خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (2)

خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (2)

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

(شانازیی گەورەی ئێمە، ئەوە نییە کە هەرگیز تووشی نسکۆ نەهاتووین،
ئەوەیە کە دوای هەموو نسکۆیەک هەڵساوینەتەوە.)

لەسەر ئاشناکردنتان بە هەندێکی دیکە، لەو زانیارییانەی لە کتێبە دەگمەن و بەهادارەکەی، (ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح)دا: (خەونبینین بە کوردستانەوە) هاتوون، کە بە هەق شیاوی خوێندنەوەیە، بەردەوام دەبم، بەو هیوایەی بتوانم، ئەو بەرهەمەی ئەوانتان کە زادەی کۆششێکی درێژخایەنە و بە بێلایەنییەکی ئەکادیمییانەوە نووسراوە، بە شێوەیەک لە ئاستی ماندووبوونیاندا بێت، بە کۆمەکی هەندێک سەرنجی خۆم، پێ بناسێنم.

کە پاییزی ١٩١٨ ئیدارەی عوسمانی لە ناوچەکە هەرەس دەهێنێت، شێخ مەحموود کاروباری سیاسی و ئیداریی دەڤەری سلێمانی دەگرێتە دەست. سەرکردایەتیی لەشکری بەریتانیایی ددان بە دەسەڵاتی شێخدا دەنێت، کاربەدەستانی ئینگلیز دەستی کۆمەکی ئابووری، بۆ ئیدارەکەی درێژ دەکەن و لەبری تورکی، ئیدی کوردی دەبێتە زمانی فەرمی و کارمەندی کورد جێی کارمەندی بێگانە دەگرنەوە. شێخ مەحموود خۆی دەکات بە پاشای کوردستان، ئیشوکاری مەملەکەتەکەی بە لایەنگرانی خۆی دەسپێرێت و خەزێنەیش دەخاتە بن دەستی خۆیەوە.

شکۆی شێخ مەحموود لە باشووری کوردستاندا ڕوو لە هەڵکشێن دەکات، هەوڵ دەدات سەرانی کورد لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، پێیەوە پێوەست ببن و کوردستانێکی ئازاد و یەکگرتوو پێکەوە بنێت. هاوینی ١٩١٩ لەشکری ئینگلیز بە کۆمەکی فڕۆکەی جەنگی هێرش دەهێنێت، شێخ مەحموود دەستگیر دەکرێت، لە لایەن دادگایەکی سەربازییەوە بە مردن حوکم دەدرێت، بەڵام حوکمەکە جێبەجێ ناکرێت و بۆ هیندستان دوور دەخرێتەوە. لە ژێر گوشاری بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی سلێمانیدا، ئینگلیز ناچار دەبێت، لە ئەیلوولی ١٩٢٢دا، شێخ مەحموود بهێنێتەوە شارەکەی. شێخ دیسان حوکوومەت پێکەوە دەنێت، پوولی تایبەت بە کوردستان چاپ دەکات، ڕۆژنامە بڵاو دەکاتەوە و بە ڕووکەش ئاشتی و خۆشی باڵ بەسەر سلێمانیدا دەکێشێت، بەڵام لە ١٩٢٣دا، شێخ و حوکوومەتەکەی لە شار وەدەر دەنرێن و ڕوو دەکەنە شاخ. لە هاوینی ١٩٢٧دا، شێخ مەحموود سوود لە لێبوردن دەبینێت و بۆ شارەکەی دەگەڕێتەوە.

سەروەختی یەکەمین جەنگی دونیاگرەوە، کێشە لەسەر موسڵ دەکەوێتە نێوان تورکە نەتەوەپەرستەکان و بەریتانیای مەزنەوە، کێشەکە لە قازانجی بەریتانیا دوایی دێت، لە هەر سێ ویلایەتی بەسرە، بەغداد و موسڵ، وڵاتێک کە ناوی لێ دەنرێت عێراق، پێک دەهێنرێت و فەیسەڵی کوڕی حوسەین کە خەڵکی نیمچەدوورگەی سعوود دەبێت، دەکرێتە پاشای، هەرچەندە لە ڕاپرسییەکدا، زۆربەی خەڵکی موسڵ، دژی ئەوە دەبن، ناوچەکەیان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەوە و نوێنەرانی کەرکووک و سلێمانییش، بایکۆتی ئاهەنگی تاج لەسەرنانی فەیسەڵ پاشا دەکەن.

لە ١٩٣٢دا، نەتەوە یەکگرتووەکان ددان بە عێراقدا دەنێت، ئینگلیز دەسەڵات ڕادەستی فەیسەڵ پاشا دەکات و ئیدی جێپێی سوننە تەواو بەهێز دەبێت. کە عێراق دەخوازێت، لە ڕێی لەشکرەوە، خۆی بە سەر کوردستاندا بسەپێنێت، یاخیبوون لە بارزانەوە سەرهەڵدەدات، حوکوومەت بە کۆمەکی باڵافڕی ئینگلیز، پەلاماری ناوچەی بارزان دەدات، بەشێک لە گوندنشینان دەکوژرێن و بەشێکیش ناچار دەبن، زێدی خۆیان جێ بهێڵن. لەشکر کۆنترۆڵی دەڤەرەکە دەکات، سەرکردە سۆفییەکانی بارزان دەگرێت و بۆ خوارووی عێراق دووریان دەخاتەوە. موستەفا بارزانی کە لە سلێمانی دوورخراوە دەبێت، لە ١٩٤٣دا، فرسەت دەهێنێت و بە کۆمەکی کۆمەڵێک کوردی نەتەوەیی، لە ڕێی کوردستانی خۆرهەڵاتەوە، دەگاتەوە دەڤەری بارزان.

سمایل ئاغای شکاک لە یەکی تەممووزی ١٩٢٢دا، جاڕی دامەزراندنی کۆمارێک بە سەرۆکایەتیی خۆی دەدات، لە حوزەیرانی ١٩٣٠ دا کە بە مەبەستی گوتوبێژ، بۆ دیتنی وەڤدێکی سەر بە ڕژێمی ئێران دەچێت، خۆی و پاسەوانەکانی لە لایەن سوپای ئێرانەوە دەکوژرێن. تیرۆرکردنی سەرانی کورد، لە سەروەختی گوتوبێژدا، بەشێکە کولتووری داگیرکاران، وەلێ جێی داخە، کورد هیچ پەندی لەو ئەزموونە تاڵانە وەرنەگرتووە. د. عەبدولڕەحمان قاسلموویش ١٩٨٩ لە ڤییەن، لە گەرمەی دانوساندا لەگەڵ نوێنەرانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێراندا تیرۆر دەکرێت و چوار ساڵ دواتر، د. سادق شەرەفکەندییش بەرەو ڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، هەرچەندە ئەو بە مەبەستێکی دیکە سەردانی بەرلینی کردبوو. سەروەختی دووەمین جەنگی دونیاگرەوە، ئەڵمانیا شای ئێران ناچار دەکات، واز لە تەخت بهێنێت و کوڕەکەی لە جێی باوکی دادەنێت، ئەو سەروەختە کوردی بن دەستی ئێران، پێیان باش دەبێت، وەک کوردی باشوور، بکەونە نێو زۆنی بەریتانیاوە، پێیان وا دەبێت، هیچ نەبێت ئینگلیز، هەوڵی تواندنەوەی کورد نادات. ١٩٤٢ کوردی خۆرهەڵات، (کۆمەڵە) پێک دەهێنن کە سێ ساڵ دواتر دەبێتە حیزبی دیموکراتی کوردستان و قازی موحەممەد بە سەرۆک هەڵدەبژێرێت.

ئەو ئاڵایەی لەگەڵ جاڕدانی کۆماری کوردستاندا (٢٢ ی‌ کانوونی دووەمی ١٩٤٦) هەڵدەکرێت، هەمان ئەو ئاڵایە دەبێت کە برایانی بەدرخان، دامەزرێنەری بزووتنەوەی (خۆیبوون) لە کۆتایی ساڵانی بیستی سەدەی بیستەمدا پێشنیاری دەکەن. لایەنێکی گەشی کۆماری تەمەنکورتی کوردستان ئەوە دەبێت، بایەخ بە خوێندنی کچان دەدات، کوڕان و کچان پێکەوە دەخوێنن و مزگەوتیش لەم هەوڵەدا، لایەنی سیاسەتی کۆمار دەگرێت. شێخ عیززەدینی حوسەینی کە زانایەکی ئایینی بەناوبانگی مەهابادی بوو، یەکێک بوو لەوانەی لە دوای شۆڕشی خومەینییەوە، بە گژ دەسەڵاتی ئیسلامیدا دەچووەوە و داوای جوداکردنەوە ئایینی دەکرد لە دەوڵەت، بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە مەلایانی هەنووکەی باشووری کوردستانەوە کە وەک حیزبە ئیسلامییەکان، لەگەڵ ئەوەدان، ئایین دەست لە بینی دەوڵەت گیر بکات.

پێش ئەوەی لەشکر بگاتە مەهاباد، قازی موحەممەد، ئێرانی لەوە ئاگادار کردبووەوە کە بە ئومێدی گوتوبێژ لە هەلومەرجێکی ئاشتییانەدا، خۆی بە دەستەوە دەدات و دەخوازێت بە هەر نرخێک بووە، گیانی خەڵکی سڤیل بپارێزێت. مەرجی یەکەمی لەشکری ئێران ئەوە دەبێت، موستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چی زووترە ناوچەکە جێ بهێڵن. لە هەلومەرجێکی دژواردا، لە کەشوهەوایەکی سەختدا و بە نێوان لەشکری پڕچەکی ئێران و عێراق و تورکیادا، بارزانی و پێشمەرگەکانی دەگەنە سۆڤیەت و لەوێ داوای مافی پەنابەریی سیاسی دەکەن. دوای هەرەسی ڕژێمی پاشایەتی، دوای یازدە ساڵ ئاوارەیی، پێشمەرگەکانی بارزانی، لە ڕێی بەسرەوە، بە ژن و منداڵەوە دەگەڕێنەوە و پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکرێت. قازی موحەممەد دەستگیر دەکرێت، دادگایەکی سەربازی بڕیاری لە سێدارەدانی دەدات و لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٧دا، لە مەهاباد، لەگەڵ برا و ئامۆزایەکیدا هەڵدەواسرێن. خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە دەکرێتەوە و ئاگر لە کتێبە کوردییەکان بەر دەدرێت. جێی سەرنجە، خەریکە کولتووری ئاگر لە کتێبی کوردی بەردان، لە کەلار، لە لایەن هەوادارانی بێ تۆلێرانسی بزووتنەوەی گۆڕانەوە زیندوو دەکرێتەوە.

ئایەتوڵڵا تاڵەقانی لەگەڵ ئەوەدا دەبێت، لە ناوچە کوردنشینەکاندا، کوردان خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و زمانی کوردییش، هاوتەریب لەگەڵ فارسیدا بخوێندرێت. خەڵخاڵی کە پیاوێکی ئایینیی ترسناک و دادوەری دادگای شٶڕشی ئیسلامی دەبێت، هێندە ستەمکار دەبێت، ناوی لێ دەنرێت (غەزەبی خوا) و بە بڕیاری ئەو سەدان کەس، لە سێدارە دەدرێن. خەڵخاڵی کە دوژمنێکی سەرسەختی کورد دەبێت، بە تۆمەتی تاوان دژی خوا، کێی ویستبا، بە مەرگ حوکمی دەدا، ئیدی هەر لە ڕۆژنامەوانەوە، تا قاچاخچی و سێکسفرۆش. ڕەنگە ئیسلامییە توندڕۆیەکانی باشووری کوردستانیش دەستیان بڕوات، شوێنپێی خەڵخاڵی هەڵبگرن.
*
لە عێراق، قەلاچۆکردنی بە کۆمەڵی کورد، بە فەیلی دەست پێ دەکات. لەناکاو لە ئەپریلی ١٩٨٠دا، فەیلییەکان لەبەر ئەوەی هەم کورد دەبن و هەم شیعەیش، بە تابووری پێنجەم لە قەڵەم دەدرێن، دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگیرێت، چی ژن و منداڵیان هەیە، بەرەو ئێران دوور دەخرێنەوە و پیاوان و گەنجانیشیان بێ سەروشوێن دەکرێن. لە ١٩٨٣دا، کە شەڕ لە نێوان عێراق و ئێراندا گەرم دەبێت، سەددام حوسەین بە پاساوی ئەوەی هاوکاریی ئێرانی کردووە، بەوە تۆڵە لە مەسعوود بارزانی دەکاتەوە، هەر چی پیاو و کوڕی گەنجی بارازانیی ژێر کۆنترۆڵی خۆی هەیە، دەگرێت و قەلاچۆ دەکات. سی و حەوت کەس لەو قوربانییانە، خزمی خودی سەرۆکی پارتی دەبن. ساڵی ٢٠٠٥ لەو بیابانەی نێوان سنووری عێراق و عەرەبستانی سعوود، لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا، ئێسکوپرووسکی ٥١٢ ئینسان دەدۆزرێنەوە کە هەموویان جێی گوللە بە کاسەی سەریانەوە بە زەقی دیار دەبێت و بە هۆی پۆشاک و جامەدانیی سووریانەوە، دەناسرێنەوە کە بارزانین. لە ناو ئەو قوربانییانەدا کە هیچ کامیان پێوەندییان بە پێشمەرگەوە نەبووە و بە فەرمانی ڕاستەخۆی سەددام حوسەین قەلاچۆ کراون، منداڵی هەشت ساڵانیش هەبووە.

کە شەڕی عێراق و ئێران پێ دەنێتە ساڵی هەشتەمییەوە و سەددام حوسەین پرۆسەی ئەنفال دەست پێ دەکات، بۆ دوورخستنەوەی لەشکری بەعس لە کوردستان، کورد بە هاوکاریی ئێران، هەڵەبجە لە لەشکری عێراق خاوێن دەکاتەوە. سەددام حوسەین، ئەوە بە هەل دەزانێت و بە ژاربارانکردنی هەڵەبجە، وەڵام دەداتەوە. بەعس جۆرە گازێک لە کورددا تاقی دەکاتەوە، بە دەم وڕێنەکردنەوە و هەندێک جار بە دەم سەما و پێکەنینەوە خەڵک دەکوژێت. خەڵکی هەڵەبجە کە هەست دەکەن، کیمیاباران کراون، هەڵدێن و ڕوو دەکەنە دەشتودەری دەوربەی شارەکەیان. لێرەدا ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح، شیعری (شەوێکی بەهار)ی (گۆران) وەبیر دەهێننەوە کە تێیدا دەڵێت:
جار جار لە ئوفوق ڕائەوەشا شیری برووسکە
گرمەی غەزەبی گوێی کەڕ ئەکرد هەورەتریشقە
باران سەرەتا ڕیققەتی هەبوو نم نم ئەگریا
وەستابوو زەوی، تینوو، زەلیلانە لە بەریا
ئەمجا بە خوڕەم باری، لە پاش یەک دوو دەقیقە
ئافاقی ئەمەل ڕەش بوو، نەما پێوە ترووسکە.

ئەو سەروەختە ئەمریکا دۆستی عێراق دەبێت، لە ڕێی دۆستەکانییەوە لە ناوچەکەدا، وەک سعوود و کوەیت، کۆمەکی عێراقی دەکات، بۆیە هەرچەندە سوور دەزانێت عێراق هەڵەبجەی بەو دەردە بردووە، بەڵام فەرمان بۆ دیپلۆماتەکانی دەر دەکات، تاوانی گەورەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەسەر ئێراندا بهێنن. عێراق بە باڵافڕی میراجی فەرەنسایی، هێرشی دەکاتە سەر هەڵەبجە و ئەو گازانەی لە پەلامارەکەدا بە کاریان دەهێنێت، لە ئەڵمانیاوە هاوردەی کردبوون. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گوتەیەدا کە دەڵێت: (لە سیاسەتدا دۆستایەتیی هەمیشەیی نییە، بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە،) ئەمریکا بە نهێنی چەکی بە هەردوو لا، بە عێراق و بە ئێرانیش دەفرۆشت. عێراق هەر لە بەهاری ١٩٨٧ەوە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، خەڵکی سڤیلی کوردی کیمیاباران کردبوو، ئەوسایش هەر بەسەر ئێرانیدا هێنابوو.

ئەوەی کە عێراق بە کەیفی خۆی، چەکی کیمیاوی بەکار دەهێنا و دونیایش بێدەنگ بوو، ئێرانی ناچار کرد، لە ئابی ١٩٨٨دا مل بۆ ئاشتی بدات. ئەو سەروەختە لە هەموو دونیادا، دەوڵەتێک پەیدا نابێت، ددان بەو تاوانانەدا بنێت کە سەددام حوسەین لە دژی کورد ئەنجامیان دەدات. نەک هەر ئەوە، تەنانەت عەرەبی سوننە، سەددام حوسەین وەک قارەمان نیشان دەدەن، بەو پاساوەی ڕێگریکردنی ئەو نەبێت، ئێران شۆڕشە ئیسلامییەکەی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکات. تەنانەت ئێدوارد سەعید کە لەسەر ئاستی دونیا وەک لایەنگری خەڵکانی چەوساوە و دژە ئیمپیریالیزم ناسرابوو، ئامادە نەبوو، واژۆی خۆی لەسەر پەیامیک جێ بهێڵێت کە سەددام حوسەینی بە کیمیابارانی کورد تاوانبار دەکرد. لەوەیش کارەساتتر ئەوەبوو، ئێدوارد سەعیدێک کە هەرگیز لە باسکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، پشتی بە بەڵگەنامەی ئەمریکایی نەبەستبوو، لە بەهاری ١٩٩١دا، سەروەختی کۆڕەوەکە، بە پشبەستن بە بەڵگەنامەی ئەمریکایی، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، وەپاڵ ئێران دەدات.

عەلی حەسەن مەجید وەک خۆی گوتبووی، بە هۆی (ئەنفال)ەوە دەیویست (کێشەی کورد لە ڕێی سەربڕینی تێکدەرەکانەوە چارەسەر بکات.) ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەست پێ دەکات و ٦ی ئەیلوولی هەمان ساڵ دوایی دێت. لە سەروەختی ئەنفالدا، نووسەرێک کە ناوی خۆی ئاشکرا ناکات، لە ڕێی زنجیرە گوتارێکەوە، لە گۆڤاری (الوگن العربی)یەوە، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت، (کورد بە ڕەچەڵەک عەرەبن، هەرچەندە هەستی نەتەوەییی خۆیان دەرنەبڕێوە، سەددام حوسەین ئەوانی بۆ بنەچەی ڕاستەقینەی خۆیان گەڕاندووەتەوە.) لە ڕوانگەی ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵحەوە، ئەنفال و کیمیاباران، هەر دەرسدادانی کورد نەبووە، بە مەبەستی تۆقاندنی عەرەبی شیعەی خوارووی عێراقیش بووە.

ئەوە بە لای منەوە زۆر سەرنجڕاکیش بوو، دوو باسکاری ئەکادیمی، لە کتێبێکدا کە زانستییانە مێژوو دەگێرێتەوە، تا ڕادەیەک زوو زوو شیعر لە جێی گونجاوی خۆیدا وەگەڕ دەخەن. کە لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢دا، بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنێکی ئازاد دەکرێت، وەرگێڕێکی کورد بە دێڕە شیعرێکی شاعیری ئەمریکایی، ئێمیلی دیکنسۆن، دڵخۆشیی خۆی دەردەبڕێت: (هیچ شتێک لەو سەرکەوتنە خۆشتر نییە، لای ئەوانەی یەکەمین جاریانە، بەخت یاوەریان دەبێت.) خۆشییەکە درێژە ناکێشێت، دوو ساڵێک دواتر، شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێت، گەلێک ناوچە دەگرێتەوە و یانوونکاف هەولێری پایتەخت و باڵاخانەی پەرلەمانیش داگیر دەکات.

لە سەروەختی شەڕی ناوخۆدا، هەم وڵاتانی دراوسێ، هەلیان بۆ دەڕەخسێت، زیاتر لە جاران، دەست وەر بدەنە کاروباری کوردستانەوە، هەم ئیسلامی سیاسییش گەشە دەکات. یانوونکاف هانا بۆ ئێران دەبات و سەرپرایزی پێ دال کافیش ئەوە دەبێت، بە کۆمەکی عێراق، هەولێر لە بن دەستی یەکێتی (ڕزگار) دەکات. دوو ئیدارەیی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە وڵاتی خۆیاندا، زادەی شەڕی پۆخڵی ناوخۆ بوون. سەرسوڕهێن ئەوەبوو، سەرانی کورد خۆیان دەبوونە هۆی کاولبوونی کوردستان، سەرانێک کە بەبەر چاویانەوە، بەعس وڵاتەکەیانی خاپوور و گەلەکەیانی قەلاچۆ کردبوو! سەرانێک کە هەقبوو، شوکری خودایان کردبا کە سەددام حوسەین، ئەو گەوجییەتییەی نواند، پەلاماری کوەیتی دا، ئاخر لەوە بە دواوە، دونیا ددان بە تاوانەکانی بەعسدا کە دژی کورد کردبوونی، دەنێت و ئیدی ئەوە سەرەتای کۆتاییی دیکتاتۆرەکەی عێراقیش دەبێت.
*
(*)Ann- Catrin Emanuelsson & Khalid Salih، Drömmen om Kurdistan، ScandBook 2012 Falun.
Top