ئۆغڵو لە ئێرانە

ئۆغڵو لە ئێرانە
وەزیری دەرەوەى توركیا بەسەردانێكی 2 رۆژە گەیشتە تارانی پایەتەختی ئێران، بڕیارە لەو گەشتەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بەرنامەى ناوكەییی ئەو وڵاتە، گۆڕانكارییەكانی سووریا و عێراق تاوتوێ بكا.

ئەحمەد داوود ئوغڵو شەوی رابردوو پاش گەیشتنی بۆ تاران، لەگەڵ عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەى ئێران چاوی بەمحەمەد رەزا رەحیمی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئێران كەوت، هەروەها بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەدا كۆبوونەوەى تایبەتی هەبێ، سەرچاوەگەلی رەسمیی ئێرانی گواستییانەوە.

ئەو سەردانەی ئوغڵو لە كاتێكدایە، پاڵەپەستۆ و گەمارۆ ناودەوڵەتییەكان دژی ئێران بەرفرەوانتر دەبن، هەروەها وڵاتانی ئەوروپایی بەرەو گەمارۆدان و قەدەغەكردنی هاوردنی نەوت لە ئێرانەوە دەڕۆن.

دوێنێ چوارشەم وەزیری وزەى توركیا رای گەیاند، وڵاتەكەى لە هاوكارییەكانی بواری نەوت و غازدا لەگەڵ ئێراندا بەردەوام دەبێ، تا ئەو كاتەى رێككەوتنێكی تر دێتە ئاراوە.

توركیا 30%ی نەوتی پێویستی خۆی لە ئێرانەوە دابین دەكا كە دەكاتە رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل، بەپێی سەرچاوەگەلی رەسمیی توركیایی.

رۆئاوا، بەتایبەت ئەمەریكا و لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی گومانی گەیشتن بە\"چەكی ناوكەیی\"" دەخەنە سەر بەرنامە ناوكەیییەكی ئێران، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە \""ڕەت\"" دەكاتەوە، لەو ناوەندەدا ئەو وڵاتە تووشی كۆمەڵێك سزا و گەمارۆی ئابووری و دارایی بووەتەوە كە دیارترینیان 4 بڕیاری ئەنجوومەنی تەناهییە."
Top