ئایدیۆلۆژیا، توند و تیژی، دەزگاکان (١- ٢)

ئایدیۆلۆژیا، توند و تیژی، دەزگاکان  (١-	٢)

نووسه‌ر :جادەل کەریم جباعی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

شرۆڤە کردنی ململانێکان، لە ئێستا و رابردوودا، روونی دەکاتەوە، کە پەیوەندییەکی بنیاتگەرانە لە نێوانی ئایدیۆلۆژیا و توند و تیژیدا ھەیە. ھەر ئایدیۆلۆژیایەکیش، ئایینی بێت یان نائایینی، ڤایرۆسی توند و تیژی یان ئەگەری توند و تیژیی تێدایە. ئەو ڤایرۆسەش دەر ناکەوێت و خۆی نانوێنێ، تا ھێزی جڤاکی سیاسی نەیگرێتە خۆی و بەرژەوەندیی خۆی تێکەڵ بەو ئایدیۆلۆژیایە نەکات. ھێزی جڤاکی سیاسیسش، شەڕی سیاسیانەی خۆی لە سایەی ئاڵای ئایدیۆلۆژیادا دەکات.
ھەڵبەت، ئایدیۆلۆژیا لە تەنیا دەمامکێک زیاترە، چونکە رەنگە ببێتە "ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی" بۆ تاک و جڤاک، ئەو بۆ خۆی (واتە ئایدیۆلۆژیا) دەبێتە فاکتەرێک لە نێو فاکتەرەکانی ململانێی سەر ناسنامە، رکێفی ئاکامەکانی ململانێشی لە دەستدایە. ئەمەش نایەتە دی، تەنیا ئەو کاتە نەبێ، کە دەچێتە فۆرمی دەزگا، ئنجا دەبێتە یەکێک لەو فاکتەرانەی کار لە چالاکیی دەزگاکان و پەیوەندیی ناوخۆ و دەرکییان دەکات.


ئیدی بەم جۆرە، دەزگاکان دەبنە وێنەیەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، واتە گوزارشت کردنی کردارەکی لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ناوەرۆکی ھێمایانە، کولتووریانە و رەوشتیانەی، لە سەر پێگەیەکی بەخشندەی ئابووری، یان سەرمایەی بەدی ھاتووی ماددی. ئەمەش وامان لێ دەکات، لە نێو دەزگای فەرمیدا، بگەڕێین بە دوای پەیوەندیی ئایدیۆلۆژیا بە توند و تیژییەوە، بەوەی کە ئەو دەزگایانە دەزگای فەرمین، ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتیش بەڕێوەیان دەبات، جا چ نەتەوەیی بێت، یان ئیسلامی یان سۆشیالیست، کە ئایدیۆلۆژیای دژبەر دەورووژێنێ.
کەسانی خاوەن ھزری دامەزرێنەری نوێ، بە جیاوازیی دید و میتۆدیان، لە دوو خاڵدا کۆک و یەک دەنگن:


یەکەم: دەزگا، سیاسەت دادەڕێژێ.
دووەم: دەزگاش، مێژوو دروستی دەکات. واتە ئەو خەڵکانەی کە مێژووی خۆیان دروست دەکەن، ھەڵبەت بە پێی مەیل و ئارەزووی خۆیان دروستی ناکەن. کاری کردارەکیانەی دەزگا، وابەستەیە بەو رێڕەوە جڤاکیانەی، کە کاری تێدا دەکات.

ھەڵبەت جیاوازیی جەوھەری ھەیە لە نێوان کۆمەڵگایەکی مەدەنی، کە ھاووڵاتایەتیی چالاک، وەک خانمە ھاووڵاتیی دڵسۆزی و ھاووڵاتیانی پەرۆش سەبارەت بە پەرژەوەندیی گشتیی ھەیە، لەگەڵ پەیوەندیی سیاسی کە بەندە بە ئازادی و یەکسانی، ھەروەھا تان و پۆیەکی کۆمەڵایەتی لە متمانە و ھاوکاری، لەگەڵ کۆمەڵگایەک، کە تووشی نەفرەتی سیاسەتی بنیات سەر بەرەو ژوور و پەیوەندیی باوکانە بووە، ھەروەھا ژیانێکی کۆمەڵایەتیی واشی ھەیە، کە تێیدا، لێک دابڕان و گۆشەگیری و کولتووری بێ متمانەیی باڵادەستە.
ئەم نەفرەتە نەفرەتی ئایدیۆلۆژیایە، کاتێک دەبێتە سیاسەت، نکووڵی لە مرۆڤ بوونی ئەوی دیکەی جیاواز و شیان و شایستەیی ئەو دەکات.


جێی سەرنجە، لەو وڵاتانەی گیرۆدەی ململانێی ناسنامە بوون، ئەو پێگەیەی دەزگاکانی توند و تیژی و کولتووری شەڕ، لە لای بازنە و دەزگای فراوان ھەیانە، لەوانەی کە خەڵکان بۆ لای ھەردوو تەوەری ململانێیەکە رادەکێشن، یان بۆ لای تێکڕای تەوەرەکان، ھەروەھا گرەو کردن لە سەر یەکلایی کردنەوەی ململانێیەکە لە رێی سەربازییەوە. ھەروەھا گرووپەکانی چەکدار رۆڵی سیاسییان دەبێت، بەوەی کە ھێمای سەروەریی نیشتیمانی یان ھێمای دەسەڵاتداری و پاشایەتین. لە بەرانبەریشدا شلۆقیی چالاکیی جڤاکی و کولتووری و سیاسی و رێکخراوی ئەھلی و رێکخراوەکانی مەدەنی و رێکخستنەکانیان، لە ئارادا دەبێت.


ئەم ناتەباییە لە بنەڕەتدا لە روانینێک بۆ مێژوو سەرچاوە دەگرێت، کە وابەستەیە بە زاڵ بوون و جەور، ددان بە مافێکدا دەنێت کە ھێزی پەتییە، شەرعیەتیش بەم مافە دەدات، یەکسانی و ئازادیش بە رادەی ھاودژییەکی رەھا، لە یەکدی دوور دەخاتەوە. بنەمای ھاووڵاتایەتی و بیرۆکەی دادیش، رەت دەکاتەوە. ئەمەش لە زاڵ بوونی دەزگای سەربازی و ئەمنی بە سەر ژیانی سیاسیدا، واقیعیانە خۆی نواند و بەرجەستە بوو، زاڵ بوونێکی نیمچە رەھا لەو وڵاتانەی مەبەستمانە، ھەر لەو کاتەوە ئەو دەزگا (سەربازی و ئەمنیانە) بوون بە ھێزی یەکلایی کردنەوەی ململانێی سیاسی، پاشان تەنیا ھێزێک کە جڵەوی کاروباریان لە دەستدایە، ئنجا لاف لێدان بە سەر ھەر شتێک کە مەدەنی بێت و تێزی پێ دەکەن، سەرباری ئەوەی ھەموو دەسکەوت و بەراتێکیش دەخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە، بەوەی ئەوان (وەک ھێز) لە سەرووی رەخنە و لێپرسینەوەن.


ئێمە دیتمان، کە ژیانی سیاسی لە سووریا، بۆ نموونە، جاران و ئێستاش ھەر وابەستەیە بە بنیاتی دەسەڵاتی رژێمەوە، رژێمیش پشتی بە (تیرۆر "سوپا، موخابەرات" و ئایدیۆلۆژیا و میدیا) بەستووە. ئەوە، بە گوێرەی گوتەی بیرمەندی ئەمریکی (حەنا ئەرندت)، خەسڵەتی رژێمی دیکتاتۆرییە. ئەو توند و تیژییەی دەسەڵات، لە رێی دەزگاکانەوە، پیادەی کرد و دەیکات، ئەو توند و تیژییە یاساییە نییە، کە دەوڵەت قۆرخی کردووە، کە ئامانجی پاراستنی کۆمەڵ و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافی ھاووڵاتیانە، بەڵکوو ئەوە توند و تیژییەکی نایاسایی و ناڕەوشتییە، ئامانجی بریندار کردنی کۆمەڵ و دەستەمۆ کردنیەتی، ھەروەھا کۆنترۆڵ کردنی چارەنووسیەتی.


پاشان دەزگای ھێزی گورز وەشێن (سەربازی و ئەمنی)، ھەروەھا ئەو بەندیخانە و زیندان و سیخوڕ و کەسانی ئەڵقە لە گوێیان، وێنەیەکی دیکە یان وێنە نەرێنییەکەی دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و سیاسی و کارگێڕی و خزمەتگوزاری و بەرھەمن.
قوربانیانی ستەم و گرتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان، وێنەی نەرێنیی ئەو رەوشەیە، کە کۆمەڵ بە کردەنی تێی کەوتووە. (چاودێری و سزادان) دوو ناونیشانی سەرەکیی دەسەڵاتن، ناوەرکی سەرەکیی سیاسەتی ئەویشن. ئایدیۆلۆژیاش پێوەری سەرەکیی چاودێری و سزادانە، ناکرێ لە توند و تیژی و تیرۆر حاڵی بین، تەنیا بە نیشانەکانیان نەبێت، ھەر ئەوانیش بۆی دەبن بە پاساو. ئێمە سەرکێشی دەکەین و دەڵێین، توند و تیژی و تیرۆرێک نییە دوور لە ئایدیۆلۆژیا، ھەر ئەویش (ئایدیۆلۆژیا) سەرچاوە و پاساویانە.

ئایدیۆلۆژیا ئامانجێک نییە بۆ دەسەڵات، بەڵکوو ئەو ئامراز و دەسکەلایەتی، ئایدیۆلۆژیا تەنیا لە رێی ئەرکەکەیەوە دەناسرێتەوە، ئەو بنیاتی خۆی لە خەسڵەتی ئەو کەسانەی دەسەڵات پیادە دەکەن بەدەست دەھێنێت، ئەوەیان لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، بنیاتەکەی لە جۆری ئامانج و خود ویست و بەرژەوەندی تایبەتی کوێرانەی ئەوانەوە، بە دەست دەھێنێت. ئەمەش وا لە ئایدیۆلۆژیا دەکات ببێتە رێڕەوێک بۆ بەرھەم ھێنانی رق و کینە و توند و تیژی، ئنجا پاساو دانەوەیان، ھەروەھا پەیوەست بوونیشی بە سیستەمی دەسکەوت و دابەش کردنی بەراتی ماددی و واتاییش، راڤە دەکات.


ئەم سیستەمە کاری لە دەزگاکان و توانا و بڕستی ئەوان لە رووی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانەوە کردووە، بەوەی ئەو ئەرکانە ئامانج و خواستی دروست بوون و گەڵاڵە بوونی ئایدیۆلۆژیان. ھەروەھا کاریگەریی پیادە کردنی نەریتیانە و "قورخ کردنی کارایانەی دەسەڵات و سامان و چاوگەکانی ھێز" لە رووی بە دەستەوە گرتنی دەزگاگەلی نوێ و رێ گرتن لە تواناکانیان لە رووی بەجێ گەیاندنی ئەرکی جڤاکیانەیان، روون دەکاتەوە، ھەروەھا رێ گرتن لەوەی نەبادا ببێتە پایە بۆ گەشە و پێشکەوتنی جڤاک. پاشان، کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا روون دەکاتەوە، کە کردار ئاراستە دەکات و پاساو بۆ قورخ، سەبارەت بە کار و چالاکیی دەزگاکانی فەرمی و پەیوەندییان بە کۆمەڵەوە، دەھێنێتەوە. دەشیان کات بە ئامراز بۆ کۆنترۆڵی زبر و ھەژموونی نەرم و پێک ھێنانی جەستەی خەڵکی بەرحوکم.


ئیدی لە ئاکامی ئەو سیستەمی دەسکەوت و دابەش کردنی بەراتەدا، میکانیزمێکی ریزبەندی و پەراوێزگری لەو دەزگایانەدا بەدی دێت، پاشان ئەو میکانیزمی ریزبەندی و پەراوێزگرییە، سەراپای کۆمەڵیش دەگرێتەوە، لە چێوەی پرۆسەیەک یان رێڕەوێکی خشتەڕێژی کۆمەڵایەتی (چینایەتی)دا، کە ئیدی پەیوەندیی ئاسۆیی و تۆڕ ئاسا، جێی پەیوەندیی ستوونی دەگرێتەوە، ھەروەھا لە بڕیاردانی بنەماکانی ھەق و رەوشت، ھەروەھا بنەماکانی وڵاتایەتی و دادیش.
Top