ئەردۆغان، کۆمارەکەی کەمال ئەتاتورک رادەگرێت
دانیاڵ دۆمبێی، پەیامنێری رۆژنامەکە لە ئیستەنبوڵ نووسیویەتی: "یەکەم ئاماژەی پچڕانی ئەردۆغان لە رابردووی کۆماری نوێی تورکیا، بڕیاری ئەردۆغانە بەوەی کە لە کۆشکی چانکایە کارناکات و نامێنێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە دروستبوونی کۆماری مۆدێرنی تورکیاوە هەموو سەرۆککۆمارەکان لە چانکایە کاریانکردووە".
دۆمبێی لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، کە ئەردۆغان گوتوویەتی "نەوەیەکی دیندار پەروەردە دەکەین" و هەموارکردنەوەی یاسای ساڵی 2012ی بیرهێناوەتەوە کە بەپێی هەموارکردنەوەکە، منداڵانی تەمەن 10 ساڵان بۆیان هەیە بچنە فێرگەی گوتاربێژی و پێشنوێژخوێنی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوون، ئەردۆغان لە کۆشکی چانکایە نامێنێتەوە و لە دەرەوەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەنێو دارستانێک کۆشکێکی هەزار ژووری دروستدەکات، کە هاوشێوەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونە.
پڕۆفیسیۆر سۆلی ئۆزەل، مامۆستای زانکۆی قادر حاس بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "ئەردۆغان و پارتەکەی تا ئەندازەیەکی زۆر عەلمانییەت رەتدەکەنەوە".
ئۆزەل هەروەها دەڵێ، "ئەوان بەبێ ئەوەی زۆر لەسەر پڕۆژەی بە رۆژئاواییکردن و مۆدێرنکردنی تورکیا بڕۆن، وا بیردەکەنەوە کە بیرۆکەیەکی دروستکراوە".
لەگەڵ ئەوەدا کە رەجەب تەییب ئەردۆغان بە مستەفا کەمال ئەتاتورکی هاوچەرخ دادەنرێ، بەڵام رەوتی بیر و پڕۆژەی ئاراستەکردنی تورکیا لەلایەن ئەو دوو سەرۆککۆمارەی تورکیاوە لەوەدا جیاوازی تێدەکەوێ، کە ئەتاتورک خاڵیکی بۆ رەوتی دینی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دانا و لە رێگەی پڕۆژەی چاکسازی هەمەلایەنەکەیەوە سیستمی سیاسی عەلمانی رۆژئاوای وەک نموونەی چاکسازییەکانی وەرگرت. بەڵام ئەردۆغان، وەک دانیاڵ دۆمبێی بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە رێگەی هەموارکردنەوەی یاسا و جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەی وەک بەرنامەی کاری سیستم و حکومداری تورکیا، رەوتی عەلمانیبوونی کۆماری تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت.
رووداو