لە ئێران 12 گەنج لەسێدارە دران

لە ئێران 12 گەنج لەسێدارە دران
ئەمڕۆ یەكشەم بڕیارى لەداردانى 12 كەس بەتۆمەتى \"رفاندنى مرۆڤ، كوشتن، دزى و بازرگانیكردنى مادەى هۆشبەر\"" لە شارى شیراز سەر بە پارێزگەى فارس هاتە جێبەجێكردن.

ئەمڕۆ سزاى لەداردانى 7 گرتى لە گرتیگەى شیراز و 5ى تریان لە یەكێك لە گۆڕەپانەكانى شارى شیراز لەبەرچاوى خەڵك هاتە جێبەجێكردن، ئاژانسى دەنگوباسى (مێهر)ى ئێرانى ئەم هەواڵەى گواستەوە.

هەریەك لەو 12 گرتییە بەتاوانى \""كوشتن، رفاندن، هێرشى چەكدارى بۆ سەر بانك و بازگانیكردن بەمادەى هۆشبەر\"" هاتوونەتە لەداردان.

لەلایەكى ترەوە نەبیوڵا حەیدەرى سەرۆكى پۆلیسى باڵەفڕگەى ئێران راى گەیاند \""لە ماوەى چەند مانگى رابردوودا لە ئێران 9 كەس بە تۆمەتى هەڵگرتنى مادەى هۆشبەر لە باڵەفڕگەى ئێران، سزاى لەداردانیان بۆ دەرچووە\"".

بەپێى یاساى ئێران ئەگەر لە باڵەفڕگەكانى ئێران لە گەشتەوەرانى دەرەكى و ناوەخۆ بەلایەنى كەم 30 گرام مادەى هۆشبەر بگیرێ، كەسەكە سزاى لەداردانى بۆ دەردەچێ.

رێكخراوى لێبوردنى ناودەوڵەتی راى گەیاند ژمارەى ئەو كەسانەى كە لە ساڵى 2011 بەتاوانى بازرگانیكردن بەمادەى هۆشبەر لە ئێران هاتوونەتە لەداردان بە 488 كەس راگەیاند كە ژمارەى لەداردانە بەم تاوانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵى 2009، سێ بەرامبەر زیادى كردووە.

ئێران لە پاش چین زۆرترین ژمارەى لەداردانى هەیە لە دنیا و بەپێى راپۆرتى كەمپینى ناودەوڵەتیی مافى مرۆڤ لە ساڵى 2011دا نێزیكەى 600 كەس بەتاوانى جۆرەوجۆر لە ئێران هاتوونەتە لەداردان.


-ئاكانیوز"
Top