فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای گرووپی حه‌قانی كوژرا
بنه‌ماڵه‌ی حه‌قانی له ئه‌فغانستان، له لێدوانێكدا بۆ بی بی سی، ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه كه به‌دره‌دین حه‌قانی، فه‌رمانده‌ی باڵای گرووپی ئیسلامیی حه‌قانی، له هێرشێكی فڕۆكه بێ‌فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كوژراوه.
به‌پێی هه‌واڵی بی بی سی، به‌دره‌دین حه‌قانی، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له هێرشێكی فڕۆكه بێ‌فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له ویلایه‌تی وه‌زیرستانی باكوور كوژراوه.
به‌دره‌دین حه‌قانی، كوڕی سێهه‌می جه‌لاله‌دین حه‌قانی، دامه‌زرێنه‌ری گرووپی ئیسلامیی حه‌قانی بوو و ئه‌گه‌رچی سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه نه‌بوو، به‌ڵام چالاكترین فه‌رمانده‌ی گرووپه‌كه بوو.
هه‌تا ئێستا هێزه‌كانی ناتۆ و ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، ئه‌م هه‌واڵه‌یان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه دیپلۆماتیه‌كان، كوژرانی ئه‌م فه‌رمانده‌یه به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌زانن له شه‌ڕ دژی تیرۆریزم.