گومان لە كارایی "ڤیاگرای خانمان" دەكرێ

گومان لە كارایی
دەرمانی مشتومڕاویی فلیبانسێرین جارێكی دیكە كەوتەوە بەر رەخنە و نەیتوانی بڕوا بە پسپۆڕان بهێنێ كە لە چاو ئەو زیانە زۆرانەی هەیەتی، سوودێكی بەرچاوی بۆ زیادبوونی ئارەزووی سێكسی خانمان هەیە.

دوای ماوەیەكی دوورودرێژ لە مشتومڕ، دواجار دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكی مانگی ئابی ساڵی رابردوو دەرمانێكی پەسەندكرد كە دەگوترێ ئارەزووی سێكسی ژنان زیاددەكات و بە فلیبانسێرین ناسراوە.

فلیبانسیرین كە بە "ڤیاگرای ژنان" ناوزەد دەكرێ، رێوشوێنی كاركردنەكەی زیاتر لە هی دەرمانە دژەخەمۆكییەكان دەچێت، چونكە وەك ئەوان كار لەو ماددە كیمیاییانەی میشك دەكات كە میزاج كۆنترۆڵ دەكەن. لە راستیشدا سەرەتا بۆ خەمۆكی درووستكرابوو، بەرلەوەی باسی ئەوە بكرێ كە ئارەزووی سێكسیش زیاددەكات، ئەوەش بە پێچەوانەی ڤیاگرای پیاوان كە راستەوخۆ خوێن بۆ ئەندامە سێكسییەكان زیاد دەنێرێت و راستەوخۆ توانای سێكسی زیاددەكات.

پێداچوونەوەیەكی نوێ و بەرفراوان دەریدەخات لەچاو ئەو زیانە زۆرانەی هەیەتی، ئەو دەرمانەی ناوی نراوە "ڤیاگرای خانمان" سوودێكی كەمی هەیە لەڕووی زیادكردنی ئارەزووی سێكسییەوە.

پێداچوونەوە نوێیەكە لەلایەن تیمێكی پسپۆڕەوە ئەنجامدراوە و ئەنجامەكەی لە جۆرناڵی زانستی JAMA Internal Medicine بڵاوبووەتەوە.

د. ئێلین لان، پرۆفیسۆری بواری سێكسزانی و پسپۆڕی لایەنی دەروونی و جەستەیی نەخۆشییەكانی ژنان لە زانكۆی ئەمستەردام لە هۆڵەندا، سەرۆكایەتی تیمێكی پسپۆڕی كردووە و لە ئەنجامی هەشت توێژینەوەی زانستییان كۆڵیوەتەوە كە لەسەر 6000 خانم ئەنجامدراون دوای ئەوەی دەرمانەكەیان بەكارهێناوە.

لە پێداچوونەوە زانستییەكەدا كە لە ژمارەی 29ی شوباتی ئەمساڵی جۆرناڵی زانستی JAMA Internal Medicine بڵاوبووەتەوە، پسپۆڕان دەڵێن "ئەو دەرمانە ئەگەری گێژبوون چوارهێندە، ئێڵنج و دڵتێكهەڵاتن دوو هێندە و لەشداهێزران 50% زیاد دەكات".

بەپێی بەرەنجامی ئەم توێژنەوەیە دەرمانەكە لە بەرامبەر ئەو زیانە بەرچاوانەدا تەنیا 6% زیادبوون درووستدەكات لە چێژوەرگرتن لە سێكس لەلای خانمان. "بەپێی توێژینەوەكان خانمان بە تێكڕا لە مانگێكدا 2.5 جار رووداوی چێژبەخشی سێكسییان ئەزموونكردووە، دوای خواردنی ئەو دەرمانە، ژمارەكە تەنیا نیو جار زیادیكردووە " د.ئێلین وادەڵێ.

د.ئێلین و تیمەكەی ئەو زیادبوونەوەی ئارەزووی سێكسیان بە كەم و سنووردار باسكردووە لە هەمبەر ئەو زیانە لاوەكییە زۆرانەی لە دەرمانەكە دەكەوێتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی پێداچوونەوە زانستییەكە، رەخنە لە دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكی (FDA) گیرا كە بۆ حاڵەتێك كە مەترسیی لەسەر ژیان درووستناكات، دەرمانێكی پەسەندكردووە كە سوودەكانی ئێجگار سنووردارن.
Top