وەزیرى دەرەوەى ئێران وریاداریى دایە وەزیرى نەوتى سعوودیە

وەزیرى دەرەوەى ئێران وریاداریى دایە وەزیرى نەوتى سعوودیە
ئەمڕۆ سێشەم وەزیرى دەرەوەى ئێران لە وەڵامى گوتەكانى وەزیرى نەوتى سعوودیە لەبارەى زیادكردنى بەرهەمى نەوت ئەگەر گەمارۆ بخرێتە سەر نەوتى ئێران و داواى كرد بەرپرسانى ئەو وڵاتە \"قسەى هەڵنەسەنگێنراو\"" نەكەن.

عەلى ئەكبەر ساڵحى گوتى \""ئێمە چاوەڕوانى ئەوەمان هەیە وڵاتانى كەنداو و بەتایبەت عەرەبستانى سعوودیە كە بەردەوام داواى باشترین پێوەندیمان لەگەڵ كردوون، خۆیان لە قسەى هەڵنەسەنگێنراو بپارێزن\"".

زیاتر گوتى \""ئەو قسانە لە فایلى پێوەندییەكانى نێوان هەردوو وڵات دەمێنێتەوە و رەنگە دواتر كێشەى لێ بكەوێتەوە\"".

ساڵحى راى گەیاند \""ئەگەر بۆچوونى وەزیرى نەوتى عەرەبستان بۆچوونى رەسمیى ریاز بێ، نیشانەى دۆستایەتى نییە و پێشنیازیان پێ دەكەم عاقڵانە لەبارەى پرسى ناوچەكەوە بڕیار بدەن\"".

عەلى ئەلنەعیمى وەزیرى نەوتى عەرەبستانى سعوودیە پێشتر راى گەیاند بوو ئەگەر گەمارۆ بخرێتە سەر نەوتى ئێران بەئاسانى دەتوانین پێویستى بازاڕ پڕ بكەینەوە.

ئەلنەعیمى راى گەیاند \""بەئاسانى دەتوانین رێژەى بەرهەمى خۆمان بۆ رۆژانە 11.4 تا 11.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژدا زیاد بكەین و ئەمە لە ماوەى چەند رۆژدا جێبەجێ دەكرێ\""، تۆڕى دەنگوباسى (سى ئێن ئێن) ئەم هەواڵەى گواستەوە.

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بەپاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.

گەمارۆكان دژى ئێران بەم دوایییە زیاتر كران و وڵاتانى ئەوروپایی لە هەوڵى ئەوەدان گەمارۆ بخەنە سەر كەرتى نەوتى ئێران.

ئێران وریادارى ئەوەى داوە بەگەمارۆخستنە سەر نەوتى وڵاتەكەى، گەرووى هورمز لە باشوورى وڵاتەكەى دادەخا و رێگە نادا لەو گەرووەوە دڵۆپێك نەوت بەرەو وڵاتانى دەرەوە بڕوا و ئەمەش دڵەڕاوكەى زۆرى وڵاتانى لێ كەوتەوە."
Top