" ته‌نیا له رووی زه‌مانه‌وه نه‌بێت. ئه‌م ته‌رزه شیعره هه‌میشه "نوێیه". گلگامش داستانه شیعرێكی "نوێیه"، به هه‌مان شێوه ئه‌لیاده، ئۆدیسه، ئیمرول قه‌یس، ئه‌بوو نواس، موته‌نه‌بی، مه‌عه‌رِی شاعیری "نوێن". "نوێخوازی" لێره‌دا خود به‌هایه‌كه له ده‌قدا، كه زیندوویه‌تیی ئه‌ودا خۆی ده‌نوێنێ: به‌سه‌رچوونی بۆ نییه، هه‌رده‌م ده‌توانێت دیالۆگ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا بكات. به "ئاماده‌یی" ده‌مێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده كه له "رابردوویه‌كی كۆنیش"دا نووسرابێته‌وه. ئه‌مه‌شه "نهێنیی داهێنان" و "واتاكه‌ی".
* وا ته‌ماشای شاعیر ده‌كه‌یت كه خودێكی ره‌هایه، "شاعیر له رووی شیعره‌وه هه‌موو شتێكه"، وه‌ك گوتت، ئاخۆ چۆن ده‌كرێ ئه‌و قسه‌یه له ته‌رازوو بدرێت و له ره‌هه‌نده‌كه‌ی بكۆڵدرێته‌وه، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌یه، كه شاعیر بریتییه له مرۆڤێك خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی دیاری كراوه به پێی سنوور و رواڵه‌ت، نه‌ك ئه‌وه‌ی خودێكی ره‌ها یان بابه‌تێكی ره‌ها بێت؟
- هه‌ڵبه‌ت شاعیر "زاتێكی ره‌ها نییه"، وه‌لێ "هه‌ست به شتانێك ده‌كات كه هی دی هه‌ستی پێ ناكه‌ن"، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشینانمان گوتوویانه. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێش خۆیدا "كارلێك ده‌كات"، به‌ڵام (ئه‌و) "دووباره‌ی ناكاته‌وه"، به‌ڵكوو لێی لا ده‌دات تا بتوانێ شتێكی تازه بهێنێت. بته‌وێ شیعر بنووسیت، واته ده‌ته‌وێ هه‌میشه "نوێ" بیت.
* به گوێره‌ی دیدی تۆ بۆ نوێخوازی، شاعیر چۆن ده‌توانێ شیعری خۆی له چوارچێوه‌یه‌كی به ته‌واوه‌تی ئازاد له نموونه‌كانی داهێنانی پێش خۆی، نوێ بكاته‌وه، وێرِای ئه‌وه‌ی (ئه‌و نموونانه) ئاوێته به پێكهاته‌ی ئاگا و نائاگای ئه‌و بوون؟
- ته‌نیا شاعیری نه‌زانه كه به ته‌واوی له داهێنانه‌كانی شیعریی پێشوو ئازاد ده‌بێت، ئه‌و شاعیره نه‌زانه‌ش راست نییه ناوی بنێین شاعیر. ئه‌و شاعیره‌ی شایسته‌ی ئه‌و ناوه‌یه، ئه‌وه‌یه كه داهێنه‌رانی به‌ر له خۆی ده‌ناسێت، هه‌رسیان ده‌كات و لێیان "لا ده‌دات"، بۆ ئه‌وه‌ی "زێده‌یه‌كی" بخاته سه‌ر.. داهێنه‌ری "برای" داهێنه‌ره، به‌ڵام به جیاوازییه‌كی ته‌واوه‌وه.
* هۆی ئه‌و نادیارییه چییه كه له شیعری تۆدا سه‌رنجی توێژه‌رانی به لای خۆیدا راكێشاوه؟ ئایا ده‌كرێ هۆی ئه‌و نادیارییه یان هه‌ندێكی بۆ دید و روانینی تۆ بۆ پرسگه‌لی هه‌مه‌كی بگێرِینه‌وه، كه گوتووته "كاتێك ده‌ڵێین شیعر، ئه‌وه خۆبه‌خۆ ده‌ڵێین مرۆڤ و بوون و هه‌رده‌می (سه‌یرووره)، ئیدی هه‌موو پرسگه‌لی گه‌وره له‌مه‌دایه؟"
- هۆی سه‌ره‌كی، وه‌ك كه من ده‌یبینم، بۆ چه‌ندین شت ده‌گه‌رِێته‌وه، له‌وانه من له شیعر نووسیندا به "جاده‌ی قیرتاو"دا نارِۆم. له‌وانه‌ش من شیعر و هزر له یه‌كدی جیا ناكه‌مه‌وه: چامه‌ی شیعر- هزر له یه‌كدی جیا نابنه‌وه. له‌وانه‌ش من له شیعر نووسیندا له دیدگایه‌كی ته‌واو جیاواز له دیدگای باوی نێو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب، ده‌رِوانمه مرۆڤ و جیهان و هونه‌ر. ئه‌ویش دیدێكه گرێدراوی بوون و چاره‌نووس و پرسگه‌لی مه‌زنه. له‌وانه‌ش لێبرِوانه ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌مه كه شیعر ببێته ئامرازێك بۆ خزمه‌ت كردنی هه‌ر پرسێك چ وه‌ك داكۆكی كردن یان په‌سن دان. شیعر نه ئامرازه و نه قاپ كه پرسه‌كانی بخه‌یته نێوه‌وه، به‌ڵكوو دیدێكی سه‌راپاگیره، كه پرسینگه‌ی گشتی تێیدا له تێكرِای خولیا و حاڵه‌ته‌كانی خود جیا نابنه‌وه. هه‌موو پرسه‌كان ئامرازن بۆ خزمه‌ت كردنی شیعر له رووی هونه‌رییه‌وه، ده‌بێ شاعیریش په‌ی به‌وه ببات كه چۆن باش به‌كاریان بهێنێت، به بێ ئه‌وه‌ی ببێته دیلی ئه‌وان. هه‌روه‌ها له‌وانه، جۆری ئه‌و زمانه‌ی شیعری پێ ده‌نووسم، زمانێكی جوان و تێك هه‌ڵكێشه، بریتییه له په‌یوه‌ندیی فره لایه‌نی نێوان شت و په‌یڤ له لایه‌ك، خه‌یاڵگه و وێنه له لایه‌كی دیكه‌وه.
* له به‌رده‌م داخرانی ده‌قی شیعریی ئێوه وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ره‌وتی نوێخوازیی شیعر، چۆن ده‌رِوانیته بنیادی ده‌قی شیعری، نه‌مازه كه باڵی به‌سه‌ر رووبه‌ری پێكه‌وه‌رِۆ له‌گه‌ڵ وه‌رگردا كێشاوه؟ له سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك به‌رپرسایه‌تیی د‌رك كردن به ناوه‌رۆكی ده‌ق له ئه‌زموونانێكی داهێنانی وه‌ك ئه‌وه‌دا، ده‌خه‌یته ئه‌ستۆی وه‌رگره‌وه؟
- كێشه‌ی ئه‌مرِۆی شیعری عه‌ره‌بی، له نێو خودی شیعردا نییه، به‌ڵكوو له "ده‌ره‌وه"دایه: له خوێندنه‌وه و وه‌رگرتن و خوێنه‌ردایه. كه‌واته ئه‌و كێشه‌یه‌كی كولتووری كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتییه. به زمانێكی دی: كێشه‌ی ئه‌مرِۆی نووسینی عه‌ره‌بی، له پله‌ی یه‌كه‌مدا، كێشه‌ی خوێندنه‌وه‌یه. ئه‌وهای رۆژنامه‌یه‌ك ده‌خوێنیته‌وه، چامه‌ی شیعر ئه‌وها ناخوێندرێته‌وه. چامه هه‌واڵێك نییه ده‌رباره‌ی حاڵه‌تێك یان پیشاندانی قه‌ناعه‌تێك. چامه‌ی داهێنه‌رانه دید و روانینێكه بۆ جیهان و سێبه‌ره بۆ حاڵه‌ته‌یلی مرۆیی. به لێپرسینه‌وه و رامانه‌وه ده‌خوێنیته‌وه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی به چه‌شه‌ی هونه‌ریی زمانه‌وه ده‌خوێنیته‌وه.
* له به‌راییدا، به گه‌رمییه‌وه پێشوازیت له به‌هاری عه‌ره‌ب كرد و وات دانا كه دژه باوه و رووداوێكی ده‌گمه‌نه به‌وه‌ی كه لۆژیكی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و ژێرده‌سه‌ڵاتی پووچه‌ڵ كرده‌وه، پاشان هه‌ڵوێستی خۆت له پاش گه‌یشتنی ئیسلامییه‌كان به ده‌سه‌ڵات گۆرِی، هه‌رچه‌نده ئه‌وان به ده‌نگی گه‌ل ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. ئیدی بۆچی رێز له بژاده‌ی ویستی گه‌لانی عه‌ره‌ب ناگریت، به هه‌مان شێوه‌ی رێز گرتنت له ئه‌وانی دی؟
- له رووی پره‌نسیپ و جه‌وهه‌ره‌وه، له سه‌رگه‌رمی نه‌كه‌وتووم. گوتوومه و ده‌شڵێم من رێز له ویستی گه‌لان و بژارده‌ی دیموكراسیی ئه‌وان ده‌گرم، مافی خۆمه كه به‌رهه‌ڵستی "ده‌سه‌ڵات" بم كه هه‌ر چییه‌ك بێت. من پێشتر و ئێستاش به‌رهه‌ڵستی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم، كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، گرێدراوی ئایینی ئاوێته به سیاسه‌ت بێت. هه‌روه‌ها به‌رهه‌ڵستی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیشم كه به‌ند بێت به خۆسه‌پاندنی ره‌ها یان دیكتاتۆریه‌ت بێت، جا دروشمه‌كه‌ی هه‌ر چییه‌ك بێت. كۆمه‌ڵ (بریتییه له) وڵاتایه‌تی، مه‌ده‌نیه‌ت، تاكه‌كانی، به‌ده‌ر له لایه‌نی ئایین یان ئه‌تنیك، یه‌كسان ده‌بن. ئایینیش ئه‌زموونێكه په‌یوه‌ندیی به سیاسه‌ته‌وه نییه. ئایین كۆمه‌ڵێك شتی ره‌های نه‌گۆرِ و سرووت و پرسی باوه‌رِه. ده‌سه‌ڵاتیش كاروبارێكی كاتی و دنیایی و كرده‌نییه، هه‌روه‌ها هه‌ڵسوورِاندنی گۆرِاوه‌كانی ژیانه، ره‌چاوی هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ده‌كات به چاوپۆشین له ره‌گه‌ز و باوه‌رِی. كاتێك ئایین تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت ده‌كرێت، ناكرێ نه‌خرێته نێو گۆرِاوه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌یكاته ته‌نیا ئامرازێكی سیاسی.
* ئایا پێت وا نییه ئه‌دۆنیس له دژبه‌رییه‌كانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا ئه‌وی دی ره‌ت ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها دیلی پێشه بۆچوونه؟
- دوای ئه‌وه‌ی له پرسیاری پێشوودا من هه‌ڵوێستی خۆمم بۆ تۆ روون كرده‌وه، ئایا هیچ دژبه‌رییه‌ك ده‌بینی، له كوێشدایه ئه‌و دژبه‌رییه؟
* هه‌میشه ئه‌وه له ده‌گوترێته‌وه كه گۆرِان له نێو جیهانی عه‌ره‌بدا به‌نده به وه‌رچه‌رخانی راسته‌قینه‌وه به‌ره‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هیچ ناكۆكییه‌ك له‌وه‌دا نییه، به‌ڵام ئایا راسته كه تۆ سووری له سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌ی دامه‌زراندنه‌كه جووت بێت له‌گه‌ڵ نموونه‌كه‌ی ئه‌وروپادا، وێرِای ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌ی نێوان تاك و كۆمه‌ڵ (له ئه‌وروپا)، كه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت؟
- من هه‌رگیز نه‌مگوتووه كه ده‌بێ عه‌ره‌ب لاسایی "نموونه‌كه‌ی ئه‌وروپا" بكه‌نه‌وه. به‌ڵام گوتوومه ئه‌وروپا نه‌گه‌یشته دیموكراسی تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی له چنگی كڵیسه و دیرۆكی دادگاكانی پشكنین ده‌رهێنا. وێرِای ئه‌وه، هێشتا زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا له دیموكراسییه‌كه‌یاندا ساتمه ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب ده‌یانه‌وێت به كرده‌نی بگه‌نه به كۆمه‌ڵگای دیموكراسی مه‌ده‌نی كه هه‌مووان تێیدا یه‌كسان بن، ئه‌وا مه‌حاڵه له رێی ئایینی ئاوێته به سیاسه‌ته‌وه پێی بگه‌ن. ژیانی مه‌ده‌نی له‌باریدا نییه بێ له یاسا، به‌رحوكمی هیچ شتێكی دی بێت (یاساش به پێی هه‌لومه‌رج و ره‌وشی گشتیی هاوبه‌شه‌وه، قابیلی گۆرِین و هه‌مواره).
* چۆن پاساوی ئه‌وه ده‌ده‌یته‌وه كه رۆشنبیری عه‌ره‌ب ناتوانێ هیچ رۆڵێكی هه‌بێت له نێو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بدا؟ بۆچی روانینت بۆ رۆڵی رۆشنبیر له نێو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب وابه‌سته‌ی چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌و به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌كه‌یت و ره‌هه‌ندی رۆشنبیر كردن و مه‌عریفه‌كه‌ی فه‌رامۆش ده‌كه‌یت، كه ئه‌ركه‌كانی ئه‌و له قوول كردنه‌وه‌ی هۆشیاریدا ده‌گرێته خۆ؟ چۆنیش ده‌رِوانیته رۆڵی رۆشنبیری عه‌ره‌ب له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی تێیدا ده‌ژی؟
- بۆ ئه‌وه‌ی رۆشنبیری عه‌ره‌ب رۆڵێكی هه‌بێت له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی تێیدا ده‌ژی، یه‌كه‌م ده‌بێ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه وه‌ك گیاندارێكی ئازاد بیناسێت، هه‌وره‌ها ره‌وا بوونی مافی ئه‌و له راده‌ربرِینیش بناسێت: گیاندارێكی ئازاد بێت، ئاغای خۆی و ژیان و هزری خۆی بێت، نه‌ك فه‌رمانبه‌ر یان بانگه‌شه‌كار بێت. واقیع پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه. له روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه رۆشنبیری عه‌ره‌ب فه‌رمانبه‌ره: مژده ده‌دات، خه‌ڵك فێر ده‌كات و بانگهێشت ده‌كات... هتد، چونكه ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌هایه. له روانگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه، كولتووری عه‌ره‌ب هه‌ر ته‌نیا ئه‌ركێكه بۆ خزمه‌ت كردنی كۆمه‌ڵ یان ده‌وڵه‌ت، نه‌ك توێژینه‌وه و گه‌رِانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بێت له هه‌موو بواره‌كاندا. كولتوور له جه‌وهه‌ردا ره‌خنه‌یه: نه‌ك ته‌نیا ره‌خنه گرتن له كرداری رۆژانه‌ی سیاسی یان جڤاكی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژیانی عه‌ره‌بدا ده‌ی بینین، به‌ڵكوو ئه‌و ره‌خنه‌یه له رابردوو و داهاتووی دید و لێبرِاوه و بنه‌ماكان. ئه‌و له‌گه‌ڵ كولتووری باودا ناته‌بایه. ئێمه له سایه‌ی كو‌لتوورێكدا ده‌ژین كه زات ناكات خۆی له قه‌ره‌ی پرسی مه‌زنی چاره‌نووسساز یان مرۆیی یان كولتووری بدات. ئیدی رۆشنبیری عه‌ره‌ب له كوێوه رۆڵی ده‌بێت، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه رۆڵی بانگه‌شه‌كه‌ر بۆ ئه‌م ره‌وت یان ئه‌وی دی، بۆ ئه‌م پارت یان ئه‌وی دی نه‌بێت؟ بواریش بۆ پره‌نسیپی ئازادیی راده‌ربرِین نییه، كه واتای ئه‌وه‌یه، را به را ره‌ت ده‌كرێته‌وه یان ده‌خرێته به‌ر گفتوگۆوه، نه‌ك به هه‌مه‌جۆر سزا كه له جیهانی عه‌ره‌بدا ناسراون. یه‌كه‌م جار له سه‌رمان پێویسته كه ئازادیی توێژینه‌وه و قسه كردن له هه‌موو بواره‌كاندا به رۆشنبیر بده‌ین، به‌ر له هه‌مووشیان بواری هزر، پاش ئه‌وه، ئه‌وجا داوای لێ بكه‌ین رۆڵی هه‌بێت.
* چۆن به‌رهه‌می داهێنه‌رانی سعوودی له رووی ده‌ق و ره‌خنه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ ئه‌دی چۆن ده‌رِوانیته ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك رۆماننووسی سعوودی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خه‌ڵاتی پۆكه‌ریان به‌ده‌ست هێناوه؟
- له رابردوودا له چه‌ندین بۆنه‌ی جیاجیادا باسی سه‌رسورِمانی خۆمم كرد به به‌رهه‌می وێژه، شیعر و په‌خشان، هه‌روه‌ها به بزووتنه‌وه‌ی شێوه‌كاری له وڵاتانی دورِگه‌ی عه‌ره‌ب و كه‌نداو، به تایبه‌تی له سعوودیه. براده‌رایه‌تیی قوول و كۆنیشم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و دوو بزووتنه‌وه‌یه‌دا هه‌یه. به‌ڵام ئاگاداریم له‌باره‌ی ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه له‌م ساڵانه‌ی دوایی، به هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تم، سه‌رباری هه‌لومه‌رجی گشتی، كه‌م بووه. ئه‌مه‌ش سه‌باره‌ت به من له‌مپه‌رێكی گرنگی مه‌عریفییه بوارم پێ نادات وه‌ڵامی پێویست بده‌مه‌وه.
* هه‌ڵوێستی ئه‌دۆنیس له قه‌یرانه‌كه‌ی سووریا رۆشنبیرانی تووشی شۆك كرد، زۆر كه‌سیش پێیان وایه كه تۆ خۆت له هه‌موو ئه‌و دروشم و به‌هاگه‌له دوور خسته‌وه كه هه‌رده‌م له كاروانی كولتووریی خۆتدا بانگه‌شه‌ت بۆ كردووه، ئاخۆ تۆ چ ده‌ڵێی؟
- له رووی مه‌به‌سته‌وه، هه‌ڵوێستم هه‌مبه‌ر به قه‌یرانی سووریا و به‌هاری عه‌ره‌ب به گشتی، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا جیا نییه، به‌ڵكوو له رووی ئامرازه‌وه من له‌وان جودام. من له یه‌كه‌مینی ئه‌و ناوانه بووم كه به‌یاننامه‌ی رۆشنبیرانی به‌رهه‌ڵستیان واژۆ كرد، ئه‌و یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی دیمه‌شق بوو. هه‌روه‌ها له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه‌شدا بووم كه له ته‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆرِانی توونس و میسردا بوون، زۆریشم له‌باره‌ی رژێمی سووریاوه نووسی، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كه گۆرِان و وه‌رچه‌رخان پێویسته. هه‌ڵبه‌ت تووشی شۆك هاتم كاتێك ئه‌و هێزانه له كاری ئاشتیخوازانه‌ی دیموكراسیانه‌ی میللیی مه‌ده‌نییه‌وه، وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و كاری توند و تیژ و چه‌كداری. جیاوازیی من له‌گه‌ڵ ئه‌وان به كورتی ئه‌مه‌یه: په‌نا بردن بۆ توند و تیژیی چه‌كداری. بانگه‌شه كردن بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی بیانی. گوتاری ئایینی- مه‌زهه‌بی، كه تێیدا سیاسه‌ت و ئایین تێكه‌ڵ به یه‌كدی ده‌بن به چه‌شنێك كه به ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئازادی و له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا ناكۆكه. خۆشم بۆ بۆنه و ره‌وشه‌كه ئاماده كردووه، به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆییانه، به كۆمه‌ڵ كار ناكه‌م، به‌ڵكوو تاك و ته‌نیا كار ده‌كه‌م: دژ به ملهورِی به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه، دژ به توند و تیژی به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه. پێویستم به نمایش كردنی هه‌ڵوێسته‌كانیشم نییه، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رد و به‌ڵایه‌ی له لایه‌ن رژێمی سووریاوه تووشی بووم، هه‌ر له ساڵی 1956ـه‌وه كه سووریام جێ هێشت، تا ده‌گاته ئێستا.