عەبدولفەتاح سیسی سوێندی یاسایی دەخوات

 عەبدولفەتاح سیسی سوێندی یاسایی دەخوات
مەراسیمی سوێندخواردنی عەبدولفەتاح سیسی، وەک سەرۆکی نوێی میسر بەڕێوەدەچێت و بە فەرمی دەستبەكاردەبێت.

مەراسیمی سویندخواردنی سیسی، ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2014 لە بارەگای دادگای دەستووریی باڵای میسر لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت و سەرۆكی نوێ لەبەردەم 13 ئەندامی كۆمەڵەی گشتی دادگای دەستووریدا، سوێندی یاسایی دەخوات.

هەڵبژاردنی دادگای دەستووری بۆ ئەنجامدانی مەراسیمەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئێستا پەرلەمانی میسر كاری پێناكرێت و لە ساڵی 2012 بە بڕیارێكی دادوەری میسر هەڵوەشایەوە.

دوای تەواوبوونی مەراسیمەكەش، عەبدولفەتاح سیسی، كە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار دەڕوات و چاوەڕێش دەكرێت لایەنگرانی سیسی لەنزیك ئەو كۆشكە دەست بە ئاهەنگگێڕان بكەن.

لە مەراسیمی سوێندخواردنی سیسیدا نوێنەری چەند وڵاتێكی عەرەبی وەك سعودیە، ئیمارات، جەزائیر و عەممان و هەروەها سەرۆك و نوێنەرانی كۆمكاری عەرەبیش ئامادەی ئەو مەراسیمەدەبن.

عەبدولفەتاح سیسی دوای ئەوەی بە كودەتایەكی سەربازی لە 3ی حوزەیرانی 2013، محەممەد مورسی، سەرۆكی میسری لەسەر كارلادا، لەلایەن زۆربەی خەڵكی میسر و بە تایبەت ئەوانەی دژ بە ئیخوان بوون، وەك سیمبولێكی نیشتیمانی میسر سەیركرا. سیسی كە ئەوكات وەزیری بەرگری بوو، دواتر بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كاندید بكات، وەك وەزیری بەرگری دەستیلەكاركێشایەوە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی میسر كە لە 26، 27 و 28ـی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، بەرێژەیەكی بەرچاو سەركەوتنی بەدەستهێناو نزیكەی %97ـی دەنگەكانی بۆ خۆی مسۆگەركرد، بەڵام كەمتر لە %50ـی خەڵكی میسر بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا كرد.









رووداو
Top