ئه‌مریكا په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان ده‌كات

ئه‌مریكا په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان ده‌كات
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ هاوكاری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ توندڕه‌وه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو نابێت گه‌ر سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانیاندا زاڵ‌ نه‌بن.

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ دوێنێ‌ شه‌ممه‌ جۆن كیری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی‌ به‌ هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراقه‌وه‌ كردووه‌ و په‌یامێكی‌ پێ‌ راگه‌یاندووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ هاوتا عیراقییه‌كه‌ی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق بێ‌ سوود ده‌بێت گه‌ر سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان ئاماده‌نه‌بن ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنێن و شێوازێكی‌ رێكخراو و كارا نه‌گرنه‌به‌ر بۆ دروستكردنی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتمانی‌ بۆ پێشخستنی‌ وڵاته‌كه‌یان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق و شام "داعش".

هاوكات جۆن كیری‌ هانی‌ عیراقییه‌كانی‌ داوه‌ به‌زوویی ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق كه‌ له‌ 30ی‌ نیسانی‌ رابردوو ئه‌نجام درا، په‌سه‌ند بكرێت و حكومه‌تێكی‌ نوێ‌ پێبكهێنرێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ دوێنێ‌ شه‌ممه‌ پێشڕه‌وی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق و شام "داعش" خاوبوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ زۆر له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نوری‌ مالیكی هه‌یه‌.

هه‌ینی‌ رابردووش باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ تاووتوێی‌ بژارده‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كات له‌ عیراقدا، به‌ڵام بژارده‌ی‌ ناردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ بۆ عیراق بۆ هاوكاریكردنی‌ مالیكی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا نییه‌.






خه‌ندان
Top