ئێران: نووسێكى ئەمەریكا لەبارەى گەرووى هورمز لە رێگەى تاڵەبانیەوە بەدەستمان گەیشتووە

ئێران: نووسێكى ئەمەریكا لەبارەى گەرووى هورمز لە رێگەى تاڵەبانیەوە بەدەستمان گەیشتووە
ئەمڕۆ یەكشەم گۆتیارى وەزارەتى دەرەوەى ئێران راى گەیاند، نامەى ئەمەریكا لەبارەى گەرووى هورمز لە 3 رێگەوە بەدەستمان گەیشتووە كە یەكێكیان لە رێگەى جەلال تاڵەبانى سەرۆكى عێراقەوە بووە.

رامین مێهمانپەرەست گوتى \"سوزان رایس نوێنەرى ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان نووسێكى دابووە محەمەد خەزایی نوێنەرى ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها باڵوێزى سویسرا لە تاران نووسى ئەمەریكا ئاراستە كردین و لە رێگەى سێیەم سەرۆكى عێراق ئەو نووسەى ئاراستەى بەرپرسانى ئێران كرد\""، ئاژانسى دەنگوباسى (ئیرنا)ى ئێرانى ئەم هەواڵەى گواستەوە.

زیاتر گوتى \""ئێستە لێكۆڵینەوە لەبارەى نامەكەوە ئەنجام دەدرێ و ئەگەر پێویست بكا وەڵام دەدرێتەوە\"".

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.

گەمارۆكان دژى ئێران بەم دوایییە زیاتر كران و وڵاتانى ئەوروپایی لە هەوڵى ئەوەدان گەمارۆ بخەنە سەر كەرتى نەوتى ئێران.

ئێران وریادارى ئەوەى داوە بەگەمارۆخستنە سەر نەوتى وڵاتەكەى، گەرووى هورمز لە باشوورى وڵاتەكەى دادەخا و رێگە نادا لەو گەرووەوە دڵۆپێك نەوت بەرەو وڵاتانى دەرەوە بڕوا و ئەمەش دڵەڕاوكەى زۆرى وڵاتانى لێ كەوتەوە و بەهەمان مەبەست ئەمەریكا نووسێكى لەبارەى گەرووى هورمز ئاراستەى بەرپرسانى ئێران كرد."
Top