چەمكی ئازادی

چەمكی ئازادی

نووسه‌ر :: ئەندرێ كۆمت سپۆنڤیل

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(پەیڕەو كردنی ئەو یاسایەی پێوەی پەیوەست دەبین، ئەوە ئازادییە- رۆسۆ).
بتەوێ گیاندارێكی ئازاد بیت، واتای ئەوەیە بە دڵی خۆت هەڵسوكەوت بكەی. هەڵبەت ئەو واتایەش، لە چوارچێوەی فرە چەشنە واتای دیكە لێكدانەوەی بۆ دەكرێت. لە بەراییدا واتاكەی بەرەو ئەوەمان دەبات، كە لە رەفتاردا ئازادین، واتە كار و كردارمان ئازادانە بێت. هەر بەرهەڵستییەكی كار و كرداری ئێمەش، بە ناچار كردن یان رێ لێ گرتن یان چەوسانەوە دادەندرێت.
بە گوتەی (هۆپز)، ئازادی شتێكی دی نییە، بێ لە نەمانی هەموو لەمپەرەكانی كە دێنە پێش هەر جوولەیەكەوە، ئازادی بە ئاوی نێو دەفر و لەگەنێك دەچێت، كە لە نێو لەگەن و دەفەرەكەدا بۆی نالوێ رێی خۆی بگرێت. هەر لەگەڵ تێك شكاندنی بەربەستەكەش، ئیدی ئاوەكە ئازادانە رێڕەوی خۆی دەگرێت. ئیدی بە گوێرەی ئەم واتایە، هەر كەس بەم شێوەیە یان بە شێوەیەكی دی، ئازادیی خۆی بە گوێرەی هەلومەرج بۆ دەستەبەر كراوە.
واتە ئەو كاتە من ئازادم كە شتێك یان كەسێك رێم لێ ناگرێت. ئەم ئازادییەش هەرگیز پێشتر رەها نەبووە (هەمیشە لەمپەر هەبوون)، بە دەگمەن روو دەدات كە لەمپەر نەبوو بێت. تەنانەت كەسێك كە بۆ نموونە زیندانیش بێت، وا باوە كە لە نێو زیندانەكەیدا دەتوانێت دابنیشێ یان بە پێوە بێت، قسە بكات یان بێ دەنگ بێت، خەریكی هەڵاتن بێت یان مەرایی بۆ پاسەوانەكان بكات..
هیچ هاووڵاتییەك، ئەگەر لە ئامێزی هەر دەوڵەتێكیشدا بێت، ناتوانێ ئەوەی پێی خۆش بێت (چۆنی بیەوێت) بیكات: ئەوانی دی و یاسا، وەك شتی ناچارانەن و مەحاڵە بە بێ مەترسی و سەركێشی بازیان بە سەردا بدرێت. لەبەر ئەو هۆیەشە كە هەمیشە، بە ئامانجی ئاماژە دان بەم ئازادییە، قسە لەبارەی واتای سیاسییانەی ئازادییەوە دەكەین، چونكە دەوڵەت یەكەمین هێزە كە كۆت و بەندی دەخاتە سەر، بێ هیچ گومانێك، تەنیا ئەویش دەتوانێ مانەوەی ئەو ئازادییە مسۆگەر بكات.
ئازادی مەزنایەتیی خۆی پتر لە دیموكراسییەكی لیبرالدا بەدەست دەهێنێت تا لە دەوڵەتێكی شموولی (دیكتاتۆری)، بەڵكوو لە دەوڵەتی هەقەوە نەك لە حاڵەتێكی سروشتییەوە: چونكە هەر یاسایە كە رێ بە ئازادییەكان دەدات، كە پێكڤە بژین لە بری ئەوەی دژ بە یەك بن، هەروەها ئازادییەكان بەهێزتر بن (تەنانەت ئەگەر لە گوڕ و تەوژمی یەكدیش كەم بكەنەوە) باشترە لەوەی هەموویان هەرەس بهێنن. لە هەر كوێ یاسا نەمێنێ، ئەوا ئازادی لە ریشەوە نامێنێ، چونكە ئازادی، وەك ئەوەی (ژان لووك) پەی پێ برد، وا پێویست دەكات كە خۆی لە هەر پەشێوی یان توند و تیژییەك بپارێزێت كە لە ئەوانی دیكەوە دەردەچێت: ئەمەش بە بێ یاسا بەدی نایەت.
جا ئایا دەوڵەت بەو واتایە ئازادیت سنووردار دەكات؟ هەڵبەت گومان لەمەدا نییە، دیسان هەر دەوڵەتە ئازادیی ئەوانی دیكەش كەم دەكاتەوە. دیارە كە ئەم پرۆسەی سنووردار كردنی ئازادییەكان، تەنیا ئەویشە كە ماف بە هەبوونی ئازادیی تۆش دەدات. هەر ژیانێكی بەدەر لە یاسا، وەك ژیانێكی تەژی لە ئازار و ترس و توند و تیژی وایە. ئەو ئازادییە چ بەهایەكی هەیە كە تێیدا هەمیشە تاك لە ژیانێكی پڕ لە تۆقین و هەڕەشەدا بێت؟
كەواتە مرۆڤ دەبێ ئازاد بێت، واتە هەر شتێكی بخوازێ بیكات: كارەكە پەیوەستە بە ئازادیی كردارەوە، ئازادییەك بە واتای سیاسییانەی پەیڤەكە، ئازادییەكی رێژەییانەی فیزیایی. ئەو ئازادییەیە كە (هۆپز) و (لووك) و (ڤۆلتێر) جەوهەرەكەیان گەڵاڵە كرد: (ئازادی لەوە زیاتر نییە كە توانای رەفتار كردنە). پاشان، وەك پێ دەچێ، ئەو تەنیا شتێكە كە ناتوانین مشتومڕ لەبارەی واقیعی بوون و بەهاكەیەوە بكەین.
بەڵام: ئایا ئێمە ئازادین كە چی بمانەوێ بیكەین؟ پرسیارێكە بیركردنەوەمان بەرەو دووەمین واتای پەیڤی ئازادی دەبات، واتە ئازادیی ویست (ئیرادە)، ئازادی بە واتای میتافیزیكانەی، یان بە گوتەی هەندێك، ئازادیی رەها، بەڵكوو ئازادییەكی سەروو- سروشتەوە. هەڵبەت واتای فەلسەفیانەی ئازادی، هەردەم وەك هەرە پڕ كێشە و هەرە بایەخدار دەمێنێتەوە.
با بۆ ئەمە نموونەیەك بهێنینەوە: لە دەوڵەتێكدا كە شایستەی ناوی ئازادی بێت، لە چركەساتی هەڵبژاردندا تۆ ئازادی كە دەنگ بە چ كاندیدێك دەدەیت. لە كاتی دەنگدانی نهێنیشدا، تۆ بە تەواوی و بە رەهایی لە هەڵسوكەوتی خۆتدا ئازادی (كە وابەستە بە لیستی كاندیدانە)، تۆ بە كردەنی مافی دەنگدانت هەیە بە هەر كێی بتەوێ. ئازادیی سیاسی واتە ئازادیی هەڵسوكەوت.
بەڵام: ئایا ویستی ئازادنەی دەنگدانت هەیە بەم یان بەوی دی؟ ئەگەر تۆ سەر بە بلۆكی راستڕەو بیت، ئایا ویستی ئازادانەت هەیە دەنگ بە هێزەیلی چەپ بدەیت؟ لە بەرانبەردا كە سەر بە بلۆكی چەپ بووی، ئایا خاوەن ویستێكی ئازادی كە دەنگ بە هێزەیلی راستڕەو بدەیت؟
ئەگەر تۆ سەر بە هیچ بەرەیەكی چەپ یان راست نەبوویت، ئایا تۆ لە هەڵبژاردنی یەكێك لەوان ئازادی؟ ئایا توانای ئەوەت هەیە ئازادانە را، ئارەزوو، خولیا و هیواكانت هەڵبژێری؟ ئەم شتە چۆن بەدی دێت، مادام بەدی هاتنی ئەم بژاردەیە زەحمەت بێت، بێ لە حاڵەتی ئەوەی خۆبەخۆ بژاردەیەكی لابەلات بە ملدا بێت، ئەویش یەك بژاردە نابێت، تەنیا بە ناوی رای دیكە، ئارەزووی دیكە، ترسی دیكە و هیوای دیكەوە نەبێت، جا ئەگەر دەنگدانەكەت بە رێكەوت بێت، واتای ئەوەیە ئەم دەنگدانەت نائازادانەیە. ئایا دەنگدان بەوەی كە دەمانەوێ، وەك پەرژینێك نییە بۆ خواست و ویست و ملكەچییەكە بۆ حەتمی بوونی هۆ (كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئایدیۆلۆژی.. هتد)؟ ئێمە بە كاریگەریی رای خۆمان هەڵبژاردن دەكەین، بەڵام ئاخۆ كێ هەیە رای خۆی هەڵبژارد بێت؟
سپینۆزا لەم بارەیەوە نووسیویەتی: "خەڵك پێیان وایە ئەوان ئازادن، بەوەی هەست بەوە دەكەن كە دەیانەوێ و ئارەزووی دەكەن، بە بێ ئەوەی هێندەی سەرە پەنجەیەك، تەنانەت لە خەونیشدا، بیر لەو هۆیە بكەنەوە كە پاڵیان پێوە دەنێت بە هەڵەداوان بكەونە شوێن ویست و ئارەزووی خۆیانەوە، بە بێ ئەوەی هیچی لەبارەوە بزانن."
جا ئایا تۆ ئەوە دەكەیت كە دەتەوێ؟ بە دڵنیاییەوە! بەڵام، لەبەر چی ئەوەت دەوێ؟ ئاخۆ بەڵگە چییە كە ویستی تۆ بەشێكە لە واقیع، چونكە واقیعیش، وەك هەموو شتەكانی دی، ملكەچی پرەنسیپی هۆی بەسە (هیچ شتێك نییە بە بێ هۆ، شتان هەموو قابیلی راڤە كردنن)، بە هەمان شێوە ملكەچی پرەنسیپی بەرهۆیەتین (شتێك نییە لە نەبوونەوە هات بێت)، دواجار زیندەوەرانی مایكرۆسكۆپی (ئەوانەی فرە فرە بچووكن و بە مایكرۆسكۆپ نەبێ نابنیدرێن- وەرگێڕ) ملكەچی پرەنسیپی گشتیی حەتمیەتن. لەبەر ئەوەی ناكرێ ئەم پرەنسیپە بە سەر زیندەوەرانی میكرۆسكۆپیدا پیادە ببێت، چونكە ئەوەی لەگەڵ ئەواندا دەگونجێت، پرەنسیپی گومانی تەواوە (ئەمەش پرەنسیپێكە پێشتر ئەبیكۆریزم باوەڕی پێی هەبوو، ئەمڕۆش فیزیای كوانتا راستیی ئەوی سەلماندووە)، لە سەر ئاستی (بایۆ- دەمار)یش كەمتر حەتمی نییە، ئەویش لە رێی ئەو ئەتۆمانەی كە پێكی دەهێنن. ئەگەر لە رووی زانستییەوە ساغ بووەوە كە جوولەی ئەتۆم بە رێكەوتە، ئیدی دوورە كە ملكەچی ویستی تۆ بێت. بەڵكوو دروست ئەوەیە كە ویست وابەستەی ئەو دەبێت. لەبەر ئەوەی رێكەوت كارێكی ئازاد نییە، ئیدی چۆن دەكرێ ویستێك كە ملكەچی رێكەوتە، ئازاد بێت؟
لێرەدا رازێك هەیە كە پتر لە پەناگەی دەنگداندا بەرهەڵستی لە دڕدانە نێوی دەكات، ئەویش رازی مێشكە كە هیچ كەس ناتوانێ، تەنانەت تۆش، دزە بكاتە نێو پێچ و پەناكەیەوە. تۆ كام كارت دەكەیتە نێو سندووقی دەنگدانەوە؟ ئایا تۆ هەڵبژاردنت بە دەستە، لەوەی دەنگ بەوە بدەیت كە دەتەوێ؟ ئەمە كارێكە بێ سێ و دوو، بەڵام ئایا تۆ بەو میكانیزمەی دەمار ئاشنای كە ئەو كرداری هەڵبژاردنەی پێ داوی؟
دواجار ئەم هەڵبژاردنەی تۆ، ئەگەر گریمان ئەم هەڵسوكەوتەی تۆ هەڵسوكەوتێكی ئازادە، ملكەچی ئەوەیە كە تۆ گەڵاڵەی دەكەیت. هەروەها ملیۆنان كەس دەتوانن بە شێوەی جیاجیا دەنگ بدەن. كەنگین تۆ ئەوەت هەڵبژارد، كە تۆ (ئەوە) بیت لە بری ئەوەی (یەكی دی) بیت؟
بێ گومان، ئەمە گرفتی هەرە ئاڵۆز و لە چارەسەر نەهاتووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو خودە هەڵنەبژێرم كە "ئەز" هەڵدەبژێرێ، ئەوا هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كە دەیانكەم، وابەستە بەوە دەبن كە هەم، كە لە هەڵبژاردنیدا چ دەستی منی تێدا نییە، سەرەنجام هەرگیز دەرفەتی ئازادیی گەڵاڵە كردنی ئەو بژاردانەم بۆ نەهاتووەتە دی، بەڵام كەنگین دەتوانم ئەو بم كە دەمەوێ، مادام كە هەر هەڵبژاردنێك وابەستە بەم هەڵبژاردنەیە، مادام كە من ناتوانم هیچ شتێك هەڵبژێرم، تەنیا بەو مەرجە نەبێت كە پێشتر یان مرۆڤێك یان شتێك بوو بم.
ئەم كارە دەچێتە نێو ئەو دوو پرسەوە كە (دیدرۆ) لە كتێبی (جاكی قەدەری) باسی دەكات، كە بریتییە لە: "ئایا بە دەستپێك لەوەی كە ئەزم،دەكرێ شتێك بم بێ لەوەی كە خۆمم؟ بە دەسپێك لەوەی كە ئەزم، ئیدی ئایا لە توانامدا هەیە كە شتێكی دیكەم بوێ بێ لە خۆم؟" بەڵام ئەگەر (من) زیندانی بوو، ئیدی بەم دۆخەوە، چۆن دەتوانێ ئازاد بێت؟
پەلە ناكەین كە لەو قسانەی پێشووەوە بەو بەراكامە بگەین، كە ویستی ئازاد نییە، یان ئەوەی تەنیا وەهمێكی پەتییە. بەوەی كە مرۆڤ ئازاد بێت، وەك گوتم، واتای ئەوەیە كە چۆنی دەیەوێ بەو جۆرە رەفتار بكات. بەوەی كە مرۆڤ خاوەن ویستێكی ئازاد بێت، واتە ئەوەی بوێ كە دەیەوێ. من ئەوە مسۆگەر دەكەم كە ئەو ئازادییە هەرگیز نەبڕێ، چونكە چۆن دەكرێ شتێكمان نەوێ كە ویستی ئێمە نییە، یان ئەوەی شتێكی دیكەمان بوێ؟
دوور لەوەی بڵێین نییە، ویستی ئازاد بە ئازادی لێك دەدرێتەوە، بە گوێرەی ئەم واتایە بێت، ئەمە جۆرێكە لە هەڵەوەڕی: هەموو ئەنجامی هەر ویستێك ئازادییە، وەك داڵانیزمان بۆی چوون، جا بە پێی ئەم واتایە، ئەم سێ پەیڤە: (ئازاد، خۆبەخۆ، ویستخواز) هاوواتان (وەك كە دیكارت لەبارەی كردارێ كە لە قۆناغی تەواو بووندایە، گوتی). ئەم ئازادییە، كە زۆر كەم فەیلەسووف بەرهەڵستییان كرد، هەر ئەوە كە دەكرێ بە خۆڕسكایەتیی ویست پەسنی بكرێت. هەمان ئازادییە وەك كە فەیلەسووفانێك واتاكەیان دیاری كرد، لە نموونەی: ئەبیكۆر، ئەبكتیت، هەروەها بیل، بە شێوەیەكی سەرەكیش واتای ئەرستۆـ لیپنتیز و برگسۆن. ئەو بەم واتایە، ئازادیی ویستە، یان دروستتر، خودی ویستە، بەوەی كە هەر بە (ئەز)ەوە گرێ دراوە (تەنانەت ئەو ئەزەش وابەستەی مەرجی دیاری كراوە): من ئازادم لەوەی كە چیم دەوێت، لەبەر ئەوەشە كە بە كردەنیش هەر وا دەبم.
ئایا فەرمانەكانی مێشكم جێبەجێ بكەم؟ با وا بێ، بەڵام ئەگەر خۆم و مێشكم یەك شت بووین، ئەمەش واتای ئەوەیە كە خۆم گوێڕایەڵی خۆمم. ئەگەر من مەحكوومی ئەوەم كە هەم، ئەمەش كارێكە دەیسەلمێنێ كە ئازادیی من رەها نییە، پتر لەوەی دەیسەلمێنێ كە هەر نییە: بە گوێرەی ئەم واتایە، ئازادی چی دی نییە، بێ لەوەی دەسەڵاتێكە مەحكوومی ئەوەیە هەر خۆی، خۆی دیاری بكات.
مێشك، بە پێی بۆچوونی بایۆلۆژیای دەمار، بریتییە لە "ئامێرێكی كراوەی خۆڕێكخەر". وا دابنێ من وابەستەی ئەوم، سەبارەت بە من كارەكە چون یەكە. هەڵبەت ملكەچ بوون بۆ ئەوەی كە دەبین (نەك بۆ شتێكی دی)، هەمان پێناسەی واتای سەربەخۆییە! مافی ئەوەمان هەیە قسە لەبارەی ویستی ملكەچ بە وابەستەگیی دیاری كراوەوە بكەین، ئەویش لە پێناو ئاماژەدان بەوەی كە بۆی نەنووسراوە نە ملكەچ و نە شلۆق بێت. حەتمیەت ئەو رووكارەی دیكە نییە كە لەگەڵ ئازادیدا ناكۆك بێت: ئەو بە كردەنی ئازادییە.
ئەوەی دەشمێنێ گرنگ نییە. جا چ پەیوەست بە مێشك بوو یان بە رۆحی ناماددییەوە. گیانداری ئازاد، لە هەردوو حاڵەتدا پەیوەستە بەوەی كە دەبین، لە رووی پرەنسیپیشەوە، پەیوەست نابێت، تەنیا بەو دۆخەوە نەبێت. بە زمانی برگسۆن: "ئەو كاتە ئێمە ئازاد دەبین، كە كردارمان زادەی تەواوی كەسایەتیمانە، كاتێك گوزارشت لەو كەسایەتییە دەكات، هەروەها كاتێك یەكێتیی كەسایەتی و كردارەكەی بێ سنوور چون یەكن، وەك ئەوەی لە لای هونەرمەند و كارەكەیدا دەی بینین". گومان لەوەدا نییە، كە رۆفائیلی نیگاركێش ئەو بژاردەیەی لە بەردەمدا نییە كە ببێتە رۆفائیل یان مایكل ئەنجیلۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، دوور لە هەموو ئەمانە، كێ رێی ئازادی لە نیگار كردنی لێ دەگرێت؟ بەڵكوو ئەو شتە جودایەیە كە بواری پێ دەدات داهێنان بكات.
Top