"باخەکەی باوکم"ـی شوان عەتووف لە فیستیڤاڵی فیلمی دوبەی نمایشکرا

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی شوان عەتووف، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە ئیمارات نمایشکرا.

ئەم کورتە فیلمە لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد شوان عەتووفە و بە تیشک خستنەسەر شیعرێکی مەولانا جەلالەدین رۆمی، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە گەڵ ١٤ فیلمی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی میھر" لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چووە سەر پەردەی سینەماکان.

فیستیڤاڵەکە بە نمایشی زیاتر لە ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "میهر"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "میهر"، بەشی پێشبڕکێی "میهری ئیمارات"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی میهر"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شەوانی عەرەبی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکی "سینەما بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی وتووێژ لەگەڵ ئەکتەری ئەمەریکی جەک جێلنھال لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەچوو.

"باخەکەی باوکم" دوای کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" دووھەمین ئەزموونی دەرھێنەریی شوان عەتووف دێتەئەژمار کە بەشدارییەکی سەرکەوتووانەی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ھەبوو و توانی ١٣ خەڵاتی جیھانی بەدەستبێنێت.

ئەم کورتە فیلمە ١٣ خولەکییە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "رامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە رێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە.
Top