تیشكی لێزەر گەورەترین مەترسییە بۆ سەر فڕۆكە

 تیشكی لێزەر گەورەترین مەترسییە بۆ سەر فڕۆكە
ئەگەرچی زانایانی پەیمانگەی پزیشكی چاو لە لەندەن ڕەتیان كردووەتەوە كە تیشكی لێزەر هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دیتنی مرۆڤ هەبێت، بەڵام ئەو پێشڤەچوونەی بەم دواییە لە ئامێرەكانی هاوێشتنی تیشكی لێزەریدا ئەنجام دراوە، وای لێ كردووە بتوانێ كارەساتی گەورە بخاتەوە، ئەگەر بەڕووی فڕۆكەوانانەوە بنرێت.

بەم دواییە جۆرە ئامێرێكی تیشكی لێزەر داهێنراوە، كە لە ڕیزبەندی چوارەمی ئامێرە تیشكهاوێژەكان داندراوە، تیشكەكەی توانای ئەوەی هەیە بگاتە دووراییەكی زۆر و تەنانەت دەتوانێ شووشەی جامی فڕۆكەش لە ئاسمانەوە ببڕێ.

لەمبارەوە زانایان دووپاتیان كردووەتەوە ئەو جۆرە ئامێرە تیشكهاوێژە ئەگەر كاریش لە ئاستی بینینی فڕۆكەوان نەكات، ئەوا بەلایەنی كەمەوە دەتوانێ سەری لێ بشێوێنێ و ڕێگەی فڕینی لێ ئاڵۆز بكات، بەتایبەتی لە كاتەكانی نیشتنەوەی فڕۆكەدا یان هەڵفڕینی.


زانایان بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسی ئەو تیشكانە داوایان كردووە ڕێگە بەكڕین و فرۆشتنی ئەو جۆرە ئامێرانە لە بازاڕەكانی جیهان نەدرێ.

كۆمپانیای (ئیكاو)ی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی چەندین جار داوای كردووە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو ئامێری تیشكهاوێژە بگیرێ. لەبەرئەوەی مەترسی گەورە لەسەر فڕۆكە دروست دەكات.
Top