توندڕەوی و پێگەی ئافرەت

توندڕەوی و پێگەی ئافرەت

نووسه‌ر :فوئاد کەنجی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

(ناونیشانی ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی (توندڕەویی ئایینی و مەزھەبی و رەگەزی و کاریگەریی بە سەر رۆڵ و پێگەی ژنی کارکەر لە جڤاکدا) درێژ بوو. بۆ ئاسان گەیشتنی پەیامەکە، من ناونیشانی وتارەکەم کورت کردەوە، بەڵام ناوەرۆکەکەیم، وەک خۆی کردە کوردی. دەقی ئەم وتارەش لە ٢/٥/٢٠١٦دا لە ماڵپەڕی دیالۆگی شارستانیانە (الحوار المتمدن)دا بە زمانی عەرەبی بڵاو بووەتەوە).
تێکی بەرزی ئازادیدا دەژیان. ژن تا ئەو کاتە لە ھەموو بوارێکی پیشەیی و زانستی و کۆمەڵایەتیانەی ژیاندا،خاوەن پێگە و ئامادە بوونێکی بەرچاو بوو.
بە حوکمی تەبیعەتی مرۆییانە، کە ھەردەم و لەگەڵ رۆژگاردا لە ھەوڵی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیدایە. جا لەو کاتەی کە جیھان لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیست و یەکدا، لە تێکڕای ئاستەکانی ئاکاردا، چووەتە نێو قۆناغێکی بەرزی گەشەی زانستی و کولتووری و مرۆییانەوە، بە گوێرەی پێوانە و رێچکەی گەشە کردن، ئێمە پێشبینیمان دەکرد، کە ژنانی رۆژھەڵات بگەنە بەرزترن پلەکانی گەشە و پێشکەوتن، ھەڵبەت لە ھەموو ئاستەکان و بە گوێرەی پێوانەی لۆژیک، بەوەی ھاوکێشەی ژیان روو لە کەناری ئەرێنی دەئاژوا، ئەویش لەبەر رۆشنایی ئەو ئەرێنی بەراییانەی پێشکەوتنی ئافرەتانی ناوچەکە. کەچی دەبینین رووداوەکانی پەیوەست بە واقیعی ژن بە باری نەرێنیدا دەگەڕێ، لە ھەموو ئاستەکاندا پاشەکشەی ترسناک دەکات، تەنانەت بە دەیان ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە ھەڵە و کۆسپێک ھاتووەتە پێش، کە ھاوکێشەی مرۆییانەی لە کاروانی ژنانی رۆژھەڵاتدا، شێواندووە.
کاتێک لەم رەوشە ورد دەبینەوە و دەیدەینە بەر رۆشنایی شرۆڤە و سەرنجەوە، دەبینین ترسناکترین شت کە رێی لە ئازادیی ژن و بەھاگەلی پەیوەست بە شکۆ و مرۆڤایەتیی ئەو گرت، سەرچاوەکەی فاکتەری توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینییە، کە وەک رەشەبایەک ھەڵی کرد و تێکڕای ناوچەی رۆژھەڵاتی گرتەوە. ئەو توندڕەوییە باڵی بە سەر گشت وڵاتانی رۆژھەڵاتدا کێشا، زۆر توند و دژوارانە، بە ئەندازەیەک، کە ھەر شتێکی دەکەوتە بەر رێڕەوەکەی، بە شێوەیەکی ترسناک رای دەماڵی. ئەمەش وای کرد ژنانی رۆژھەڵات پاشەکشە بکەن و بەرەو دوا بگەڕێنەوە، بەوەیلە ھەموو ئاستەکاندا، کاریگەریی نەرێنیی کردە سەر واقیعی تازەی ئەوان، کە راستەوخۆ کەوتنە بەر لێشاوی ھێرش، بەر لەوەی ئەم توندڕەوییەی ئایین ھێرش بکاتە سەر تەواوی کولتووری مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ ململانێ لە نێوان ھێزەیل و بانگخوازانی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی و لە نێوانی ئازادیناساندایە، کە بریتین لە رۆشنبیران و لایەنگرانی ماف و ئازادیی ژنان.
بڵاو بوونەوە و تەشەنە کردنی دیاردەی توندڕەویی ئایینی، زادەی تەشەنە کردنی دیاردەگەلی نەخۆشیی دەروونییە لە بنیاتی ھەندێ جڤاکەیلی دوورە پەرێزی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، کە گیرۆدەی چەپاندن و بێ بەشی بوون، بە ھۆی کورت ھێنان لە پەیام و ئامانجی پەروەردە و فێرکردنی دروست، ھەروەھا نەبوونی کولتوورێکی رۆشنگەری ھەمەلایەنی پەروەردە بۆ تێکڕای جڤاکەیلی ناوچەکە. ئیدی توندڕەوانی بنەچەخواز ئەم ھەلومەرجەیان قۆستەوە، بۆ تێپەڕاندنی ھزر و بیرۆکەی توندڕەوی ئایینیانەی خۆیان. جا بە کردەنی توانییان دزە بکەنە نێو ئەو ناوەندانە (چین و توێژانە)ی لە وڵاتانی ناوچەکەدا، وەک سووتەمەنییەکی ساز و ئامادە وا بوون. سەرەنجام بوو بە دیاردەیەک و گڕی لە سەراپای ناوچەکەی بەردا. ئیدی بوو بە ھەڕەشە بۆ ئاشتی و ئارامی و ئاسایش، نەک تەنیا بۆ گشت ناوچەی رۆژھەڵاتی جیھان، بەڵکوو بوو بە ھەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایش و ئارامیی تێکڕای جیھان.
توندڕەویی ئایینی وەک میتۆد و رەوتێکی ھزری، لە ئاکامی فەتوا و بانگەوازەوە دەستی پێ کرد، کە ھەندێ مەلا و پیاوانی توندڕەوی ئایینی لە کەنداوی عەرەب/ فارس رابەرایەتییان دەکرد، ئەویش بە بەھانەی پشتیوانی کردنی ئیسلام لە ئەفغانستان بۆ دەرکردنی سۆڤیتەت لە خاکی ئەو وڵاتەدا. یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩دا، بۆ پشتیوانی کردن لە حکوومەتی ئەفغانستانی دۆست بە یەکێتیی سۆڤیەت، ھاتە نێو ئەفغانستانەوە. ئیدی ئەو وڵاتە لەو کاتەوە گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ بوو، کە بەرەی نەیارانی سۆڤیەت ھێرشیان دەکردە سەر ھێزەکانی حکوومەتی ئەفغانستانی ھەواداری سۆڤیەت. شۆڕشگێڕانی دژ بە دەست تێوەردانی سۆڤیەت، لە لایەن کۆمەڵێک وڵاتی نەیار بە یەکێتیی سۆڤیەت، وەک ئەمریکا و سعوودیە و پاکستانەوە، پشتیوانی دەکران. ھەڵبەت پێشتر چەند لایەنێکی پێک ناکۆک داوایان لە یەکێتیی سۆڤیەت کرد، بێتە نێو وڵاتەوە و ئەفغانستان لە شەڕی ناوخۆ رزگار بکات.
لەو سەروبەندەدا، (ئوسامە بن لادن) لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە پشتیوانیی دارایی لێ کرا، ئەمریکاش پشتگیریی کرد و بۆ ئەفغانستان رەوانە کرا، پاشان بانگەوازی جیھاد بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە رادێرا، کە بوو بە یەکەمین تۆوی توندڕەویی ئایینی لە تێکڕای ناوچەکەدا. ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە جەمسەرێکی دژ بە توندڕەوییەکی دیکەی ئایینی، بەوەی دەسەڵاتی پیاوانی ئایین لە دەوڵەتی ئێران بە رابەرایەتیی ئیمام خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئایینی ئیسلامیان کردە مۆرکی فەرمیی دەوڵەت و ھەژموونی خۆی بە سەر تەواوی ئێراندا سەپاند.
ئەم فاکتەرانە رۆڵی گەورەیان ھەبوو، لە زەمینەسازی کردن بۆ پەیدا بوونی توندڕەویی ئایینی لە سەرانسەری ناوچەکەدا، پاش ئەوەی رێکخراوەیلی جیھادی لە ھەموو چەشنە توندڕەوییەکی ئایینی گوڕ و تاویان سەند، ئەمەش دیاردەی دەمارگیریی مەزھەبی و تایفیی لێ کەوتەوە، کە ململانێ و بەریەک کەوتنی نێوانیانی کردە کارێکی حەتمی. ئەمەشیان بووە مایەی دروست بوونی گرووپەیلی چەکدار بە ناوی جیاجیاوە، ھەموویان لە ناوچەکەدا رایەڵیان کێشا، ئنجا بوون بە مایەی ئیفلیج کردنی گەشە و پەرە سەندنی جڤاکەیلی رۆژھەڵات بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو. ئەمیش لە لای خۆیەوە بە شێوەیەکی نەرێنی کاری، نەک ھەر لە رێڕەوی ژیانی گشتی کرد، بەڵکوو ئاکامی کارەساتباری بۆ ئافرەت و ماف و ئازادیی ئەو، لێ کەوتەوە. ئیدی رێ لە پیادە کردنی رۆڵی مرۆییانەی لە رووی کار و فێر کردنەوە، گیرا. کۆت و بەند و پەچە و سەرپۆشی بە سەردا سەپێندرا. کار لەوەشی تێپەڕاند و دیاردەی سەبی (رفاندن و زەوت کردن) و کڕین و فرۆشتنی ژن، وەک کەنیزە و بۆ چێژ و خۆشیی سێکسیانەی پیاویش ھاتە ئاراوە. ئەم بەھاگەلەی پەیوەست بە رەفتار کردن لەگەڵ ئافرەت لە رابردوودا وەک خاڵێکی رەش لە مێژووی جاھیلیی (عەرەب) ھەژمار دەکرا، کەچی مخابن لە رێی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینەوە، کە بینایی و دیدەی ئەمانی کوێر کرد بوو، ئەو دیاردەیە زیندوو کرایەوە.
ئیدی لێرەوە، دەبێ دەوڵەتانی ناوچەکە، بەو رەوت و ئاراستانەی ھزر و مرۆییانەی خەباتی رزگاریخوازانەی خۆیانەوە، پێویستە ئەرکی رووبەڕوو بوونەوەی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی بگرنە ئەستۆ، لە دژی بوەستنەوە و لە ریشەوە ھەڵیکێشن. نەمازە کە ئەو رەوتانەی پێشکەوتنخوازی ھزر، ھەڵگری ناوەرۆکی مرۆییانەی دەوڵەمەند بە بەھای ئاکارن، کە دەبنە پێگەی گرنگی کار بۆ گەیشتن بە ئامادەسازیی بەرەنگار بوونەوەی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی و بەرھەڵستی کردنی، ئنجا ریشەکێش کردنی ھزر و رەگەزەکانی.
زۆر پێویستە بەرەیەکی دژ بەو توندڕەوییە دابمەزرێت، کە ئافرەت تێیدا بەشدار بێت، لە شێوەی پێکھاتەیەکی بەرەییانەی ژنانەدا، کە نەک ھەر لە ئاستی ناوخۆدا بێت، بەڵکوو بەرەیەکی ژنانە لە ئاستی جیھاندا بێت، بۆ رووبەڕوو بوونەوەی توندڕەویی ئایینی. ئامانجیش ھاودەنگی و خەباتی ھەرەوەزییانە بێت لە سەرناسەری جیھاندا، بۆ بەرەنگار بوونەوەی دیاردەی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی، چونکە دەرھاویشتەی نەرێنیی ھزرییانەی ھەیە، کە رەنگدانەوەی کوشندەی بە سەر کۆمەڵەوە دەبێت، بە ھەمان شێوە رەنگدانەوەی بۆ سەر ئارامی و ئاشتی و سەقامگیری لە جیھاندا دەبێت، چونکە ھەر پەراوێز خستن و دوور خستنەوەیەکی ژن، دەرەنجام زیان بە ھەموو ئافرەتانی جیھان دەگەیەنێت.
ئیدی لێرەوە، تێکۆشانی گەلان پێویستە، دژ بە ستەم و توندڕەوی و ناھەقی کە ژنان لەم ناوچەیەدا گیرۆدەی بوون، چونکە لە ئاکامدا زریانەکە دەگاتە شوێنانێک کە لە خەیاڵمان بەدەرە. لەبەر ئەوەی بیر و لێکدانەوەی توندڕەوان و دەمارگیرانی ئایین، سنوورێک ناناسێ، ئەوان چاویان لە برەو پێدانی ھزری پەراوێز خستنی ژنانە. ئەوان ھەڕەشە لە ئافرەتان دەکەن، ئەو ھەڕەشەیە پەل بۆ ھەموو کۆمەڵ و جڤاکێک دەھاوێت، نەمازە کە ئیدی توندڕەوی و دەمارگیری رۆڵی خۆی و کاریگەریی ئەرێنیانەی بۆ گەلێ شوێن لە وڵاتانی رۆژھەڵات و جیھان، گەیاندووە.
بە رەچاو کردنی ئەو راستییە، دەبێ ھەموو لایەک یەک ریز بوەستن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی، لە بەرەیەکی یەکڕیز، کە ھەمووان دژ بە توندڕەویی ئایینی بە ھەموو شێوە و رەنگێکییەوە بوەستنەوە. ئامانج بەدی ھێنان و بنیات نانی جڤاکەیلێکە، کە باوەڕیان بە داد کۆمەڵایەتی و مافی ئافرەت و یەکسانی ھەبێت. دەبێ کار کردن لە بواری زانست و پەرە پێدان سەنگی مەحەک بێت، نەک ھێز و نەزانی و پاشکەوتنێک، کە سامانی پووچی لە پشتە. چەوساوندنەوەی ئافرەت ھەرچەندی توند بێت و درێژە بکێشێت، دواجار رژێمەیلی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی ھەر دەڕووخێن. بەوەی کە توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی دینامیکییەتی خۆی لە رووبەڕوو بوونەوەی ژنانەوە بەدەست ھێنانەوە، ئیدی یەک دەنگیی ئافرەتان و یەک ھەڵوێستیی ھەمووان، باشترین چەکی بەرەنگار بوونەوەیە، کە توندڕەویی ئایینی دەبەزێنێ، رۆڵ و مەترسییەکەشی تێک دەشکێنێ.
Top