لە خۆشەویستیدا بێدەنگی لە پەیڤین کاریگەرترە

لە خۆشەویستیدا بێدەنگی لە پەیڤین کاریگەرترە

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

خۆشەویستی چونکە پێوەندیی بە بڕیاری تاکەکەسەوە هەیە، چونکە چوونە بەرەو پیریی هاواری هەستی تاکەکەسێکەوە، نەک هەر ئینسان لە ئاژەڵ جودا دەکاتەوە، بەڵکوو تەنانەت ئینسانێک لە ئینسانگەلی دیکەیش جیا دەکاتەوە. ئەو چرکەساتەی بۆ یەکەم جار زەوینلەرزەی هەستکردن بە خۆشەویستی دەمانهەژێنێت، جوانترین چرکەساتە لە ژیانماندا و پێمان خۆشە، زەمەن لەوێدا بوەستێت، ئاخر وەک مەحاڵ وایە، جارێکی دیکە چرکەساتی وا بە هەمان جوانییەوە، دووبارە ببێتەوە. هەرچەندە (خۆشەویستی خەباتە لە پێناوی نەمریدا،) بەڵام بە گوێرەی تیۆرییەکەی شۆپنهاوەر کە نزیکە لەوەی (چارڵس داروین)ەوە، خۆشەویستی هیچ نییە، غەیری گەمەکردن بە چارەنووسی تاک نەبێت و تاقە هەوڵدانێکە بۆ پاراستنی توخمی ئینسان.

ئەوین، تاک بەرەو نەمریی دەبات، ئاخر ئەوین کرۆکی باڵای ژیانە و بە لووتکە گەییشتنی هەبوونی ئینسانە. ئەوین با بە کارەساتیش کۆتایی بێت، هەر کۆمەکی ئینسان دەکات تا بێجگە لەم جیهانە، بە چەندان جیهانی دیکەیش ئاشنا ببێت و بەرەو ئەو جیهانانەی دەبات کە نە سەرەتایان ئاشکرایە و نە کۆتایییان دیارە. ئەوین، هەر بە یەکبوونی دوو ئینسان نییە، بە یەکبوونی ئینسانە لەگەڵ دونیادا و دەربازبوونیەتی لە دونیا سنووردارەکەی خۆی و ڕزگاربوونیەتی لە تەنیایی و دوورەپەرێزی. ئینسان پێویستە (من)ەکەی دیکەی بدۆزێتەوە و خۆشی بوێت، ئەگەر نا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و نابێتە ئینسانێکی تەواو. ئینسان نابێت، تەنیا بۆ ئەوە کەسێکی خۆش بوێت کە خێزانی لەگەڵدا پێک بهێنێت و ئیدی لە بازنەی خێزاندا خۆی زیندانی بکات، دەبێت خۆشەویستی بۆ ئەوە بکات، تا وێڕای خۆشەویستەکەی، هەموو زیندەوەرەکانی دنیایشی خۆش بوێت.

(هەموو تەمەنێک ملکەچی خۆشەویستییە.) خۆشەویستی وەختێکی دیاریکراو ناناسێت، ژن تەمەنی هەر چەندێک بێت، پیاوێک هەر پەیدا دەبێت، پێی سەرسام بێت. ڕۆژانە لە ژمارە نایەت، چەند لاو شەیدای کەسانی هاوتەمەنی خۆیان دەبن، چەند کەسی تەمەن مامناوەندی تووشی داوی دڵداری دەبن و پیرانیش هەروەها، تەنانەت ڕەنگە ئینسان کە گوێی لە لێواری قەبریش بلەرزێت، هەر هەستی ئەوینداری لە دڵیدا گەش بێت، ئەمەیش زادەی هەژموونی ژیانە بەسەر مردندا. ئەوە جێی سەرسووڕمان نییە کە کەسانێک لەوپەڕی پیریدا، سەرقاڵی خۆشەویستین، ئاخر خۆشەویستی جوانترین جۆری شێتییە، ئاخر خۆشەویستی لە سەروەختی لووتکەی پیریدا، نیشانەی سەرکەوتنی ئایندەیە بەسەر ڕابردوودا. ئەوە دوندی ژیاندۆستییە کە ئەو خەڵکە بەردەوام حەزیان دەچێتە سەر یەک و ڕەنگە تەنیا بە نیگایەکی گەرم، ئەو هەستەی خۆیان دەرببڕن.

ئەوە زیرەکیی نییە، تانە لە کەسێک بدەین، بەو بیانووەی شەیدای کەسێکی نەگونجاو بووە، ئاخر نهێنیی خۆشەویستی لەوەدایە، عاشق خۆشەویستەکەی وەک فریشتە دێتە بەر چاو، با جوان و دلۆڤانیش نەبێت. ئینسان چەند دزێو و خراپیش بێت، هەر کەسێکی دەست دەکەوێت، پێی سەرسام بێت. خۆشەویستی لەبەر ڕۆشنایی عەقڵدا لێک نادرێتەوە، ئاخر ئەوین لە خەیاڵەوە نزیکترە، وەک لە واقیعەوە و وێڕای ئەمانە دەشێت کەسێکی ناشیرین، خاوەنی جوانترین ڕۆح بێت. نووسەری فەرەنسایی ستانداڵ (١٧٨٣ _ ١٨٤٢) دەڵێت: (ڕەنگە لایەنە هەر جوانەکەی ئەو ژنەی عاشقی دەبین، بە خەیاڵ ببینین.) لایەنی هاوبەشی پەیامبەری ئیسلام و ڕۆسۆ ئەوەیە، هەردووکیان لە تافی لاوییاندا، تووشی داوی عیشقی ژنی بەتەمەن دەبن. شاعیری ڕووس پوشکین (١٧٩٩ _ ١٨٣٧) پێوەندیی ئەوینداریی بە ژنگەلێکی زۆرەوە دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر بە یەکێکیانەوە، بە قووڵیی پێوەست دەبێت.

پیاو تا لە مێ بچێت، تا وەک کچان ناسک و نازەنین بێت، کەمتر ژنان پێی سەرسام دەبن. پیاو بۆ ئەوەی سەرنجی ژنان ڕابکێشێت، لەبری نەرمونیانی، دەبێت وێڕای بوێری، هەندێکیش توند و زبر و سەرچڵ بێت. کچی کوڕانی، یان ژنی پیاوڕەوتار، سەرنجی پیاوان ڕاناکێشێت، ئاخر پاسکاڵ گوتەنی: (مێ دەبێت ناسک و هێمن بێت و ژن و پیاو، تا زیاتر لە مێ و نێر بچن، زیاتر شەیدای یەکدی دەبن،) بەڵام خۆشەویستی بە گشتی، هەستێکی تاکەکەسییە، ناگشتێنرێت و دەشێت، ئەو لایەنەی مێ، کە لای ئەم نێر جێی بایەخە، لای نێرێکی دیکە، بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت.

فەیلەسووفی فەرەنسایی (١٦٢٣ _ ١٦٦٢) پاسکاڵ پێی وایە، ئینسان بۆ ئەوە نەخوڵقاوە، تا ماوە بە شێوازێک بژی، پێویستی بە جووڵە و چالاکی هەیە، پێویستی بەوەیە، ناوبەناو بە بەردی بە دەم ئارەزووەوە چوون، گۆمی هێمنیی ژیانی خۆی بشڵەقێنێت. ئەو دوو شتەی ئینسان بۆ جووڵە و چالاکی هان دەدەن، (ئەوین) و (ئومیدن)ن کە دوو مۆمن، بە هەڵکشانی تەمەن، بەرەو خامۆشبوون مل نانێن، ڕەنگە هەر لە سەرەتای ژیانەوە، تا لێواری گۆڕ، هەر بە هەمان شەوقەوە بگڕێن.

ئینسان کە (عەقڵ)ی لە کۆت و زنجیر قوتاری بوو، (خولیا)ی بەهێزتر دەبێت. ئەوە پرسیارێکی لاوازە، ئەگەر لە خۆمان بپرسین: ئایا پێویست دەکات، بە خۆشەویستییەوە سەرقاڵ بین؟ ئاخر خۆشەویستی (فیکر)ی لێ ناکرێتەوە، (هەست)ی پێ دەکرێت. ئینسان بە گشتی بێ یەک و دوو، دوای ئەوین دەکەوێت و ئەگەر گومانیشی لە کن دروست بوو، پاساو دەبینێتەوە. ئەوی عەقڵی ساف بێت، ئەوینیشی پاک دەبێت و بەوپەڕی گەرمی و پەرۆشییەوە بە پیری خۆشەویستییەوە دەچێت.

هەموو کەسێک لە زەینی خۆیدا، تابلۆی (نموونەیەکی باڵا)ی بۆ جوانی کێشاوە، بەڵام هەموو عاشقێکیش، خۆشەویستەکەی خۆی، بە نموونەی باڵای جوانی دەزانێت. جوانی چەشنی زۆرە، بەڵام جوانییە هەرە باڵاکان، ئەوانەن کە لە ژندا کۆ بوونەتەوە. ژن ئەگەر زیرەک بوو، بەردەوام ڕۆحێکی چالاک، بە بەر ئەو جوانییانەیدا کە لە گیانەڵڵادان، دەکاتەوە. ئێمە چونکە خۆمان خۆش دەوێت، پێمان وایە، شیاوی ئەوەین، کەسانی تریش خۆشی بوێین. ئینسان وەک چۆن بە ئاسانی دەکەوێتە نێو زەریای خۆشەویستییەوە، هەر وایش بە ئاسانی هەستی پێ دەکات، کەسێک ئەوی خۆش دەوێت یان نا؟ ئاخر بە چاویدا دیارە، ئاخر چاو ئەوە دەردەبڕێت کە لە دڵدا هەیە، ئاخر عاشق بە ئاسانی لە زمانی چاو تێدەگات.

هەر کەس پێوانەی خۆی بۆ جوانی هەیە، بەڵام نزیکەی هەمووان، هەمان پێوانەیان بۆ دلۆڤانی هەیە. ڕەنگە ئێمە هەموومان جوان نەبین، بەڵام هەموومان دەتوانین لە ڕێی دلۆڤانییەوە، جێی خۆمان لەناو دڵی ئەوانی دیکەدا بکەینەوە. پاسکاڵ دەڵێت: (ئەو پیاوەی دلۆڤان بێت، زوو دەچێتە دڵی ژنەوە، ئەگەر توانیمان لەو ژێیەی هەستی ژن بدەین، ئیدی بە ئاسانی پێمان قایل دەبێت و خۆشی دەوێین، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، دلۆڤانی بەخششێکی سروشتییە، نە بە ڕاهێنان فێری دەبین و نە زادەی زیرەکییە.)

کە عاشق دەبین، هەست دەکەین جیاوازترین لە جاران و پێمان وایە هەمووان هەستیان بەو جیاوازییە کردووە. تا ڕێگەی خۆشەویستی درێژتر و سەختتر بێت، کە بە خۆشەویستەکەمان شاد دەبین، زێتر و قووڵتر هەست بە بەختیاری دەکەین. پاسکاڵ دەڵێت: (یەکێک لە نیشانەکانی خۆشەویستی ئەوەیە، وەک خوداوەند سەرنجی ئەو کەسە دەدەین کە عاشقی بووین.) لە خۆشەویستیدا، بێدەنگی لە پەیڤین کاریگەرترە، کە سەرسامی زمانمان لە گۆ دەخات، هیج نەگوتن لە گوتن، زووتر دەگاتە دڵی خۆشەویستەکەمان.

لای پاسکاڵ: (عیشق، ئینسان لە چاوچنۆکەوە، دەکات بە دڵفراوان، ئەوە بۆیە ئەوەی بە لای عاشقەوە گرنگ نەبێت پارە و سامانە. عاشق تەنانەت ڕەنگە کەسوکار و هاوڕێیانیشی لەبیر بچێتەوە، ئاخر وا هەست دەکات، غەیری خۆشەویستەکەی، پێویستی بە هیج و بە کەسی دیکە نییە. عاشق ئەوەی بە لاوە گرنگ نییە، ئەو خەڵکە چی لە بارەیەوە دەڵێن، ئاخر دەزانێت، ڕەنگە ئەو خەڵکە عاقڵ بن، بەڵام عاشق نین.)
*
خۆشەویستی هەر ئەو جۆرە نییە، پیاوێک ژنێکی ئازادی خۆش بوێت، ژنێک هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە پیاوێکی دیکەوە نەبێت، ژنێک نە وابەستەی مێرد بێت، نە دەزگیراندار بێت. بەڵکوو ئەوینی وەهایش هەیە، پیاو شەیدای ژنێک ببێت، خاوەنی مێردی خۆی بێت، یان دەزگیراندار بێت، یان لای کەم پیاوێکی دیکە بە هیوای بێت. هەیە وای بۆ دەچێت، (خۆشەویستی ئەوەیە، کێشەی بە دواوە بێت، ئەگەر نا پیاوێکی ئازاد لەناکاو حەز لە ژنێکی وەک خۆی ئازاد بکات، چیرۆکی وەها، درامای لێ چێ نابێت.)

ژنێک کە هیچ گومانێکی بە داوەوە نەبێت، بە کەڵكی خۆشەویستیی سێکسی نایەت، ژنێک گومانی لەسەر بێت، سەرنجڕاکێش دەبێت و بۆ ئەوە دەست دەدات، پیاوان تامەزرۆی ببن. ئەوی ژنێکی جێی گومانی خۆش بوێت، ئەوە ئاسایی وەردەگرێت، ژنە سێکس لەگەڵ مێردە شەرعییەکەی بکات، ئەوەی پێ هەرس ناکرێت، غەیری خۆی، پێوەندیی بە پیاوی ترەوە هەبێت. خۆشەویستییەک هەیە، ئەوینی سێکسفرۆشی پێ دەڵێن، پیاو هەیە هێندە قووڵ، ژنی وای خۆش دەوێت، هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخان دەکات. پیاوی وا کە فرۆید بە (نەخۆش)ی لە قەڵەم دەدات، ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک لەو ژنە جێی گومانە دوور بکەوێتەوە، هەمدیسان لەگەڵ ژنێکی دیکەدا کە گومانی لەسەر بێت، تێ هەڵدەچێتەوە.

خەسڵەتێکی دیکەی پیاوی نەخۆشی وا ئەوەیە، وای بۆ دەچێت، ژنەی جێی گومان لێقەوماوە و ئەمیش فەریادڕەسە، بۆیە لێی جیا نابێتەوە، تا فریای بکەوێت و لە بەدئاکاری بییپارێزێت. پیاوی وەها وایشی بۆ دەچێت، ئەو ژنە جێی گومانەی ئەم خۆشی دەوێت، ژنێکی باڵایە و ژنی دیکەی وا جوان و دلۆڤان پەیدا نابێت، شان لە شانی بدات. لە فرۆید وایە، ئەم جۆرە ئەوینە زادەی خۆشویستنی کوڕە بۆ دایکی، ئاخر دایک، لە کن هەموو کوڕێک، ژنێکە دووبارە نابێتەوە، ئاخر هەموو کوڕێک خۆی بە (سێیەمی غەدرلێکراو) دەزانێت. فرۆید پێی وایە (کە دایک و باوک بایەخ بە یەک دەدەن، کوڕ خۆی وەک غەدرلێکراو دێتە بەر چاو و کوڕ کە شەیدای ژنێک دەبێت، ژنە وەک ئەڵتەرناتیڤی دایکی دەبینێت.)

ئایا لایەنی هاوبەش لە نێوان سێکسفرۆش و دایکدا کە نموونەی پاکژی و ئاکاری باڵایە، هەیە؟ ئایا خۆشویستنی لەشفرۆش، زادەی گرێی دایکە؟ کوڕ ئەگەر خراپەیەک لە دایکی هاوڕێیەکی ببینێت، باوەڕ دەکات، بەڵام هەرگیز باوەڕ بەوە ناکات، دایکی خۆیشی ڕۆژێ لە ڕۆژان، هەمان ڕەوتاری نواندبێت. ئەوەی ژن، مێردی خۆش دەوێت، یان دروستتر، ئەوەی دایک باوکی کوڕی خۆی خۆش دەوێت، لە ڕوانگەی کوڕەکەیەوە، (ناپاکی)یەکە قابیلی لەبیرچوونەوە نییە، ئاخر لای فرۆید کوڕ، باوکی بە ڕکابەری خۆی دەزانێت و ئەم هەستکردنەی ناو ناوە: گرێی ئۆدیب. لای فرۆید ئەو دڵسۆزییەی پیاو بۆ ژنێکی جێی گومانی هەیە، درێژەپێدانی هەمان ئەو وەفایەیە، کوڕ بۆ دایکی هەیبووە. پیاو کە ژنێکی جێی گومانی خۆش دەوێت، زوو زوو لەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە ئەگەر پێوەندیی بە پیاوانی ترەوە هەبێت، مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت. لای فرۆید ئەم نیگەرانییەی پیاو، هەمان ئەو هەستەیە کە کوڕ لە پێوەندیی نێوان دایکی و باوکی، لە کنی دروست بووە. فرۆید زیاتر دەڕوات و دەڵێت: (کە کوڕ لە باوکی یاخی دەبێت، مەبەستی ئەوەیە پێی بڵێت: وەک چۆن تۆ توانیت، من لە هەناوی دایکمدا بخوڵقێنیت، ئیدی منیش هەمان توانام هەیە.)

(مانای خەون، بە گوێرەی کەسی خەونبین دەگۆڕێت. ئەگەر پیاوێک لە خەونیدا، ژنێک لە خنکان ڕزگار بکات، ئەوە حەزی لێیە، منداڵێکی لەو ژنە ببێت، بەڵام ئەگەر ژنێک لە خەونیدا، منداڵێک لە خنکان قوتار بکات، ئەوە دداننانە بەوەدا کە ناپاکیی کردووە.) ئەم لێکدانەوەیەی فرۆید، ستەمێکە بە کۆمەکی (خەون) لە (واقیع)دا لە ژن دەکرێت، هەرچەندە لە ڕوانگەی فرۆید خۆیەوە، (ژن، زێتر پێویستی بەوەیە کە خۆشیان بوێت، نەک ئەم کەسانی دیکەی خۆش بوێت، هەر بۆیەش زێدەڕۆیی لە جوان نیشاندانی خۆیدا دەکات.) فرۆید ئەگەر خوێندنەوەی قووڵیشی بۆ ژن کردبێت، بەڵام هەوڵی نەداوە، ستەم لەسەری کەم بکاتەوە.

فرۆید پێی وایە، چونکە ڕەگەزی ژن ناتەواوە، بۆیە لە ڕێی وەدیارخستنی جوانییەکانییەوە، لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو ناتەواوییەدایە، ئەوەیشی کە شەرمنە، هەر زادەی ئەو ناتەواوییەیە و ئەگەر نا شەرم، یەکێک نییە لە تایبەتمەندییەکانی مێ. ناتەواوییەکەیش لای فرۆید لە دەزگای زاوزێی ژندایە، کە نەبوونی چووکە. فرۆید وای بۆ دەچێت، ژن ئەگەر لە مێژووی سەرهەڵدانی شارستانیدا بەشدارییەکی هەبووبێت، لە هەر دوو بواری ڕستن و چنیندا بووە. ئەوانەیش بۆیە فێر بووە، هەر کە موو لە دەوروبەری زێی پەیدا بووە، (بۆ شاردنەوەی دەزگای زاوزێی کە بە ناتەواوی زانیوە،) کەوتووەتە هۆنینەوەی.

ئەم نەبوونی چووکە، لە ڕوانگەی فرۆیدەوە، وای کردووە، ژن تا کوڕێکی نەبووبێت، هەر خۆی بە سەفەری زانیوە لە کن مێردەکەی و بە پەیدابوونی کوڕ، ئیدی گرێکوێرەی نێرینە کە ژن هەیەتی، دەکرێتەوە. فرۆید پێی وایە، ژن لە پیاو زیاتر، بایەخ بە کاروباری کۆمەڵایەتی دەدات و لە کاتێکدا پیاو بە تەمەنی سی ساڵی، هێشتا گەنجە و ڕەنگە گەلێک گۆڕانی بەسەردا بێت، لەبیدۆی ژن لە هەمان تەمەندا جێگیر بووە و زەحمەتە ئیدی شتی تازە لە کنی ڕوو بدات.

ڕێ دەکەوێت پیاو بێ ئەوەی وەک جەستە، هیچ کەموکووڕییەکی هەبێت، بێ ئەوەی پێش کردەی سێکسی، هیچ لاوازییەک شک ببات، سەروەختی سەرجێیی، هەست دەکات لە ناخیدا بەربەستێک هەیە و کردەکەی پێ جێبەجێ ناکرێت. پیاو ئەگەر هەر لە یەکەم جارەوە نائومێد ببێت، ڕەنگە ترسی ئەوەی لێ بنیشێت کە ئیدی لە داهاتوویشدا، هەمیشە هەر بەرەو ڕووی هەمان نائومێدی ببێتەوە. لە ڕوانگەی فرۆیدەوە، ئەو شکستەی پیاو کە هیچ هۆکاریكی ئۆرگانیکی لە دواوە نییە، زادەی گرێی ئۆدیبە کە لێ ناگەڕێت لەبیدۆ وەک پێویست بەگەڕ بکەوێت. فرۆید، ساردوسڕیی سێکسی لای ژنیش، دەباتەوە سەر ئەو چەپاندنەی لە ڕابردوودا تووشی هاتووە. فرۆید دەڵێت: (پیاو لە ترسی شکست، هانا بۆ لای ژنانی سێکسفرۆش دەبات، ئاخر شەرم لەو جۆرە ژنانە ناکات و ئەگەر کردەکەیشی بۆ جێبەجێ نەکرا، بە هێندی وەرناگرێت. پیاوی وا چونکە خۆی لەو ژنانە پێ باڵاترە، لایان هەست بە ئاسوودەیی دەکات و کردەکەشی پێ ئەنجام دەدرێت. ئەوە بۆیە زۆر لەو پیاوانەی سەر بە چینە هەرە باڵاکانن، دەچن ژن لە چینەکانی هەرە خوارەوە دەهێنن، تا بتوانن خۆیان تێر بکەن.)

ئینسان ئەگەر بۆی بلوێت بە ئاسانی خۆی تێر بکات، ئیدی لە ڕووی دەروونیشەوە، هێندە تامازرۆی سێکس نابێت، بۆیە بۆ ورووژاندنی لەبیدۆ و چێژوەرگرتن لە جووتبوون، هانا بۆ دروستکردنی بەربەست دەبات. ئەو خەڵکە بە چاوپۆشین لە جیاوازییەکانیان، ئەگەر برسی بکرێن، وەک یەک شەیدای خۆراک دەبن، بەڵام برسییەتی سێکسی بە کەسەکان دەگۆڕێت. ئەو بایەخەی سێکس لای ڕاهیبێک هەیەتی، کە بە درێژایی تەمەنی بە گژ لەبیدۆی خۆیدا چووەتەوە، هەمان ئەو بایەخە نییە، لای کەسێکی تێر هەیەتی.

کەسێک کە ئالوودەی مەی بووبێت، ناچێت ناوبەناو جۆری شەرابەکەی بگۆڕێت، یان ئەگەر لە شارەکەی خۆی هەرزان بێت، ناچێت لە شارێکی دیکە کە گران بێت، بیکڕێت، بەڵام بۆ سێکس وا ناکەوێتەوە، پیاوی ئالوودەبوو بە هەوەسبازییەوە، هەم حەزی لە ژن گۆڕینە و هەم ئەگەر ئاسانیش دەستی کەوت، خۆی بەربەست قوت دەکاتەوە. ئەوانەی چێژ لە مانەوە لە ئاودەست وەردەگرن، لای فرۆید، نەخۆشیی (کۆپرۆفیلیا)یان هەیە. ئەوانەیش کە لە ڕووی سێکسییەوە هیچ گەشەیان نەکردووە و هێشتا ئاژەڵئاسا بۆ سێکس دەڕوانن، دووچاری هەمان نەخۆشی بوونەتەوە، ئەوە بۆیە کەسی وا، ئەگەر ژنەکەی دڵخوازی خۆیشی بێت، هەر وەدووی ژنانی جێی گومان دەکەوێت.

*
(١) نیکولای الکساندروفیتش بیردیایف، میتافیزیقیا الجنس والحب.
(٢) سیغموند فروید، عن النمط الخاص لأختیار الموضوع عند الرجل.
(٣) سیغموند فروید، الأنوثة.
(٤) سیغموند فروید، حول إذلال الحیاة الحبیة.
(٥) فاسیلی روزانوف، أعمار الحب.
(٦) بلیز باسکال، أحادیث عن شهوة الحب.
Top